هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکرات، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژنان

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیران، بەبۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژن، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

 

pdki_-_8_mars_2013_2


رۆژی ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژن، رۆژی یادکردنەوە لە خەبات و تێکۆشانی ژنانی ماف ویست و هەڵسووڕە کە بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو لە سەرتاسەری جیهان بۆ وەدەستهێنانی سەرەتاییترین مافەکانیان کە مافی هەموو ژنێک و لەراستیدا مافی هەموو مرۆڤێکە خەباتیان کردووە. یادکردنەوە لە تێکۆشان و قوربانیدان و فیداکاریی ئەو ژنانەیە کە بە ناسینی خۆیان و دەوروبەریان، بە بیرێکی کراوە و بە روانگەیەکی قووڵی مرۆڤانەوە هەوڵیان داوە تاکوو لە رێگای گەیشتن بە مافی یەکسانی، کۆمەڵگایەکی تەندروستتر و شیاوی مرۆڤ بونیات بنێن هەتا لەو کۆمەڵگایەدا بە لاچوون و سڕینەوەی هەموو شکڵەکانی هەڵاواردن، کەرامەتی مرۆیی بۆ هەموو مروڤێک بگەڕێتەوە و بە واقیع و لە کردەوەدا نیشان بدرێ کە ژن و پیاو لە باری ماف و پێناسەی مرۆیییەوە هیچ جیاوازییەکیان نیە و جیاوازیی جەستەی نابێببێتە بیانوویەک بۆ ستەم و چەوسانەوە.

هەروەها رۆژی ٨ی مارس رۆژی رێز گرتن لە ژنانە کە وەک نیوەی کۆمەڵگا، بەشێکی قورس و گرانی ئەرکی کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی و هاوڕێیەتییان لەسەر شانە و تاکوو ئێستاش بە شێوەی پێویست و دروست رێز لە رۆڵ و دەوری کۆمەڵایەتییان نەگیراوە و زۆرن ژمارەی ئەو ژنانەی کە تەنانەت لەلایەن نزیکترین کەسەکانیانەوە سووکایەتیان پێدەکرێ و ئەو بەناو کەسە نیزیکانە بە کەڵک وەرگرتن لە نۆرمە نادروستەکان و کولتووری نادروستی باو،دەیانەوەێوا بە ژنانی نیزیکیان بسەلمێنن کە ئەوان هەر بۆ ژێردەستە بوون و ستەم لێ کران ئافرێندراون.

رۆژی جیهانیی ژن نەک تەنیا رۆژی یادکردنەوە و رێزلێنانە، بەڵکوو رۆژێکە بۆ ئەوەی وەبیری هەموان و بەتایبەت ژنان بهێنێتەوە کە ئازادی و گەیشتن بە ماف، خەبات و گیانفیدایی دەوێ و دەبێهەموو تاکێک و هەموو کۆمەڵگایەک بە کردەوە بیسەلمێنێ کە شیاوی گەیشتن بە ئازادییە.

بەبێبەشداریی ژن لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا و لەو شوێنانەی وەکوو کوردستان کە خەبات بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەییش بەڕێوەیە، بەبێبەشداریی چالاکانەی ژنان لەو خەباتەدا هەم رێگای خەبات دژوارتر و دوورتر دەبێ و هەم ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و خەبات ناتەواو دەبێ و هەم ژنان بیانوو بە دەستی بیری دواکەوتوانەوە دەدەن تاکوو پڕوپاگەندەی ناتەوانیی ژنان زۆرتر بکەن.

لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، وێڕای هەندێک رەگی کولتووری نادروست، رێژیمیش بە شێوەی سیستماتیک و بە یاسایی کراو ئەوپەڕی ستەم و سەرکوت بە دژی ژنان بەڕێوە دەبا و زیندانەکانی رێژیم پڕن لە چالاکانی ژن کە دەسبەسەر کراون. لە دوایین وێنەی ستەمکاری و دواکەوتوویی رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، لە کۆنفرانسێکی جیهانی کە بۆ پارێزگاری کردن لە مافی ژنان و منداڵان لە رۆژی ١٤ی رەشەمەدا پێک هات، کۆماری ئیسلامی وێڕای واتیکان و رووسیە تەنیا وڵاتانێک بوون کە بەتوندی دژی مافی ژنان وەستانەوە.

ئەو ستەم و چەوساندنەوانەی رێژیم، بە نیسبەت ژنانی کوردەوە توندتر و دڕندانەتر دەبێتەوە و لە سەرەتای خوێندنی سەرەتایییەوە تاکوو ژیانی نێو کۆمەڵگا و تاکوو بەشداریی ژنان لە چالاکیی سیاسی یان مەدەنیدا، ژنی کورد دەکەوێتە بەردەم چەوسانەوە و ستەمێکی لەرادەبەدەر.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە باوەڕی راستەقینە و قووڵی بە یەکسانیی ژن و پیاو لە نێو کۆمەڵ و بنەماڵەدا، پێی وایە کە خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی لەئێران و خەبات بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەیی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە ئێراندا، لەگەڵ خەبات بۆ دابین بوونی مافی ژنان وەکوو مرۆڤی هاوتای پیاو، پێکەوە گرێدراون و دابین نەبوونی هەرکام لەوانە، کۆمەڵگا تووشی قەیران و داڕمان دەکا، چونکە هەموو ئەو ستەمانە لە هەڵاواردنەوە سەرچاوە دەگرن و هەڵاواردن سووکایەتی کردن بە ئینسانەکانە.

هەرلەو پێناوەشدا بووە کە حیزبی دێموکرات لە هەر کۆڕ و کۆمەڵیکی تایبەت بە پاراستن و دابین بوونی مافی ژنان بەشدار بووە و لە دوایین هەنگاویشدا پەیماننامەی تایبەت بە پاراستنی مافی ژنان و منداڵان لە کاتی شەڕدا لە پاییزی ١٣٩١دا واژۆ کرد.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی رۆژی جیهانیی ژن لە هەموو ژنانی ئێران و کوردستان، لەسەر پرەنسیپە نەگۆڕەکانی لە بواری دابین بوونی مافی یەکسانی بۆ ژنان پێدادەگرێتەوە و پشتیوانی لە تێکۆشانی ژنانی چالاکی ئێران و بەتایبەت ژنانی هەڵسووڕ و خەباتکاری کورد دەکاتەوە.

 

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسی

١٧ی رەشەمەی ١٣٩١

٧ی مارسی ٢٠١٣

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 2098
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy