هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵە: بایکوت کردنی هەڵبژاردن شیاوترین هەڵوێستە

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا تەحریم کردنی ١١هەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆمارییان، بە پڕماناترین هەڵوێست کە دەتوانێت گەورەترین پەیامی سیاسیی خەڵکی کورد بێت، زانی.

دەقی راگەیەندراوەکە به‌ شێوه‌ی‌ خواره‌وه‌یه:

 

tahrim_-_pdki_-_komala_92_2

 

هاونیشتمانانی بەرێز !

گەلانی بندەستی ئێران!

نەتەوەی ئازادیخوازی کورد!

رێژیمی کۆماری ئیسلامی لەجۆزەردانی ١٣٩٢ی هەتاویدا، یازدەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری بەرێوە دەبات. ئەمجارەش وەک نەریتی هەمیشەیی خۆی بە وەرێخستنی پیلان و شانۆگەری هەمە چەشنە، دەیەوێ نیشان بدا کە لە سیستمی کۆماری ئیسلامی و لە چوارچێوەی ویلایەتی فەقیهدا، دەرەتانی هەڵبژاردنی راستەقینە و دادپەروەرانە هەیە و بەرپرسانی کارگێری و شۆرا ناوچەییەکانی رژیم لە رێگای هەڵبژاردنەوە و بە دەنگ و ئیرادەی خەڵک دەسنیشان دەکرێن. بەم چەشنە مۆدێلی خەڵک سالاریی ویلایەتی فەقیهی بە مۆدێلێکی سەرکەوتوو و ئەمڕۆیی نیشان بدا و بە خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن، نیشان بدا کە گۆیا ئیرادە و دەنگی خەڵک لە نێو حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا رۆڵی خۆی هەیە.

گومان لەوەدا نیە کە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەش وەک درێژەی رەوتی مێژووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بێبەرییە لە هەر چەشنە پرەنسیپێکی دیموکراتیک و هەڵبژاردنی ئازاد و ناسراو لە جیهاندا. لە راستیدا بەشی هەرە زۆری خەڵکی ئێران و نوێنەرانی راستەقینەیان و لەوانە نەتەوە بندەستەکانی ئێران، بیرجیاوازانی سیاسی و ئایینی، کەمایەتییە ئایینییەکان و... هتد، هەر بە زەبری یاسا دژە دیموکراتیکەکانی دەسەڵاتی سیاسیی دامەزراو لە سەر بنەمای ئیدئۆلوژی ویلایەتی فه قیهی لەمافە دیموکراتیکەکانی خۆیان بێبەش کراون.

جێی باسه بەرنامەی بە ناو هەڵبژاردن هەر لە سەرەتاوە لە "لەیتی رەهبەری" و دەست و پێوەندەکانی وەکو وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسدارانەوە دەست پێدەکا و هەر لەوێش کۆتایی پێدێ. وەلی فەقیە لە رێگای میکانیزمەکانی بەردەستیەوە، کاندیداکانی خۆی دیاری دەکاو تا ئەو جێگایەی بتوانێ بیرجیاوازان یان جیاوازخوازان وەلا دەنێ و شیوازی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن دیاری دەکا، ئیمکاناتی حکوومەتی بە رێگای جۆربەجۆرەوە دەخرێتە خزمەت کاندیدا دڵخوازەکانیان و لە نێو خەڵکدا بە هەڕەشە و چەواشەکاری دەنگ بۆ کەسی تایبەتی خۆیان کۆ دەکەنەوە و لە رۆژی دەنگداندا بە پیلانی جۆربەجۆر کەسانێک دەهێننە سەر سندووقەکانی دەنگدان و ئەمە بەو ساختەکاری و دەستێوەردانەش کۆتایی نایە و بە دەستێوەردان لە پرۆسەی بژاردنی دەنگەکان تەنانەت ئەگەر پێویست بێ بە ساختەکاری میلیۆنی ئاکامی هەڵبژاردنەکە بە دڵخوازی خۆیان دەگۆڕن و بەم شێوە کەسی جێ باوەڕی وەلی فەقیە لە سندووقەکان دێتە دەرێ. هەروەک دەزانین پۆستی سەرۆک کۆماری و ئەو پۆستانەی دیکەش کە لە کۆماری ئیسلامیدا بەناو هەڵبژاردنیان بۆ بەرێوە دەبەن، کاریگەری و رۆڵێکی ئەوتۆیان لە دیاری کردنی سیاسەتی گشتی و ستراتێژیکی ئێراندا نیەو لە راستیدا تەنیا کارگێڕی فەرمانەکانی وەلی فەقیهن کە ئەویش خۆی لە سەرەوەی هەموو یاساو رێسایەکەوە دەزانێ و ئیدیعای نوێنەرایەتی خودا دەکا. ئەو کەسانەش کە لە هەڵبژاردنی دەورەی ١١هەمین سەرۆک کۆماریدا، بەشدارن و لە مەیدانی کێبەرکێی ناوخۆیاندا دەیانەوێ رۆڵ بگێڕن، هەر هەموویان لە مۆرە سەرەکییەکانی رژیم لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵی رابردوودا بوون و دەستیان لە تاڵان و تاوان و سەرکوت و ئەشکەنجە و ئازار و کوشتار و تێرۆردا هەبووە و هەندێکیان دارێژەرو بەرنامەدانەری ئەو تاوانانە بوون.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

بەناو هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەش بۆ دیاری کردنی سەرۆک کۆمار و هەروەها شۆراکانی شار و گوند، وەکو هەموو شانۆگەرییەکانی مێژووی کۆماری ئیسلامی نە پێوەر و پێودانگی هەڵبژاردنی ئازاد و دیموکراتیک و دادپەروەرانەی تێدایە و نە دەنگی راستەقینەی خەڵکیش بە هۆی ئەو بەربەستانەی دانراون، دەتوانێ رۆڵی واقعی و گرینگی خۆی ببینێ، هەروەها نه ئەو کەسانەش کە وەکو براوەی کێبەرکێکە رادەگەیەندرێن دەسەڵات و دەورێکی ئەوتۆیان دەبێ. کەوابوو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەم دەورەیەش بەم هۆکارانە ناتەبایە لە گەڵ قازانج و بەرژەوەندی راستەقینەی ئێوە، ناتەبایە لە گەڵ خواست و داخوازییە رەواکانی ئێوەو تەنانەت ناتەبایە لە گەڵ نیمچە دموکراسیێکی وڵاتانی پاشکەوتووش.

هاوکات هیچکام لە رواڵەتەکانی ئەم دەورەیەش وەدیهێنەری ماف و ئاواتەکانی خەڵکی کوردستان نین و ئاڵ و گۆڕ ێک بە قازانجی خواستەکانی جەماوەری گەلی کورد ناهێننە ئاراوە. کۆنە پاسداران و تێرۆریستانی مێژووی سێ دەیەی رابردووی ئەم دەسەڵاتە، جێگەی هیواو پەیامهێنەری داهاتوویەکی روون نین بۆ کۆمەڵگای ئێران و کوردستان. هەر بۆیە ئێمە لە سەر ئەو بڕوایەین کە تەحریم کردن و بەشداری نەکردن لە ١١هەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری کە رۆژی ٢٤ی جۆزەردانی ئەم ساڵ بەرێوە دەچێ، پڕماناترین هەڵوێستیکە کە دەتوانێت گەورەترین پەیامی سیاسیی خەڵکی کورد بگەیەنێتە گوێ حاکمییەت و ڕای گشتیی جیهان کە هەڵاواردن و ستەمگەری و بێبەشکردنی سیاسی، دەبێ کۆتایی پێبێت.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

٣١‌ی بانەمەڕی ١٣٩٢‌ی هەتاوی

٢١‌ی مەی ٢٠١٣‌ی زایینی

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1298
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy