هه‌ڵۆی كوردستان: ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 12ی ئاپریلی 2013 به‌رامبه‌ر به 23ی خاكه‌لێوه‌ی 1392، له شاری سلێمانیی باشووری كوردستان، به میوانداریی یه‌كیه‌تیی نیشتمانیی كوردستان‌و به به‌شداریی نوێنه‌رانی 10 حیزبی بیانی‌و 25 پارت‌و لایه‌نی سیاسیی هەر چوار پارچەی كوردستان‌و به سه‌رپه‌رستیی لویس ئایالا سەرۆکی ئینترناسیوناڵ سوسیالیست‌و نوینەری جۆرج پاپا ئەندریا كۆبوونەوەی كۆمیتەی كوردانی ئه‌و رێكخراوه به‌ڕێوه چوو.
له‌و كۆبوونه‌وه‌دا دۆزی كورد له هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان لێكدانه‌وه‌و تاوتوێی له‌سه‌ر كرا‌و كۆمه‌ڵێك وتار خوێندرانه‌وه.
پاش باس و لیدوانی بەشدارانی كۆبوونەوەكه، بەشداران دەستەی سەرۆکایەتیی كۆمیتەی كوردانيان هه‌ڵبژارد کە بریتی بوون لە یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران‌و پارتی ئاشتی و دێموکراسی (BDP) كه مه‌لابه‌ختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یه‌كیه‌تیی نیشتمانیی كوردستان وه‌كوو سەرۆکی كۆمیته‌ی كاری كوردان له ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیسدا هه‌ڵبژێردراو حه‌سه‌ن شه‌ره‌فی جێگری سكرتێر‌و وته‌بێژی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران‌و نه‌زمی گوڵ نوێنه‌ری پارتی ئاشتی و دێموکراسی (BDP) له باكووری كوردستانه‌وه، وه‌كوو جێگرانی ئه‌و كۆمیته‌یه دیاری كران.
شایانی باسه بە ئەندامی هەمیشەییو چاودێرەوە 168 حیزب له ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست بهشدارنو ئه‌م رێكخراوه له‌دوای رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه به دووهه‌مین رێكخراوی گرینگی نێونه‌ته‌وه‌یی له جیهان دێته ئهژمارو زۆربه‌ی ئه‌م حیزبانه كه له‌م رێكخراوه‌دا به‌شدارن ده‌سه‌ڵاتێكی زۆریان له وڵاته‌كانی خۆیان هه‌یه‌و ئه‌م رێكخراوه بۆته تریبۆنێكی گرینگی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ هاواری مافخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد.
پێویسته بگوترێ له‌نێو نه‌ته‌وه‌ی كورددا یەكەمین كەس كه گرینگی به‌م رێكخراوه داوه شه‌هید دوكتور قاسملووی نه‌مر بووه‌و ئه‌و بوو كه توانی به كاری دیپلۆماسی درگای ئه‌م رێكخراوه به‌ڕووی نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و حیزبه ره‌سه‌نه‌كانی بكاته‌وه.

