هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

بە هاسانی هەموو کۆمەڵکوژییەکان

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

 komalkoji_-_saeid_2دووی سێپتامبر، ٣٣ ساڵ بە سەر ئەو کۆمەڵکوژییە دا تێپەڕ دەبێ کە لە ٢ی سێپتامبری ١٩٧٩ی زاینی [١١ی خەرمانانی ١٣٥٨ی هەتاوی] قەوما. ئەی لە کوێن داکۆکیکەرانی مافی مرۆڤ تا دەنگی قوربانیانی فاشیسم بە دنیا بگەیەنن؟

 گوندی قاڕنێ، یەکێک لە گوندەکانی کوردستانە کە بە گوێرەی دابەشکردنی جوگرافیایی لە ئێران، وەک یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شارستانی نەغەدە لە پارێزگای ورمێ دێتە ئەژمار. [هەر کەمێک پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران] ئەو گوندە لە لایەن چەکدارانی ڕەژیمی کۆماری ئیسلامییەوە گەمارۆدرا و دانیشتوانەکەی بە دەستی نێردراوانی حکومەتی ئێران کوژران.

komalkoji_s_1_1کۆمەڵکوژی هەژێنەری کوردەکان لە قاڕنێ، هەر بە کوشتنی هاوڵاتیانی ئەو گوندە کۆتایی نەهات بەڵکوو چەکدارانی ڕەژیم، رەحمیان بە تەرمی قوربانیانیش نەکرد و بە خەنجەر و ساتوور، دەست و سەریان لە جەستەی بێ گیانیان جیا کردەوە. ئێستاش سەرەڕای تێپەڕبوونی سی و سێ ساڵ لەو هەڵسوکەوتە هەژێنەرە، بکوژرانی ناسراوی ئەو کارەساتە، لە ژێر چەتری پشتیوانی حکوومەتی ناوەندی ئێران دانە و هەرگیز بانگهێشتی دادگایەک نەکراون تا بە محاکەمەیان، گۆشەیەک لە زامی دڵی بنەماڵەی قوربانیان سارێژ بێت و ئارامیان پێ ببەخشێ.

 گەلی کورد کە پاش لەسەرکارلابردنی "محەممەد رەزا پەهلەوی"، بە دڵخۆشی، بیری لە داهاتووی خۆی دەکردەوە، هەرگیز بە خەیاڵی دا نەدەهات کە دوژمنایەتی ڕەژیمی نوێ لە بەرانبەر کورد، هەر وەک ڕەژیمەکەی پێشوو درێژەی هەبێت بەڵام مێژوو بە زوویی نیشانی دان کە لە هەڵە دان و دەسەڵاتی ناوەندی، هەمان سیاسەتی حکومەتی پێشوو لە بەرانبەریان دا پێڕەو دەکات.

 تەنیا چەند مانگ پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، سیاسەتی گووشار و دوژمنایەتی لەگەڵ کورد، بوو بە هۆی چۆلکرانی ٣٠ گوندی "سۆما" و "برادۆست". کۆچێکی زۆرەملی کە وەک یەکێک لە شێوازەکانی "کۆمەڵکوژی" دێتە ئەژمار، زانیارییەک کە تەنانەت لە ڕۆژنامەی "کەیهان"ی زمانحاڵی ڕەژیمیش دەنگی دایەوە و لە ٨/٤/١٩٧٩ واتە ١٨ی نەورۆزی ١٣٥٨ بە چاپ گەیشت.

 komalkoji_s_1_2حکومەتی ئێران، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، سیاسەتی گووشار بەرانبەر بە گەلی کوردی کردبوو بە یەکێک لە بەرنامە سەرەکییەکانی خۆی. لە کتێبی "قارنا و انقلاب" -کە کۆمەڵێک بەڵگەی فەرمی حکومەتی ئێران و ڕۆژنامەکانی ئەوکاتی دە خۆیدا کۆکردۆتەوە- ئەو خاڵە تەیید دەکرێت کە "حاجی عەزیم مەعبوودی" لە نامەیەک دا بۆ "بەهلوول گوڵستان، عەزیز بازدار و خەلیل خەسرەوی"، لە ڕدێن سپییەکانی ناوچە، نووسیبووی: وێڕای سڵاو، تکایە بۆ کڕینی خۆراکی گوندی قاڕنێ، هەم خۆتان و هەم برایانی تری ئەو گوندە هاتووچۆی شار[مەبەست نەغەدە] بکەن. هەر کەس چووکترین کێشەی بۆ ئێوە برایانی کورد سازکرد، بە زووترین کات بە ئینتزامات یا خۆمی ڕابگەیەنن تا بە ناوی زیدی ئینقلاب بیگرین و ڕادەستی بەرپرسانی دەوڵەتی بکەین. خۆلاسە هیچ خۆتان نارەحەت مەکەن، ئێمە هەموو براین".

 دانیشتوانی گوندی قاڕنێ کە سەرەڕای پێڕەوکرانی سیاسەتی داماڵینی کورد لە لایەن ڕەژیمەوە، لە ماڵی خۆیان لە سەر خاکی هەمیشە کوردستانییەکەیان دەژیان، کاتێک ئەو نامەیان لە لایەن بەرپرسێکی فەرمی وڵاتەوە بە دەست گەیشت، هێوربوونەوە و بە دڵخۆشییەوە لە داهاتووی خۆیان دەڕوانی. بەڵام مخابن ئەوان خافڵ لەوە بوون کە ئەو نامە تەنیا داوێکی تری ڕەژیمە و دەسەڵاتداران تەنیا بۆ فریوی بیرو ڕای گشتی و پێشگرتن لە هەڵاتنی دانیشتوانی ئەو ناوچە، نامەیەکی ئەوتۆیان بۆ ناردوون.

komalkoji_s_1_3 ٢ی سێپتامبری ١٩٧٩ی زاینی [١١ی خەرمانانی ١٣٥٨ی هەتاوی]، نزیک بە کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ، کاتێک مناڵەکان لە حەوشە کایەیان دەکرد و ژنان سەرقاڵی کاروباری ناوماڵ و گەنج و کاڵەکانی گوند لە دەور و پشتی دێ سەرقاڵی ئاژەڵداری و کشت و کاڵ بوون، چەکدارانی ڕەژیم، تەیار بە تانک و تۆپ و چەکی قورس و سووک و سارد، هێرشیان کردە سەر گوندی قاڕنێ.

 لە ڕاپۆرتێک دا کە ڕۆژی ٧ی ١٢ی ١٩٧٩، لە ڕۆژنامەی "ئیتلاعات"ی چاپی تاران بڵاوکرایەوە ئاماژەی ڕاستەوخۆ بە تەیاربوونی چەکدارانی ڕەژیم بە "تۆپ و تانک و چەکی سووک و هتد کراوە.

 "مەلا محەممەد"، پێشنوێژی گوندی قاڕنێ، کاتێک هێرشی هەمەلایەنەی چەکدارانی ڕەژیم بۆ سەر گوندەکە دەبینێ، کتێبی

 پیرۆزی قورعان بە دەستەوە دەگرێ و دەچێتە پێشوازیان و بە ناوی کەلامی خودا سوێندیان دەدات کە خەڵکی قاڕنێ نەکوژن بەڵام جەلادەکانی ڕەژیم، گوللەیەک لە سینگی ئەو مەلایە دەدەن و پاشان سەری دەبڕن. ڕووداوێک کە لە ڕۆژی ١٧-٠٩-١٩٧٩ لە ڕۆژنامەی ئیتلاعاتیش دا بە چاپ گەیشت.

 بە گوێرەی فیلمێکی کورتی بەڵگەنامەیی کە "بێهداد بۆردبار" ئامادەی کردووە، ئەو کات ٨٠ ماڵبات لە گوندی قاڕنێ ژیاون. ڕۆژنامەی کەیهان، کە زمانحاڵی حکومەتە، ڕۆژی ٢٧ی نۆڤامبری ١٩٧٩ ڕاپۆرتێکی لەمبارەوە بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیبووی کە هەژماری کوژراوانی قاڕنێ ٦٨ کەس بووە.

چەکدارانی ئێران لە ماوەی ٣ کاتژمێر دا، هەر گیانلەبەرێکی کە دیتیان کوشتیان. لە مناڵ و ژن و پیرەوە بگرە تا گەنج و بەساڵاچوو و پاش ئەوەی کە کوشتارە ئەمرکراوەکەیان ئەنجام دا، تەرمی بێ گیانی قوربانییەکانیان لەت لەت کرد لە دەرەوەی ئاوای فڕێیان دان تا وا نیشان بدەن کە ئەو کەسانە لە شەڕ دا کوژراون. ڕۆژنامەی ئیتلاعات لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی ١٧-٠٩-١٩٧٩ی خۆیدا ئاماژە بە هەڵسوکەتی وەحشیانەی بکوژان و پارچە پرچەکردنی تەرمی قوربانیانی قاڕنێ دەکات.

 "سادق خەڵخاڵی" کە لە ناوی بە ڕێژەی یەکجار زۆری ئیعدامەکان لە کوردستان گرێ دراوە، سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکەی قاڕنێ لە نامەیەک دا بۆ "خومەینی" ڕێبەری ئەوکاتی ئێران نووسیبووی: ڕووداوی دڵتەزێنی قاڕنێ، دڵ هەر مرۆڤێک دەشەوتێنێ. "مەلا مەحموود مەستوورزادە"، کە بە قورئانەوە دەچێتە پێشوازی هێرشبەران، لە لایەن پیاوەکانی "مەعبوودی، سەرگورد نەجەفی، عەزیز قادری و مەلا حەسەنی"یەوە بە ٦٥ کەسی ترەوە کوژراوە. ئەگەر ئیمام، بەدواداچوونی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە نەکات، ئەی کێ بیکات؟ بە ڕێزەوە/ سادق خەڵخاڵی.

 komalkoji_4کوشتاری هۆڤانەی قاڕنێ وەها دەنگدانەوەیەکی لە مێدیاکان دا هەبوو و تا ڕادەیەکی ئەوەندە زۆر سەرنجییان بۆ لای خۆی ڕاکێشا کە بە دەستووری "خومەینی" و ئەمری نووسراوی "مونتەزیری"، نوێنەرێکی پارلەمان بە ناوی "مەهدی بەهادۆران" نێردرایە کوردستان وئازەربایجان تا لە شوێنی ڕووداوەکە سەبارەت بەو کارەساتە لێکۆڵینەوە بکات. ڕۆژنامەی ئیتلاعات لە ڕاپۆرتی ڕۆژی ١٧ی سێپتامبری خۆیدا ئاماژە بەو مەسەلە دەکات.

 مەهدی بەهادۆران، پاش لێکۆڵینەوەیەکی ورد، ئامادەکردنی بەڵگە و تۆمارکردنی چەندین وتووێژ لەگەڵ کەسانی نیشتەجێی هەرێمەکە، ئەرکە گرینگەکەی خۆی بەجێ دەگەیەنێ و پاش کۆتایی هاتنی، ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەل ئامادە دەکات و دەیداتە خومەینی. بەشێک لە ڕاپۆرتی ناوبراو لە ڕاپۆرتی ڕۆژی ١٧-٠٩-١٩٧٩ی ڕۆژنامەی ئیتلاعات دا بڵاوکراتەوە. لە بەشێک لەو ڕاپۆرتە دا هاتووە:

 بکوژرانی خەڵکی قاڕنێ کەسانێکی ناسراوی کۆماری ئیسلامی وەک "دوکتۆر چەمڕان، تیمسار زەهیرنەژاد، سەرهەنگ شەهبازیان فەرماندەی لەشکری ٦٤ی ورمێ" و چەندین فەرماندەی تری ئەرتەش و نادرمەی ڕەژیم بوونە. مەهدی بەهادۆران بە خومەینی و مونتەزیری ڕاگەیاندبوو کە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانی ئەنجام داوە و نەوار و بەڵگەیەکی زۆری ئامادە کردووە. بە گوێرەی زانیارییەکانی ناوبراو، "مەعبوودی و سەرهەنگ نەجەفی"، سەرپەرشتی "هێزەکانی جەوانمەرد"ی پێکهاتوو لە تورکە توندڕۆکانیان بە دەست بووە کاتێک کارەساتی قاڕنێیان خوڵقاندووە. ئەو نوێنەرەی پارلەمان لە ڕاپۆرتەکەی دا هەروەها ئاماژەی بەوەش کردبوو کە پشتیوانی زەهیر نەژاد لە قاتڵان و تاوانبارانی ئەو کۆمەڵکوژییە، دەرفەتی پەلکێشکردنی ئەو کەسانە بە دادگاکان نادات.

لە ڕاپۆرتێکی تر دا کە سەبارەت بە بەجێماوانی بنەماڵەی قوربانیانی قاڕنێ ئامادەکرابوو، خاڵی سەرنجڕاکێشی تر دەهاتنەوە بەرچاو کە لە هەمان ڕۆژنامە دا بڵاوکرابۆوە بۆ وێنە: "حەمزە شەریفی"، تازەلاوێکی تەمەن ١٥ ساڵی گوندەکە کە قوتابی ساڵی سێی قۆناخی ناوەندی بوو، سەبارەت بەو کارەساتەی کە لە کاتژمێر یەکی نیوەڕۆی ١١ی خەرمانانانی ١٣٥٨ خوڵقا وتبووی: گوندەکە بە تۆپ و تانک گەمارۆ درا، کاتژمێر یەک، گرووپێکی ١٠٠ کەسی بە سەرپەڕشتی کەسێک بە ناوی "قاری" و بە جلو بەرگی پاستاری موجاهید، هێرشیان کردە سەر ماڵی خەڵک و هەر کەسێکی کە هاتە بەرچاویان کوشتیان و سەریان بڕی. مەلای گوند، قورئانی گرتە دەست و بە پێشوازیانەوە چوو و سوێندی خوارد کە خەڵکی ئەو گوندە هیچ تاوانێکیان نییە، هێرشبەران، یەکجێ مەلایان کوشت و سەریان بڕی و لەگەڵ خۆیان برد. تاکوو ئێستاش سەری مەلا نەدۆزراوەتەوە.

 کەسێکی تر بە ناوی "سەید ئەحمەد" کە خۆی ٩ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی لەدەست دابوو وتی کە هەندێکیان بە چەک کوشتن، هەندێکیان بە چەقۆ و قەمە سربڕی و هەندێک لە مناڵەکانیشیان بە پێلاقە و لە ژێر پۆتینەکانیان کوشت. کاتێک سەید ئەحمەد لە شارەوە دەگەڕێتەوە قاڕنێ، ئەو جەهەننەمە بە چاوی خۆی دەبینێ. ئەوە دوا ڕەستەیە کە ناوبراو بە ئامادەکاری ڕاپۆرتەکەی دەڵێ.

komalkoji_s_1_5 گرووپێک لە گوندنشینانی قاڕنێ، پاش ئاگاداربوونەوە لە سەفەری نێردراوانی ڕەژیمی ئێران، بە دوو مینی بووس، خۆیان دەگەیەننە مەهاباد. ئەو کەسانە بە گیرانەوەی بەسەرهاتەکە، "داریوش فرووهەر"، بەرپرسی وەفدەکە زۆر نارەحەت دەکەن. کاتێک فرووهەر لە وەڵامی ژنێک دا کە هاوسەر و دوو کچەکەی لە دەست دابوو وتبووی "بەدواداچوونی ئەو کێشە دەکەین"، بەڵام ژنە بە دەنگی بەرز و تێکەڵ بە بەغز و گریانەوە هاواری کردبوو: لە گوندی ئێمە جەنایەت کراوە، ئێمە پارەمان ناوێ، ئێمە تەنیا محاکمەی بکوژانی ئازیزەکانمان دەوێ.

 دەمانهەوێ ئەو کەسانەی هێرشیان کردە سەر ماڵەکانمان و مناڵە بێگوناهەکانی ئێمەیان کوشت قۆڵبەست بکرێن و سزا بدرێن نە ئەوە کە بە ئاسوودەی و لە بەرچاوی ئێمە بێن و بڕۆن. ئێمە لە دادپەروەری زیاتر چمان ناوێ. ئێمە تەنیا دەمانەوێ کە یەکێک بە پیر هاوارمانەوە بێت. دوێنێ گرووپێک هاتن و گوتیان "شەڕ بووە و لە شەڕ دا شتی وا ڕوو هەر دەدات، بەڵام بە خوا، بە دین، بە پێغەمبەر، لێرە هیچ شەڕێک لە ئارادانەبووە، تەنیا کۆمەڵێک خەڵکی بێ گوناه پارچە پارچە کراون. مناڵی چوار ساڵە چۆن دەتوانێ بەشداری شەڕ بێ؟

سی و سی ساڵ بە سەر کۆمەڵکوژی قاڕنێ تێپەڕ بووە. دەسەڵاتداری شۆڕش، تاکوو ئێستاش گرینگییەکیان بە ڕاپۆرتەکانی خۆیان کە لە ڕۆژنامەکانی ئەوکاتی خۆیان دا بڵاوکرایەوە نەداوە. پلان داڕێژەران و بکوژانی قاڕنێ، زۆربەیان زیندوون و باڵاترین پۆستگەلیان لە ئێرانی ئێستا دا هەیە. هەموو بەڵگەکان و لێدوانی بەجێماوانی ئەو کارەساتە نیشان دەدات کە کۆمەڵکوژی سیاسی قاڕنێ، بە پیلانی خۆی حکومەت ئەنجام دراوە. پیلانێک، بۆ توناکردنی گرووپێکی ئێتنیکی دیاریکراو داڕێژراو و دواتر پڕاکتیزەکرا. پیلانێک کە بە پشتیوانی زۆربەی کەسایەتییە ناسراوەکانی حکومەتی ئەو کات ئامادە کرا و پاشان و ئەنجام درا. ڕووداوێک کە ئەمڕۆ بە ناوی "کۆمەڵکوژی" دەیناسین.

 ئێستا پرسیار ئەوەیە کە چۆنە لە جیهانی بە قسە "مۆدێرن"ی ئەوڕۆ دا، حکومەتێک پیلانی کوشتاری بە کۆمەڵی گەلێک دادەڕێژرێ و دواتر پڕاکتیزەی دەکا، بەڵام تاکوو ئێستاش، نە تەنیا ئەو کارەساتە لە هیچ وڵاتێک وەک "ژینۆساید" بە فەرمی نەناسراوە بەڵکوو تەنانەت هیچ ڕاگەیاندنێکی جیهانیش، باسی ناکات؟

 بۆ زانیاری زیاتر بڕواننە:

 ١. بێهزاد خۆشحاڵی/ قارنا و انقلاب

 ٢. سۆران کەرباسیان- قاڕنێ ساید

 ٣. بێهداد بۆردبار- فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری بەو ئادرەسەی ژێرەوە

 ٤. ڕۆژنامەکانی ئیتلاعات و کەیهان، چاپی تاران

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1338
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy