شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران و عێراق ده‌رفه‌تێكی زێڕینی ره‌خساند بۆ هێزه ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی تاران تا وه‌كو ئهختهپۆتێك له ناوچه‌كانی باشووری كوردستاندا گه‌رای خۆیان دابنێن.
هیچ گومانێكی تێدا نییه كه قۆناخێكی گرنگ له په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران و كورده‌كانی باشووری كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ئه‌م شه‌ڕه كه زیاتر له یه‌ك ملیۆن قوربانی لێكهوتهوه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و په‌یوه‌ندییه پێگه‌ی كوردی له به‌رامبه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق به‌هێزكرد، به‌ڵام ئه‌نجامی ماڵكاولكهری بۆ كورده‌كان به دواوه بوو. كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و زیادبوونی نفوزی ئه‌منی و سیاسی ئێران له هه‌رێمی كوردستان و كوژرانی ده‌یان ئه‌ندامی حزب و رێكخراوه كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان برینێكی قوڵی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ن كه هێشتا به جه‌سته‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه دیارن.
ماوه‌یه‌كی كورت له دوای رووخانی حكومه‌تی پادشایه‌تی له ئێران و گه‌ڕانه‌وه‌ی خومه‌ینی له پاریس، سه‌دام حسێن سه‌رۆكی رژێمی پێشووی عێراق ده‌قی رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌لجه‌زائیری له به‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان دڕاند و به‌مه‌ش ده‌هۆڵی شه‌ڕ له نێوان هه‌ردو وڵات لێدرا.
له ساڵانی سه‌ره‌تای جه‌نگدا ، سوپای هه‌ردولا زیاتر ته‌ركیزیان ده‌خسته سه‌ر به‌ره جه‌نگییه‌كانی باشوور كه ناوچه عهرهنشینهكانی ئێران و سنوره وشكانی و ئاوییه‌كانی هه‌ردولای له باشوور ده‌گرته‌وه.
به هۆی هه‌بونی هێزی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی له هه‌ردولا و شاخاوی بوونی ناوچه‌كان و نه‌بونی ئامانجی ستراتیژی شه‌ڕ، به‌رپرسانی سه‌ربازی ئێران و عێراق نه‌یانده‌ویست شه‌ڕێكی قورس ببه‌نه ناو خاكی كوردستان.به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بڵێسه‌ی ئاگری شه‌ڕ وه‌ك نمونه‌كانی مێژووی ململانێی داگیركه‌ران له خاكی كوردستان، به‌ر كورده‌كانیش ده‌كه‌وت.
له سه‌ره‌تاكاندا ته‌نیا ناوچه‌كانی كرماشان و ئیلام و دهلوڕانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له لای ئێرانه‌وه بووبونه مه‌یدانی جه‌نگی و له‌ملاشه‌وه خانه‌قین و مه‌نده‌لی.به‌ڵام له‌ساڵه‌كانی كۆتایی جه‌نگدا ئێرانییه‌كان ئه‌م ستراتیژه‌یان گۆڕی. چونكه دڵنیا بوو له‌وه‌ی كه به هۆی چالاك بونی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی له باشووری كوردستان ، عێراق له سنوره باكورییهكانی خۆیدا لاوازه. هۆكارێكی دیكه‌ی گۆڕینی ئه‌م ستراتیژه‌ش كه‌مبونی پشتیوانی ئاسمانی و زه‌مینی هێزه‌كانی ئێران و لاوازی ئه‌وان بوو.
موحسن ره‌زایی فه‌رمانده‌ی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران كاتی خۆی رایگه‌یاندووه:
" دوای ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌ربه‌لای 4و 5 ئێمه گه‌یشتینه بنبه‌ست، هه‌مو تاكتیكه سه‌ربازییه‌كانمان، به‌رده‌وامبونی جه‌نگیان له باشوره‌وه توشی گرفت ده‌كرد بۆیه ئێمه‌ش روومان كرده باكور."بۆیه به وته‌ی خۆیان روویان كرده باكوری عێراق و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش قهرارگایهكی سه‌ربازی دامه‌زراند به ناوی قه‌رارگه‌ی ره‌مه‌زان كه ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت ئاراسته به جۆری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران ده‌دات.
ئه‌مه‌ش له ئاستێكدایه كه نازم عومه‌ر نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێستاش نكۆڵی له‌و راستییه ناكات:
" هه‌موو كه‌سێك چاك ده‌زانێت هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و كۆماری ئیسلامی ئێرانی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له رێگای قه‌رارگه‌ی ره‌مه‌زانه‌وه ئه‌ڕوات بۆ ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی ئێرانی و به هه‌ماهه‌نگی ئه‌وان ده‌كرێت بۆیه ئێمه كه ئه‌و ده‌عوه‌ت نامه‌یه ده‌نێرین له رێگای ئه‌وانه وه‌ڵامه‌كه وه‌رده‌گرینه‌وه و تاكه كه‌ناڵ بۆ ئێمه قه‌رارگه‌ی ره‌مه‌زانه و هه‌موو كه‌سیش ئه‌و راستیه ده‌زانێت ئێمه‌ش نهمانشاردۆتهوه ئێمه تا ئێستا وه‌ك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێرانی نه‌بووه".
سه‌ره‌تا ئێرانییه‌كان ناوه‌ندێكیان دروستكرد بۆجه‌نگی پارتیزانی له دژی عێراق كه له لایه‌ن كه‌سێكه‌وه به ناوی موسته‌فا چه‌مران سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرا.چه‌مران رۆڵی زۆری هه‌بوو له دژایه‌تیكردنی هێزه ئۆپۆزیسیۆنه كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و وه‌رگرتنی ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵیان.چه‌مران له ساڵی 1981دا كوژرا و سێ ساڵ دوای ئه‌وه‌ش قهرارگهیهكی نوێ به ناوی ره‌مه‌زان له شاری كرماشانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان دامه‌زرا كه ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی نفوزكردنه ناو خاكی عێراق و ئه‌نجامدانی چالاكی پارتیزانی بوو له باشوری كوردستاندا.
قه‌رارگه‌ی ره‌مه‌زان ئێستا به‌شێكه له سوپای قودس كه هێزێكی تایبه‌ت به كاروباری ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنوری ئه‌و وڵاته.
حزبه كوردییه‌كان له‌م سه‌رده‌مه‌دا هه‌ریه‌كه‌و له لای خۆیه‌وه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌به‌ست و ئه‌مه‌ش له ئاستێكدایه كه سه‌ره‌ڕای فه‌رمانێكی ئاشكرای مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به یه‌كخستنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌دا، هێشتا ئاسه‌واری ئه‌و جۆره په‌یوه‌ندییانه ماوه.
نازم عومه‌ر نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له تاران ده‌ڵێت كه "په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێستای ئێران و هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا ئه‌نجامی كاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نییه به‌ڵكو ده‌ركه‌وته‌ی په‌یوه‌ندیی حزب و لایه‌نه جیاوازه‌كانه كه خه‌بات و ئێكۆشانیان كردووه له دژی سه‌دام حسێن و له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا هاوكاریان هه‌بووه".
پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا هه‌بووه، به‌ڵام یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان زیاتر له ساڵانی كۆتایی جه‌نگ و كاتی دامه‌زارندنی قه‌رارگه‌ی ره‌مه‌زاندا په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ئێران په‌ره‌پێداوه. هه‌ندێك له هێزه ئیسلامییه‌كانیش هه‌رله سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیانه‌وه په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ تاران‌دا هه‌بووه.
له قۆناخی جه‌نگدا كورده‌كان به‌شدارییان له چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی هاوبه‌شدا كرد له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی ئێرانی له دژی سوپای عێراق كه گرنگترینه‌كانیان بریتی بوون له وه‌لفه‌جری 10 و فه‌تحی 5.هه‌ندێك له سیاسییه‌كانی كورد پێیانباشه ئه‌م جۆره ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شانه له دژی حكومه‌تی به‌غدا به نیشانه‌یه‌كی رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانی نێوان هه‌ردوولا لێك بده‌نه‌وه، بهلاَم د. كامه‌ران مه‌نتك مامۆستای زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی سه‌لاحه‌دین ئه‌مه ره‌تده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت:
" ئه‌و رێكه‌وتننامانه‌ی كه‌وا ئه‌و ده‌وڵه‌ته هه‌رێمیانه ئێران توركیا له‌گه‌ڵ كوردستانیان به‌ستبوو له رووی یاساییه‌وه ناتوانرێت ناوی رێكه‌وتننامه‌ی لێ بنرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رێكه‌وتننامه له نێوان دوو ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن سه‌روه‌رین به‌ڵام ئه‌و رێكه‌وتننامانه‌ی كه له نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌تانه و لایه‌ن و حزبه كوردیه‌كاندا كراوه جۆره مامه‌ڵه‌یه‌كی سیاسیه و په‌یوه‌ندی به به‌كرێگرته و به كرێگیراوه‌وه هه‌یه په‌یوه‌ندیه‌كه زیاتر له په‌یوه‌ندیه‌كانی بازرگانی سیاسی ده‌چێت نه‌ك له په‌یوه‌ندیه‌كی سیاسی قانونی بۆیه ئه‌وانه ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆر نێگه‌تیڤیانه‌ی له‌سه‌ر كورد هه‌بووه وایان كردووه كه ده‌ستی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه له ده‌ستی خودی كورد به‌هێزتر بێت له‌ناو هه‌رێمی كوردستان و ببنه كۆسپ له‌به‌رده‌م گه‌شه‌كردنی ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان نه‌ك حزبه ده‌سه‌ڵات داره‌كان ته‌نانه‌ت حزبه بچوكه‌كانیش به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان به‌و هێزه ههرێمیانهوه به‌ستراونه‌ته‌وه سیاسه‌تیان له ژێر كاریگه‌ری و رۆشنیایی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یه كه ئه‌مه وا ده‌كات بێ‌باك بن له داموده‌گاكانی حكومه‌تی هه‌رێم و رێز له دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم نه‌گرن چونكه له دواجاردا ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه‌وا كوردستان نه‌بێته خاوه‌نی حكومه‌تی به‌دام و ده‌زگا كرا‌و و كاره‌كانی وه‌ك و هه‌ر قاوهرهكی سیاسی به‌رێوه ببكات".
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا د. مه‌حمود عوسمان ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق پێیوایه كه كورده‌كان ناچار بوون ئه‌و جۆره پهیوهندییانهلهگهڵ ئێران‌دا بگرن هه‌رچه‌نده كه زیانیشی بۆیان هه‌بوه:
" كورد ناچار بووه كردویه‌تی ئه‌گه‌ر ناچار نه‌بوایه نه‌ده‌بوو ئه‌و په‌یوه‌ندیانه بكات چونكه به بۆچوونی من هیچ وه‌خت بێگانه كێشه‌ی تۆ چاره‌سه‌ر ناكات".
ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی كورده‌كان بۆ نزیكبونه‌وه له ئێران له‌م قۆناخه‌دا بریتی بوون له:
- به‌ده‌ستهێنانی پشتیگری ئێران بۆ دژایه‌تیكردنی سه‌دام.
- سودوه‌رگرتن له‌پاڵپشتی ئابوری و سه‌ربازی و سیاسی.
- دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌و پهناگهیهیهكی ئه‌من له ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌دامدا.
به‌ڵام تابلۆی ئه‌م پهیوهنیدییانه ئه‌وه‌نده دڵخۆشكه‌ر نه‌بون چونكه هاوكاری كورده‌كان له ئێرانییه‌كان سه‌دامی توڕه كرد و ئه‌مه‌ش وای كرد كه ده‌ست به دوایین جینۆسایدی مێژووی مرۆڤایه‌تی بكات كه ئه‌ویش ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه بوو.
كورده‌كان و ئێران ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی فه‌تحی یه‌ك ، فه‌تحی دوو ، و وه‌لفه‌جری10ده‌یان ئه‌نجامدا و به‌و هۆیه‌شه‌وه هه‌ڵه‌بجه و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌یان گرت. دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش سه‌دام حسێن فه‌رمانی بۆردومانی كیمیایی هه‌ڵه‌بجه و سه‌رده‌شت و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌ركرد.
ناهاوسه‌نگی هێز له نێوان هێزه كوردییه‌كانی باشوری كوردستان و پانتایی سنوری جوغرافیایی ئێران و هۆكاری ئابوری و سه‌ربازی و چه‌ندین هۆكاری دیكه كاریگه‌ر بوون له‌وه‌ی كه ببنه هۆی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی كورده‌كانی باشور له‌گه‌ڵ ئێران به ئاقارێكدا بڕوات كه له‌وانه‌یه به پێی ویستی ئه‌وانیش نه‌بێت. له جوغرافیایه‌كی وه‌ك باشوری كوردستاندا زه‌مانێك هێزێكی كوردی ده‌چووه مه‌هاباد بۆ به‌شداری كردن له دامه‌زراندنی كۆماری كوردستاندا و هێزێكی دیكه‌ی كوردی له‌گه‌ڵ حزبه كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتدا له‌دژی ئێران ده‌جه‌نگا، به‌ڵام هاتنی قه‌رارگه‌ی ره‌مه‌زان ئه‌و وه‌زعه‌ی گۆڕی و هه‌ندێك رووداو روویاندا كه زامێكی ناسۆره به جه‌سته‌ی مێژووی كورده‌كانه‌وه.
قه‌رارگه‌ی ره‌مه‌زان كه به رواڵه‌ت بۆ دژایه‌تیكردنی سه‌ربازی حكومه‌تی سه‌دام كاری ده‌كرد، توانی هاوپه‌یمانی خۆی له‌گه‌ڵ كورده‌كان بقۆزێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه ده‌رفه‌تێك په‌یدا بكات تا بینه قاقای ئۆپۆزیسیۆنی كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش بگرێت و په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ كورده‌كانی باشوردا به‌كارده‌هێنا بۆ تیرۆری براكانیان له رۆژهه‌ڵات.
به‌پێی ئامارێكی ناڕه‌سمی له ماوه‌ی كه‌متر له چه‌ندین ساڵدا نزیكه‌ی 300 كه‌سایه‌تی و چالاكی سیاسی كوردی رۆژهه‌ڵات له باشوری كوردستان تیرۆركران كه زیاتر ئه‌ندامانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمه‌ڵه و یه‌كێتی شۆڕشگێران بوون.
به پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست نه‌وا كه‌وتوون قه‌رارگه‌ی ره‌مه‌زان له هه‌ندێك حاڵه‌تدا راسته‌وخۆ بێ باكانه خۆی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی حیزبه كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی تیرۆردهكرد و له هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا له رێی ده‌ست و په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیه‌وه وه‌ك پارتی راپه‌ڕینی كوردی و گرووپی ئاگری سوور و چه‌ندین كه‌سایه‌تی حزب و لایه‌نی سیاسی دیكه ئه‌و كارانه‌ی ده‌كرد. هه‌رله‌و باره‌یه‌وه بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستانیش تۆمه‌تباره به‌وه‌ی كه له ساڵی1996دا حه‌وت ئه‌ندامی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی به دهرمانخواردكراوی ته‌سلیمی ئێران كردۆته‌وه كه دواتر 6یان له سێداره دراون.
به‌ڵام شوان قه‌ڵادزه‌یی وته‌بێژی ئێستای بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان ئه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه كه حزبه‌كه‌ی كارێكی وای كردبێت و ئاماده‌یی خۆیانی ده‌ربڕی بۆ ئه‌وه‌ی له رێی دادگاوه ئه‌و كێشه‌یه له‌گه‌ڵ حزبی دیموكراتی كوردستاندا یه‌كلا بكاته‌وه:
" له‌و كاته‌ی كه شه‌ڕی ناوخۆ بووه هێزێك كۆنگرۆڵی كوردستانی ده‌كرد له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا و هێزێكی تر ده‌هاته‌وه و شوێنه‌كه‌ی داگیر ده‌كرده‌وه ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌ك و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی نه وه‌ك و سیاسه‌تی سه‌ركردایه‌تی نه وه‌ك و سیسه‌تی مه‌كته‌بی عه‌سكه‌ری نه وه‌ك و سیاسه‌تی كه‌سه دیاره‌كانی بزوتنه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك ئاگاداری ئه‌م دۆسیه‌یه نین ، ئێمه بۆ هاوكاری كورده‌كانی پارچه‌كانی تر قوربانی زۆرمان داوه ئێمه ئاماده نه‌بووین له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و پارتی شه‌ڕی په‌كه‌كه بكه‌ین له ئاكامدا نوسینگه‌ی ئێمه له ئه‌نقه‌ره داخرا وه تا ئێسته‌ش ئه‌و نوسینگه‌یه هه‌ر داخراوه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێمه په‌یوه‌ندیه‌كی تۆكمه‌مان هه‌یه له‌گه‌ڵ كورده‌كانی ئێران‌دا له‌ناو ئه‌واندا ژیاوین به‌یه‌كه‌وه بووین ته‌نانه‌ت داوامان له به‌رپرسانی ئێرانی كردووه كه ئێوه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی ئیسلامین پێش هه‌موو شتێك پێویسته دۆسیه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژماره زۆر له‌و وڵاته‌كه‌تاندا یه‌كلایی بكه‌نه‌وه و ببنه پێشه‌نگ بۆ وڵاته عه‌ره‌بیه‌كانیش ، ئه‌م دۆسیه‌یه كه هه‌موو جارێك دووباره ده‌كرێته‌وه ئه‌وه سیاسیهتێكه له كاتێكدا كه بزوتنه‌وه روو له گهشهبوونه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به پێچه‌وانه‌وه له شته‌كان بگه‌ینن".
هه‌ر له‌ساڵی 1996دا به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا سوپای ئێران به‌درێژایی 200 كیلۆمه‌تر هاته ناو هه‌رێمی كوردستان و گه‌یشته كۆیه بۆ له ناوبردنی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، به‌ڵام ئه‌و پیلانه سه‌ری نه‌گرت.
جگه له مه‌سه‌له‌ی دژایه‌تیكردنی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی رۆژهه‌ڵات له باشوری كوردستان، به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كانی ئێران له قه‌رارگه‌ی ره‌مه‌زان هه‌وڵی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیشیان ده‌دا له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و ئاغا و شێخ و حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا و له ماوه‌یه‌كی كورتدا له رێگه‌ی به‌كارهێنانی كارتی ئابوری و یارمه‌تی دارایی و لۆجستی و سود وه‌رگرتن له لاوازی كورده‌كان، تۆڕێكی فراوانی په‌یوه‌ندی نهێنی و ئاشكرایان دروستكرد بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانیان.
د.كارمهان مه‌نتك مامۆستای زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی سه‌لاحه‌دین ده‌رباره‌ی جۆری په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی باشوری كوردستاندا ده‌ڵێت:
" ئێران هێنده‌ی هه‌وڵده‌دات هێزه كوردیه‌كان وه‌كو وئامڕازێك به‌كاربێنێت بۆ به‌ده‌ست هێنانی مه‌رامه سیاسیه‌كانی خۆی له‌و هه‌رێمه هێنده هه‌وڵ نادات وه‌ك و كه‌سایه‌تیه‌كی مه‌عنه‌وی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ههرێَم ببهستێك بۆیه ته‌ماشا ده‌كه‌ین هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌كان له دوو توێی ئه‌وه ده‌رناچێت كه كه‌سێكی نه‌ته‌وه‌پارێزی كوردی رۆژهه‌ڵاتی بۆ تیرۆر بكه‌ن یاخود به‌پێی سوپای پاسداران په‌لاماری لایه‌نێكی پێبده‌ن یان پرۆژه‌یه‌كی ئێران جێبه‌جێ بكه‌ن بۆیه ئه‌و په‌یوه‌ندیانه په‌یوه‌ندیه‌كی ناته‌ندروست و نایاسایین تاكه رێگه بۆ په‌یوه‌ندی به دهزگاكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌یه".
هه‌ردو حیزبی سه‌ره‌كی هه‌رێمی كوردستان كه بریتی بوون له پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌بوو، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو هێزه عه‌لمانی بوون ئێران ده‌یوست هێزێكی ئیسلامی لایه‌نگریشی له كوردستاندا هه‌بێت. هه‌ندێك سه‌رچاوه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئێران ده‌وری سه‌ره‌كی هه‌بوه له گه‌شه پێدانی جولاَنهوه ئیسلامییه‌كانی كوردستاندا له دوای راپه‌ڕینه‌وه.
شوان قه‌ڵادزه‌یی وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان له‌باره‌ی پیوه‌ندییه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا ده‌ڵێت:
" بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان وه‌ك و هه‌ریه‌ك له لایه‌نه‌كانی سه‌ر ساحه‌ی كوردستان په‌یوه‌ندیه‌كی ئیجابی هه‌یه له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌روه‌ك و چۆن ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌شی هه‌یه له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه و به‌شێك له وڵاتانی ئه‌وروپاش ئه‌م په‌یوه‌ندیه به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولایه بزوتنه‌وه هه‌میشه هێزێكی راستگۆ بووه بۆ به‌رگری له قه‌زای ره‌وای گه‌له‌كه‌ی له هه‌ر شوێنێكدا بووبێت ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ش بۆ سه‌رده‌مانی دروست بوونی بزوتنه‌وه له شاخدا ده‌گه‌ڕێته‌وه تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه".
ته‌نیا بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان نییه كه په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ناشارێته‌وه،كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستانیش جه‌خت له‌سه‌ر هاوبه‌شی ئایدۆلۆژی خۆی ده‌كاته‌وه له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی كوردستان.بیلال سلێمان ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان و نوێنه‌ری پێشوی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له تاران له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی حزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ڵێت:
" ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی گشتی ته‌ماشای په‌یوه‌ندیه‌كان بكه‌ین په‌یوه‌ندی به ئایدۆلۆژی ئه‌و كه‌سه‌وه هه‌یه كه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌كات جا وڵاته یان كه‌سه تا چه‌ند له یه‌كه‌وه نزیكه و ئه‌وه په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی ده‌بێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كان ، هه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كیش كه ده‌به‌سترێت په‌یوه‌سته به‌وه‌ی كه ئه‌م په‌یوه‌ندیانه كارێكی راسته‌وخۆ بكه‌ن له پێناو به‌ره‌و پێش چوونی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا ، بۆیه ئێمه وه‌ك و كۆمه‌ڵی ئیسلامی په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێك یان له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له پێناو ئه‌وه‌یه بتوانین خزمه‌تێكی زیاتر به وڵاته‌كه‌مان به تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له رووی ئایدۆلۆژیه‌وه له‌گه‌ڵ ئێران‌دا لێكنزیكیمان هه‌یه و هه‌ردوو لامان ئیسلامین ئه‌وه وایكردووه كه بتوانین باشتر له یه‌ك تێبگه‌ین ، بهڵَام ئه‌وه‌ش نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندیه‌كانی ئێمه باشتر بێت به تایبه‌تی له دوو لایه‌نه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانه ئه‌وه‌ی كه ئێمه ده‌یبنین كه وا هه‌ست ده‌كه‌ین كه په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌وان له پێشتر بێت له ئێمه به حوكمی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ی كه له‌گه‌ڵ ئێمه و ئه‌وان ده‌یكه‌ین جیاوازیه‌كی زۆری هه‌یه و ئه‌توانم بڵێم بۆ ئه‌وان نه‌رمتر یه‌نه پێشه‌وه".
مه‌لا كرێكار ئه‌میری پێشووی رێكخراوی ئه‌نسارولئیسلام كه به گروپێكی تیرۆریستی ناسراوه، كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی كه كار بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی قه‌رارگه‌ی ره‌مه‌زان ده‌كات له هه‌رێمی كوردستان.
به‌ڵام بیلال سلێمان ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر لیستی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان قسه‌كانی مه‌لا كرێكار به قسه‌ی بێ به‌ڵگه له قه‌ڵه‌مده‌دات:
" پێموایه ئه‌و قسه‌یه قسه‌یه‌كی بێبنه‌مایه له‌لایه‌ن مامۆستا كرێكاره‌وه ده‌كرێت و هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی له به‌رده‌ستدا نیه من خۆشم چه‌ند جاری تر كه ئه‌م پرسیاره‌م لێكراوه وتومه ئه‌گه‌ر مامۆستا كرێكار ئه‌م قسه‌یه‌ی خۆی به راست ده‌زانێت با ئه‌و به‌ڵگه‌یه باس بكات ، هه‌موو كه‌س ئه‌توانێت قسه بكات به‌ڵام به‌ڵگه چیه بۆ ئه‌و قسه‌یه ، ئه‌م قسه‌یه له دوو شت به‌ده‌ر نیه یان ناڕاسته یان بوختانه".
مه‌لا كرێكار سووره له‌سه‌ر ره‌خنه‌كه‌ی خۆی له كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان و ده‌ڵێ یه‌قینم هه‌یه كه باڵی عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كار بۆ ئێران ده‌كات:
" یه‌قینم هه‌یه كه مامۆستا عه‌لی باپیر ره‌قه‌می ئێرانیزمه و مۆزهفێكه له قه‌رارگه و كۆمه‌ڵی ئیسلامیش كه 3 باڵن ئه‌و باڵه‌ی كه په‌یوه‌ندی هه‌یه به مامۆستا عه‌لی باپیر باڵه‌كانی تری كۆنترۆڵ كردووه به‌شێكن له مه‌شروعێكی ئێرانیزم و به‌شێكن له قه‌رارگه و مۆزهفایهتی ئه‌وێ ئه‌گه‌ر ده‌لیلیان ئه‌وێ با بێن 100 ده‌لیلیان پێده‌ده‌م".
نه‌ك ته‌نیا ئیسلامییه‌كان به‌ڵكو به‌شێكی زۆر له حزبه‌كانی باشوری كوردستاندا له سه‌رده‌می جه‌نگی ئێرن و عێراقدا په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا هه‌بوه و زۆربه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیش له رێگای قهرارگهیهكی سه‌ربازییه‌وه به ناوی ره‌مه‌زان بووه.
قادر عه‌زیز سكرتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشانی سه‌ربه‌خۆی كوردستان له‌باره‌ی سروشتی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران و هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌ڵێت:
" په‌یوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه و به تایبه‌تی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران كه‌متر له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌یه و كه‌متر له‌گه‌ڵ حكومه‌ته له‌گه‌ڵ قه‌رارگه‌ی ره‌مه‌زان و قه‌رارگه‌ی قودسه".
سه‌ردار قادر مامۆستای زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی سلێمانی جۆری په‌یوه‌ندییه‌كانی تاران له‌گه‌ڵ كورده‌كاندا كه له رێی وه‌زاره‌ته ئه‌منییه‌كانه‌وه رێكخراوه به حاڵه‌تێكی سروشتی ده‌زانێ و ده‌ڵێت:
" بێگومان له یه‌كه‌یه‌كی سیاسی‌دا كه خاوه‌نی حاڵه‌تێكی دبلۆماسی نیه وه‌ك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێشتریش ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیه‌یان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی حزبی بوون كارێكی ئاسایی بووه كه كورد له دوو حكومه‌تی جیاوازدا له هه‌ولێر و سلێمانی كه په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا ده‌به‌ستێت هه‌میشه له هه‌موو دونیادا ئه‌و په‌یوه‌ندیانه له‌سه‌ربنچینه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌بێت كوردیش له‌و باره به‌ده‌ر نیه به‌ڵام لێره ئه‌وه‌یه ئایا كورد چۆن ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی كه له‌سه‌ر بنچینه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بووه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی به‌كار هێَناوه ئه‌وه‌ش حاڵه‌تێكی رێژه‌ییه".
ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ی ئێران له گه‌ڵ كورده‌كاندا گه‌یشتبونه ئاستێك كهقهرارگهی ره‌مه‌زان به ئاشكرا بنكه و باره‌گای خۆی له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌كرده‌وه.
تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر لاوازی ده‌سه‌ڵاتی ئۆتۆنۆمی كوردی و وابه‌سته‌ییه سیاسی و ئابورییه‌كانی به ئێران و خافڵبوونی هێزه كوردییه‌كان له چالاكییه‌كانی ئێران له ناوچه‌كه‌یدا و دروستبونی شه‌ڕی ناوخۆ بونه هۆی ئه‌وه‌ی كه سێبه‌ری قه‌رارگه‌ی ره‌مه‌زان بكه‌وێته سه‌ر زۆربه‌ی بواره‌كانی ژیانی سیاسی و ئه‌منی هه‌رێمی كوردستان.
ــ سه‌رچاوه: رادیۆ نه‌وا
_________________________________________
تێبینی:
ماڵپه‌ڕی "هه‌ڵۆی كوردستان"
1ــ له به‌رامبه‌ر نێوه‌ڕۆكی ئه‌م بابه‌ته به‌رپرسیار نیه‌و نووسه‌ری بابه‌ت به‌رپرسه له‌به‌رامبه‌ر بابه‌تی خۆیدا
2ــ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و بابه‌تانه به هێنانی ناوی سه‌رچاوه یان له‌سه‌ر ئیزنی نوسه‌ر ئازاده

