هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

لە وەڵامی هاوڕێیەکمدا

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

agiri_-_wlami_rsyar_2هاوڕێیەکەم چەند پرسیارێکی لێ کردم لە سەر ڕێکەوتنی چەند ڕۆژ لەمەو بەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمتکێشانی کودستانی ئێران بوو پاش قسەیەکی زۆر بڕیارمان دا کە قسەکانمان وەک وتوێژ بڵاوی کەینەوە.


١: ڕێکەوتنی ئێستای حیزب و کۆمەڵە(1) چۆن دەبینی؟

بۆ وڵامی ئەو پرسیارە سەرەتا دەمەوێت پرسیارێکی تر بێنمە ئاراوە پرسیارەکە ئەوەیە لە ئێستادا ڕێكەوتن لە نێوان ئەو دوو حیزبە دەتوانێت چ واتایەکی هەبێت؟

 من ئەو ڕێکەوتنە تەنیا وەک هەست کردن بە ئەگەری هاتنە گۆڕێی ئالوگۆڕێک لە ئێران نابینم.

 لام واییە بەر لەوەی ئەو ڕێکەوتنە جۆرێک چاوڕوانی بۆ هاتنە ئارای ئالوگۆڕ بێت.

لە ڕاستیدا خۆ ڕێکخستنە بۆ ساز کردنی ئالوگۆڕێک، بە واتایەکی تر ئەو دوو لایەنە سیاسییە گەیشتوونە ئەو بڕوایەی کە لە بارەدۆخی ئێستا دا ئەگەری ئاڵوگۆڕی سیاسی لە ئێران دا زۆرە و هەر ئەوەش وای لێکردوون کە ئەوان ئەو ڕێکەوتنە ببەستن.

بۆیە من ئەو ڕێکەوتنە وەک سەرەتایەکی کۆمەلێک چالاکی سیاسی لە ئاستی کوردستان و ئێران دا دەبینم و هاوکات لە گەڵ ئەوەش وەک دەستپێکی هاتنە گۆڕێی ئالوگۆڕ لە ناو سیاسەتەکانی ئەو دوو حیزبە دا.

ئەگەر بینەوە سەر وڵامی پرسیارەکە دەبێ بڵێن هەبوونی ئەو ڕێکەوتنە لە ڕاستیدا بە جۆرێک ئیرادەیەکە بۆ سازکردنی ئالوگۆری ناوخۆی حیزبی و ئالوگۆری سیاسی دەرحەق بە حیزبێکی کوردستانی بۆیەش ئەو جۆرە ڕێکەوتنە دەتوانێت باش و بەجێ بێت.

جوداوازی ئەوە لە خاڵی دووهەم لە ڕێکەوتنەکەدا هاتووە:

"٢ ــ کۆمه‌ڵه‌ و حیزبی دێمۆکرات بڕوای ته‌واویان به‌ هه‌ڵبژاردنی ئازادانه‌ی سیاسی له ‌لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ وه‌ها هه‌ڵبژاردنێکدا بێ‌شک سندووقه‌کانی ده‌نگدان به‌ سه‌ره‌کیترین سه‌رچاوه‌ی مه‌شرووعییه‌تی هه‌موو هێزێکی سیاسی له‌ کوردستان و به‌ بنه‌مایه‌کی سه‌ره‌کیی دێمۆکراتیزه‌ کردنی کۆمه‌ڵگای ئازاد و سه‌ربه‌ستی ده‌زانن."

ئەو خاڵە لە ڕاستیدا دەکرێت وەک جۆرێک خۆ ساز کردن بۆ داهاتوو بێت، کەم نین ئەو کەسانی کە باسی ئەوە دێنە ئاراوە کە ئایا کورد لە ڕۆژهەڵات تووشی شەڕی ناوخۆی دێت؟

 شەڕی ناخۆ ئەگەر بێتو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرهەڵدا لە ڕاستیدا دەرەنجامی پاوانخوازی و دەسەڵاتویستی لایەنێک یان لایەنەکان دەبێت.

ئەوەی کە دەبیندرێت دوو لایەنی سیاسی گرینگی کوردستان دەلێن: " ئێمە پێبەند دەبین بە دەنگی خەڵکی کوردستان"

ئەوە تەنیا پێبەند بوون بە ئەو دەنگە نییە کە دەدرێت بە یەکێ لەو لایەنانە. ئەوە واتای ئەوەی هەیە کە دەنگ بە هەر لایەنێکی کوردستانی بدرێت ئەوان ئەو دەنگەیان قەبووڵە. ئەو خاڵە لە ڕاستیدا دانانی سنوورێکە بۆ دەسەڵاتخوازی، ئەوە خاڵە تەنیا ڕێزلێان لە دێموکراسی نییە ئەو خاڵە دڵنیا کردنەوەی کۆمەڵگای کوردستانە لەوەی کە حیزب و لایەن سیاسییەکان لە پێناو دەسەڵات هەموو سنورێک نابەزێن.


٢: ئایا ئەو ڕێکەوتنە دەکرێت وەک بەرەیەک سەیری بکرێت؟

لە نێوان بەرەو و ڕێکەوتن دا جوداوازییەک هەیە لە ڕێکەوتندا کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش دیاری دەکرێت ئەو خاڵانە هێڵی گشتین بۆ جۆرێک لە هاوئاهەنگی ساز کردن، یاسایەکن کە دەبێت هەر دوو لایەن لە سیاسەتەکانیاندا پێبەندی بن.

 بۆیە ئەو ڕێکەوتنە، دەکرێت کاکڵێک بێت بۆ ساز کردنی بەرە، بەڵام بە تەنیا لەو ئاستەی ئێستادا چەند خاڵی گشتین بۆ سنووری سیاسەت و هەڵسوکەوتی ئەو دوو حیزبە .

لە بەرەدا تۆ لەگەڵ ئەوەی هاوئاهەنگییەکت هەیە بۆ هەر لایەنێکیش ئاستی مافی لە بڕیارەکانی بەرەدا دیاری دەکرێت.

دیاری کردنی ڕێژەی مافی بڕیار لە بڕیارەکانی بەرە، گرینگترین خاڵی بەرەیە.

 بەڵام لە ڕێکەوتنی ئێستادا هیچ مافێک بۆ هیچ لایەنێک دیاری نەکراوە لە ڕێکەوتنی ئێستادا چەند خاڵێکی گشتی دیاری کراون دیاری کردنی ئەو خاڵانە دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ ساز کردنی بەرەیەکی کوردستانی، بەڵام هەتا گەیشتن بە بەرەیەکی کوردستانی کاری زۆر ماوە.


٣: لە پاش ئەو ڕێکەوتنە پرسیارێک دێتە ئاراوە ئەویش ئەوەیە ئایا ئەو ڕێکەوتنە دەکرێت وەک مەترسییەکە بۆ سەر تێکەڵ بوونەوەی حیزبی دێموکرات سەیری بکرێت ؟

کاکی برام سەرەتا با من شتێکت بۆ ڕوون کەمەوە حدکا حیزبێکی سیاسییە و ئەو حیزبە ئێستا لە خەباتدایە، دیارە ئەو حیزبە دەتوانێت و مافی خۆشیەتی کە بۆ پەرەپێدان بە خەباتەکەی لە چوارچێوەی سیاسەتە گشتیەکانیدا چالاکی بکات.

ئەوە لە کاتێکدایە کە چۆنێتی پەیوەندی لەگەڵ ئەو لایەنەی کە لێنان جیابوونەوە (حدک) یەکێ لە خاڵە سەرەکییەکانی سیاسەتی حدکایە، بەڵام تەنیا سیاسەتی حدکا ئەوە نییە کە لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەی تێکەڵ بێتەوە.

 حدکا لە دوایین پۆلۆنۆمی خۆیدا ڕایگەیاندوە کە ئەو دەیەوێت ڕاستەوخۆ لە گەڵیان دانیشێت، حدکا لە پاش ئەو پۆلۆنۆمەش باسی ئەوەی نەهێناوەتە گۆڕێ کە ئەو حیزبە لە بڕیاری خۆی پاشگەز بووبێتەوە.

ئەو حیزبە لەگەڵ کۆمەڵەی شۆرشگێران ڕێکەوتنی واژۆ کردووە لەگەڵ حدکیش بڕیاری داوە کە ڕاستەوخۆ دانیشێت. ئەوە دوو سیاسەتی جودایە بەڵام دژ بە یەک نییە.


٤: هەست بەوە ناکرێت کە ئەوە پەستانی ڕای گشتی لە سەر حدکا بێت کە ئەو حیزبەی هێناوتە سەر ئەوە کە لە پۆلۆنۆمەکەیاندا باسی دانیشتنی ڕاستەوخۆ بکەن و ئێستاش بەو ڕێکەوتنە ئەو پەستانە کەم کەنەوە؟

هەرچەند ناکرێت پەستانی ڕای گشتی لە سەر بابەتی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات نەکۆلی لێبکرێت.

 بەڵام دەبێت ئەوەشمان لە بەر چاوبێت کە ئەو پەستانە خۆ هی ئەورۆ نییە، زەختی ڕای گشتی بۆ یەکگرتنەوە لە ٦ ساڵی ڕابردوودا هەبووە.

 ئەو زەختە لەگەڵ یەکەم قسەلۆکەکان کە لە پاش کۆنگرە ١٣ بڵاودەبۆوە هەبوو،

ئەو کات زۆربەی لاینگرانی ناخۆ (کە دەبێ مەبەستی پرسیاری بەرێزتان هەر ئەوان بێت) داخوازییان ئەوە بوو کە نابێت ئەو حیزبە جیابێتەوە ئەی بۆ جیا بۆوە.

 لە ٦ ساڵی پێشوشدا بە هەمان شێوە پەستان هەبوو کە دەبێ یەکگرنەوە. بەڵام دەشمان دیت کە بۆ ماوەی نزیک بە ٥ ساڵ لە هیچکام لە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی ئەو دوو حیزبەدا باسێک لە بابەتی یەکگرتنەوە نەدەکرا ئەوە واتای ئەوەی نییە کە ڕای گشتی هیچ شوێنێکی لە سەر سیاسەتی حیزبی دێموکرات نییە واتای ئەوەی هەیە کە هەموو سیاستەکانی ئەو حیزبە بە پێی ڕای گشتی نییە. یان تەنیا ڕای گشتی نییە کە سیاسەتەکانی ئەو حیزبە دیاری دەکات.

 ئێستا دەبێ بلێن ڕای گشتی لە کوردستان و چەند هۆکارێکیتر بوونە هۆی ئەوەی کە حدکا ئەو هەڵوێستە بگرێت

لێرەدا دەکرێت بە گوترێت کە چوون واقعی سیاسی لە چەند مانگی ڕابردوودا گۆرانکارییەکی بەرچاوی بەسەر نەهاتووە کە واتە هۆکارەکانیتر هەر لە جێ خۆیانن.

 لەگەڵ ئەوەش من دەلێم ئەو جار سەرکردایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و تەنانەت تا ڕادەیەک سەرکردایەتی کۆمەڵەی شۆرشگێرانیش لە لایان ڕای گشتی کوردستانەوە بەتایبەتی لاینگرانیانەوە تووشی ئەو پرسیارە دێن کە چییە وا دەکات کە ئەوان لەگەڵ حیزبێکیتر ڕێک بکەون گەچی وەک خۆیان دەڵێن لەگەڵ هاورێیانی پێشوویان یەک ناگرنەوە.

 بۆیە من بە پێچەوانەی ئەو قسەی بەرێزتان بیر دەکەمەوە و پێم وایە پاش ئەو ڕێکەوتنە پەستانی ڕای گشتی کوردستان بە سەر هەر دوو لای ڕێکەوتنەکەدا لە سەر بابەتی چۆنێتی پەیوەندی لەگەڵ هاورێیانی پێشوویان پتر دەبێت.


٥: بۆخۆت باش دەزانی کە کۆمەڵە وحیزب شەری براکوژیان کردووە چۆن دەکرێت شەرێک لە نێوان ئەو دوو حیزبەدا ڕوو بدات پاشانیش بێ ئەوەی کە کەس داوای لێبوردن بکات ڕێکەوتنێک ببسرێت؟

بەلێ کۆمەڵە و دێموکرات شەری ناخۆیان هەبووە!!!

 تا ئێستاش هیچ ڕاگەیاندراوێکی فەرمی لە سەر ڕێژەی کوژراونی ئەو شەرە و خەسارەی ئەو شەرە باس نەکراوە کە دەبوو باسی کرابا .

بەڵام کاکە گیان کورد دەلێت :"کەنگرو ماست بە وادەی خۆی" من پێم واییە ئێستا وادەی ئەوە نەهاتووە کە باسی ئەو شەر بکرێت.

ئەی کەی وادەی دێت لە ٢٠٠٠دا سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی لە پارڵمان کوردستان داوای لێبوردنیان لە خەڵکی کوردستان کرد ئێستا دەبێت سەرکردایەتی کۆمەڵە و دێموکراتیش هەر ئەو کارە بکەن؟

جارێ باسەکە ئاوا دەست پێبکەین ئەگەر بڕیارە حدک و حدکا هەر دووکیان نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پێش کۆنگرەی ١٣ بکەن بۆ دەبێت هەر حدکا داوای لێبوردن بکات.

 دیارە ئەوە بۆ کۆمەڵەش بە هەمان شێوەیە ئێمە ئێستا بەلانی کەمەوە سێ حیزبمان هەیە کە خۆی بە میراتگری حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دەزانێت و شانازی بە خەباتی ئەو حیزبە دەکەن و شەهیدانی ئەو حیزبە بە هی خۆیان دەزانێت بۆ هەر دەبێت کۆمەڵەی شۆرشگێران داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکات؟!

با نەچینە ئەو باسەوە ئەوە تەنیا پرسیارێک بوو.

بەڵام من لام واییە خۆزگە لە باتی ئەوەی کە پارتی و یەکێتی لە پارلمانی کوردستان بە داوای لێبوردنێک بەردێکیان لە سەر شەری ناخۆی کوردستان لە باشوور هێنابایە. ئەو دوو حیزبە بە ڕاستی و لە دادگایەکی فەرمی لە کوردستاندا هەر دوو لایەنیان چووبانایەنە و هەر کەسێک دۆسیەی خۆی هێنابایە و ڕێژەی تاوانی هەر کامیان دیاری کرابا و ئەو کات دەکرا، بلێن کۆتایی بە شەری ناخۆی کوردستان لە باشوور هاتووە. نەک وەک ئێستا کە لە شەرێکی گەرمەوە گۆراوە بۆ شەرێکی سارد و تەنیا شێوەکەی گۆراوە و هیچیتر.

ئێستا هیچ دادگایەکی فەرمی لە کوردستان نییە کە کۆمەڵە و دێموکرات لە ئەو دادگایەدا باسی شەری ناخۆی بێنە ئاراوە لە نەبوونی دادگایەکی فەرمی خاوەن دەسەڵات باس کردن لەو بابەتە لە ڕاستیدا تەنیا دمەدمە و شەرەچەقەی لێ دەکەوێتەوە و هیچیتر.

 لە گەڵ ئەوەش من لە سەرێش باسم کرد ڕێکەوتنی ئێستا یەکێ لە واتاکانی ئەوەیە کە بە شێوەی فەرمی بەلێنیان داوە کە شەری ناخۆی نەکەنەوە و من خاڵی دووهەمی بەشی یەکەمی ئەو ڕێکەوتنە بەو واتاییە دەبینم


٦:باشە خۆت دەلێت بەرە و ڕێکەوتن جیاوازن بۆ بەرەی کوردستانی ساز ناکرێت ؟

هەرچەندە ئەو پرسیارە دەبێت لەو دو لایەن بکرێت بەڵام من پێم واییە ئەمری واقیع کە لە سیاسەت دا ڕۆلی سەرەکی دەگێریت ئێستا ئەمری واقیعی کوردستان بۆ ساز کردنی بەرە نابێت.

 هەر کات باسی بەرە دێتە ئاراوە کۆمەڵگای سیاسی کوردستان لەگەڵ کۆمەلێک دەموچاوی نوێ بەرو ڕوو دەبیت. ئەو دەموچاوە تازەکە یان حیزبێکی نوێیە یان کەسێکە کە خۆی بە سەربەخۆ دەزانێت و وەک کەسایەتیەکی سیاسی سەربەخۆ دەیەوێت بەشداری بەرەی کوردستانی بکات.

 دەی کاتێک کە بەرە ساز دەبێت دەبێ مافی هەر کەس یان لایەنێک دیاری بکرێت واتە دەبێت ڕوونبێتەوە کە لایەنێک چەندە دەتوانێت لە بڕیارەکانی بەرەدا بڕیاردەر بێت، دیاری کردنی ئەو شتە لە ئێستا ئەگەر ئاستەم نەبێت زۆر سەختە.

ئێستا لەگەڵ هەر لایەنێک قسە بکەی خۆی بە یەکەمی کوردستان دەزانێت بەراست چۆن دەکرێت، ئەوە هەموو یەکەمە قانع بکەی من پێم واییە زۆربەی حیزبە کوردییەکان تەنیا لەبەر ئەوە داوای بەرە دەکەن کە ڕەوایی بە خۆیان بدەن و ناویان بێتە گۆرێ.

بەڵام لەو ڕێکەوتنەدا کۆمەڵێک یاسا دیاری کراوە کە دوو حیزب بە شێوەی فەرمی بڕیاریان داوە پێبەندی ئەو یاسایانە بن.

 ئەگەر چەند لایەنێکی کەش بتوانێت بە شێوەی فەرمی پێبەندی خۆی بەو ڕێکەوتنە ڕابگەیەنێت. دەکرێت بڵێن هاوئاهەنگی بەرین ساز کراوە و ڕەنگە بۆ ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باشترین ڕێگای بۆ یەکدەنگی بێت.

خاڵەکانی ناو ڕێکەوتنەکە دەتوانێت چوارچێوەیەک، دیاری بکات. بۆ لایەنە سیاسیەکانیتریش و هاوئاهەنگییەک ساز کرێت هەرچەند ئەو خاڵانە هەر کامەی هەڵگری شرۆڤەیەکی زۆرن، بەڵام کۆمەلێک خاڵن کە پێویستە زۆربەی حیزبە کوردستانییەکان پێبەندی بن.

 جا چ واژۆی ئەو ڕێکەوتنەیان کردبێت یان نەیان کردبێت.


 ٧: باسی یەکەمەکان دەکەی ئایا ئەو ڕێکەوتنە لە ئێستا ڕەوای دان بە کۆمەڵەی شۆرشگێران نییە؟

ئەگەر ڕەوای دان مەبەسەت ئەوە بێت کە کۆمەڵە لە ناو کوردستان ڕەوای پێدراوە، من پێم واییە کۆمەڵە وەک حیزبێکی کوردستانی لە کۆمەڵگای کوردستاندا ڕەوای خۆی هەیە و لاینگری خۆشی هەیە.


 بەڵام ئەگەر ڕەوای دان مەبەستت ئەوە بێت کە لە ناو ئەو حیزبانەی کە خۆیان بە میراتگری کۆمەڵە دەناس بێت ڕەنگە منیش لێرەدا لەگەڵت هاورا بم بەڵێ دەکرێت وەک جۆرێک ڕەوای دان بێت بە کۆمەڵەی شۆرشگێران، بەڵام لە گەڵ ئەوەش ڕێکەوتن لەگەڵ کۆمەڵەی شۆرشگێران واتەی ئەوەی نییە کە ناکرێت تۆ لەگەڵ کۆمەڵەی زەحمتکێشان یان حیزبی کۆمۆنیست پەیوەندیت هەبێت.

 لە خاڵی ٩ بەشی یەکەمی ڕێکەوتنەکەشدا دەبین کە باسی ڕاگرتنی سەربەخۆی سیاسی دەکرێت و ئەوەش ئەو واتایی هەیە کە کۆمەڵەی شۆرشگێران دەتوانێت لەگەڵ حدک پەیوەندی هەبێت و بە هەمان شێوەش حدکا دەتوانێت لەگەڵ کۆمەڵەی زەحمتکێشان یان حیزبی کۆمۆنیست پەیوەندی هەبێت.


٨: ئەگەری ئەوە هەیە شێوە ڕێکەوتنێکیتر لە نێوان ئەو لایەنە سیاسیەنەیتری کوردستان ساز بێت؟

سەیر نییە بەڵام من پێم واییە ئەگەر بکرێت لایەنەکانیتر بۆ تاقی کردنەوەی حدکا و کۆمەڵەی شۆرشگێرانیش بێت جارێ هەول بدەن کە لەگەڵ ئەو ڕێکەوتنە بکەون.


(1): لاینگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە زۆربەی جاراندا لە قسەی ئاسایاندا بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێن "حیزب" من دەقی پرسیارەکانم نەگۆری لە هەر پرسیارێکدا "حیزب" نوسرا بێت ئەوە مەبەست حدکایە.

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1201
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy