هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

حدكا: چاوپێكەوتن و دانیشتنەكانی حیزبی دێمۆكرات لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو بەردەوامە

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

هەیئەتێكی هاوڕێیانی پێشوو بە سەرپەرستی بەرێز خالید عەزیزی سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی كرد.

 

pdki_-_sardani_x_a_la_daftar_2


رۆژی ٥شەممە رێكەوتی ٢٨ی بەفرانباری١٣٩١ی هەتاوی هەیئەتێكی حیزبی دێمۆكرات بە سەرپەرستی بەرێز مستەفا هیجریی پێشوازیی لە هەیئەتی هاوڕێیانی پێشوو كرد.

لە درێژەی دیدار ‌و چاوپێكەوتنەکانی پێشوودا باسێكی سیاسی لە سەر رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرسە پێوەندیدارەكان بە بزووتنەوەی مافخوازی گەلی كورد بە گشتی، خەبات ‌و تێكۆشانی گەلی كورد لە پێناوی دەستەبەركردنی مافە سیاسی‌و نەتەوەیییەكان لە هەر كام لە پارچەكانی كوردستان بە لە بەرچاو گرتنی بارودۆخی سیاسییان، كرا.

لەو دانیشتنەدا لە سەر بەردەوام بوونی خەباتی ئازادیخوازانەی كۆمەڵانی خەڵكی سووریە ‌و گەلی كورد لە‌و وڵاتە بە مەبەستی روخاندنی رژیمی دیكتاتۆری بەشار ئەسەد ‌و حیزبی بەعسی سووریە، لێكدانەوەیەكی سیاسی كرا ‌و بەو ئاكامە گەیشتن كە دوای رووخانی ئەم رژێمە رەوشی سیاسی كورد، بەرەو باشی دەڕوا ‌و گەلی كورد بە لابردنی كۆسپەكانی سەر رێگای خەباتەكەی، بە مافە سیاسی ‌و نەتەوەیییەكانی لە چوارچێوەی سیستمی نوێ وڵاتی سوریەدا دەگا.

هەرلە پەیوەندی بە پرسی كورد ‌و وتووێژی سەركردایەتی بزووتنەوەی گەلی كورد لە كوردستانی توركیە لەگەڵ دەوڵەتی ئەو وڵاتە باس كرا ‌و ئەم پرۆسەیە،بە رێگەی چارەسەری ئەرێنی كێشەی كورد لەو وڵاتە زانرا و هەر دوو لا لەو باوەڕەدا بوون كەڵك وەرگرتن لە هەلومەرجە سیاسییەکان لە توركیە دەتوانێ هەنگاوی چارەسەری ئەم مەسەلەیە خێراتر بكات ‌و پیلانی نەیارانی ئاشتی نەزۆك بكاتەوە.

لە درێژەی ئەم لێكدانەوەدا، رەوشی ئاڵۆزی عێراق، ‌ململانی لایەنە سیاسی ‌و ئایینییەكانی عەرەب لەم وڵاتە، ‌پرسە چارەسەر نەكراوەكانی كورد، وەك مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق ‌و مەسەلەی ناوچە كوردستانیەكانی هەرێم لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی باسكرا و لەم پەیوەندیشدا سیاسەت ‌و هەڵوێستەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ‌و گرتنەبەری دیالۆگ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بە سیاسەتێكی واقیعبینانە هەڵسەنگێندرا، و لەو باوەڕەدا بوون ئاكامی ئەم سیاسەتە جێگە‌و پێگەیی كورد لە هەرێمی كوردستان بەرەو پێش دەبات .

 

pdki_-_sardani_x_a_la_daftar_3


خاڵێكی سەرەكیی دیكەی ئەم دانیشتنە ئاوڕدانەوە لە رەوشی سیاسیی ئێران ‌و كوردستانی ئێران ‌و ئەو قەیرانانە بوو كە رێژیمی كۆماریی ئیسلامی لە ئاكامی سیاسەتی سەركوت، زەبر ‌و زەنگی لەگەڵ ئۆپوزسیونی ئێران ‌و گەلانی ماف پێشێلكراوی ئێران ‌و بەردەوام بوونی لە پیتاندنی ئورانیوم ‌و سیاسەتی یارمەتی كردن بە تیرۆریزم ‌و رێژیمە دیكتاتۆرەكانی وەك رێژیمی بەعسی سووریە بوو، كە ئەو رێژیمەی زیاتر لە ئاستی نێوخوی ‌و نێونەتەوەییەوە، تەریكتر خستوەتە‌وە و هەروەها گوشارە ئابوورییەكانی سەر رێژیم لە لایەن كۆمەڵی نێونەتەوەییەوە ئەم رێژیمە لە بواری ئابووریشدا شپرزەتر كردووە.

هەروەها لەو دانیشتنەدا باس لەوە كرا كە رەوتی رووداوە سیاسییەكان ‌و سەرهەڵدانە جەماوەرییەكان لە بەرانبەر، رێژیمە دیكتاتۆرەكان لەحاڵی گەشەكردن ‌و بەرە‌وپێش چووندان و ئەركی حیزب ‌و لایەنە سیاسییەكانی ئێران ‌و كوردستان ئەوەیە زیاتر گرنگی بە دیالوگ بە ئامانجی هاوكاری لەسەر خاڵە هاوبەشەكان لە بەرانبەر رێژیمدا بدەن ‌و بە گوتارێكی هاوبەشەوە لە راگەیەنەكانیاندا سیاسەتەكانی رێژیم لە قاو بدەن ‌و لە كۆڕ ‌و كۆبوونەوەكاندا بەشداری بكەن، بەتایبەت ئەو چاوەڕوانییەی كە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ‌و گەلانی ئازادیخوازی ئێران لە تێكۆشەرانی حیزبی دێمۆكراتیان هەیە، پێڕەوی لە سیاسەتێك بكەن زیاتر دەرەتان بۆ هاوكاری ‌و هەماهەنگی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران برەخسێنێ‌، ‌و لەسەر ئەم سیاسەتەش پێداگری كرایەوە.

كۆبوونەوەكە لە كەشێكی دۆستانەدا كۆتایی پێهات ‌و لەسەر درێژەدان بە كۆبوونەوەكان ‌و تاوتۆی كردنی پرسە گرینگەكان جەخت كرایەوە.

سه‌رچاوه: كوردستان میدیا

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 2003
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy