هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

دوور دیمەنی کوردستانێکی سەربەخۆ: سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

چاپکردن

majid_-_web_-_taybet_1هەنگاوەکانی بەرەو سەربەخۆیی باشووری کوردستان دوای داگیرکرانی هەرێمی موسڵ لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی سووریە‌و عێراق (داعش)وە، شەڕی نێوان شیعە‌و سوننە‌و ئازاد کردنی ناوچە کێشەدارەکانی باشووری کوردستان لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە خێرایی زیاتریان بە خۆیانەوە بینیوە. پێنج سەدساڵ لەمەوبەر لە ساڵی 1514دا لە ئەنجامی شەڕی نێوان ئیمپراتۆری عوسمانی سوننە‌و پاشایەتی سەفەوی شیعەوە دابەشکراو‌و بوو بە قوربانی خوێنرێژی‌و رکەبەری نێوان مەزهەبەکانی ئیسلامی. دواتر لە ساڵی 1918دا دوای کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی‌و دابەشکردنی خاکی عوسمانی خاکی کوردستان لەنێوان سێ وڵاتی تازە دامەزراوی عێراق، سووریا‌و تورکیا دابەش کرا. نیشتیمانی کوردان بەدەر لە ئیرادە‌و ویستی خەڵکی کورد دابەشکراوە‌و لە رۆژی دابەشکرانیەوە تا ئەمرۆشی لە گەڵ بێت، بێ وچان گەلی کورد لە هەموو پارچەکانیدا خەباتی کردووە بۆ وەدیهێنانی سەروەری ئینسانی‌و مافەکانی مرۆڤیی خۆی. جۆڵانەوەی خانی لەپزێرین لە 1609 لە ناوچەی ورمێ دژی شا عەباسی سەفەوی بۆ بەدەست هێنانی سەربەخۆیی کوردستانی ژێر دەستی سەفەویەکان دەسپێکی ئەو جۆڵانەوانە بووە کە لەماوەی پێنج سەد ساڵی رابردوودا لە کوردستان بەرێوە چووە. دابەشکردنی یەکەمی کوردستان‌و بەدوای ئەو دامەزراندنی وڵاتانی تازە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی، بەدەر لە ئیرادەی گەلانی ئەو ناوچەیە، هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەر چەندین ولاتی تازە دامەزراو دابەش کراوە‌و حکوومەتە دیکتاتۆری‌و تۆتالیتەرەکان حاکم کراون بۆ سەرکوتی خەڵکی ناوچە‌و پاراستنی بەرژەوەندی براوەکانی شەڕ. ئاکامی ئەو رەوشە سەرهەڵدانی دەیان شەڕ‌و قەیرانی نەتەوایەتی‌و ناوچەیی‌و تەنانەت شەڕی نێوان ئێران‌و عێراق‌و شەرەکانی دیکەی ناوچە بووە. ئابووری ناوچە سەرەرای بوونی سەرچاوە دەوڵەمەندە ژێر زەویەکان لە خراپترین حاڵەتدایە. زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی هەرێمەکە لە ژێر هێلی فەقیری دا دەژین‌و بەشی هەرەزۆری ئیمکانات‌و سەرمایەی دەوڵەتانی ناوچە بۆ چەکوچۆلی سەرکوتی خەڵک بەکار دەبردرێت. دەسپێکی بزاڤی ناسراو بە بەهاری عەرەبی نیشانی دا بە بێ چارەسەری کێشەکانی ناوچەیی، ئایینی‌و نەتەوایەتی دێموکراسی ناتوانێت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دا جێی خۆی بکاتەوە‌و نەهادینە بکریت.

 

majid_-_dora_diman__2

 

سەرەرای بوونی دستوورێکی بە روالەت دێموکراتیک، دەوڵەتی عێراقیش کە لە سێ قەوارەی جیاوازی شیعە، سوننە‌و کورد پێک هاتووە بە هۆی نەبوونی دادپەروەریەک لە دابەشکردنی دەسەڵات‌و رابردووی تاڵی رابردوو ئەمرۆ گەیشتووتە هەڵدێری لێک هەڵوەشان. لە سەدەی شانزدەهەمەوە تا شەڕی دووەمی جیهانی کیشوەری ئورووپا یەکێک لە خوێناویترین ناوچەکانی جیهان بوو. سەربەخۆیی وڵاتانێک کە سەردەمانێک لە ژێر رکێفی ئیمپراتۆریە گەورەکانی ناوچەبوون بوو بە هۆی گەشەکردنی هەرکام لەو وڵاتانە بە جیاو‌و بە پیی ئەو پەرەئەستاندنی دێموکراسی‌و سەر ئەنجام بە دامەزراندنی یەکیەتی ئورووپا‌و بازاری هاوبەشی ئورووپا، ئەو ناوچەیەی کردۆتە گەورەترین ناوچەی سەقامگیری جیهان، کە لەودا بنەماکانی وەک رێزگرتن لە مافی مرۆڤ، مافی سەروەری نەتەوەکان‌و کەمینە نەتەوایەتیەکان، دێموکراسی‌و گەشەسەندن، رێز لە کەڕامەتی مرۆڤ بوونەتە نرخ‌و بەهای هاوبەش. بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراست‌و ئێرانیش لە گەڵ دابێت، بگات بە ئاشتیەکی سەقامگیر، پێویستە نەخشەی ژئێۆپۆلیتیکی ئەو هەرێمە سەر لەنوێ بە پێی ویستی نەتەوەکانی پێکهێنەری ناوچەکە بگۆردرێت‌و گەلانی ناوچە بگەن بە مافەکانی خۆیان، تا بتوانن لە هەلومەرجێکی وەک یەک بەرەو ئاوەدانکردنەوە‌و هاوژینیەکی ئاشتی خوازانە‌و پێشکەوتووانە لە هەرێمدا هەنگاو بنێن. لەو رووەوە رەوتی سەربەخۆیی باشووری کوردستان دەتوانێت ببێتە سونامیەکی نوێ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دا. شۆکی سەربەخۆیی کوردستان بەتایبەت بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران‌و سووریا‌و تا ئاستێکیش تورکیا لەوانەیە جەڵتەهێنەر بێت، بەڵام ئەم رووداوە دەبێتە هۆی تێکچوونی دۆمینۆی دیکتاتۆرەکانی ناوچە‌و بە ئازادی گەلانی ناوچە، دێموکراسی، گەشەسەندن‌و ئاشتی روو بە هەرێمێک دەکات کە زیاتر لە پێنج سەد ساڵە لەخوێن دا دەگەوزێت. سەربەخۆیی کوردستان دابەشکردنی هیچ وڵاتێک نیە، بەڵکوو لە حاڵەتێکی وادا، وەسەریەک کەوتنی نشتیمانێکە کە پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر لە لایەن داگیرکەرانەوە دابەشکراوە‌و سارێژکردنی برینە قووڵەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستە. کورد سەرەرای سەرکوت‌و هەوڵی زۆری دەوڵەتانی ناوەندی ئێران، تورکیا، عێرا ق سووریا قەت نەبووتە بەشێک لە کۆمەڵگای ئەو وڵاتانە. لەو ماوەیەدا دەسەلاتگەلی زۆر لە سەر کار لابردراون، حکوومەتی جۆراوجۆر دامەزراون‌و سەرکوت‌و زەبر‌و زەنگی زۆر بەسەر گەلی کورد دا تاقی کراوەتەوە. بەڵام سەرەرای ئەوە خەبات‌و مافخوازی نەتەوەی کورد رۆژ بە رۆژ گەشەی سەندووە‌و ئەمرۆ سەرانسەری کوردستانی گرتووە. ئێستا دەبی بۆ هەموولایەک روون ببێتەوە تا پرسی کوردی لەو وڵاتانەدا چارەسەر نەکرێت نە دێموکراسی لەوێ جێگیر دەبێت نە ئاشتی‌و پێشکەوتن بەخۆیەدە دەبینێت.

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان