هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

رۆژهەڵاتی كوردستان لە كۆنگرەی نەتەوەییدا

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

nawid_-_kurdistan_-_bardodox_3پێكهێنان و رێكخستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی بە مەبەستی تاوتوێ‌ كردنی پرسی كورد لە چوارپارچەی كوردستان، دروستكردنی یەكرێزی و هاودەنگی لە چارەسەری پرسەكانی پێوەندیدار بە كورد، كە پاش پارچەپارچە بوونی لە ژێر زەبرو زەنگ و سەركوتی وڵاتانی زاڵ بەسەر كوردستان داوێنگیری نەتەوەكەمان بووە، هەردەم یەكێك لە مەشغەڵەكانی رێبەران، رووناكبیران و حیزبە سیاسییەكانی گەلەكەمان بووەو هەردەم بیر لە وەها كۆدەنگییەك كراوەتەوەو لەهەر سەردەمێكدا بە پێی ئیمكان لەو پێناوەدا هەوڵ دراوە.

ئەو بیرۆكەیە بۆ یەكەمجار لە هەشتاكانی زايينى‌دا لە لایەن بەرێزان شەهید دوكتور قاسملوو (سكرتێری ئەوكاتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران)، مام جەلال تالەبانی (كەسایەتی یەكەمی یەكیەتی نیشتمانی و سەركۆماری ئێستای عێراقی فیدراڵ) و كەماڵ بۆرقای (سكرتێری ئەوكاتی حیزبی سوسیالیستی كوردستانی توركیە) لە دوو كۆبوونەوەی خۆیاندا لە عێراق و دواتریش لە دەفتەری پێوەندییەكانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات بە نیسبەت پێكهێنانی وەها كۆنگرەیەكی نەتەوەیی و چۆنییەتی پێكهێنانی، هاتۆتە بەر باس.

 

kongray_natawaey_-_hawler


لەو بارەوە شەهیدی مەزن بەرێز دۆكتور قاسملو باوەڕی ئەوە بوو كە ئەو كۆنگرەیە لە لایەن كەسایەتی، رووناكبیران و سیاسەتوانانی سەربەخۆی نەتەوەكەمان لە هەر چوار پارچەی كوردستان و رێكخراوو كەسایەتییەكانی بێ‌لایەن و مرۆڤدۆستی جیهانی دەرەوە پێكبێت و حیزبەكان تەنیا رێكخەرو پشتیوانی سیاسی و ماددی ئەو رێكخراوە بن. بۆ ئەوەی نە هێژمونی حیزبێك باندۆڕ بخاتە سەر بڕیارەكان و كاروبارەكانی كۆنگرەو نە پێوەندی و دۆستایەتی حیزبێكی كوردی لەگەڵ حكومەتێكی زاڵ بەسەر پارچەیەك لە كوردستان ببێتە رێگر لە باس كردنی مافە رەواكانی گەلی كورد و بڕیاری پێویست بۆ چارەسەری ئەو پرسە هەستیارە.

كۆنگرەی نەتەوەیی وەك زەروورەتێك بە نیسبەت پرسی گشتی كورد لە چوار پارچەی كوردستان، بۆ یەكەمجار ساڵی 1999ی زایینی لە ئامستردامی هۆڵەند بە ناوی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد (knk) دەرەتانی بەستنی رەخسا تا پرسی كورد لە چوار پارچەدا بخاتە بەر باس و هەوڵی چارەسەری لایەنە ئاڵۆزەكانی ئەو پرسە بدات، قەرار وابوو ئەو گردبوونەوەیە لە پەرلەمانی دەرەوەی وڵات، روشنبیران، كەسایەتی و سیاسەتوانانی سەربەخۆ و حیزبەكانی كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان پێكبێت، بەڵام بە یەكەم هەوڵەكان دەركەوت كە هیژمونی پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیە ( P.K.K ) روون و ئاشكرایەو زیاتر مەبەست سەپاندنی هێژمونی ئەو پارتەو بێدەنگ كردن و پەراەوێز خستنی حیزبەكانی دیكەیە، نەك پێكهێنانی هاودەنگی و گوتارێكی یەكگرتوو بۆ بەرەوپێشچوون و چارەسەری پرسی نەتەوەیی. بۆیە زۆر لە حیزبەكان وەك دێمۆكرات و كۆمەڵە لە رۆژهەڵات بە ئاشكرابوونی ئەو نیازەی P.K.K بەشداری ئەو كۆنگرەیەیان نەكرد.

ئێستاش پاش چەندین دانیشتن و بیروڕاگۆڕینەوەی سەركردەكانی كورد، بۆ جارێكی دیكە رێكەوتی 20/07/2013 لە لایەن بەرێز كاك مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ناوی خۆی و بەرێزان مام جەلال سەرۆك كۆماری عێراقی فێدراڵ و عبدالله ئۆجەلان كەسایەتی یەكەمی P.K.K (هەنووكە لە زیدانی ئێمرالیدا دەستبەسەر كراوە)، حیزبە سیاسیەكانی چوار پارچەی كوردستان كە 39 حیزب دەبوون بانگهێشت كران بۆ بەشداری لە كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بۆ پێتەختی هەرێمی كوردستان.

لە كۆبوونەوەی یەكەمدا كە رێكەوتی 22/07/2013 لە شاری هەولێر پێتەختی هەرێمی كوردستان پێكهات تەوەرە سەرەكییەكانی كۆنگرە خرانە بەر باس و هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار درا تا لێژنەیەكی 21كەسی بۆ ئامادەكردنی كارەكانی كۆنگرە پێك بێت، بە پێی حەشیمەت كورسییەكانی ئەو لێژنەیە دابەشكران بەسەر حیزبەكانی چوار پارچەدا، واتە 7 بۆ باكوور، 5 بۆ باشوور، 5 بۆ رۆژهەڵات و 4 بۆ رۆژئاوا. بەو پێیە لە نێوان 9 حیزبی رۆژهەڵاتی كە بۆ ئەو كۆنگرەیە بانگهێشت كرابوون دەبوو پێنج وەك نوێنەر بۆ لێژنەی ئامادەكاری دیاری كرابان.

حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كە لە لایەن بەرێز سەرۆكی هەرێمەوە بانگهێشت كرابوون، بریتی بوون لە: حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، حیزبی دێمۆكراتی كوردستان، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی كوردستانی ئێران، كۆمەڵەی زەحمەتكێشان، كۆمەڵەی كۆمۆنیستی ئێران شاخەی كوردستانی، پارتی ئازادی كوردستان، سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازادی كوردستان و پارتی سەربەخۆیی كوردستان.

ئەم 9 حیزبە رۆژهەڵاتییە بە مەبەستی دیاری كردن و دابەشكردنی كورسییەكانی لێژنەی ئامادەكاری بە دەوری یەك كۆ بوونەوەو بە شێوەی هەڵبژاردنی و دێمۆكراتیانە كەوتنە ململانەوە بۆ دابەشبوونی پێنج كۆرسییەكە، لە ئاكامدا دوو دێمۆكرات و سێ‌ كۆمەڵە بوون بە خاوەنی پێنج كورسی لێژنەی ئامادەكاری و پارتی ئازادی كوردستان و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (PJAK) كە وایان لێكدابوویەوە دێمۆكراتەكان و كۆمەڵەكان بەهۆی ئینشیعابات و دابڕانەكانیان دەنگ بە یەك نادەن و ئەوان لەو نێوانەدا سەركەوتوو دەبن، دەنگی نارەزایەتییان بە نیسبەت ئاكامی دابەشبوونی كورسییەكانی رۆژهەڵاتی بەرز كردەوەو كەوتنە شكایەت و گلایە لای پارتی و یەكیەتی و P.K.K.

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (PJAK) كە ساڵی 2003ی زایینی لە درێژەی سیاسەتەكانی P.K.K بە نیسبەت دروست كردنی باڵی چەكداری لە سێ‌ پارچەی دیكەی كوردستان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان دامەزراو لە ژێر مودیرییەت و هێژموونی ئەو حیزبە لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەستی دایە چالاكی و قۆڕخ كردنی شاخەكانی كوردستانی ئێران و هێرش و هەڕەشە بۆ سەر حیزبە رەسەن و لە مێژینەكانی كوردستانی ئێران و رەخنە و توانج گرتن لێیان كە گوایە توانای خەباتیان نەماوەو دوور كەوتونەتەوە لە خەڵك و مەیدانی خەبات و تەنیا ئەوە لە مەیدانی خەباتدا زیندووەو بۆ وەدەستهێنانی مافی خەڵك خەبات دەكات.

ئەو پارتە ئاكامی دابەشكردنی كۆرسییەكەی قەبووڵ نەكرد و لە رێگای P.K.Kوە كەوتە هەڕەشە و خۆسەپاندن، دواجار كۆڵی نەداو كۆرسییەكی پێ‌ درا. بەڵام نەك وەك پارتێكی سەربەخۆی رۆژهەڵاتی، بەڵكوو وەك باڵێكی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیە ئەو كۆرسییەی پێ‌دراوەو لە لایەن لێژنەی رۆژهەڵاتەوە قەبووڵ نەكراوە.

لە پێكهێنان و گرتنی كۆنگرەی نەتەوەیی كە بە مەبەستی چارەسەری پرسی كورد لە رێگای ئاشتیانەو لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی كە كوردستانیان بە سەردا دابەش كراوە، پرس بە حكوومەتەكانی عێراق، توركیەو سووریەو ئێران كراوە، ئێران تاكو ئێستا بە فەرمی هیچی رانەگەیاندووە، بەڵام بە بەڕێوەبەرانی كۆنگرەیان گوتووە كە نابێت ئەم هەنگاوەیان بەزیانی سەروەری و بڕیاری سیاسیی ئێران بێت، ئەوەشی وتووە كە لە بەیاننامەی كۆتایی كۆنگرە نابێت لەسەر كۆردەكانی ئێران رەخنە لە حكوومەتی ئێران بگیردرێت، ئەوان وتوویانە كە پەیامی كۆنگرە دەتوانێت چاوەڕوانی خۆی لە حەسەن رووحانی سەركۆماری تازە هەڵبژێردراو بخاتە روو بۆ كوردەكان.

بەرێز كاك حەسەن شەرەفی كەسایەتی دووهەمی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و ئەندامی لێژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەیی لە وتووێژ لە گەڵ رادیۆ فەردا باس لەوە دەكات كە ئەو كۆنبوونەی رۆژی 31/4/1392 كە بە بانگهێشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو بە مەبەستی تاوتوێ‌ كردنی پرس و هاوكێشەكانی گەلی كورد بووە كە بە هۆی دابڕان و دابەشكردنەكانی كوردستان بۆ ئەو نەتەوە هاتوونەتە ئاراوەو هەروەها رێگاچارەی كەڵك وەرگرتن لە هێزو تواناكانیان بە نیسبەت چارەسەری كێشەو گرفتەكانی بەردەم كورد لە هەر پارچەیەك بۆ گەیشتن بە ماڤ و ئامانج و ئاواتەكانی. هەروەها ناوبراو بە نیسبەت گرتنی كۆنگرەی نەتەوەیی بەو شێوە باس دەكات: كوردەكان خوازیاری ئەوەن تا رێزیان لێ‌ بگیردرێت و لە رێگای ئاشتیانەو بە شێوەی دێمۆكراتیك ماڤ و خواستەكانیان بەرچاو بگیردرێت و دابین ببێت.

رۆژهەڵاتی كوردستان ئەگەرچی بە درێژایی 35 ساڵی دەسەڵاتداریەتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە مافی نەتەوەیی و سیاسی خۆی بێبەش كراوە، حیزبە سیاسییەكانی ناچار كراون تا خەڵك و وڵاتەكەیان بەجێ‌ بهێڵن، هەنوكەش هیچ دەرەتانێك لەو بەشەدا بەدی ناكرێت تا خەڵك بە شێوەی پێویست و سەردەمیانە لە رێگای مەدەنی و ئاشتیانە یان خەباتی سیاسی و پارلەمانییەوە بۆ وەدەستهێنانی مافە رەواكانیان خەبات بكەن.

رۆژهەڵاتی كوردستان خاوەن جووڵانەوەیەكی رەواو رەسەنە كە بەردەوام لە قاڵبی پرۆگرامی حیزبەكانی ئەو پارچەی كوردستان هەوڵی داوە بۆ چارەسەری پرسی كورد و بەدەستهێنانی ئاوات و ئامانجەكانی گەلەكەی و لە هەر سەردەمێكدا بە پێی پێویست و دەرەتان لە هەموو شێوازەكانی رەوای خەبات بۆ بە ئامانج گەیشتن كەڵك وەرگیراوە.

هەروەك لە یەكەم كۆبوونەوەی لایەنە كوردییەكان باس كراوە كوردەكان ئاشتیخوازن و بۆ مافی هەموو نەتەوەكانی ناوچەو جیهان رێزدادەنێن و بە پێی جیاوازییەك كە هەركام لە پارچەكانی كوردستان لە ئێران، عێراق، سووریەو توركیەدا لە ئاست چارەسەری پرسی كورد بەرچاو دەكەوێ‌، داخوازییەكانی خۆیان لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا داوا دەكەن، لەهەر وڵاتێكدا كە دەرەتانێك بۆ دەربڕین و قەبووڵ كردنی مافی كوردەكان لە ئارادا بێت، ویست و داخوازەكان لە رێگای وتووێژەوە داوا دەكرێن، بەڵام لە هەر وڵاتێك كە ماف و داخوازەكانی كورد ئینكارو پشتگوێ‌ بخرێن بە پێچەوانەی ویستی كورد لە شێوەكانی دیكەی خەبات وەك خەباتی چەكداری كە بە سەریاندا دەسەپێت كەڵك وەردەگرن.

خەڵكی كوردستانی ئێران ئەو چاوەڕوانییەی لە كۆنگرەی نەتەوەیی دەبێ‌ تا هاودەنگ و پشتیوانیان بێت لە ئازادبوونی ئەو پارچەیەی كوردستان و جێگیر بوونی دێمۆكراسی و سەروەری دەسەڵاتی خۆجێیی كورد و رێگر بێت لە بەردەم ئینكاری نەتەوەیی، سەركوت و زەبروزەنگی دەسەڵاتی حاكم و هەروەها خۆسەپاندن و خۆفەرزكردنی لایەنێك بەسەر خەڵك و نادیدە گرتنی دەسكەوتە دێمۆكراتییەكان.

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1002
بۆچوونه‌کان (1)Add Comment
...
نووسراوه‌ له‌ لایه‌ن ئاڤان, August 07, 2013
کاکە گیان ، لە دنیای ئەمڕۆدا هەر کەسێک دەتوانێت ئیدعای هەر شتێک بکات ، بە ڵام گرنگ لەوەدایە کە ئەو کەسەی قسە دەکات بتوانێت قسەکانی بسەلمێنێت . جە نابت بۆ ئەوەی ڕاستگۆیی خۆت نیشان بدەیت و بیرۆکەی کۆنگرەی نەتەوەیی بە کەسێکی وەک قاسملوو ببەستیتەوە ئەوا پێویستە کە بەڵگەت هەبێ، کە ئەگەر بەڵگەکەت خستە روو ئەو نیشان دەدات کە تۆ ڕاستگۆی کە من دڵنیام وا نییە ، چونکە قاسملوویەک کە تا سەر ئێسقان ئێرانچی بوو خۆی بە ئێرانی دەزانی و هەموو هەوڵی وی بۆ دیموکراسی لە تاران بوو ، زۆر زۆر لێی دوورە کە باس لە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بکات کە بە هیچ شێوەیەک باوەڕی پێ نەبووە ، چونکە بە وتەی خۆی ئەو ئێرانی بووە نەک کورد.
کەواتە کاکەنوید هیوادارم بە زووترین کات بەڵگە بدۆزیەوە . دەنا قسەکانت تەنها بە شتێکی هەڵبەستراو و بێ مانا لە قەڵەم دەدرێت.


نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy