پێشکەش بە
25مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو هاورێیانی
(وتاری 5)
لە مێژووی کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستاندا رێبەرانی زۆر دێنو دەڕۆن. لە ناو ئەو رێبەرانەدا نموونەی زۆرمان بەدەستەوە نیە کە توانیوبێتان لەو هەلومەرجە سەختانەی خەباتی رزگاری خوازانەدا رێکخراوی خۆیان بە شێوەیەک پێگەیاندنبێت کە بۆماوەی درێژ سەرکەوتووو جێی هیوای زۆربەی خەڵک بن. بەڵام قاسملوو بەو شێوەیە لە کاری خۆیدا سەرکەوتوو بوو. بە خوێندنەوەی شێوەو مێتۆدی رێبەری قاسملوو بۆمان دەردەکەوێت فەلسەفەی رێبەری ئەو لەسەر بنەمای بارهێنانی رێبەری پێگەیشتوو دامەزراندنی کاری تیمیو بەکۆمەڵ بووە کە ئەمرۆش سەرەرای هەموو کەندوکۆسپەکانی سەر رێگای خەباتو هەموو ئەو رەخنانەی کە لە سەر رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات هەن، بە میراتگری لە قاسملووو ناوی قاسملوو حیزبەکەیان رێبەری دەکەن.
ئەمرۆ لە هەلومەرجی سەرهەڵدانی هەرچی زیاتری پلۆرالیزمی سیاسی – کۆمەڵایەتی لە کوردستان، هیچ گارانتیەک نیە کە حیزبی دێموکرات هەروا جێی متمانەو سەرنج خەڵک بمێنێتەوە. کەسانو رێکخراوی دیکە هەن کە لەوانەیە جێی پێیان لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا بەرفراوانتر لە نفووزی ئیستای حدکا بکەنەوە. لە ژێر گوشاردایە کە مرۆڤ هەوڵ دەدات باشترین راندمانی هەبێتو بۆیە هیچکات لە مێژووی حیزبی دێموکرات دا وەک ئێستا پێویستی بە رێبەرانی کاریگەر نیە. لە ژیاندا هەرکەس لە ئێمە بە شێوەیەک رۆڵی رێبەری دەگێرێت، بۆیە فێربوونی شێوازی قاسملوو فێربوونی مێتۆدی ژیانی ئەو وەک مرۆڤێک دەتوانێت یاریدەرمان بێت لە بەرەوپێشبردنی خەباتو گەشە سەندنی کەسایەتی خەباتگێردا.
قاسملوو لە شێوەی خەباتی خۆیدا رەساڵەتێکی تایبەت هەڵبژاردبوو. بۆیە ئەگەر لە هاورێیان، هاوکارانو تەنانەت رکەبەرانی قاسملووش پرسیار بکرێت، وەڵامی هەموویان ئەوە دەبێت: کە ئەو لە پێناو ئامانجەکەیدا خۆی کردە قوربانی. ئەوەی کە قاسملووی لە هاوسەنگەرانو قوتابیانی خۆی جیادەکردەوە بڕوای قووڵی بە بایەخو نرخەکانی هەڵبژێردراوی خۆیو ئاسۆیەک بوو کە لە ناو حیزبەکەیدا وێنا کردبوو. ئەو رێبەرانەی کە بڕوایان بە رێبازیان هەیە، گرێدراوەترو دەروەستن بە ئامانجەکانیانو وێنەی گەورەیان لە پێش چاوە کاتی داڕشتنی پلانی کاریان. کێشەی زۆر لە رێبەران ئەوەیە کە بۆخۆیان رەساڵەتێکی تایبەتیان هەڵنەبژاردووە. رێبەر واتە جووڵاندنەوەی رێبواران بۆ یەک ئامانج – بۆ رێگایەکی روون.
بۆ ئەوەی خەونێک وەدی بێت، پێویست بە باوەرێکی قووڵو ئیمان بەو باوەڕانە دەکات کە رووناکیدەری رێگەی جۆڵانەوەن. کەسێک کە لە دوورەوە تەماشاچی تیمێکی سەرکەوتوو بێت، لەوانەیە پێی وابێت کە لەوانەیە رەزمی سەرکەوتنی ئەوانە بوونی هەندێک کتێبی رێنوێی، کارمەندی شارەزاوە گرێدراوە. بە بێ ئەوەی کە ئەو شتانەی سەرەوە ئاماژە پێکران کەم رەنگ بکرێنەوە، بوونی رێبەرو رێنوێنێکی بەهێز کە بتوانێت وزەی پێکەوەبوونو بڕوابەخۆبوون لە ناو ئەواندا گەشە پێبدات، سەرکەوتنی ئەو تیمەکارە بۆ درێژخایەن مسۆگەر نابێت. ئەوەی کە دەبێتە هۆی پێشکەوتنی رێکخستنێک تەنیا زانینو کارناسی نیە، باوەڕی قووڵ بە رێبازە. ئەوە باوەڕەکانن کە کارسازن، باوەرەکانن کە بەرهەمهێنەرن. بڕوای رێبەران یەکجار زۆر گرنگە، چونکە ئەوانن کە پیادە دەبنو لەناو خەڵکدان.
کێک لە وانەکانی قاسملوو بۆ درێژەدەرانی رێگای ئەو مێتۆدی رێبەری بە راهێنەرانەی ئەو بوو. رێبەری لەو جۆرە رێگای پێشکەوتن، سەرنجدانو کۆنسێنرێت (تمرکز) بۆ کارایی هێزەکان، رێنوێنی هەموو چالاکیەکانە بەرەو ئامانج. بەبێ نفووزی هەستیاری ڕاهێنەر، باشترینو بەهۆشترین کادرەکانیش سەرکەوتنێکی ئەوتۆ ناتوانن بەدەست بێنن. ویستی سەرکەوتن دەبێ لە کەسایەتی رێبەردا بەهێز بێتو وزەی ئەرێنی بە دەوروبەری ببەخشێت. گەر خوازیاری تەواویەت (کمال) نەبی ناتوانی باشتر لەوانی دیکە بی. دیاری کردنی ئامانجێکی روونو کشانی هێلەکانی پێگەیشتنو شرۆڤەکردنی رۆڵەکان، ئەرکی هەر رێبەرێکی بەمشوورو لێهاتووە.
رەنگە یەکێک لە بەرچاوترین رەخنە کە دەکرێ لە رێبەرانی ئەمرۆی حیزبی دێموکرات بگیرێت، ئەوەیە کە ئەوان پییان وایە، ئامانجەکانی حیزب بۆ هەمووان ناسراوەو دوای بریارەکانی کۆنگرە یا خود کۆمیتەی ناوەندیو دەفتەری سیاسی پێویست بە شی کردنەوە نەبێتو بڕیارەکان بەو شێوەیەی کە هەیە دەشێ جێبەجێ بکرێن. هەڵەیەک کە بووتە هۆی پێکهاتنی مەودایەکی زۆر نێوانی ئەندامانو بڕیاربەدەستان. رێبەر دەبێ ئامانجەکانی بە جوانی بۆ هەموو کەس شی بکاتەوەو ئەندامان لە بڕیارەکە ئاگادار بکاتەوە. هەموو دانیشتنێک دوای بڕیاردانو باسکردن لە هۆو فەلسەفەی بریارەکان ئەندامان ئاگادارتر دەکاتو هەستی هاوبەش بەرز دەکاتو دوای هەر کۆبوونەوەیەکی لەو چەشنە ئەندامان ئامادەترو بەورەترن بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیان. دکتۆر قاسملوو لە ماوەی رێبەری خۆیدا، سەرەرای هەلومەرجی ئەستەمی ئەو کات، هەمووجارێ ویستوویەتی هەم ئەندامانی رێبەریو هەمیش تەواویەتی کادرو پێشمەرگەکانی حیزب لە بڕیارەکانو پرۆسەی بریاردان ئاگادار بکاتەوەو ئاستەکانی خوارەوەی ئۆرگان بەشداری بکات لە رەوتی بڕیارداندا.
