هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

بە یادی شەهیدانی هاوڕێ و هاوسەنگەرم شەهیدان "عەتا فەیزی" و " عەباس بەدری"

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

ali_surani_-_shorshi_57_2شەهید باڵای بە قەد باڵای كوردستانە

لە پێناو خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەی كورددا زۆر مرۆڤی گەورە و مەزن بە سەرفەرازی شەهید بوون و تا هەنووكەش ئەم خەبات و گیانبەختكردنە بۆ گەیشتن بە ئارمانجە بەرزەكانی گەلی كورد واتە رزگاری نەتەوەیی بەردەوامە.

گەورەیی مرۆڤەكان لەو كاتەوە دەس پێدەكا كە لە كەسەوە بە فیداكاری ودلێری دەبن بە كەسایەتی. ئەو كەسایەتییەی كە لە هەوڵی ژیانێكی باشتر و بەختەوەرە بۆ مرۆڤەكان و رزگاربوون لە كۆیلەتی و ژێردەستیی. ئەو كەسایەتییە كاتێ بیچم دەگرێ كە كەس یان تاك ئامانجە مرۆییەكانی پێكابێ یان لەو پێناوەدا باشترین سەرمایەی ژیانی واتە گیانی خۆی بەخت كردبێ.

 

ali_surani_-_shahidan_-_2


دوو ئەستێرەی پرشنگداری ئاسمانی خەبات و بەرخودان، واتە شەهید عەتا فەیزی و شەهید عەباس بەدری، كە بەداخەوە لەرێكەوتی 24/11/1375ی هەتاوی لە شاری سلێمانی، لەسەردەمی ئەزموونی حكوومەتێكی كوردی لە باشووری كوردستاندا، بە دەستی تیرۆریستانی پیاوكوژی كۆماری ئیسلامی شەهید كران، لە نموونەی هەرە بەرچاوی ئەو تاكانە بوون كە بوون بە كەسی بێكەسان و كەسایەتییان هەتا هەتایە لە ئاسمانی خەباتی ئەم نەتەوە بەشخوراوەدا دەدرەوشێتەوە.

ali_surani_-_shahidan_-_3ئەوەی لە هەمووان زیاتر بۆ من وەك هاوڕێ و هاوسەنگەری ئەم شەهیدانە جێگای تێڕامانە ئەوەیە كە ئەو دوو هەڵۆ بەرزەفڕە، چارەنووسیان لە زۆر بواردا پێكەوە گرێدار بوو. وەك رێكەوت و لانكەی لەدایكبوونیان لە یەك كۆڵان و لە یەك گەڕەكدا لە پیری خەزایی شاری سەقز، شاری شێرەژن و ناوچەی سەردارانی شەهیدی كۆمار و پێشەوا . تەنانەت قۆناخەكانی خوێندن لە سەرەتایی و ناوەندی پێكەوە دەبن. پێكەوە لە ساڵێكدا بەزۆرەملێ دەچن بۆسەربازی و هەر پێكەویش ئازایانە ناچنە ژێر باری زوڵم و بە خۆدەربازكردن لە ئۆردووگای دوژمن، بە دڵخوازانە دێنە نێو ریزەكانی حێزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و لە دەورەی فێرگەی سەرەتاییدا پێكەوە وانەكانی پێشمەرگایەتی دەخوێنن. بە داخەوەیش هەر لە یەك مەودا و لەشاری سلێمانی شەهید دەكرێن و تەرمی پیرۆزیشیان لە رۆژێكدا لە دوو گەرەكی جیاوازی سلێمانی دەدۆزرێتەوە و لە رۆژێكدا پێكەوە دەنێژرێن و ئێستاش مەزارگەكەیان لە تەنیشت یەكتردایە و دڵنیام لەو دونیای دیكەشدا هەر پێكەوە هاواری كوردبوونیان وبەشخورابوونی نەتەوەكەیان بۆ بەرهەیوانەكانی خوا بەرز دەكەنەوە. و منیش لە حەڤدەیەمین ساڵوەگەری شەهیدبوونیان بڵێن دەدەم و پەیمان نوێ دەكەمەوە كە درێژەدەری رێبازی شەهیدان بم و تا سەركەوتن لە خەبات و بەرخودان نەسرەوم.

"شەهید نەمرە وەكوو شاخ

وەكوو بەفر، وەكوو درەخت

وەكوو بەهار و گوڵەباخ

شەهید ئاوە

تینوێتی زەوی ئەشكێنێ

پەنجە و دەستە

ئازاری خاك ڕائەژەنێ

سۆمای چاوە

كام دوا ڕۆژ دوورە ئەیبینێ

شەهید باڵای بە قەد باڵای كوردستانە

دڵی ئازادی و بەیداخی

لووتكەی هەڵوێستی ئینسانە"

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 4976
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy