رەوتی دەستبەسەركردنو گرتنو زیندانیكردنی جودابیرانو ئازادیخوازانی وڵاتەكەمان بە گشتیو بە تایبەتی سەركوتو كوشتوبڕی خەڵكی بێتاوانی كوردو راوەدوونانی چالاكانی سیاسیو سڤیلو كپكردنی هەر جۆرە دەنگێكی ئازادو سەربەخۆ لە كوردستاندا لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەتیو سەركوتكەرەكانی رێژیمی ئازادیكوژی كۆماری ئیسلامی، وەك سیاسەتو ئامانجی بنەڕەتی ئەو رێژیمە بە مێتۆدگەلێكی جۆراوجۆر هەروا درێژەی هەیە. رێژیمی ئاخوندی بە تایبەتی دوای ڕاپەرینو سەرهەڵدانی گەلانی ئازادیخوازی ناوچەكەو رووخانی یەك لە دوای یەكی كۆشكی دیكتاتۆرەكانو بە ئاكامگەیشتنی ئیرادەی مافخوازانەی خەڵكی زۆڵملێكراوی ئەو وڵاتانە، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییە كە كۆمەڵگای زۆڵملێكراوو تینووی ئازادی لە ئێراندا، لە هەر دەرفەتێك بۆ دەربڕینی هەستی ناڕەزایەتیی خۆیان بە دژی ئەو رێژیمە كەڵك وەردەگرن، كەشوهەوایەكی تەواو پۆلیسیو ئەمنییەتی بە سەر وڵاتو بە تایبەتی نەتەوە بندەستەكاندا پراكتیزە كردووە.
بە چەشنێك كە، بە پێی ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری كوردپا، تەنیا لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا، لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران 78 هاووڵاتی كورد، لە لایەن هێزە نیزامیو ئەمنیەتییەكانی رێژیم، بە تاوانی وەك چالاكیی سیاسی، فەرهەنگیو مافی مرۆڤ دەستبەسەر كراون. لە ماوەی زیاتر لە سەد رۆژی ڕابردوودا دەزگای قەزایی رێژیم، نزیك بە 270 ساڵ زیندانى لە ژێر ناوی «پرسی ئەمنییەتی» بە سەر زیاتر لە 50 هاوڵاتی كورددا سەپاندووە. سەپاندنی حوكمی ئێعدام بە سەر بەشێك لە زیندانییانی سیاسیو شەپۆلی ئێعدامەكانی ئەمدواییانە لە زیندانەكانی رێژیم بە بیانووگەلی ئەمنییەتی، ئەشكەنجەكردنو دۆخی نالەباری زیندانییانی سیاسی، پێنەدانی مۆرەخەسی، قەدەغەكردنی چاوپێكەوتن لەگەڵ ئازیزانو بنەماڵەكانیان، رەفتاری نابەجێی مەئموورانی زیندان لە هەمبەر بەندییەكانداو بە تایبەتی مانگرتنی ئەم دواییەی باوكی مافی مرۆڤی كوردستانو هێمای خۆراگری نێو سیاچاڵەكانی رێژیم، محەممەد سدیق كەبوودوەند، جارێكی دیكە نیگەرانیو ناڕەزایەتیی بیروڕای گشتی جیهانی لێكەوتەوە.
كۆمەڵگای نێونەتەوەییو سەرجەم ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، وێرای مەحكوومكردنی كردەوە دژی مرۆییەكانی رێژیمو بە تایبەتی دۆخی دژوارو ویژدانهەژێنی زیندانییانی سیاسی لە ئێراندا، خوازیاری ئازادی سەرجەم زیندانییانی سیاسیو بە تایبەتی ئازادكردنی كەبوودوەند، سەمبۆلو هێمای خۆڕاگریی نێو بەندیخانەكانی كۆماری ئیسلامی بوون.
بێگۆمان رێژیمی دیكتاتۆرو مرۆڤكوژی كۆماری ئیسلامی، بە درێژەدانی سیاسەتی سەركوتو گرتنو كوشتنی ئازادیخوازانی وڵاتەكەمان، دەیهەوێ كەشوهەوایەكی ترسو تۆقاندن لە نێو كۆمەڵگادا درووست بكاتو بەو شێوەیە پێش بە ئیرادەی مافخوازانەی گەلانی ئێران بگرێتو بە خەیاڵی خۆی، پریشكی سەرهەڵدانەكانی ناوچە كە رۆژێك بەرۆكی ئەوانیش دەگرێت، لە خۆیان دوور بگرن. بەڵام بە خۆشییەوە، خەڵكی زوڵملێكراوو ئازادیخوازی وڵاتەكەمان، لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیە لە بەردەوامی سیاسەتی سەركوتو كوشتاری ئەو رێژیمەدا، سەلماندوویانە كە ئەوان بە خۆڕاگریو ئیرادەی بەرزو خەباتی بەردەوامی خۆیان، تا گەیشتن بە ئازادیو رووخانی كۆماری ئیسلامیو هێنانەسەركاری حكوومەتێكی گەلیو دێموكراتیك تێدەكوشن.

