ئەیالەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گەڵ ئیسرائیل، ئیماراتو عەڕەبستانی سعوودی گرێبەستی دە میلیارد دۆلاریی چەکوچٶڵی واژۆ کردووە. (( هێماو ئاماژەیەکی روون )) بۆ ئێران.
ئەگەر رواڵەتی ڕاستەقینەی بەرنامە ناوکییەکەی ئێران جێگەی شکو گومانە، لە بەشێکی ناتوانین دڕدونگ بین، ئەویش: هەڕەشەی بەردەوامی ئێرانو گەورەتر کردنی ئەو هەڕەشانەیە لە لایەن ئیسرائیلو ئەمریکاوە، سەردانی ئەو ماوەیەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ،دوایین نموونەی ئەو گەورەکردنەوەیە. چاک هیگڵ لە سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل، باسی لە گرێبەستێکی دە ملیارد دۆلاریی چەکوچۆڵ لە گەڵ ئیسرائیل، ئیماراتو عەڕەبستانی سعوودی کردو ئەوەش بە ناوەرۆک، هۆشدارییەکی روونە بە کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئەو گرێبەستە، فرۆشتنی چەکی دژە رادار بە مەبەستی بەرگری لە سیستمە بەرگرییەکان دژی هێرشی ئاسمانی بۆ ئیسرائیلیش لە خۆ دەگرێ. رادارگەلێکی نوێ بۆ فڕۆکە شەڕکەرەکان، فرۆکەی دابین کردنی سووتەمەنی KC-135و هەروەها بۆ یەکەم جار، کەرەستەیەکی تایبەتیی بە ڕاگواستنی پێوەندی V-22 Osprey کە نیوەی فرۆکەیەو نیوەی هێلیکۆپتیرە لەو گرێبەستە دا لە سەری ڕێککەوتوون
ژان لوو سمێن، مامۆستای بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆلێژی بەرگریی ناتۆ دەڵێ :(( فرۆشتنی ئەو چەکانە بۆ پیشەسازیی چەک لە ئەمریکا ئاکامو ئەنجامی گرنگی بەدواوەیە.دەرفەتێکی زێڕین بۆ ئەمریکا کە پێشتر وای نیشان دابوو بۆ فرۆشتنی سەرلەنوێی فرۆکەی یارمەتیدەر لە گەڵ گرفت بەرەوڕوویە.))
یارمەتیی نیزامی
سەرۆکی دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیکی فەڕانسە (Ifas) فرانسوا ژێرێ دەڵێ : (( لە سەردەمی چاکسازیی بوودجەی بەرگری، ئەو فرۆشانە هەواڵی دڵخۆشکەرن بۆ بەشی چەکوچۆڵی ئەمریکا.))
بە پێی یاسای ئەمریکا، ئەو وڵاتە لە سەر شانیەتی بە مەبەستی پاراستنو تەزمینی سەیتەرەی ئیسرائیل بە سەر ناوچەکە دا، یارمەتیی نیزامی پێشکەش بە ئیسرائیل بکا،لە ئێستا دا بڕی ئەو یارمەتییە بە ئیسرائیل لە ساڵێکدا سێ ملیارد دۆلارە. بەڵام ئەو یاسایە شانشینەکانی ناوچەی نەوتیی کەنداو ناگرێتەوە. بە پێی گرێبەستی ئەو ماوەیە، فڕۆکەی ئێف ١٦ بۆ ئیماراتو نوێترین مۆدێلی فرۆکەکانی ئەمریکایی بۆ عەڕەبستان دابین دەکرێ.
فەڕانسەش هیوادارە بتوانێ فرۆکەی ڕافائێل بە ئەمیری ئەبووزەبی بفرۆشێ، ژان لوو سمێن لەو بارەوە گوتی: ((سەرەڕای هەموو ئەوانە ئەم پرسیارە دێتە پێش کە فرۆشتنی ئەو چەکانە تا چەند بۆ سیناریۆیەکی شەڕ لە کەنداو گونجاوە. ئەگەر لە بواری کرداریەوە ئەم باسە لە بەر چاو بگرین، ئەو وڵاتانە توانای نیزامییان لە ئێران زیاترەو پێویستییان نییە کە ئاوا بە پەلە چەکە بەرگرییەکانیان بەهێز تر بکەن.)) ئەو قسەیە تا ڕادەیەکی زۆر ڕاستە، چونکە بە پێی رێککەوتنە دوو لایەنە نیزامیەکانی نێوان ئەمریکاو هاوپەیمانانی لە ناوچەکە، ئەمریکاییەکان لە ئەگەری هێرشی هێزێکی بیانی بۆ یەکێک لەو وڵاتانە، دەبێ بێنە مەیدانەکەوەو دەستێوەردانی نیزامی بکەن.
ستراتیژیو سیاسەتی پێشگیرانە
بەڵام ئیمکانی ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی تەیار بە بۆمبی ناوکی مەترسیدارە، ئەوەندەی بۆ ئیسرائیل جێگەی مەترسییە بۆ عەڕەبستانیش هەر بەم شێوەیە. بۆ ئیسرائیل لە بەر ئەوەی، وتەکانی دژە ئیسرائیلیی ڕێبەرانی ئێران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە هاوکات لە گەڵ دەستراگەیشتنیان بە چەکی ئەتۆمی هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیلو بە وتەی خۆیان لە گەڵ زەوی یەکسانی دەکەن، بۆ عەرەبستانی سعوودیش هەر بەم چەشنە، چونکە عەڕەبستانیش وەک رکابەری ناوچەیی کۆماری ئیسلامی، بە هەموو شێوەیەک خوازیاری (( پان کردنەوەی سەری مارە)) شیعەکەیە،بۆیە هەر دووکیان دەیانەوێ بەڵێنی لە دەسەڵاتی واشنگتۆن لە مەڕ پێشگرتن بە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی وەربگرنو ئیزن نەدرێ ئێران ببێتە هێزێکی ناوکی.
واتە، هەر بەو شێوەیەی فرانسوا ژێرێ دەڵێ :(( ئەمریکا لە جاران زیاتر گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە دۆسیەی ناوکیی ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠١٣ دا چارەسەر ناکرێ، چونکە بە هۆی هەڵبژاردنەکان لە ئێران جارێ دەرفەت بۆ دیاریکردنی رێگە چارەی ڕاستەقینە لە وتووێژ لە گەڵ وڵاتە زلهێزەکان بەدی ناکرێ.))
باراک ئۆباما هەروا بە نیازە کات بۆ دیپلۆماسیو تەحریم دابنێ، بەردەوام دووپاتەی دەکاتەوە کە ئەگەر ئێران بگاتە قۆناغی بەرهەم هێنانی چەکی ناوکی، کاردانەوەی نیزامی بە دوور نازانێ. بەڵام ئەو لێکدانەوەیە، دەوڵەتی ئیسرائیل قانع ناکا. ئیسرائیل دەڵێ کە نابێ ئێران بگاتە سەرەتای ناوکی بوون، باسێک کە بیرۆکەی هێرشی پێشگیرانە بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران دێنێتە ئاراوەو بیرۆکەی هێرش بە هێزتر دەکا.
گەمارۆی ئێران
بە پێی بۆ چوونی فرانسوا ژێرێ، بۆ پێڕاگەیشتن بەو بابەتە( واتە هێرش بۆ سەر ئێران ) کە ئەگەری تەقینەوەی ناوچەکەی لێدەکرێ: (( واشنگتۆن خەریکی لێکدانەوەی سیاسەتی پێشگرتن بە هەڕەشەکانی ئێرانە، بە مەبەستی گۆشەگیر کردنی ئێران هەم لە بواری نیزامیو هەم لە باری سیاسی.)) بە وتەی ژان لوو سمێن : (( فرۆشی چەک لە لایەن ئەمریکاوە بەر لە هەر شتێک متمانە بەخشینە بە هاوپەیمانەکانی،هەروەها مەبەست لەو کارە پێشگری لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانەو هەروەها پێشگرتن بە بەشداریی عەرەبستانە لە پێشبڕکێی ناوکیدا.))
بە پێی سەرچاوە ئەمریکاییەکانی ڕاپۆرتکراو لە لایەن ئاژانسی هەواڵدەریی فەڕانسە، ئەو گرێبەستە، گرێبەستێکی نەمادینو سەمبولیکە چونکە پێدانی چەکەکان لە لایەن ئەمریکاوە بەو وڵاتانە، تا چەند مانگی داهاتوو ئیمکانی نییە.
لێدوانەکانی ئەمریکا، کاربەدەستانی ئێرانی تووشی سەرسوڕمان نەکرد. ڕامین مێهمانپەرەست، وتە بێژی وەزارەتی دەرەوەی رژیمی ئێران گوتی : ((فرۆشی ئەو چەکانە ئاکامێکی نییە جگە لە نائەمنیو ناسەقامگیریی ناوچەکە .)) ئێران لە مێژووی ئەو سەردەمەیدا هێرشی نەکردۆتە سەر هیچ وڵاتێک. سەرەڕای ئەوە، کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابرددویدا، نفووزو پێگەی ناوچەیی خۆی لە ڕێگەی حیزبوڵڵای لوبنانو حەماسی فەلەستینی لە غەززە پەرە پێداوە. لە سووریە کە یەکێک لە بەشە سەرەکییەکانی میحوەری تاران- دیمیشق - بەیرووتە، لە سەرەتای شۆڕشەکان بە دژی بەشار ئەسەد، ئێران هێزەکانی بەسیجو پاسدار( ئەرتەشی ئیدۆئۆلۆژیک) ی بۆ یارمەتیدانی رژیمی سووریە بە کار هێناوەو لە خزمەت ئە ڕژیمە دابوون .
ژان لوو سمێن دەڵێ: ((دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی دەتوانێ بۆ ئەو رژیمە بە مانای قەرەبووی وەدرەنگ کەوتنی لە پێشبڕکێی نیزامی لە ناوچەکەدا بێ.)) بە پێچەوانەی دەسەڵاتە پاشایەتییەکانی ناوچەی کەنداو، ئێران لە ژێر سەیتەرەو پاراستنی هیچ کام لە دەسەڵاتە زلهێزەکاندا نییە. کۆماری ئیسلامی زیاتر لە لایەن وڵاتانی سوننی مەزهەبی(جگە لە عێڕاق) هاوپەیمانی ئەمریکا کە پایەگاو بنکەی ئەمریکایان تێدا جێگیرە دەوروپشتی تەنراوە. فرانسوا ژێرێ دەڵێ: (( ئەو گرێبەستە چەکوچۆڵیە دۆخی ئێران ئاڵۆزتر دەکاو بۆ کەسانێک لە تاران کە وا بیر دەکەنەوە ئێران پێویستی بە چەکی ناوکییە، هۆکارو بەڵگەی پێویستیان بۆ دەستەبەر دەکا ))

