هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

رامبۆد لۆتفپوری وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌كانتان ئه‌داته‌وه‌

چاپکردن

rambod_-_miwan_--_6رامبۆد لۆتفپوری ساڵی ١٣٥٣ی هەتاوی واتە ١٩٧٤ی زایینی لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، خوێندنی تا ئاستی دیپلۆم لە شاری سنە تەواو کردوە و پاشان لە زانکۆی ئیسفەهان لە بەشی کۆمەڵناسیدا لیسانسی وەرگرتوە.

هەر لە سەردەمی خوێندنی قوتابخانەوە لە گەڵ بیری کوردایەتی و خوێندنی بەرهەمە کوردییەکان ئاشنا دەبێ و وەک خۆی دەڵێ، بە تایبەت شیعرەکانی مامۆستا قانع بیرێکی بەهێزی نەتەوەیی لە ناخیدا دەچێنێ و خەبات بۆ رزگاری گەل و نیشتمانەکەی واتە کورد و کوردستان دەبێتە سەرەکیترین ئامانجی و بۆ ئەو مەبەستەش حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران وەک ئاڵا هەڵگری خەباتی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵدەبژێرێ .هەڵبەت جگە لەوەش وەک بنەماڵە وبە هۆی ئەوەی کە خاڵی" عەوڵای رەزاعی" شەهیدی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو لە گەل حیزب و پێشمەرگە ئاشنا بووە و هۆگری حیزبی دیمۆکرات و پێشمەرگایەتی بووە. تەنانەت زۆر جار بە شێوەی خۆرسک و رێکنەخراو و نافەرمی چالاکی تەبلیغی کردوە، تا ئەوەی کە لە ساڵی ١٣٧٤ەوە بە فەرمی دەبیتە ئەندامی رێکخستنی نهێنیی حیزبی دیمۆکرات، ساڵی ١٣٧٥ دەچێتە زانکۆ و لە ساڵەکانی خوێندنی زانکۆدا درێژە بە تێکۆشانی حیزبی و نەتەوەیی خۆی دەدا.

یەکەم جار لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی خوێندکاری گۆڤارێکی فارسی بە ناوی"فاروس زاگرس" دەردەکەن کە ناوئاخنەکەی باس لە کێشە و دۆزی کورد بووە و دەڵێ: " من لەو گۆڤارەدا ئەندامی دەستەی نوسەران بووم، دواتر بە هۆی هەندێک کێشەوە وازم لەو گۆڤارە هێنا و وێرای کۆمەڵێکیتر لە هاوڕێیانی کوردی خوێندکار گۆڤارێکی کوردی ـ فارسیمان بە ناوی" چیا" دەرکرد کە من خاوەن ئیمتیازی ئەو گۆڤارە بووم . هەتا من لە زانکۆ بووم ئەو گۆڤارە ٤ ژمارەی دەرچوو و دواتریش دورادور ئاگادار بووم کە چەند ژمارەیەکیتری دەرچوو."

لە ماوەی خوێندنی زانکۆدا چەندین خولی فێرکاریی زمانی کوردی و کۆڕی یاد کردنەوەی کارەساتی هەڵەبجە و رێورەسمی جۆراوجۆری کولتووری و نەتەوەیی لە گەڵ هاوڕێیانیتری خوێندکاری بەڕێوە دەبەن.

rambod_-_miwan_--_3ساڵی ١٣٧٨ ژیانی هاوبەش پیک دێنێ ، ساڵی ١٣٨٠ هاوسەرەکەشی واتە "ئیلهام میرزایی" دەبێتە ئەندامی رێکخستنی نهێنیی حیزب. بەهاری ساڵی ١٣٨٢ بە هۆی ئاشکرا بوونی بەشێک لە چالاکییە حیزبیەکانی ناچار دەبێ وێڕای هاوسەرەکەی وڵات بە جێ بێڵێ و روو لە باشوری کوردستان بکات، لەوێ راستەوخۆ دەچێتە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوەو هەردووکیان دەبن بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی رادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران لە کەرکوک، چالاکییان لە رادیۆ زۆری نەخایاند کە لە هاوینی ئەو ساڵەدا لە رووداوێکی لێکدانی ماشیندا هاوسەرەکەی شەهید دەبێ و رامبود دێتەوە بۆ کۆیە . پاش گەڕانەوەی بۆ کۆیە لە ئۆرگانی چاپەمەنیی حیزب و رۆژنامەی کوردستان دەست بە کار دەکات و دەبێ بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی کوردستان و بەرپرسی بەشی فارسیی رۆژنامە، دواتریش لە رەوتی دامەزراندنی یەکیەتیی خوێندکارانی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا وەک ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و هەروەها دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکارانی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران تێکۆشانی دەبێ.

رامبۆد دەڵێ :"ساڵی ١٣٨٥ کە بە داخەوە ریزەکانی حیزب تووشی لیکترازان و ئینشیعاب بوو ، ئێمە لە گەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی حیزبی کە ماوەیەک بوو جولانەوەیەکی گۆڕانخوازانەمان لە حیزبدا بە ناوی" رەوتی ریفۆرم"بنیاد نابوو، لە بڕیارێکی بە کۆمەڵدا زۆرینەمان ، بە هیوای چاکسازی و چالاکبوونەوە، پەیوەستی لایەنی جیابوە بووین.

لەوێ و لە ساڵی ١٣٨٦دا وەک راوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرام، لە یەکەم کۆنگرەی ئەو لایەنە پاش ئینشیعاب بۆ ئەندامەتیی کۆمیتەی ناوەندی هەلبژێردرام و لە ماوەی ئەو نزیک بە ٦ ساڵەدا کە لەگەڵیان بووم چەندین بەرپرسایەتیی وەک : 1ـ بەرپرسی پێوەندییەکان لە شاری سلێمانی 2ـ جێگری بەرپرسی کۆمیسیونی تەشکیلاتی نهێنی 3ـ بەرپرسی کۆمیسیونی لێکۆڵینەوە و فێر کردن 4ـ بەرپرسی هەرێمەکانی زاگرۆس و بیستوونی تەشکیلاتی نهێنی و... بووم."

rambod_-_miwan_--_1ساڵی ١٣٨٩ بۆ جاری دووهەم ژیانی هاوبەش دادەمەزرێنێ و لە گەڵ بنەماڵەیەکی حیزبی و نیشتمانپەروەر خزمایەتی پێک دێنێ و "گزینگی نوورانی" بوو بە هاوسەری، بەرهەمی ئەو ژیانە هەتا ئێستا کوڕێکە بە ناوی"مانیشت".

هەرەها دەڵێ:"ساڵی ١٣٩٠ و دوای ئەوەی کە بۆمان دەرکەوت کە هیوای چاکسازی و چالاکسازی لەو رێکخراوەدا تراویلکەیەک پتر نەبووە و نیە گرووپێکمان بە مەبەستی هەوڵدان بۆ یەکگرتنەوە بە ناوی "گروپی هەڵوێست " پێکهێنا . بەڵام بە داخەوە هەر لە سەرەتاکانی پێکهێنان و چالاکیی ئەو گرووپەدا کەوتینە ژێر زەختی رێبەرایەتیی ئەو هاوڕێیانە و بەرەورووی سزای جۆراوجۆر تا ئاستی هەڵپەساردن و دەرکردن کراینەوە. بۆیە دەرئەنجام لە هاوینی ساڵی ١٣٩١دا بە پێی بڕیارێکی بە کۆمەڵ و لە گەڵ گرووپی هەڵوێست پەیوەست بوونەوەی خۆم بە ریزەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران راگەیاند."

ساڵی ١٣٩١ و لە کۆنگرەی ١٥ـەهەمی حیزبدا رامبۆد بۆ ئەندامەتیی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و بوو بە جێگری بەرپرسی کۆمیسیونی پەروەردە و بەرپرسایەتیی فێرگەی سیاسی ـ نیزامیی ئەو کۆمیسیونەی پێ سپێردرا، هەنووکە لەو پۆستەدا خەریکی خزمەتە.

رامبودی لۆتفپوری هەتا ئێستا ژمارەیەکی زۆر بابەتی سیاسی و رۆشنبیری نووسیوە یا وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی، کتێبێکی وەرگێڕانیشی بە ناوی" کۆمەڵناسیی جەنگ" چاپ و بڵاو بۆتەوه.

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان