هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

باشتر وایە ژنێک ببێ بە سکرتێر

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

کۆمیتەی بەرێوەبەری هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شەشی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان، لێبراوە کە لە کات و ساتی خۆی دا، وەکوو نەریت و لە پێناو بەردەوامی و ڕەچاو کردنی یاساو نوڕمە دێموکڕاتییکەکان، حەوتەمین کۆنگرەی لاوانی دێموکڕات بەم نزیکانە بەرێوەبەرێت. ئەمەش جێگای دڵخۆشی و هیوایەکی زۆرە.

 

rashidi_-_skrteri_jn_1


بەم پێیە، لە یەکێک لە مانگەکانی هاوینی ساڵی ٢٠١٣دا، لە کوردستان حەوتەمین کۆنگرەی بە رابردووترین رێکخراوی تایبەت بە لاوانی کورد بەرێوە دەچێ.

جێگای خۆیەتی لەم دەرفەتەدا وێرای پێشکەش کردنی پیرۆزبایی بەم بۆنەوە، هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەو ئاواتی پێشکەوتنی پتر بۆ رێکخراوەکە بخوازین کە ئەمرۆ لە هەلومەرجێکی تایبەتی دا تێکۆشانی هەیەو تاکوو ئێستا گەورەترین رێکخراوی تایبەت بە لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستانە.

ئەوە کە رێبەری سوورە لەسەر ئەوەی کە کۆنگرەی لاوان دەبێ لە سات و کاتی خۆی دا و بە گوێرەی بەرنامەو پێڕەوی نێوخۆ  پێک بێ؛ کارێکی باشەو جێگای دەست خۆشانە لێکردنەو رێبەرێیەکی باوەڕ بەخۆ بوو دێموکرات هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێ.

چوونکە ئەمە هۆکارێکی گرینگە بۆ ئەوەی دەنگ و ڕای گشتیی لە پرۆسەی نوێبونەوە، گۆڕانگاری و گەشەو بەرەو پێشەوە چوونی رێکخراوەکەدا، دەورو رۆڵی شیاوی خۆی بلەیزێت و ئەندامان لەم پرۆسەدا حزوری خۆیان لە رەوتی بڕیارسازی دا ببینەوەو ئەمەش هۆکارێکی گرینگە بۆ ئەوەی هەست بە بەرپرسایەتی کردن لە یەکە بە یەکەی تاکەکان دا گەشە بکات و لە ئاکامدا گەشەو شێلگیرتر بوونی ئاستی بەرپرسایەتی تاکەکان، جیا لە جێکەوتنی نەزم و رێکوپێکی لە کارەکان دا، بەهرەو دەستکەوتی پتری بۆ رێکخراوەکە بە دواوە دەبێ.

ئەوەی لەم کورتە وتارەدا دەخواین هەڵوێستەی لەسەر بکەین و ئەگەر بە کورتیش بێ ئاوڕی لێبدەینەوە، ئەوەیە کە ئامانج لە بەستنی کۆنگرە چییەو میکانیزمەکانی گرێدانی کۆنگرە کامانەن و دەبێ چ بکرێ بۆ ئەوەی کۆنگرە ببێتە سەکۆیەک بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێ رێکخراوی لاوان لە قۆناخێکەوە بۆ قۆناخێکی دیکە بەرەوپێش ببردرێت.

گومان لەوەدا نیە کە کۆنگرە بۆ رێکخراوێکی دێموکراتیک کە باوەڕمەند بە یاسا سەروەری، دەستاودەست کردنی دەسەڵات لە رێگای سندوقەکانی دەنگدانەوەیە، بایەخێکی بێ ئەژماری هەیە.

لەبەر ئەوەی ئەگەر رێکخراوی لاوان لە نێو خۆی دا رەچاوی پێوانە دێموکراتییەکان بکات و ئەم بوارەی لە هەناوی دا جێگیر کردبێت، ئەوە لە دەرەوەی رێکخراوەکەش و لە نێو کۆمەڵگادا هەمان رێچکە دەگرێتەبەر، لە ئاکامداو لە بازنەی ئیدارە کردنی وڵات دا، پشتیوانی لە گواستنەوەی دەسەڵات لە لایەنێک بۆ لایەنێکی دیکە دەکات بە بێ ئەوەی توندوتیژی لێبکەوێتەوە، ئەمەش ئاکامی راستەقینەی دێموکراسی و بەشداری خەڵک لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان دایە. دەبێ ئیمان بەوە بێنیین کە شا دەماری دێموکراسی دەستاودەست کردنی دەسەڵاتە بە بێ پەنا بردن بۆ توندوتیژی...

بە باوەڕی من کۆنگرەی حەوتی لاوان لەم قۆناخەدا، پێویستە بە چاوێکی کراوەوە ئاوڕ لە کارو خەباتی رێکخراوەکە لە نێوان دوو کۆنگرەدا بداتەوەو بە بێ گوێدانە بەرژوەندی کاتی و کورت خایەنی رێکخراوەیی، شەن و کەوی هەموو ئەو چالاکیانە بکات کە لە نێوان دوو کۆنگرەدا کراون و شتە باشەکان باشتر بکرێن و خاڵە لاوازەکان دەستنیشان بکرێن و لەوەش گرینگتر دیتنەوەی ئەو میکانیزمانەیە کە بتوانرێ ئەو  لاوازیانە خاشەبڕ یان کەمتر بکەنەوە. ئاشکرایە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پێویستیمان بە قسەو شیکردنەوەی تێروتەسەل لەسەر دیاردەکان هەیە.

هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە لە لایەن شانەو کۆمیتەکانەوە لە کوردستان و دەرەوە، ئەبێ بەو بیرۆکەوە بێتە گۆڕێ کە کاریگەری لەسەر خەباتی داهاتووی لاوانی دێموکرات لەسەر رەوتی ئاڵوگۆڕەکان دابنێ و دەرەتانێ بێ بۆ ئەوەی ئەم خەباتە لە نێوخۆو دەرەوە زێدەتر بە یەکترەوە ببەستێتەوە.

هەڵبەت دەبێ ئەمەمان لەبەر چاو بێ کە ئامانج لەم کارە نەک دووپات و چەند پاتە کردنەوەی دیاردەکان بێ، کە هیچ ئاکامێکی جیا لە زیان و بەرەودواوە چوون لێ شین نابێتەوەو لە بازنەیەک دا قەتیسمان دێڵێتەوە کە مەرگی رێکخراوی چالاک لێرەوە سەر هەڵدەدات...

دەبێ بە کارو کردەوەی ڕابردوودا بچینەوە بۆ ئەوەی تولە رێی بەرەوپێش چوون و گەشەی پتری رێکخراوەکە ببینینەوەو بۆ ئەم مەبەستە لە ئەزموون و خەرمانەی کاری رێکخراوەیی هەموو ئەو کەسانە هەڵێنجین کە لە ماوەی رابردوودا بە گشتیی و لە نێوان دوو کۆنگرەدا یارمەتیان بە درێژەی خەباتی یەکیەتیی لاوان کردوە.

یەکێک لە لاوازییەکانی کاری لاوان، گرینگی نەدان بە کێشەی بەرانبەری ژن و پیاوو نەبوونی حزوری پڕ ڕەنگ لە نێو پانتایی رۆژهەڵاتی کوردستان دا بوە، بۆ نەهێشتنی ئەم دۆخەو قوتار بوون لەم ئاستەنگە، بیر کردنەوە لە داڕشتنی بەرنامەیەکی تۆکمەی تەشکیلاتیی کە لەگەڵ رۆحی سەردەم یەکبگرێتەوە، پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە کۆنگرەی حەوت دەبێ بە ڕوونی ئاوڕی لێبداتەوەو بۆ ئەو مەبەستەش بوار رەخساندن بۆ هاتنە پێشەوەی ئەو کەسانەی کە تازە وڵاتیان بەجێ هێشتوە کارێکی باشەو دەتوانێ رێکخراوەکە زۆرتر لە کێشەو پێویستیەکانی نێوخۆی وڵات نزیک بکاتەوە...

بایەخدان بە بەشداری زۆرتری ژنان و کچان لە بەرێوەبەری دا، دەتوانێ کاریگەری ئەرێنی زۆری لەسەر داهاتووی لاوان ببێ و تەنانەت ئەگەر بیر لەوە بکرێتەوە کە ژن یان کچێک بۆ سکرتێری هەڵبژێردرێ، هەنگاوێکی باش و شوێنەدار دەبێ و لەسەر ناوو ناوبانگی رێکخراوکە لە دونیادا کاریگەری باشی دەبێ و وەکوو ڕچەشکێنیەک دێتە ئەژمار...

هەڵبەت نابێ ئەم کارە بۆ ریلام کردن و خۆهەڵکێشان بێ، بەڵکوو دەبێ بە باوەڕو متمانەوە بکرێ و پشتیوانی لەو ژن و کچانە بکرێ کە کاریان لە دەست دێ و ئۆگریان بە کاری رێکخراوەیی هەیەو لە ڕابردوودا تێکۆشانیان هەبوەو تونای خۆیان سەلماندوە، دەنا هەر لەبەر ژن بوون ئەو کارە بکرێ جیا لەوەی زیانی دەبێ، هاوکات ئەوە بێرێزییە بە پلەو پایەی بەرزی ژن و لە رێکخراوێکی دێموکراتیک، شتی ئاوا ناوەشێتەوە.

لە دونیای دێموکراتیک و لە نێو رێکخراوە پێشکەوتنخوازەکان دا، ئەو کەسانەی کە بە هۆی هەڵکشانی تەمەن یان هەر گرفتێکی دیکەوژە ناتوانن لە رێکخراوی تایبەت بە لاوان دا بمێنەوە، ئەوە بە هیچ شێوەیەک پشت گوی ناخرێن و بە جیددی لە ئەزموونی ئەوان بۆ باشتر کردنی کارەکان کەڵک وەردەگیردرێت.

بەداخەوە لەسەر یەک ئەم دیاردە لە دونیای رۆژهەڵات و لە نێو سەرجەم رێکخراوەکانی لاوان و تەنانەت حیزبە سیاسییەکانیش دا کەمتر باوە، هەر بۆیە گەشەو پێشکەوتن وەکوو ئەوەی چاوەڕوان دەکرێ بەدی نایەت.

یەکێک لەو خالانەی کە رێبەری یەکیەتی لاوان لە ماوەی ڕابردووداو لە نێوان کۆنگرەی شەش و حەوت دا زۆر بە باشی و بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی مێژووییەوە هەنگاوی بۆ ناوەو تاکوو رادەیەکی زۆریش تێیدا سەرکەوتوو بوە، هاوکاری لەگەڵ رێکخراوی لاوانی پارچەکانی دیکە بە گشتیی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتییە.

کۆنگرەی حەوت دەبێ ئاوڕی چڕوپڕ لەسەر ئەم بابەتە بداتەوەو هاوکاری پترو کاری بە کردەوەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان، لەگەڵ رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان بخاتە ئەولویەتی کاری خۆیەوەو هەر لەو چوارچێوەش دا گرینگی بە هاوکاری و هاوخەباتی لەگەڵ رێکخراوی لاوانی پارچەکانی دیکەش بدات.

هەڵبەت ئەوە ئەرکی کۆنگرەیە کە چوارچێوەی ئەو هاوکاری و هاوپەیمانیە بە ڕوونی دیاری بکات و ئەوە دەست نیشان بکات کە یەکیەتیی لاوان دەتوانێ لەگەڵ چ رێکخراو گەلێک هاوکاری، کاری هاوبەش و لە کۆتایی دا هاوپەیمانی بکات.

پێم باشە کە ئەم رەوتە درێژەی هەبێ و تەنانەت ئەبێ بیر لەوەش بکرێتەوە کە یەکیەتیی لاوان لە ئاستی ئێران دا ئەم رەوتە بباتە پێشەوە، بە تایبەتی کە ئێستا لە ئاستی ئێران دا زۆر رێکخراوی دێموکراتیک و مەدنی ئەوتۆ هەن کە داکۆکی لە دێموکراسی و مافی مرۆڤ دەکەن و لە رووی ناوەرۆکەوە خەباتی لاوان و ئەوان دژی دیکتاتۆری یەکدەگرێتەوە...

خالێکی دیکە کە کۆنگرە دەبێ هەڵوێستەی لەسەر بکات و بیخاتە دەستووری کاری خۆیەوە، دۆزینەوەی سەرچاوەی ماڵی ئەوتۆیە کە بتوانرێ وڵامدەری کارو تێکۆشانی رێکخراوێکی گەورەو بەرینی وەکوو یەکیەتیی لاوان بێ.

شا دەماری کاری رێکخراوەیی دەست رۆیشتووی دارایی و بوونی سامانی ئەوتۆیە کە کاروبارەکانی پێ هەڵبسوورێ و بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێ لە ئەزموون و رێنمایی کۆمیتەو شانەکانی لاوان لە دەرەوە کەڵک وەربگیردرێ بۆ ئەوەی سەرچاوەی دارایی پێویست بۆ ئەو مەبەستە ببیندرێتەوە.

ئەمەش کارێکی زۆر دژوار نیە، چوونکە لە ڕابردوودا کراوە، ئەوش بە باشی دەزانیین کە ئەم بابەتە لە رابردوودا، لەسەر تێکۆشانی یەکیەتیی لاوان بە گشتیی و کۆمیتەکانی دەرەوە بە تایبەتی دەورو کاریگەری بەرچاوی هەبوە.

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1081
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy