ئای چەندە جێگای دڵخۆشی دڵ بوو
ئەسری ئەمجارەم بە زایە نەچوو
وەک قەترەی شەونم لە سەر بەرگی گوڵ
تکا سەر گۆنای یادەکانی زوو
یادی مەڵبەند و دیمەنی جوانی
چەمی، چیمەنی، شنەی بەیانی
سەختی، هەڵەتی، هەوراز و لێژی
یادی کوێستان و زەرد و تەلانی
ــــ
چیای بە جلی ئاڵ و واڵاوە
بووکی سروشتە و بە ناز وەستاوە
بۆ باوی شەنگی و تریفەی جوانی
هەوریی هەورێکی لە مل ئاڵاوە
ــــ
بنارە، بەرگی کەسکی پۆشیووە
کانی بە لێزمەی باران جۆشیووە
بە سروەی شەماڵ لاوێن رادەژێ
چیمەن شەرابی زاڵەی* نۆشیووە
ــــ
لە سەر هەر دار و دەوی و بەستێنێ
هوزارە و نەوای شادی دەخوێنێ
جێگا دەگۆڕێ لەم چڵ بۆ ئەو چڵ
گوڵ دەلاوێنێ، خونچە دەدوێنێ
ــــ
پەپوولەی زێڕین دڵخۆش و سەرقاڵ
باڵان دەبزێون، لە چۆم و قەدپاڵ
دەگەڕێن دەشت و داوێن و بنار
ماچ ئەکەن لێوی گوڵی سوور و ئاڵ
ــــ
پۆلی نازداران روومەت گوڵی سێو
بە داوی کەزێ و دانەی خاڵی لێو
وێنەی راویاران وان لە کەمیندا
بە چاوی مەست و نیگای دوور ئەنگێو
ــــ
منیش بێوازی دڕدۆنگ لە ژیان
کەسیرە کەوتووی بادەوەی هیجران
بەو هیوا دەژیم، بۆ جارێکی دی
لە ئامێز بگرم، هەردی نیشتمان
* زاڵە: شەونم
** هەوریی: سەرپۆشێکی ژانەیە.
*** دەوی: دەوەن، متکە، گەوەڵ

