هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

گۆڕانكارییەكانی میسر و وشیاريی خەڵكی ئەو وڵاتە!

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

dara_-_sedara_3گەلی وشیار و خاوەن بیر و ئیرادەی مافخوازانەی میسر، دوای چەند دەیەیەك لە حوكمی سەربازی و زوڵم و زۆری حكومەتی دیكتاتۆری حوسنی موبارەك، بە وەڕێخستنی شۆڕش و سەرهەڵدانێكی سەرتاسەری دژى دەسەڵاتی موبارەك و لە پێناو بەدیهێنانی دەسەڵاتێكی گەلی و دێموكراتیك كە تێیدا سەرجەم پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە بە ئاشتی و مافی وەك یەك لە دیاركردنی چارەنووسی خۆیان و ئیدارەی وڵاتدا بەشدار بن، رۆژی 25/1/2011دا راپەڕین و لە 11/2/2011دا، دیكتاتۆر و ئەفسەرە دێرینەكەی میسریان لەسەر تەختی فەرمانرەوایی لادا و قۆناغێكی پڕ لە هیوا و ئاڵوگۆڕی چارەنووسساز لە پێناو دابینبوونی ژیان و داهاتوویەكی گەش لەو وڵاتەدا دەستی پێكرد.

لە قۆناغی دوای رووخانی حكومەتی موبارەكدا، پارتی ئازادی و دادگەریی سەر بە ئیخوانولموسلمینی میسر توانییان لە ماوەیەكی كورتدا و بەدانی كۆمەڵێك دروشم لە پێناو ئاوەدانكردنەوە و باشتركردنی بواری ئابووری وڵات و بژيوی ژیانی خەڵك، سەرەنجی زۆربەی خەڵكی ئەو وڵاتە بۆ لای خۆیان راكێشن و لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارلمان و سەرۆكایەتیی ئەو وڵاتەدا، ئیدارەی سیاسیی وڵات بەدەستەوە بگرن و محەممەد مورسی وەك سەرۆك كۆماری وڵات هەڵبژێردرا. بەڵام لە ماوەیەكی كورتی دەسەڵاتداری خۆیاندا، ئیخوانەكان زۆر بە پەلە ویستیان سیستمێكی ئیخوانی بەسەر كۆمەڵگای وشیاری میسردا بسەپێنن كە پێچەوانەی ئەو ویستانە بوون كە لە پێناویدا شۆڕشیان كردبوو. بەداخەوە محەممەد مورسی نەتەنیا هەوڵی بۆ پراكتیزەكردنی ئەو بەڵێن و دروشمانەی كە بە گەلی میسری دابوو، نەدا، بەڵكوو نەیتوانی كۆدەنگیەكی نیشتمانی لەو وڵاتەدا بێنێتە دی و ویست و چاوەڕوانییەكانی خەڵكی ئەو وڵاتە كە لە پێناویدا شۆڕشیان كرد دەستەبەر بكات. ناوبراو نەتەنیا ئابووریی وڵاتی جێگیر نەكرد، بەڵكوو ئابووريی وڵات رۆژ بە رۆژ بەرەو داڕمان و خرابتر بوون دەڕۆیشت و كێشەی ئابووری گەورەترین گرفتی خەڵكی ئەو وڵاتە بوو. رێژەی بێكاری كە لە سەردەمی موبارەكدا 9 لەسەد بوو، ئێستا بەپێی راپۆرتی سندووقی نێونەتەوەیی دراو، 14 لەسەدی تێپەڕكردوە. گرانی و هاتنەخوارەوەی بەهای دراوی ئەو وڵاتە، هەڵاوسان، كەمبوونەوەی سووتەمەنی و پێداویستیی رۆژانەی خەڵك رووى لە زیاد بوون كردبوو. راوەستانی چالاكییەكانی زیاتر لە 4500 كارگەی بەرهەمهێنان و كەمبوونەوەی رادەی گەشتوگوزار لەو وڵاتەدا، ئابووريی میسری بە تەواوی لاواز كردووە.

 

dara_-_mesr_2


دەوڵەتی مورسی نەتەنیا نەیتوانی ئاسایش و تەناهی تەواو لەو وڵاتەدا جێگیر بكات، بەڵكوو هێندێك دەرفەت پێكهێنران كە بە شێوەیەك ئەو توندڕەوانەی كە خوێندنەوەیەكی توندوتیژیان لە ئیسلامدا هەیە، لە لایەك سیمای ئایینی پیرۆزی ئیسلامییان خوشەدار كردبوو و لە لایەكی دیكەشەوە ئاسایشی وڵات و پڕۆسەی ئاشتی و دێموكراسی و مافی مرۆڤیان بە تەواوی توشی مەترسی كردبوو. بەرتەسككردنەوەی ئازادییە تاكەكەسییەكان، ئازادی بیروڕا دەربڕین و چالاكییە هونەرییەكان، مافی ئافرەت، پەراوێزخستنی گرووپ و لایەنەكانی دیكە، ئاراستەكردنی كۆمەڵگا بەرەو كەشێكی ئایینیی زۆرە ملێ و پراكتیزەكردنی كولتووری توندوتیژ لە كۆمەڵگادا، ئەو هۆكارانە بوون كە ویست و ئامانجەكانی شۆڕشیان بە لاڕێدا بردبوو و پێچەوانەی چاوەڕوانییەكانی گەلی راپەڕیوی میسر بوون كە لە ماوەی یەك ساڵ دەسەڵاتداریی مورسیدا، لەگەڵی بەرەوڕوو بوون.

سیاسەتی هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بەرەو یاسا و رێساكانی چاخەكانی كۆن و ئەو كەموكوڕییانەی لە سەرەوە ئاماژەی پێ‌ كرا، هۆكارگەلێك بوون كە گەلی وشیار و مافخوازی میسری جارێكی دیكە لە رێكەوتی 9ى پووشپەڕ بە وەڕێخستنی بزووتنەوەیەكی ناڕەزایەتی دەربڕینی گشتگیر دژی دەسەڵاتی تەكڕەوانەی مورسی و وەدیهێنانی ئامانجەكانی شۆڕشی گەلی میسر و بە پشتیوانیی هێزە نیزامییەكان، رێكەوتی 12ی پووشپەڕ كۆتاییان بە دەسەڵاتی یەك ساڵەی محەممەد مورسی و ئیخوانەكان هێنا و یاسای بنەڕەتی وڵات هەڵپەسێردرا و عەدلی مەنسوور لێپرسراوی دادگای باڵای یاسای بنەڕەتی، وەكوو سەركۆماری كاتیی میسر دیاری كرا و سوێندی یاسایی خوارد و لە 25ی پووشپەڕ، حكوومەتی كاتيی بە بێ بەشداريی خۆخوازانەی ئیخوانەكان پێكهات.

گۆڕانكارییەك كە لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی كاردانەوەی جۆراوجۆری لێكەوتەوە. وڵاتانی هاونەتەوەی میسر، وەك عەرەبستان، قەتەر، كوەیت و ئیمارات، چەند كاتژمێر دوای ئەو رووداوە، پشتیوانیی خۆیان لەو هەنگاوەی سوپا و ئیرادەی مافخوازانەی خەڵكی میسر دەربڕی. وڵاتانی ئورووپا و ئامریكا و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش وێڕای هەڵوێستی جیاواز لەو بارەیەوە، نیگەرانیی خۆیان لە بارودۆخی هەستیار و ئاڵۆزی ئێستای میسر دەربڕی. ئاڵوگۆڕێك كە هەنوكە كۆمەڵگای میسری بەسەر دوو بەرەدا دابەش كردووە، بەرەی مافخواز و بەرەی دژە دێموكراسی كە ئامادەی هیچ چەشنە سازانێك نین و لە هەوڵی نانەوەی ئاڵۆزی و بشێویدان. مەترسییەك كە ئاراستەی بارودۆخی ئەو وڵاتە بەرەو شەڕی ناوخۆ دەبات.

بەڵام ئەوەی لەم بابەتەدا پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكرێت، وشیاریی خەڵكی مافخواز و شۆڕشگێڕی میسرە كە وێڕای سووربوون لەسەر ویست و خواستە رەواكانی خۆیان لە پێناو دابینكردنی كۆمەڵگایەكی دێموكراتیك و مرۆڤتەوەرانە، ئامادە نین بە هیچ شێوەیەك بەرەو دواوە بگەڕێنەوە و ملكەچی فەرمانڕەوایان و پەیڕەوانی ئیدئۆلۆژییەكی تایبەتی بن.

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 914
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy