هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

حدكا لە حدك نیگەرانە

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

nigarani_hdka_2ئەندامێكی دەفتەری سیاسی حدك: دوو ئەگەری لێك نزیكبوونەوە لە سەر كۆنگرەی حدكا وەستاوە

ئەندامێكی دەفتەری سیاسی حدكا: دانیشتنی مستەفا هیجری و خالید عەزیزی تەنها بەرێكەوت بوو

ئەندامێكی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) جەخت لە سەر ئەوە دەكاتەوە كە دانیشتنی سكرتێری هەردوو حزبی دیموكرات بە پێشنیاری فەرەنسا نەبووە، تەنها رێكەوتێك بووە، ئەندامێكی حزبی دیموكراتی كوردستانیش (حدك) باس لەوە دەكات، كە دوو ئەگەر هەیە بۆ لێكنزیكبوونەوە، ئەویش لەسەر كۆنگرەی حدكا وەستاوە، كە بەرەو كام ئاراستەی دەبات.

قادر وریا ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان، لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) باسی لەو بەرەوپێشچوونانە كرد، كە لەپەیوەندی نێوان حزبەكەیان و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران روویداوە، قادر ئەوەی روونكردەوە كە ناتوانێت ناوی هیچ لایەنێك بهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە هەندێك لایەنی دەرەوە و ناوەوە لەهەوڵی ئەوە دان، هەر دوو حزبی دیموكرات لەیەكتر نزیك بكەنەوە، قادر وریا لەلێدوانەكەیدا باسی فەرەنسای نەكردو گوتی “من ناوی هیچ لایەنێك ناهێنم، بەڵام لەنزیكەوە دەزانم كە هەندێك لەلایەنەكانی دەرەوە و ناوەوە، ئەوانەی خۆیان بە دۆستی حزبی دیموكرات دەزانن، پێیان خۆشە یەكتر بگرینەوە، بۆیە ئەوان لەهەوڵی ئەوەدان ئێمە لەیەكتر نزیك بكەینەوە”.

قادر هەرچەندە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە ناتوانێت هەندێك زانیاری ورد لەبارەی دانیشتنەكان بدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە ئیجابی سەیری دانیشتنەكانی دەكرد، ساڵانێك باسی یەكگرتنەوەی ئەو دوو حزبەی دیموكرات دەكرێت، چاودێرانی سیاسی پێیان وابوو، كە دانیشتنی هەردوو سكرتێر گرنگ دەبێت و دەبێتە سەرەتایەكی سەرەكی بۆ نزیكبوونەوەی ئەو دووحزبە، هەرچەندە ئەو كات دانیشتنی ئەو دوو سكرتێرە، كە خالیدی عەزیزی و مستەفا هیجرییە بەزەحمەت دەزانرا، بەڵام لەم مانگەدا دانیشتنی یەكەمیان ئەنجام داوە، قادر وریا لەلێدوانەكەیدا بۆ (سڤیل) باسی دانیشتنی ئەو دوو سكرتێرەی كردو گوتی “لەدانیشتنی یەكەم هەردوو لا لەسەر ئاستی سكرتێر یەكتریان بینیوەو دانیشتنەكەیان 7-8 رۆژ لەمەوبەر بوو، كە ئەم دانیشتنە زۆر گرنگ بوو، لەوێشەوە باس لەوەكراوە، كە دانیشتنی دیكە ئەنجام بدرێت”.

قادر نكۆڵی لەوە نەكرد، كە هەر دوو لا بەرنامەی ئەوەیان داناوە، بۆ ئەوەی دانیشتنەكانیان بەردەوام بێت، بۆیە گوتی “ئەو دانیشتنەی یەكەم، تەنها دانیشتن نابێت، بەڵكو بەرنامەی ئەوە هەیە، كە دانیشتنی دیكەیش ئەنجام بدرێت، كە لەئێستادا وردەكارییەكەی باس ناكەین”.

حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە نیازە لەو ماوەیەدا كۆنگرەی خۆیان ئەنجام بدەن، قادر بە دووری نەزانی كە بابەتی یەكگرتنەوەی هەردوو حزبی دیموكراتی كوردستان بابەتێكی سەرەكی كۆنگرە بێت، لەلێدوانەكەیدا ئەوەی روونكردەوە، كە دانیشتنی هەردوولا لەسەر كۆنگرە ناوەستێت و ئەوان بەر لەكۆنگرەش لەگەڵ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دادەنیشن، قادر وریا گوتی “ئێمە بەر لەكۆنگرەی ئەوانیش دانیشتن ئەنجام دەدەین، بەڵام بەدووری نازانم بەڵكو ئەگەری زۆر هەیە كە بابەتی یەكگرتنەوەی هەردوو دیموكرات بابەتی سەرەكی كۆنگرەكە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەكەم، ئەو كۆنگرەی ئەوان بەربەستەكان لەبەردەم یەكگرتنەوە نەهێڵێت، چونكە ئەوان ئێستا بیركردنەوەیان لەسەر ئێمە گۆڕاوە، ئەوان پێشتر ئامادە نەبوون دانیشتن لەگەڵ ئێمە بكەن، بەڵام ئێستا بۆچوونیان گۆڕاوە، كۆنگرەش ئەوە یەكلا دەكاتەوە كە گۆڕانكارییەكان بە چ ئاراستەیەك دەبێت”.

ئەو ئەندامەی حزبی دیموكراتی كوردستان ئەوەی روونكردەوە، كە دوو ئەگەر لەبەردەم هەردوو حزبەكە هەیە بۆ یەكگرتنەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە بەتەواوی ببنە یەك حزب، ئەویتریش ئەوەیە كە هاوپەیمان و لێك نزیك بن، قادر ئەگەری یەكەمی بە زەحمەت دەزانی و بۆیە لەلێدوانەكەیدا بۆ (سڤیل) گوتی “دوو ئەگەر هەیە، یەكەمیان زەحمەتە و كاركردنی دەوێت، كە ئەویش ئەوەیە بە تەواوی یەكتر بگرینەوە، بەڵام ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر كۆنگرە كە بەربەست نەهێڵێت”.

بەشێك لەچاودێرانی سیاسی پێشووتر باسی ئەوەیان كردبوو كە زامنی سەركەوتنی یەكگرتنەوەی هەردوو دیموكرات ئەوەیە كە سكرتێرە كۆنەكان نەمێنن، بەڵام قادر وریا ئەوەی رەتكردەوە باسێكی لەو شێوەیە لەنێوان هەردوو حزبەكە باسكرابێت. هەرچەندە پارساڵ هەر لەمانگی ئابدا باسی یەكگرتنەوەی حزبی دیموكرات كرا، بەڵام قادر پێی وایە ئەمساڵ جددیتر كار بۆ ئەوە بكرێت، بەتایبەتی ئەگەر رەچاوی بارودۆخی ناوچەكە بكرێت، قادر وریا گوتی “خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان زۆر حەز دەكەن، ئەو دوو لایەنە یەكتر بگرنەوە، چونكە لەخاڵی یەكەمدا دیموكرات پێگەی لەناو خەڵكی رۆژهەڵات بەهێزە، دواتریش خەڵك چاوی بە پارچەكانی كوردستان دەكەوێت دەزانێت لە رۆژئاوا و باكور كێشەی كورد بەرەو پێش دەچێت، جگە لەمەش رەنگە روخانی ئەسەد كاریگەری هەبێت بۆ لاوازبوونی ئێران، هەموو ئەمانە وادەكات كە یەكگرتنەوەی دیموكرات بە گرنگ بزانرێت”. لەكۆتایی لێدوانەكەشیدا قادر باسی لەهەڵوێستی دوو حزبە حوكمڕانەكەی هەرێمی كوردستان كردو گوتی “پارتی و یەكێتی دۆستی لەمێژینەی دیموكراتن، ئەوانیش پاڵپشتی یەكگرتنەوەی دیموكرات دەكەن”.

demokratakan_12لەبەرامبەر قسەكانی قادر وریا، وتەبێژی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، ئەوە رەتدەكاتەوە كە فەرەنسا یان هەر لایەنێكی دیكە هەوڵی نزیكبوونەوەی ئەو دوو حزبەی دابێت، حەسەن شەرەفی ئەندامی دەفتەری سیاسی و وتەبێژی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) گوتی “فەرەنسای چی، ئەو دانیشتنەی كە باس دەكرێت، تەنها رێكەوت بووە، هیچ بەرنامەی بۆ دانەنراوە، كاك مستەفا كاك خالیدی لەشوێنێك بەڕێكەوت بینیوە، هەرئەوەندە بووە، باسی ئەوەش كراوە كە بیر لەیەكگرتنەوە بكرێتەوە”.

شەرەفی ئەو هەوڵەی بەدەستپێشخەری خۆیان لەقەڵەم داو گوتی “ئەوە دەستپێشخەری ئێمەیە كە جارێكی دیكە دانیشتن ئەنجام بدەین، هەرچەندە دەستپێشخەرییەكانی دیكەمان سەركەوتوو نەبووە، بەڵام ئەم جارە كردمان، بە ئومێدی ئەوەی ئەنجامی باشی هەبێت، ئەوان وەڵامیان داوەتەوە، كە دوو خاڵە، یەكەم ئەوەیە خۆشحاڵی خۆیان بەدەستپێشخەریەكە دەربڕیوە، دووەمیش ئەوەیە كە لەوە دەچێت مەرجیان هەبێت، كە هیوادارم وانەبێت”.

وتەبێژی حدكا باسی لەو دوو ئەگەرەكرد، كە پێشتر قادر وریا باسی كرد، حەسەن شەرەفی گوتی “من بۆچوونم ئەوەیە كە لەوە دەچێت ئەوان تەنها مەبەستیان نزیكبوونەوە بێت، نەوەك یەكڕیزی و یەكگرتنەوە، بەبڕوای ئێمەش نزیكبوونەوە دانیشتن و گفتوگۆی ناوێت”. لەكۆتایی قسەكانیشدا باسی لەوەكرد، كە ئەوان لەدوا پلینۆمی خۆیاندا بڕوایان بەوە هەبووە، كە دەستپێشخەرییەكی دیكە بۆ یەكڕیزی بكەنەوە”.

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1735
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy