هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

پەیامی هاوبەشی یەكیەتییەكانی ژنان، لاوان و خوێندكاران

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

lawan_jnan_xwendkaran

پەیامی هاوبەشی یەكیەتییەكانی ژنان، لاوان و خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی جێژنی 25ی گەڵاوێژ، 66ەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموكراتی كوردستان

بە بۆنەی جێژنی 25ی گەڵاوێژ، 66ەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی یەكەمین حیزبی میللی دێموكراتیكی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، واتە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی خەڵكی نیشتمانپەروەری كوردستان و ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە تێكۆشەرە دەكەین.

دەزانین كە 66 ساڵ خەبات لەپێناو دەستەبەركردنی مافە نەتەوەییەكانی گەلێكی چەوساوە و ستەملێكراو و تێكۆشان بۆ سەقامگیركردنی دێموكراسی لە وڵاتێكی دیكتاتۆرلێدراودا بۆ حیزبێكی سیاسی وەك حیزبی دێموكرات مەودایەكی زەمەنی درێژخایەنە، بەڵام حیزبی دێموكراتی كوردستان بە تێكۆشانی بێوچانی خۆی و تۆماركردنی دەیان دەسكەوتی زێرین و پڕ لە شانازی لە مێژووی 66 ساڵ خەباتەكەیدا سەڵماندوویەتی چوونكە ئەو حیزبە لە ناو دڵی كۆمەڵانی خەڵك سەریهەڵداوە و بە پێی پێداویستیی سیاسی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەكەی دامەزراوە و سەرچاوەكەی ئیرادەی خودی خەڵكە، هیچ كاتێك رەوایی و متمانەی خۆی لەدەست نادات و لە نێو ناچێت، بەڵكوو بە هۆی ئەم پێوەر و تایبەتمەندییە بەرزە كۆمەڵایەتییەوە رۆژ بە رۆژ بەهێزتر و رێكخستنەكانی بەرفراوانتر دەبێتەوە.

حیزبی دێموكراتی كوردستان كە لە 25ی گەڵاوێژی 66 ساڵ لەمەوبەر دامەزرا، لەم ماوە درێژەی‌ خەباتی رزگاریخوازی و دێموكراسیخوازانەی خۆیدا لە لایەن دوو رێژیمی دیكتاتۆری پێشووی پاشایەتی و كۆماری ئیسلامی ئێران رووبەڕووی پیلان و هێڕشە سیستماتیكەكان بە شێوازی جۆراوجۆر بۆتەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی دامەزرانی خۆرسك و سرووشتی بووە و لە ناو دڵی كۆمەڵانی ستەملێكراوی رۆژهەڵاتی كوردستان سەریهەڵداوە، واتە ریشە و بڕبڕەی ئەسڵیی چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستانن‌ و رەوایی خۆی لە خەڵك وەردەگرێ‌ و پابەندی هەموو پێوەر و تایبەتمەندییە دێموكراتیكەكانە كە لە سەردەمی ئەمڕۆدا وەك بەها و نۆرمی جیهانگیری دێموكراسی دەژمێردرێن، بۆتە ئاوێنەی باڵانوێنی ویست و داوا نەتەوەیی و دێموكراتیكەكانی خەڵكی مافویستی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان.

ئێمە دڵنیاین، بە پێی ئەم پێوەرانە و كۆمەڵێك فاكتۆری نەتەوەیی و پێشكەوتنخوازانە كە لە بەرنامە و ئامانجە گشتییەكانی مۆدێرنی حیزبی دێموكراتی كوردستان رەنگی داوەتەوە، شێڵگیرانە لە مەیدانی تێكۆشان دەمێنێتەوە لەپێناو سەقامگیركردنی دێموكراسی لە ئێراندا و رووخاندنی دیكتاتۆری لە وڵاتەكەمان و جێگیركردنی سیستمێكی دێموكراتیك كە تێیدا مافە نەتەوایەتییەكانی گەلی كورد و نەتەوەكانی دیكەی ئێران دەستەبەر بكرێن، درێژە بە تێكۆشانی رزگاریخوازانەی دەدات.

ئاسۆی خەبات لە وڵاتەكەمان زۆر گەشتر و ڕوونتر لە جارانە، رێژیمی كۆنەپەرەستی كۆماری ئیسلامی لەوپەڕی كزی و داماوی 33 ساڵ دەسەڵاتدارێتی مڵهۆرانەی خۆیدایە. پشتڕاستین بەوە كە بە كەڵكوەرگرتن لە هێزی لەبڕاننەهاتووی خەڵكی كوردستان و رێكخستنی، هەروەها بە یەكگرتن و هاوخەباتی لەگەڵ هێز و رێكخراوە سیاسییەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان و هێزە سەرانسەرییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەتوانێ‌ وەك هەموو كاتێك فاكتەرێكی سەرەكیی ئەم مەیدانە بێت و بە نەهێشتنی تاریكی و دیكتاتۆری و بە ‌وەدەركەوتنی تیشكەكانی گەشی خۆر، ڕووناكی ئازادی ببەخشێت بە نیشتمانمان، هەر وەك لە 25ی گەڵاوێژ و 2ی رێبەندانی 1324ی هەتاوی لە كوردستان بەدیهات، جارێكی دیكە هیوا و خەونەكانی نەتەوەی كورد و گەلانی دیكەی ئێران بەدی بێنێ‌.

بەرز و پیرۆز بێ‌ جەژنی 25ی گەڵاوێژ، 66ەمین ساڵڤەگەری دەركەوتنی تیشكی هیواكانی نەتەوەی كورد لە ئاسمانی شینی كوردستان و لەدایكبوونی حیزبی دێموكراتی كوردستان.

 

یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران

یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران

یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران

25ی گەڵاوێژی 1390ی هەتاوی 

 

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1722
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy