محهمهد ساحێبی بهرپرسی پهیوهندییهکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لهم چاوپێکهوتنهی (چهترپرێس)دا باس له کێشه و قهیرانهکانی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران دهکات. ههروهها باس له بارودۆخی ناخۆی حزبهکهیان و ئاماژه بهوه دهکات پهیوهندیان لهگهڵ زۆربهی حزب و لایهنهکانی باشووری کوردستان ههیه جگه له کۆمهڵی ئیسلامی و بزوتنهوهی ئیسلامی.
چهترپرێس: رەوشی سیاسی ناوخۆی ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ خوێندنەوەتان بۆ دۆخی ئێستای ئێران چۆنە؟
ـ بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی هەر وڵاتێک ههندێک پێوەری ئەساسی هەن وەک باری ئابوری، سیاسی، فەرهەنگی، دەرمانی، ئەمنیەتی و کۆمەڵایەتی و... لە دۆخی ئێستادا رژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئەو بوارانەدا توشی قەیران هاتووە و چاوڕوان دەکرێ لە داهاتوودا ئەو قەیرانانە زیاتر بێت ئەو بارودۆخەی ئێستای کۆماری ئیسلامی بەرهەمی سیاسەتە چەوتەکانی (33) ساڵی رابردویەتی لە ناوخۆ و دەرەوی ئێران، لە ناوخۆ زیاتر لە هەموو کات پێگەی خۆی لەدەست داوە، کێشەکانی ناو باڵەکانی دەسەڵات زیادی کردوە و تەنانەت میدیایش کراوە و هەر لایەک هەوڵ دەدا هۆی ئەو قەیرانانە بهاوێتە ئەستۆی لایەکی دیکەی دەسەڵات، گرتن و ئیعدامکردنی خەڵک لەژێر ناوی جۆراوجۆر پەرەی سەندووە، بە گشتی کهشی ترس و تۆقاندن بەسەر خەڵکی ئێراندا زاڵ کراوە، لە بواری دەرەکی ڕۆژبەڕۆژ گۆشارەکان زیاتر بووە تا ئێستا لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئهمریکا یەکێتی ئهوروپا لە مەڕ بەرنامەی ناوەکی و مەسەلەی مافی مرۆڤ چەندی نجار مەحکوم کراوە و گەمارۆی ئابووری بەسەردا سەپاوە کە بووەتە هۆی هەرچی زیاتر تەریک کەوتنەوەی لەنێو کومەڵگای نێونەتەوەییدا.
چهترپرێس: بەڕای ئێوە زیاترتوندترکردنی گەمارۆی ئابووری بۆ سەر ئێران، پاشەڕۆژی بۆ کوێ دەبات، تاچەند مەترسی دروست کردووە بۆ ئەو بارودۆخەی کەتیایەتی؟
ـ هەرچەند گەمارەی ئابووری پرۆسەیەکى درێژخایەنە بۆ گوشار خستنە سەر هەر وڵاتێک بەتایبەت وڵاتێکی وەک ئێران کە وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بەڵام بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەتایبەت لەبواری ئابوریدا، هەر ئێستایش ئابوری ئێران توشی داڕمان هاتووە، رۆژانە دەبینین کە کارگەکانی بەرهەمهێنان دادەخرێن، رێژەی بێکاری زۆر زیاتربووە، دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی، پەرەسەندنی هەژاری و...، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستیە کە ئابوری ژێرخانی هەر کۆمەڵگایەکە، ئەگەر چۆن لەهەر وڵاتێک ئابووریەکەی گەشەسەندو بێت شوێندانەرە لەسەر هەموو بوارەکانی دیکەی کومەڵگا، لەبەرامبەریشدا داتەپینی ئابوری دەبێتە هۆی پەرەسەندنی بێکاری، هەژاری پەرەگرتنی نەخۆشیە کۆمەڵایەتیەکان و لە کوتاییدا سەرهەڵدان و نارەزایەتی لێ دەکەوێتەوە، بەپێی ئەزمونێک کە لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی هەمانە لە جێگای وهڵامدانەوەی دروست بە خواستە رەواکانی گەلانی ئێران لە هەموو بوارەکاندا، زیاتر لە جاران پەرە به سەرکوت و زەبر و زەنگ و کوشتن دەدا.
چهترپرێس: لەئێستادا وەک حزبی دیموکرات، چالاکیەکانتان لەناوخۆی ئێراندا لە رووی مەدەنی و سەربازیشەوە لەچ ئاستێکدایە؟
ـ بەهۆی بارودۆخی نێوخۆی کوردستان و ناوچەکە لە ئێستادا ئێمە هیچ چالاکیەکی سەربازیمان لە کوردستانی ئێراندا نییە، بەڵکو زیاتر لایەنی خەباتی مەدەنی و هەرچی زیاتر رێکخستن و سازماندانی خەڵکە بۆ هەر ئەگەرێک کە روو بدات کار دەکەین.
چهترپرێس: هەبوونی یەکێتی ریزەکان لە نێوان حزبەکوردیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بارودۆخی ئێستای ئێران بە زەروورەت نازانن؟ ئەم مەسەلەیە تاچەند خراوەتە بەرباس و گفتوگۆوە؟
ـ یەکێتی و هاوهەڵوێستى لە نێوان حزبەکانی رۆژهەڵات زەرووریە و لەئێستادا ئەو زەروورەتە زیاتر بووە، لەوبارەیهوە نەک هەر باس کراوە، بەڵکو بە کردەوەش زۆر جار هەوڵمان بۆ داوە و ههندیک لەو هەوڵانە بەئاکام گەیشتوون هەر چەند ئەو هەوڵانە زۆر بە ئاکامی دڵخواز نەگەیشتوون و تەواو نییە، دەبێ زیاتر هەوڵی بۆ بدەین، بەڵام ئاڵوگۆڕ و کرانەوە لە نێوان هێزەکاندا بەدی دەکرێت.
چهترپرێس: بەشێوەی گشتی حزبی دیموکرات پەیوەندی لەگەڵ حزبەکانی رۆژهەڵات و باشوری کوردستان لەچ ئاستێکدایە؟
ـ بەگشتی پهیوەندی حزبی دیموکرات لەگەڵ حزبەکانی دیکەی باشوری کوردستان لە ئاستێکی باشدایە و پهیوەندیەکی دۆستانە هەیە، لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی نەبێ کە ئێمە هیچ پێوەندیەکمان نییە، لەگەڵ زۆربەی حزبەکانی دیکەی باشوری کوردستان ئێمە پهیوەندیەکی دۆستانەمان هەیە یا لانیکەم لەگەڵ هیچ هێزێکی دیکەی باشوری کوردستان بارکرژی و نێوان ناخۆشیمان نییە. لەگەڵ هێزەکانی رۆژهەڵات بە شێوەیەکی گشتی بە ههندێک جیاوازى پهیوەندیمان هەیە، لەگەڵ ههندێک لە هێزەکان هەر چەند رێکەوتن نییە، بەڵام پهیوەندی دۆستانەمان هەیە و لە ههندێک بواردا ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەکەین، لە رێکەوتی (22)ى ئاگۆستى (2012) لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی ئێران هاوپەیمانیەکمان واژۆ کرد و ئێستا هاوکاریمان زۆر زیاتر بووە. لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەی کە ماوەی شهش ساڵ لە مەوبەر لە ئێمە جیابوونەتەوە لە ئێستادا هەیئەتمان پێکەوە دانیشتن.
چهترپرێس: تاچ رادەیەک گفتوگۆ و پەیوەندی هەیە لە نێوان هەردووباڵی حزبی دیموکرات؟
ـ لەئێستادا لە لایەن ئێمەوە و ئەو هاوڕێیانەی کە جودا بونەتەوە هەیئەت دیاری کراوە و بەشێوەی فەرمی تائێستا دوو جار دانیشتن بووە بۆ لێتێگەیشتن و چۆنێتی چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان.
چهترپرێس: مەرجتان هەیە بۆکردنەوەی درگای دیالۆک لەنێوانتاندا؟
ـ دیارە لە پلنیۆمی (14) ى کونگرەی (14) لە لایەن رێبەری حزبەوە بڕیاری ئەوە درا کە ئێمە بەبێ هیچ مەرجێک ئامادەین بۆ دانیشتن لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوی خۆمان بۆ دیالۆگ و چارەسەری کێشەکان و لە ئاکامدا بۆ یەکگرتنەوەیش ئامادەین. و لە کونگرەی (15)یشدا جارێکی دیکە ئەو بڕیارە دراوە کە بە بێ مەرج ئامادەین بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئەو هاوڕێیانە و پاش کونگرەی (15)ش ئەو دیدارانە بەردەوام بووە.
چهترپرێس: ماوەیەک پێش ئێستا دەنگۆی ئەوە هەبوو بە ناوبژیوانی سەر کۆنسوڵی فەڕهنسا لە هەولێر هەوڵی یەکگرتنەوەی هەر دووباڵی حزب دراوە، ئەو هەوڵانە بەکوێ گەیشتون؟
ـ لە ئێستا دانیشتن و دیالۆگ لە نێوانماندا هەیەوئێمە لە لایەن خۆمانەوە بەر دەوام دەبین بۆ دیتنەوەی رێگاچارەیەکی گونجاو بۆ ئەوەى ئەو کیشانەى رابردوو کوتایى پێ بهینرێت.
چهترپرێس: لەم ناوچەیەی خۆماندا هەمیشە لە کاتی قەیران و گەیشتن بە ترۆپکی لاوازی حزب لەناو کایەی سیاسیدا باڵ دروست دەبێت ئەمە تاچەند بەسەر فرە باڵی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات دەچەسپێت؟
ـ مەرج نییە کە لاوازی ببێتە هۆی دروستبوونی باڵ، بەڵکو زیاتر بەرژەوەندی تاکەکەسی و گرووپیەکان کە دەبێتە هۆی دروستبوونی باڵ، لانی کەم دەتوانم بڵێم لە مێژووی حزبی دێموکراتدا کە پێشتر باڵی تێدا دروست بووە و لە ئاکامدا ئینشعابی لێکەوتووتەوە، بەرژەوەندی تاکەکان بووتە هۆکاری دروستبوونی باڵ لە ناو حزبدا.

