هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

به‌یاننامه‌ی‌ هاوبه‌شى 6 رێكخراوی‌ ژنان، سه‌باره‌ت به‌ 25ی‌ نوامبر

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

25_november_-_beyannamay_jnan_2بەیاننامەی هاوبەشی كۆمەڵێك لە رێكخراوەكانی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە بۆنەی 25ی نوامبر رۆژی جیهانی خەبات بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان


توندوتیژی دژی ژنان دیاردەیەكی جیهانییە كە بە شێوە و شێوازی جۆراوجۆر لە هەموو كۆمەڵگەكان بوونی

هەیە و وەك مۆتەكەیەك سیبەری خستووەتە سەر ژیانی زۆربەی ژنانی جیهان. بە كارهێنانی توندوتیژی دژی ژنان و ئاكامەكانی وەك مەسەلەیەكی جیهانی، چ لە نێو چوارچێوەی خێزان و چ لە هەموو بەشەكانی دیكەی ژیانی ئەوان، برینێكی كۆنە كە ناخ و هەست و دەروونی ژن و تەنانەت ئاسایشی تێكدەدا و ئەمەش دەبێتە بەربەستێك لە سەر رێگای هەموو كار و چالاكیە كۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگیەكانی ژن. لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی بە تایبەت ئەو وڵاتانەی كە یاساكانیان لە چوارچێوەی یاسا و رێسا نێونەتەوەییەكانی مافی مرۆڤ دانەرێژراوە، زیاترین توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان دەكرێت و دەسەڵات و یاساش دەبێتە بەشێك لەو كلتور و فەرهەنگە دژە ژنە و ئەمەش وایكردووە كە توندوتیژی شوڕ بێتەوە نێو هەموو بوارەكانی ژیانی ژنان. لە ئەگەری روودانی هەر شەڕ و كێشەیەك یان هاتنە ئارای قەیرانی ئابووری و بە گشتی هەر گۆرانكارییەك لە ئاستی جیهاندا، ئەوە یەكەم قوربانیانی ژنانە. هەنووكە بە هۆی قەیرانی ئابووری كە جیهانی گرتووەتەوە، رێژەیەكی بەرچاو لە ژنانی جیهان لە بارودۆخێكی نالەباردا بە سەردەبەن و گوشارێكی لە رادەبەدەریان لە سەرە و بازرگانیان پێوە دەكەن.

بە هۆی بوونی كۆماری ئیسلامی لە ئێران، یاسا و دەسەڵات بە تووندی دژی ژنانە و بە واتایەكی دیكە توندوتیژی بەشێكی جیانەكراوە لە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامییە كە نەتەنیا دژی ژنان بەڵكوو دژی هەموو تاكەكانی كۆمەڵ بە كار دەبرێت. هەڵاواردنی رەگەزی، سیاسەتی جیاكاری لە نێو زانكۆ و قوتابخانەكان، نەبوونی یاسای پشتگیری لە ژنان، نایەكسانی لە نێوان ژن و پیاو لەهەموو بوارەكانی ژیان، قەتلی نامووسی، قاچاخی ژنان و كچان، فرەژنی و دەیان مەسەلەی دیكە لە ئێران، هەموو مافە مرۆییەكانی ژنانی پێشێل كردووە و ئەوانی كردووەتە توێژێكی بێ دەسەڵات و بێ دەرەتان. هۆكاری سەرەكی توندوتیژی دژی ژنان، هەمان ئەو هەڵاواردنانەیە كە نایەكسانی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە پەرە پێدەدات و ژن دەكاتە بوونەوەرێكی پلەنزم و بێدەسەڵات.

توندوتیژی و ئاسەوارەكانی كاریگەری لە سەر ناخ و دەروون و كەسایەتی ژن دادەنێت و دەبێتە كۆسپێك لە سەر رێگای بۆ بەرەوپێشچوون و هەنگاونان بەرەو داهاتوو. كۆمەڵگای ئەمڕۆی مرۆڤایەتی پێویستی بە هێز و توانای هەموو تاكەكان و بەتایبەتی ژنان هەیە تا كۆمەڵگەیەكی یەكسان و بە دوور لە هەر چەشنە جیاوازی و توندوتیژییەك دابمەرزێنێت. بۆیە ناكرێت لە كاتێكدا كە ژنان هێشتا بەرەوڕووی توندوتیژی و سوكایەتی و هەڕەشە دەبنەوە، چاوەڕوانی ئەوەیان لێبكرێت چالاكانە لە هەموو بوارە كۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی و كلتوری بەشدار بن، بۆ بەشداری هەرچی زیاتری ژنان و بۆ بنیات نانی كۆمەڵگەیەكی یەكسان و هەروەها بۆ پەرەوەردە كردنی نەوەیەكی پێشكەوتوو، پێش هەر شتێك پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ كەم كردنەوەو سڕینەوەی توندوتیژی لە هەمووكۆمەڵگاكان. ئەمەش لە هەر كۆمەڵگەیەك پێویستی بە یاسایەكی دادوەرانە و پەروەردەیەكی ئەمڕۆیی و سەنتەری داڵدەدانی ئەو ژنانە هەیە كە بەرەورووی توندوتیژی دەبنەوەو لە هەمان كاتدا وشیار كردنەوەو دانی زانیاری بە هەموو چین وتوێژەكان و لە هەموو گرنگتر دەور و رۆڵی میدیا و راگەیاندنەكانە لەمبوارەدا.

بە هۆی ئەوەی لە ئێران، هیچ یاسا و رێسا و ناوەندێك بۆ پشتگیری لە ژنان نییە و لە هەمانكاتدا میدیا لە خزمەت بەرژەوەندیەكانی دەسەڵاتدارانی رژیمی دژە ژنی ئێرانە، بە شێوەی پراكتیك لەمبارەوە كارێكی چروپڕ بەرێوە ناچێت. هەر لێرەوە روودەكەینە هەموو میدیا و راگەیاندنی كوردی و داوایان لێدەكەین هەستن بە جێبەجێكردنی ئەم ئەركە و هەوڵبدەن بە دەرخستنی لایەنە نێگەتیڤ و ناحەزەكانی توندوتیژی دژی ژنان و وشیاری و زانیاری بڵاو بكەنەوەو رۆڵی گرنگی خۆیان لە بزوتنەوەی یەكسانیخوازی ژناندا بگێڕن و پرسی ژن و كێشەكانی نیوەی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە ریزی یەكەمی ئاجێندای كاری خۆیان دابنن. لە هەمانكاتدا هاوكاری و لێك نزیكبوونەوەی رێكخراوەكانی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان و بوونی پلاتفۆرم و بەرنامەی هاوبەش بۆ چارەسەری پرسی ژنی كورد بە گرنگ دەزانین و یەكدەنگی و یەكگرتوویی ریزەكانی ژنان، هەنگاوێكی گرنگە بۆ سەر خستنی پرۆسەی یەكسانیخوازی.

ژنانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان

یەكێتی ژنانی دیموكراتی كوردستان

كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات

یەكێتی ژنانی دیموكراتی كوردستانی ئێران

كومیتەی ئافرەتانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران

ژنانی یەكێتی دیموكراتیكی كوردستان

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1718
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy