ئەمڕۆ ٣ شەممە ١٨ی گەلاوێژی ٢٧١١ هێزەکانی رێژیمی داگیرکەری ئێران بە پێی بەرنامەیەکی لەپێش دا داڕێژراوو زۆر بە شێوەیەکی کتوپڕ هێرشیان کردە سەر دانیشتوانی شاری پیرانشارو دەستیان کرد بە پشکنینی ماڵی خەڵک، ئەمە لە کاتێک دایە کە بەبێ مۆڵەتی دادگاو بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانەو وێڕای ئەزیەتو ئازاردانی دانیشتوان دەستیان گرت بەسەر چەندین دەزگا رێسێرڤەر (ماهوارە).
هێزە قین لە دڵەکانی رێژیمی داگیرکەری تاران لە گەرمەی گەڕانو دەست بەسەر داگرتنی رێسێرڤەری دانیشتوانی شاری پیرانشار دا هێرشیان کردە سەر لاوێکی کوردو بە بەهانەی ئەمەی کە سەرقاڵی فیلم هەڵگرتنەوە بووە لە هێزەکانی داگیرکەر دایانە بەر لێدانو کوتان، وەک لە هەواڵەکە دا هاتوو ئەو لاوە کوردە بە بێ هیچ مەبەستێکو بە شێوەیەکی ئاساییو لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە (تلفن همرا) خەریکی قسە کردن بووە لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی، بەڵام هێزەکانی داگیرکەری ئێران بەهانەیان پێگرتووەو هێرشیان کردۆتە سەرو گوتویانە کە گۆیا خەریکی فیلم هەڵگرتنەوە بووە لەم هێزانە. ئەم لاوە کوردە دوای لێدانو ئەشکەجەو ئازاردانێکی زۆر کە دەگوترێ هەتا راددەی بێهۆشبوون لێی دراوەو پاشانیش قۆڵبەستو بۆ جێگایەکی نادیار گوێزراوەتەوە، جێگای ئاماژەیە کە تا گەیشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیاریەک لەسەر ئەم لاوە دەست بەسەر کراوە لەبەر دەست دا نییە.