ئەوەی کە لە دەورانی رێبەری قاسملوودا بووبەهۆی سەرکەوتنو پێشڤەچوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەستی زۆر بۆ پێکهێنانی سیستەمی راهێنانو ئەو سیاسەتانەی بوو هاوتەریب بوو لە گەڵ بۆچوونی تەواویەت خوازی بۆ ئەوەی هەمیشە باشترین ئاڵترناتیڤی پێ بێت بۆ کۆمەڵگاو چارەسەری سیاسی. ئەگەر مرۆڤ بیهەوێ تەقە لە خاڵێک بکات، دەبێت ناوەراستی ئەوخاڵە بکاتە نیشانە. گەر مرۆڤ خاڵی ناوەراست نیشانە بگرێتو تیرەکە بە هەڵە بروات، دیسانیش لە ئامانجەکە کەوتووە. بەڵام ئەگەر هەموو ئامانجەکە نیشانە بگرێت، لەوانەیە تیرەکە بە هەڵە بڕوات. فەلسەفەی قاسملوو لە دیاری کردنی ئامانجی دوارۆژی حیزب، دروشمی ستراتێژی، قەوارەو دامودەزگاکانی حیزبی نیشانەکردنی ناوەراستی خاڵەکەو فۆکۆز کردن لەسەر ئەو ئامانجانە بوون کە بۆ حیزب ناسنامەخوڵقێنەرو بەهاکانی هەموو چینو توێژەکانی کۆمەڵگا بە بایەخەکانی خۆی دەزانی. ئامانجی ئەو بەرەو دوارۆژ بوو.
مرۆڤی بێ ئاسۆو چاوەڕوان، لە ناو دەچێت. لێگەرو چالشێک، کە ئەمرۆ رێبەرانی دێموکرات لە گەڵی بێ ئاسۆیی سیاسیو کۆمەڵایەتی بەهیزە کە بتوانێت قاسملوو ئاسا رەچەلەکشکێنو هەرلەوکاتەدا جێی سەرنجی کۆمەڵانی خەلک بێت. لەو سەردەمەدا دەبێ رێبەران بە ئاسۆبینینو بۆچوونی بەهێزەوە بن، دەنا لایەنگرانی خۆیان بەرەو هەڵدێری نسکۆ دەبەن. گەر جگە لە شانازیەکانی رابردوو شتێکیان بۆ بەرز کردنەوەی ورەی لایەنگرانیان لە کاتی تەنگانەدا بەدەستەوە نەبێت، بیروباوەڕی لایەنگران لە کاتی وادا ناتوانن لە بەرامبەر لێگەڕو چالشەکاندا خۆڕاگری بکەن. قارەمانانی سەرەکی خەبات دەزانن کە لەرەوتی خەباتی درێژخایەندا زۆرجار ناچار دەبن شکست بخون، بەڵام ئەوان بە دەیانجار خەونو ئاواتەکانی خۆیان لە بەرچاوی خۆیان زیندوو کردۆتەوە بۆ ئەوەی بەبوونی ئەو بۆچوونو ئاسۆبەرزانە لە کۆسپەکان بەجێ بێلنو بەهێز بن بۆ بەدەست هێنانی سەرکەوتن.
ئەمرۆ زۆر پێویستە رێبەرانی ئێمە بە بۆچوونەکانی خۆیداندا بچنەوەو رێگاکانی گەیشتن بە ئامانج بخەنە گفتگۆو بەشێوەیەکی کۆلێکتیڤ نەخشە رێگای سەرکەوتن دابرێژرێت. بە تێپەربوونی کات، گەیشتن بە سەرکەوتن یان لە نیوە رێگەدا بەجێ مان، گرێدراوە بەوەیە کە رێبەرانی حیزبی دێموکرات چۆن دەتوانن بیروباوەڕی سیاسی خۆیان بکەنە هاندەرێکی بەهێزو یەکگرتووخوازانە بۆ ئەندامانو لایەنگرانیان. دوا قسە ئەوە کە گەڕانەوە بە دواوەو باسی سەرکەوتنەکانی قاسملوو کردن بەس نیە، دەبێ بۆخۆمان پلەکانی سەرکەوتن بپێوینو بزانین نە سەرکەوتن هەتا هەتاییەو نە شکستو دانپێنان بە سەرنەکەوتووییو شکست مەرگهێنەر.
بابهتی پێوهندیدار:
قاسملوو رێبەرێک کە سیمای مرۆڤی بە حیزبێکی نەریتی بەخشی (وتاری یهكهم)
قاسملووو رێبەریی ستراتێژی (وتارى 2)
قاسملوو بەرز کەرەوەی شیانی رێبەریی بە کۆمەڵ (وتارى 3)
هونەری رێبەریی بەهاو بایەخەکان لە روانگەی کەسایەتی قاسملوویەوە (وتارى 4)
