حوكمی دادگاێكی مەریوان لە سەر لاوێكی مەریوانی نارەزایەتێكی زۆری ژنو پیاوانی كوردستانی لێكەوتەوە ئەم حوكمە كاتێك لە لایەن رێكخراوو كەسایەتیو چاڵاكانی مەدەنی كوردستانەوە كاردانەوەی لێكەوتەوە كە قازی ئەم دادگایە حوكمی لەبەركردنی جلوبەرگی كوردی ژنانو سووڕانەوەی بە نێو شاری مەریوانی بە سەر ئەم لاوە سەپاند. مێژووی دەسەڵاتداریو دادوەری كۆماری ئیسلامی بەردەوام پڕ بووە لە بێرێزی كردن بە كەرامەتو كەسایەتی مرۆڤەكان. لە مێژوویی مرۆڤایەتیو لە هەموو وڵاتانی جیهان تاوانو تاوانبار بوونی هەبووەو سیستمی داوەری هەمیشە هەوڵی داوە بە سزای ئەو كەسانەی كە تاوانێك بەرانبەر بە مرۆڤەكانی ترو كۆمەڵگا ئەنجام دەدەن، هەر چەند بەرزبوونەوەی تاوان لە كۆمەڵگا گرێدراوە بە هەلومەرجی ئابووریو سیاسی كۆمەڵگاو كاتێك لە كۆمەڵگایەك دیكتاتۆری هەبێو ئازادی رادربڕینو ئابوورێكی لە بار بوونی نەبێ رێژەی تاوانیش زیاد دەكا بۆیە بۆ كەمكردنەوەی تاوان دەبێ سیستمێكی دێموكراتیك بەرێوەبەری وڵات بێو بە درووستكردنی هەلی كارو پێكهێنانی دەرەتانی رادەربڕینو رەخنە،هەڵوەمەرجێك بخوڵقێنی كە تاكەكانی كۆمەڵگا خۆیان لە نێو ئەو كۆمەڵگایە ببیننەوەو رێژەی تاوانو گەندەڵی لە كۆمەڵگا دا كەم بێتەوە.وەك دەبینین لە ئێرانی كۆماری ئیسلامیدا كە حوكمو شەرعی ئیسلام بنەمای یاساكانی ئەم وڵاتەیە بێرێزیكردن بە مرۆڤو مرۆڤایەتی بەردەوام لە لایەن دادوەرەكانی دادگاكانی رێژیمی ئێرانەوە بەرێوە چووەو بە دانی حوكمی ئێعدامو بڕینەوەی ئەندامێك لە جەستەو كوێركردنو بەردباران كردنو هتد بوونەتە جێی سەرسووڕمانی وڵاتانی دیكەی جیهانو بوونی یاساگەلێكی دەیەی نێوەڕاستی لە سیستمی قەزایی ئێران دژی ژنان وەك نەهێشتنی كاندیدابوونی ژن بۆ سەرۆك كۆماری، میراتی كەمی ژنان لە بەرانبەر پیاو، سەندنەوەی مافی سەرپەرەشتی منداڵ لە ئەگەری تێكچوونی هاسەریەتیو جیابوونەوە،خوێنبای كەمتر لە پیاو، رێگرتن لە لەبەركردنی جڵوبەرگی دڵخواز، وهتد لەو جۆرە یاسایانەیە كە ژنانی وڵاتەكەمانیان تووشی گرفتو نابەرابەری زۆر كردووە، ژنان وەك توێژێكی بەرچاوو مافخوراوی كۆمەڵگای ئێران لەو توێژانە بوون كە هەر لە هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی كەوتنە بەر هێرشی دەسەڵاتدارانی ئایینی ئێرانو مافەسەرەتایەكانیان پێشێلكراو ئەو ماف پێشێلكردنە كاتێك دوو قات دەبێتەوە كە ژنێك جیا لە مافە سەرەتایەكانی وەك مروڤ مافە سیاسیەكانی وەك ئەندامێك لە نەتەوەیەكی مافخوراو پێشێل بكرێ.
حوكمى دادگای مەریوان جیا لە بێرێزیكردن بە كەسایەتی مرۆڤ بێرێزی كردنە بە كەلتوورو فەرهەنگی نەتەوەیەك كە بەردەوام بۆ وەدەستهێنانی مافەسەرەتایەكانی خەباتی كردووە. بێرێزی كردنە بە جڵوبەرگی نەتەوەیەك كە سەمبوڵی جوانیو خۆشویستنو بەرخودانە. بەرێوەبردنی حوكمگەلێكی لەو چەشنە لە كۆمەڵگا لە لایەن كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیەوە زۆرجار بۆ ئاسایی كردنەوەی ئەو جۆرە حوكمانە بووە وەك دەبینین بەرێوەبردنی حوكمی ئیعدامو قامچی لێدانو تەنانەت بڕینەوە ئەندامێك لە جەستە لە كۆمەڵگای ئێران ئاسایی بووەتەوەو ئەم حوكمانە لە نێو ئاپۆرەی خەڵك بەریچوەدەچنو بەداخەوە كاردانەوەیان لە لایەن خەڵكەوە لێناكەوێتەوە بەڵام بوێریو شەهامەتی ژنانی مەریوان لە دژی بریاری دادگای مەریوان كاتێك زیاتر خۆی دەردەخات كە هەڵومەرجی پڕلە سەركووتو گرتنو ئیعدام لە كۆمەڵگادا زاڵە، ئەوە راستیەكی حاشاهەڵنەگرە ئەم جۆرە حوكمانە ئەگەر دژكردنەوەی بۆ نەكرێ دیسان دووپات دەبێتەوە بەڵام بەخۆشیەوە دژكردنەوەی ژنانو پیاوانی مەریوانو سەرانسەری كوردستان یەكگرتوویەكی لە نێو كۆمەڵگا درووستكردو وەك دەبینین لە شەقامو كۆڵانو لەنێو تۆرە كۆمەڵایەتیەكان ژنانو پیاوانی كوردستان بە لەبەركردنی جلوبەرگی ژنانو نووسێنی كامێنتو بۆچوون پشتگیریان لە ژنانی مەریوان كردو دیسانەوە ئەوەیان سەڵماند كە" كورد یەك نەتەوەیە" بێرێزیكردن بە تاك كورد بێرێزی كردنە بە كۆمەڵگاو كۆمەڵگای كوردستان.

