هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

هەوڵدان بۆ یەكڕیزی لە پێناو سەركەوتندا

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

بەشی دووهەم و كۆتایی: یەكیەتیی كوردستانی و ئێرانی

rambod_-_mali_hezb_2لە بەشی یەكەمی ئەم وتارەدا پێویستیی یەكیەتیی نێوخۆیی حیزب و چارەسەركردنی كێشەی هاوڕێیانی پێشوومان بە ئاراستەی یەكریزی و یەكخستنەوەی ماڵی حیزبدا هێنایە بەر باس و لە رەهەندی جیاوازەوە بابەتەكەمان شرۆڤە كرد. ئێستا و لە بەشی كۆتایی ئەم بابەتەدا تیشك دەخەینە سەر پێویستیی لێك نزیكبوونەوە و هاوكاریی هێزە رەسەن و رزگاریخوازەكانی كوردستان و لە كۆتایشدا پەرەپێدانی ئەو هاوكاری و هاوخەباتییە بۆ ئاستی سەرتاسەریی ئێران و لەگەڵ هێزە دێموكرات و ئازادیخوازەكانی ئێران دەخەینە بەر باس و لێكدانەوە.


پێكهێنانی هاوكاری و هاوخەباتی لە نێوان هێزە كوردستانییەكاندا:

كوردستان لە باری سیاسییەوە پێكهاتەیەكی فرەچەشن و رەنگامەیە. هەر چەند حیزبی دێموكرات سەبارەت بە مێژووی نزیك بە 70 ساڵ خەبات ، پێكهێنانی تاكە دەسەڵاتی كۆماریی كوردستان، خەباتێكی قارەمانانەی چەكداری و پێشكەشكردنی پتر لە 5000 شەهید بە دایكی نیشتمان، هەندێك سیمبۆلی وەك 3 رێبەری گەورەی شەهید و هەروەها پانتایی جوگرافیایی چالاكییەكەی كە لە باكووری ئەم پارچەیەی وڵاتەوە تا باشووری گرتۆتەوە، بە رەسەنترین، گەورەترین و بەنفووزترین هێزی سیاسیی كوردستان دەژمێردرێ، بەڵام ئەم راستییە نابێ ببێتە هۆی ئەوەی كە بوون و نفووزی هێزەكانیتر لەبەرچاو نەگیردرێ. ئەمە راستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە هەندێك هێزی دیكەوە پتر لە دەیان ساڵە وێڕای حیزبی دێموكرات لە خەباتی خەڵكی كوردستاندا بەشدارییان كردووە و لە جووڵانەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەی كورددا سەنگ و قورسایی خۆیان هەبووە. كەوابوو دەتوانین بێژین ئەم هێزانە بە هەموویانەوە سەرمایەی مادی و مەعنەویی خەباتی مافخوازانەی نەتەوەی كوردن لە كوردستانی ئێراندا. بۆیە سەركەوتنی دۆزی كورد و رزگاریی نیشتمانەكەی تەنیا لە سونگەی یەكیەتی و هاوخەباتیی ئەم هێزانەوە مسۆگەر دەبێت. دەمێكە بابەتی پێویستیی پێكهێنانی بەرەیەكی كوردستانیی پێكهاتوو لە سەرجەم هێزە رەسەن و سەرەكییەكانی نێو بزاوتی رزگاریخوازانەی كوردستان لە رۆژەڤی سیاسیی كوردستاندایە. كە چی بەداخەوە هەنووكە ئەم بیرۆكەیە نەكەوتۆتە بواری پراكتیكەوە. بۆیە ئەوەی كە دەبێ لەم ساتەوەختەدا وەك ئەولەوییەت لە بەردەم سەركردایەتیی كوردی ئێراندا بێت، پرۆژەی پێكهێنانی بەرە یا كوالیسیۆنێك لە كۆی هێزە سیاسی و رەسەنەكانی جووڵانەوەی رزگاریخوانەی كوردە. سەرباری هەموو كەند و كۆسپەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ئەم پێویستییە، دەتوانین رێككەوتننامەی ئەم دواییەی نێوان حیزبی دێموكرات و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران وەك سەرەتایەكی باش و هەنگاوێكی شێلگیرانە لە بەرچاو بگرین كە دەتوانێ دەرگایەكی نوێ بە رووی خەباتی نەتەوایەتیی كورد لەم پارچەیەی كوردستاندا بكاتەوە. بێ‏گومان ئەم هەنگاوە گرینگە لە لایەك پاژێكی نوێی لە پێوەندییەكانی دێموكرات و كۆمەڵەدا هێناوەتە ئاراوە و لە لایەكیش بەرگی راستەقینەی بە بەر خەونی یەكگرتوویی و هاوكاریی هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا كرد.

لە راستیدا ئەم رێككەوتننامەیە هەم پۆتانسیێڵی ئەوەی هەیە و هەم پێویستیشە كە خۆی فراوان بكاتەوە و بەرە بەرە هێزە سیاسییەكانیتری كوردستانیش لە خۆیدا كۆ بكاتەوە. ئەم دەسپێشخەرییەی دێموكرات و كۆمەڵە نابێ بە هیچ شێوەیەك بە واتای پاوانخوازی و لە بەرچاونەگرتنی هێزە سیاسییەكانیتر لێك بدرێتەوە، بەڵكوو ئەمە هەنگاوێكی رەچەشكێنانە بوو كە بەستەڵەكی پەرتەوازەیی و ناتەبایی شكاندو رێچكەیەكی بۆ هاوكاری و تەبایی كردەوە. چوونكە بێ‏گومان هەر چەشنە گۆڕانكارییەك لە داهاتووی ئێران بە ئاراستەی گۆڕینی دەسەڵات و نەمانی كۆماری ئیسلامی بێتە ئاراوە هەر چەند جەوهەرێكی دێموكراتیشی هەبێت، ئەگەر كورد هێزی دەستەبەركردنی مافەكانی خۆی نەبێت دیسانەوە بەشخوراو و لە پەراوێزدا دەمێنێتەوە. هێزی كوردیش بە پلەی یەكەم لە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی خەڵك و هێزە سیاسییەكانیدایە كە دەبێ هەر لە ئێستاوە بواری بۆ بڕەخسێندرێت.


لێكنزیكبوونەوە و هاوكاری لەگەڵ هێزە دێموكرات و ئازادیخوازەكانی ئێران:


rekawtnnama_skrterakan

 

دوایین قۆناغی یەكریزی، قۆناغی لێك نزیك بوونەوە و هاوكاری لەگەڵ هێزە دێموكرات و ئازادیخوازەكانی ئێرانە. بێ‏گومان ئەگەر ئەو هاوكارییە وەك بنەمایەكی سەرەكی لە خەباتی دژ بە كۆماری ئیسلامیدا لە بەرچاو بگرین، هاتنەئارا و بەردەوامبوونی پێویستی بە رەچاوكردنی هەندێك مەرج هەیە كە بریتین لە: یەكەم، وەك ئاماژەی پێكرا دێموكراسیخوازبوونی ئەو هێزانەیە، واتە تەنیا ئۆپۆزیسیۆن بوون مەرج نیە بۆ ئەوەی هاوكاریی بەرامبەر چێ ببێت بەڵكوو بڕوای راستەقینەی ئەو هێزانە بە بنەماكانی دێموكراسی و هەبوونی پلان و پرۆگرامێكی دێموكراتیك بۆ داهاتووی ئێران كە بتوانێ ئازادییە دێموكراتیكەكانی خەڵك گەرەنتی بكات مەرجێكی سەرەكییە. دووهەم: بە فەرمی ناسینی فرەنەتەوەبوونی ئێران و قبووڵی ئەو فرەییەیە كە لە پراكتیكدا خۆی لە ستراتژییەكی پلۆرالیستی و قبووڵی سیستمێكی فێدراتیو لە داهاتووی ئێراندا دەبینێتەوە. لە راستیدا بڕوا بە دێموكراسی و پلۆرالیزم چ لە ئاستی رێكخراو و چ لە ئاستی پێكهاتە نەتەوەییەكاندا، سەرەكیترین مەرج بۆ یەكیەتی و یەكریزیی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنە لە ئێراندا. واتە لە ئاستی رێكخراودا دەبێ هەموو رێكخراوەكان بوون و قورسایی یەكتر بە فەرمی بناسن و هیچ رێكخراوێك پاوانخوازانە خۆی بە تەوەری گۆڕانكارییەكان دانەنێت و ئەوانیتر لە پەراوێزی خۆیدا نەبینێت. وەك پێكهاتە نەتەوەییەكانیش پێویستە هەموو نەتەوەكان بوون و مافی یەكتر بە فەرمی بناسن و هیچ نەتەوەیەك گریمانەی سەروەریی بە سەر نەتەوەكانیتری لە لا دروست نەبێت. چوونكە هەر چەشنە خۆ بەزلزانی و خۆ بە تەوەرگرتنی هەركام لە نەتەوەكان، بازدان بە سەر مافی ئەوانیتری لێدەكەوێتەوە و ئەمەش هەلەكانی لێك نزیك بوونەوە و هاوكاری لە بار دەبات. نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێكی شێلگیر و یەكگرتووی بەهێزیش ئەگەری سەركەوتن بە سەركۆماری ئیسلامی و وەلانانی سیستمە تۆتالیتەرەكەی بەرەو لاوازی دەبات.


بابه‌تی‌ پێوه‌ندیدار:

بەشی یەكەم: یەكیەتیی نێوخۆیی و یەكخستنەوەی ماڵی حیزب

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 974
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy