هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

ئەو بەڵێنەی ٦٧ ساڵ لەمەوبەر داگیرکەر بە پێشەوای دا ئێستاش هەر کوردی پێ هەڵدەخەڵەتێنرێت!

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

qadr_-_sharo_ashti_2٦٧ ساڵ لەمەوبەر و بە هۆی هەندێک گۆڕانکاری جیهانی و ناوچەیی، کۆمەڵەی "ژ ک" وەک تاکە ڕێکخراوی سیاسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات توانی ببێت بە دەسەڵاتێکی بەهێز و ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بخاتە ژێر کۆنترۆلی خۆی و دەوڵەتێکی خودموختار ڕابگەیەنێت، هەرچەند دەوڵەتی کوردستان تەمەنی لە ١١ مانگ و ٢٠ ڕۆژ تێپەڕی نەکرد، بەڵام لەو ماوەیە دا زۆر کاری گرنگی کردن کە پێویست ناکات لێرەدا باسیان لێوە بکرێت.

لەو ماوەیە دا کە کۆماری کوردستان بەشێک لە ناوچەکانی کوردستانی بەڕێوە دەبرد، دەتوانرێ بگوترێت ئازادی و دێمۆکراسی بە تەواوی بۆ دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتی کۆمار پیادە کرابوو، کەمە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان ئازادانە و بەبێ گیروگرفت تێکۆشانی خۆیان دەکرد، هەر دوو ڕەگەزی ژن و پیاوی دانیشتووی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان ئازاد بوو لە کاری سیاسی و دیپلۆماسی و بیرکردنەوەی جیا.

بە گوێرەی ئەو نوسراوانەی کە لەبەر دەست دان و بە گوێرەی لێکدانەوەکان دەکرێ بگوترێت کە کۆماری کوردستانی ئەوسا، هاوشێوەی هەرێمی کوردستانی باشووری ئێستامان ببوە سونبولی ئازادی و دێمۆکراسی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، هەر بۆیە داگیرکەران و خۆسەپێنەکان چاویان بەم قەڵای دێمۆکراسیە هەڵنەدەهات و خەوو خۆراکیان لێ حەرام ببو، زیکرو فکریان ئەوە بوو چۆن و لە کام ڕێگاوە ئەو قەڵایەی کە ببو بە ڕووگەی ئازادیخوازانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڕوخێنن و بۆ جارێکی دیکە دەسەڵاتی ڕەشی دیکتاتۆری و خۆسەپێنی بەسەر کورد و ناوچەکەدا بسەپێننەوە.

 

qadr_-_sharo_ashti_3


سەرئەنجام فارسە شۆوێنیستەکان و لە سەروی ئەمانیشەوە حەمەڕەزا "پاڵانی" بە پێدانی هەندێک ئیمتیاز بە "یەکێتی شۆرەوی کۆمۆنیست و بە ڕواڵەت پشتیوانە مەزنەکەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی جیهان" ئەو ئاواتەیان هێنایە دی و دەستیان کرد بە بەرنامەڕێژی و دواتریش لەشکرکێشی بۆ سەر هەرێمە ئازادەکانی کوردستان و ڕووخاندنی ئەو کۆمارەی کە ببوە ڕووگەی ئازادیخوازان و دێمۆکراسی خوازانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

پێشەوای مەزنی کورد و یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان کە ئاڵوگۆرەکانی ناوچەکە دەبینێت و لێکدانەوەیان بۆ دەکات، هەست بە مەترسیەکی مەزن دەکات لە سەر کورد و وڵاتەکەی، بۆیە بۆ ئەوەی گیانی ژنان و پیاوانی نەتەوەکەی لە کوشت و بڕو دەربەدەری و کوردستان لە وێرانکاری بپارێزێت، لە بڕیارێکی گرنگی مێژوویی دا کە دەکرێ بگوترێت لە مێژووی مرۆڤایەتی دا نەبووە کە سەرکردەیەک بە وەها بڕیارێک گیانی خۆی بکات بە قوربانی نەتەوە و وڵاتەکەی، پێشەوا گیانی خۆی دەخاتە مەترسی حەتمی و نەتەوەکەی لە قەتلوعام و وڵاتەکەی لە وێرانکاری دەپارێزێت، پێشەوا بڕیاری خۆ بەدەستەوەدان بە ڕێژیمی داگیرکەری ئێران ددەدات بەڵام بە مەرجێک کە سەرو گیان و ماڵی هاوڵاتیەکانی پارێزراو بێت.

هەرچەند ڕێژیمی داگیرکەر پەیمان و بەڵێن بە پێشەوا دەدات کە هیچ کوشت و کوشتارێک ناکرێت و هەموو خەڵکی کوردستان گیانیان پارێزراو دەبێت، بەڵام وەک پیشەی هەمیشەییان دوای داگیرکردنەوەی کوردستان دەست دەکات بە گرتن و کوشتنی شٶڕشگێڕان و خەباتکارانی کورد، کە لە نێویان دا خودی پێشەوا قازی و هاوڕێکانی نمونەن بۆ پەیمان و بەڵێن شکێنیەکەی حەمەڕەزا و ڕێژیمە داگیرکارەکەی.

ئەو پەیمان و بەڵێنەی کە لە ساڵی ١٩٤٦ی زاینی بە پێشەوا درا، لە ساڵی ١٩٧٠ی زاینی هەر هەمان پەیمان بەڵام بە شێوەیەکی دیکەو لە لایەن داگیرکەرێکی دیکە بە ڕێبەرایەتی گەورەترین شۆڕشی کورد درا و دەتوانرێ بگوترێت کە ئاکامەکەی جیاوازیەکی ئەوتۆی نەبوو لەگەڵ ئاکامی کۆماری کوردستان، هەمان ئەو پەیمانە بۆ جارێکی دیکە و لە ساڵی ١٩٨٤ی زاینی دیسانەوە لە باشوور دووبارە بویەوە و ئاکامەکەی شتێکی جیاوازی نەبوو، لە ١٩٨٨ی زاینی دیسانەوە هەمان پەیمان و بەڵێن لە لایەن هەمان دەوڵەتی داگیرکەری تاران و لە لایەن ڕەنگوڕیەکی دیکەو بەڵام هەمان زمان و بیروباوەڕ و مێشکی بۆگەنەوە بە کورد درا و ئاکامەکەی شتێک نەبوو جگە لە لەدەست دانی چەندین خەباتکار و شۆڕشگێڕی کورد.

خەمساردی کورد و خۆشباوەڕی کوردان بە داگیرکەر و فێڵبازی و تەڵکەبازی داگیرکەران کۆتاییان نایەت و کوردان بەردەوام و هەر جارەی لە گۆشەیەک و هەر کەڕەت لە پارچەیەک دووبارە و چەند بارەی دەکەنەوە! پشتگرتنی جەعفەری و هێنانە سەر دەسەڵاتی شۆوێنیستێکی عەرەب لە بەغداد بە جۆرێکی دیکە مێژووی نەهامەتی کوردان و تەڵەکەبازی داگیرکەران چەندبارە دەکاتەوە، بە لەگۆڕنانی جەعفەری و بەخشینی دەسەڵات بە مالیکی دیسانیش مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و مالیکی ئەزم جەزم دەکات کە دەبێ کوردان لە چەک و کوردستان لە پێشمەرگە و نەتەوەی کورد لە خاک و مێژوو داب و نەریت و فەرهەنگ دابماڵێنرێن و شۆوێنیستی عەرەبی داگیرکەر دیسانەوە کوردستان بکاتەوە بە زیندانێکی گەورە بۆ کوردان!

کوردان دوای چەندین ساڵ ژیان لە ژێر دەسەڵاتی ڕەشی دەوڵەتی سوریە و تەحەمول کردنی ژیانی کولەمەرگی و بێ ناسنامەیی لە ڕۆژاوا دا، سەرئەنجام ڕۆژی ئازادی نەتەوەکەمان سەر لە کەل دەردێنێت و نەتەوەکەمان بە بەشێک لە ئامانجەکانیان دەگەن، بەڵام داگیرکەران وەک پیشەی هەمیشەییان کێچ دەکەوێتە کەوڵیان و بە دزی و ئاشکرایی کار دەکەن بۆ لەبار بردنی ئەم ڕەوشە و نانەوەی ئاژاوە و پشێوی لەنێو کۆمەڵگای خەڵکی کورد و بەتایبەت هێز و لایەنە سیاسییەکان دا؛ ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەشەوە و وێڕای ئەوەی کە بە ڕواڵەت دان بە مافی کوردان دا دەنێن، عەرەبە شۆوێنیستە "هێشتا بە دەسەڵات نەگەیشتووەکان" لەگەڵ ئەوەی کە بەردی ئازادیخوازی و ئازاد بوونی وڵاتی سوریە لە دەستی ئەسەد لە سینگی خۆیان ڕادەکێشن، کەچی دژایەتی نەتەوەی ئازادیخواز و دێمۆکراسیخوازی کورد دەکەن و دەیانهەوێت بە زۆر یان بە خۆشی کوردان بەچۆکدابێنن و دەیانهەوێت نەتەوەی کورد هەر بە کۆیلەیی و گوێ لەمستی بمێنێتەوە، هەر بۆیە جار نا جارێک هێرش دەکەنە سەر ناوچە کوردیەکان و هێز و توانای خۆیان تاقیدەکەنەوە بۆ دەست بەسەر داگرتنی کوردستان، دیارە ئەمەش جیاوازیەکی ئەوتۆی نی‌یە لەگەڵ پەیمان و بەڵێنەکانیان کە لە ڕابردوو دا بە نەتەوەی کوردیان داوە.

دوای ئەوەی بەڵێن بە کوردان دەدات کە وەکو برا لە وڵاتێک دا بژین، مستەفا کەمالی گۆڕ بەگۆڕ داوای هاوکاری لە کوردان دەکات لە پێناو سەرکەوتن بە سەر دژبەرەکەی دا، بەڵام کاتێک کە سەردەکەوێت و دەسەڵات دەگرێتە دەست، هەرچی پەیمان و بەڵێننامە و قەول و قەرارە دەیشکێنێت و لە جێگای دۆستایەتی و هاوکاری دەست دەکات بە گرتن و کوشتن و دوورخستنەوەی کوردان بۆ شوێنە دوورە دەستەکانی تورکیا، مستەفا کەمالی گۆڕ بە گۆڕ بەمەشەوە ناوەستێت و زمان و جلوبەرگ و داب و نەریت و ..... فەرهەنگە کوردییەکان بە تەواوی نایاسایی و لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا دا قەدەغە دەکات!

ئێستاش و دوای دەیان ساڵ بەسەر تەڵەکەبازیەکانی مستەفا کەمال دا، گوشارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، ئابووری، نیزامی و نێوخۆییەکان لە هەموو لایەکەوە تەنگ بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەڵدەچنن و سەرانی دەوڵەتی داگیرکەر دەستەوداوێنی کوردان دەبن و دەست دەکەنەوە بە پەیمان و بەڵێندان بە کوردان و دووبارە کردنەوەی هەمان ئەو مێژووە تاڵەی کە لە سەدەی بیستەم دا چەندین بارە بۆتەوە و هەر جارێکیش کوردان شکستیان تێدا خواردووە!

هەرچەند من وەک خۆم هەرگیز لەگەڵ کوشت و کوشتار نیم، هەرگیز شەڕ لە ئاشتی بە باشتر نازانم، بەڵام شەڕم پێباشترە لە ئاشتی‌یەک کە بە شەرتی لەنێو چونی نەتەوەکەم و کاولکردنی وڵاتەکەم تەواو بێت، ئاشکرایە کە سەدان ساڵە نەتەوەی کورد شەڕ دەکات لە پێناو ئاشتی و پێکەوە ژیان، سەدان ساڵە خوێنی ژنان و پیاوانی کورد لە ڕێگای دابینکردنی ئاشتی لە نێوان نەتەوە جیاوازەکان و ئازادی بۆ خەڵکی کوردستان دا دەڕژێت، بەڵام بەپێچەوانەی نەتەوەی کوردەوە؛ داگیرکەران پێشنیاری ئاشتی و پێکەوە ژیان دەکەن لە پێناو شەڕ و کاولکاری دا، پێشنیاری دانیشتن و گفتوگۆ دەکەن لە پێناو هەرچی زیاتر خوێنڕشتن و داگیرکاری دا. کەوایە با بەس بێت و چیدیکە فریوی داگیرکەر نەخۆین، بەسە با چیدیکە داڵی مەرگ خۆیمان لێنەکات بە کۆتری ئاشتی و وڵاتەکەمان کاول و نەتەوەکەمان قڕ نەکات.

گومان لەوەدانی‌یە کە کورد لە شەر و بەربەرەکانێ دا ئەستەمە شکست بێنێت و بە چۆکدابێت، بەڵام وەک مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە کە کوردان هەمیشە لە دانیشتن و دانوستان لەگەڵ داگیرکەران دا شکستیان خواردووە و داگیرکەران بە زمان لووسی و سوێند و بیلاو قەول و قەراری درۆینە دەرفەتی لەباریان بۆخۆیان خوڵقاندووە و پشتی کوردیان لە عەرزی داوە، کورد دەڵێت گەورەترین هەڵە ئەوەیە کە " تەجروبە دووبارە تەجروبە بکەیەوە". بەڵام بەداخەوە ئەوەی کە ئێمەی کورد تەجروبەمان لێوەرنەگرتبێت ئەو تەجروبانەن کە لە رابردوو دا باب‌و باپیرانمان تەجروبەیان کردووە.

ئەگەر بڕوانرێتە مێژووی دوورودرێژی نەتەوەی گەورەی کورد دەبینرێت کە دەیان جار هەڵەکانمان دووبارە کردۆتەوە، دەیان جار باوەڕمان بە قسەی خۆش و وەعد و بەڵێنەکانی داگیرکەران کردووە و هەموو جارێکیش ئاکامەکەی شکان و لەنێوچوونی ئێمەی کوردی خۆشباوەڕ بووە، واتە دەیان و سەدان جار تەجروبەمان تەجروبە کردۆتەوە! ئیدی بەسە با چیدیکە تەجروبەکان تەجروبە نەکەینەوە، با چیدیکە باوەڕ بە داگیرکەر نەکەین و چیدیکە سوێند و بیلا و بەڵێنە درۆینەکانی داگیرکەر نەبێتە ئیزائیل و ڕۆحمان نەکێشێت، بەسە با چیدیکە باوەڕ بەو کەسانە یان بەو نەتەوانە نەکەین کە سەدان ساڵە بە قسەی زریق و بریقەدار و بە سوێند و بەڵێنی درۆ کڵاومان لەسەر دەنێن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بازنەی داگیرکاریەکەیان لەسەر کوردستان توندتر و دیواری بەندیخانەکانیان بەرینتر و دەرگای زیندانەکانیان بەسەر لاوانی کورد دا قایمتر دەکەن.

ئەگەر بەڕاستی داگیرکەرانی کوردستان ئاشتیان گەرەکە و حەز بە خوێنڕشتن و کاولکاری ناکەن، ئەگەر دوژمنانی خوێنیی نەتەوەی گەورەی کورد ئەوەندە ئاشتیخواز و دێمۆکرات و مرۆڤ دۆستن، گەر بەڕاستی دەخوازن وەک برا و دراوسێ و بەبێ کێشە لەگەڵ کورد بژین، با کوردستان بۆ خاوەنی ڕاستەقینەی خۆی کە نەتەوەی کوردە جێبێڵن و کۆتایی بە کوشتن و خوێنڕشتن بێنن و بە ئاشتی و ئاسودەیی لە ماڵی خۆیان دانیشن و بحەسێنەوە، با ئەو خاکە بەجێبێلن بۆ ئەو نەتەوەیەی کە بە خوێن و گیانی ڕۆڵەکانی پارێزگاری لێکردووە.

لە بەرانبەریش دا ئەگەر کوردان بەڕاستی دەخوازن چیدیکە کڵاوی دوژمنیان نەچێتە سەر، ئەگەر دەخوازن وەک مرۆڤی پلە دوو چاویان لێنەکرێت، گەر دەیانهەوێت بە ئازادی و سەربەستی لە وڵاتی خۆیان دا بژین، ئەگەر مەبەستیانە بێ کێشە و هەرا هەرێمەکەی خۆیان بەڕێوە بەرن، با تەنیا ڕێگا چارەی ئاشتی و بێدەنگ کردنی چەکەکان ببەستنەوە بە چۆڵکردنی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمیە داگیرکارەکان کە کوردستانیان میلیتاریزە و داگیر کردووە، با تەنیا شەرت و مەرجی ئاشتی و دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ داگیرکەر کێشانەوەی هێزی نیزامی داگیرکەران بێت، چونکە بەبێ وەدەر کەوتنی هێزی داگیرکەر نە ئاشتی دێتە ئاراوە و نە کوردستان ئازاد و نە کوردانیش دەتوانن هەناسەیەکی ئازاد هەڵمژن. کەوایە با هەموومان پێکەوە بڕیار بدەین و پەیمان بدەین بە ڕۆحی پاکی شەهیدەکانمان کە بەبێ وەدەر کەوتنی هێزی داگیرکەر لە کوردستان لەگەڵ داگیرکەران دانانیشین و گفتوگۆ ناکەین، با پشت بە نەتەوەی گەورەی کورد ببەستین و پەیمان بە ڕۆحی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان بدەین کە هەتا تاقە سەربازێکی هێزی داگیرکەر لە کوردستان مابێت؛ گفتوگۆ ناکەین و باس لە دیالۆگ و دانوستان ناکەین، چونکە هەتا هێزی داگیرکەر لە کوردستان بێت؛ وڵاتەکەمان هەر داگیرکراوە و گفتوگۆ و دیالۆگ مانایەکی نی‌یە.

گومان لەوە دانی‌یە کە هەتا ئێمە ئاوا خۆش باوەڕ و لەگەڵ هەر داوایەکی داگیرکەر دا ئامادەی دانیشتن و دیالۆگ بین، هەتا هەنگاوەکانمان بەلەزتر بکەین لە پێناو ئاشتی و پێکەوە ژیان لەگەڵ ڕێژیمەکانی داگیرکەری کورستان دا، ئەوە ئەو بەڵێنەی کە ٦٧ ساڵ لەمەوبەرو ڕێژیمی داگیرکەر بە پێشەوای مەزنی دا هەر بەردەوامە لە کوشتنی کورد و کاولکردنی کوردستان.

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 945
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy