کاک داود ئازادفەڕ لە دواترین بابەتێکدا کە نووسیویەتی و لە ماڵپەڕی NNSROJ دا بڵاوی کردووەتەوە، بە خەیاڵی خۆی کەشفێکی گەورەی کردووە و نەتیجە دەگرێ کە "بارزانی تەماحی لە نەوتی ڕۆژاوای کوردستان کردووە!!!". وەک بڵێی بارزانی لە برسان مردووە یان لە باشوور نەوت نییە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە کاک داود تەنانەت ئاگای لەوە نییە کە نەوتی ڕۆژاوای کوردستان هەناردە ناکرێ تا شەڕی لە سەر بکرێ و کێشەکانی ئەم دواییە هیچ پێوەندیەکی بە نەوت و ئابووری نییە، بەڵکوو کێشەیەکی سیاسییە. هاوکات کاک داود ئەوەی لە چاو دا نیە کە هەر لەو مانگانەی داهاتوو دا حکومەتی هەرێم بە هەزاران تۆن مادەی خۆراکی و سووتەمەنی وەک نەوتی بۆ خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان ناردووە!!! بەرێز، ئەمە کێشەیەکی سیاسیە و هەر ئەو سیاسەتەشە کە چاوی تۆ لە دیتنی خزمەتی لایەنی حکومەتی هەرێم دەگرێ و تەنیا خزمەتی پەیەدە دەبینی. لە راستیدا لایەنێکی وەک "پەیەدە" لە ڕۆژاوا دەسەڵاتی تەواوی قەبزە کردووە و ڕێگە بە حیزبەکانی دیکە نادات کە بە ئازادی چالاکیان هەبێ و هەموو هێزی چەکدار هەر دەبێ سەر بە پەیەدە بن. ئەوەش دژی دێمۆکراسیە و لایەنگرانی بارزانیش مافی خۆیانە کە چەکدار و جەماوەری خۆیان لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە. باس لە دەستەی باڵا دەکرێ و ئەسڵەنیش سەرنج نادەنە ئەوەی کە کە ئەوە بارزانی بوو کە دەستەی باڵای ساز کرد و نەیهێشت کە لە یەکەم ڕۆژەکانەوە شەڕی ناوخۆیی و خوکوژی لە ڕۆژاوا وەڕێ کەوێ... بەداخەوە کاک داود هەموو کاتێک بە چاویلکەی"دژە بارزانی" لە مژارەکان دەڕوانێ و بە بەبا کردنی کای کۆن دەیهەوێ ئەمڕۆ هەڵسەنگێنێ! بۆیە بەردەوام مەسەلەی سولێمان موعینی دەهێنێتەوە. وەک بڵێی پ ک ک کەسانی وەک شاهین دونمەز و سەدان کادری لە نێو خۆی و کادری حیزبی دیکەی (وەک نۆ ئەندامی یەکیەتی شۆڕشگەرانی لە ساڵەکانی ١٩٩٠) نەکوشت بێ...
داود ئازادفەر لە دواترین تێئۆری خۆی دا لە فەیس بووکەکەی ئەوجار دەڵێ کە گۆیا بارزانی خەریکە ئیسلامی توندرەو لە دژی پەیەدە بۆ سوریە و ڕۆژاوا دەنێرێ! بە راستی ئەگەر تێئۆریسیەنەکانی پەژاک و پ ک ک ئاوا بن، ئیتر دەبێ بڵێم کە زۆریان بۆ بەداخم. هەموو ئەوانەش لە کاتێکدایە کە باشووری کوردستان و بە تایبەت بارزانی بوونە پردی پێوەندی نێوان پ ک ک و دەوڵەتی تورکیە و هەوڵی ئازادی ئۆجەلان و چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کوردیان داوە لە باکور. هاوکات کاک نێچیروان نامەی ئازادی بۆ ئۆجەلان واژۆ دەکات و پارلەمان شاندی خۆی دەنێرێ بۆ قەندیل...
ئەمسالی ئەوانەی کە بەو شێوەیە دژایەتی بارزانی دەکەن، چ چاوەڕوانیەکیان لە باشووری کوردستان هەیە؟ دەیانهەوێ باشوور چ بکات بۆ باکور لەمە زیادتر؟ بەڵام ئەوان دەبێ بزانن کە ئەگەر پ ک ک مافی بە کار هێنانی خاکی باشوور بە خۆی دەدات و دەڵێ کوردستان خاکی هەموومانە. ئەوسا چۆنە پ ک ک لە ڕۆژاوا، (شوێنێک کە هێزی هەیە)، ڕێگە بە حیزب و شۆڕشگەری ڕۆژاوایی نادات کە بچنەوە و لەوێ بن! ئایا خاکی ڕۆژاوا بۆ کوردی ڕۆژاواش قەدەغەیە، تەنیا لە بەر ئەوەی کە لایەنگری بارزانین! وا دیارە ئەمسالی کاک داود دێمۆکراسیان تەنیا بۆ خۆیان پێ باشە و نەک خەڵکی تر...
بەرێز ئازادفەڕ، بۆ جارێکیش کە بووە چاویلکەی "ئانتی بارزانیزم" لە چاوت دەرهێنە و ئەگەر بە قەولی خۆت بەردەوام خراپیەکانیان دەبینی، جارێکیش خزمەتەکانی بارزانی و حکومەتی هەرێم بە خەڵکی باکور ببینە. ئەگینا فەرقی چاویلکەکەی تۆ لە گەڵ چاویلکەی "ئانتی یەهودی" کۆماری ئیسلامی چیە کە ئەوەی پێوەندی بە ئیسرائیلەوە هەبێت بە خراپی دەزانێ و هێرشی دەکاتە سەر ! هەر چەند بەداخەوە بەرێز ئۆجەلانیش چەند ساڵ لەمەو پێش لە زیندانەوە حکومەتی هەرێمی بە ئیسرائیل و دەوڵەت ـ نەتەوەی مەترسیدار ناو دەبرد و هەستێکی وای لە لای لایەنگرانی ساز کردبوو کە هەر باشترە ئەو تاقە هیوایەی کە ئێستا بۆ کوردان ساز بووە نەمێنێ و دەبێ شەڕی لە گەڵ بکرێ! بە هەر حاڵ حکومەتی هەرێم ئەگەر کەم و کوڕیشی زۆر بن، ئێستا هیوایەکە بۆ هەموو کوردان لە هەر چوار بەشی کوردستان و لانی کەم حیزبەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بە تێکڕایی لەوێن. بەڵام ئەگەر بەراوەردی بکەی دەبینی کە لە ڕۆژاوای کوردستان تەنانەت ئەندامی حیزبی ڕۆژاواش بە هۆی پ ک ک نەبوونی دەکوژرێ (نمونەکەی مەشعەل تەمۆ) یان ڕێگای چالاکی پێنادرێ. لێرەدا کێ دێمۆکراتەترە؟ جارێک چاویلکەکەت لادە و ویژدانی خۆت بکە قازی...
_________________________________________
تێبینى:
ماڵپهڕی "ههڵۆی كوردستان"
ـ له بهرامبهر نێوهڕۆكی ئهم بابهته بهرپرسیار نیهو نووسهری بابهت بهرپرسه لهبهرامبهر بابهتی خۆیدا
ــ كهڵك وهرگرتن لهو بابهتانه به هێنانی ناوی سهرچاوه یان لهسهر ئیزنی نوسهر ئازاده


نووسراوه له لایهن kujan, May 26, 2013