هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

به‌ڕێز شه‌ریف بێهرووز نوێنه‌ری‌ حیزب له‌ ئامریكا، وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌كانی‌ دایه‌وه‌

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

sharif_behruz_wlamakan_5پێشەکی پێویستە سپاسی ماڵپەڕی "هەڵۆی کوردستان" بکەم کە ئەو هەلەی رەخساند لە نزیکەوە لە گەڵ خوێنەران و ئۆگران ئالوگۆڕی بیروڕا بکەین. سپاسی ئەو بەڕێزانەش دەکەم کە زەحمەتیان کێشاوە و پرسیارەکانیان ئارستە کردووە.

حەول دەدەم بە تێروتەسەلی وڵامی ئەم پرسیارانە بدەمەوە و ئەگەر هەر کام لە ئێوە ولامەکانتان بەلاوە کەم بوو دەتوانن راستەوخۆ لە رێگای کاناڵەکانی پێوەندی ژێرەوە پێوەندیم لە گەڵ بکەن. خوێنەرانی تریش کە تا بە ئێرە دەرفەتیان نەبوو پرسیار و تێبینی و بۆچوونەکانیان بنێرن دەتوان پێوەندی بکەن.

ئیمێل: ئەم پۆستە ئەلیکترۆنیە لەلایەن ئامێرئ سپامەوەیە. جاڤاسکریپت دەبێت چلاک بکەی بۆ بینینی, you need JavaScript enabled to view it

فەیس بووک: http://www.facebook.com/sharifbehruz

تویتر: http://www.twitter.com/sharif_behruz

بلاگ: www.sharifbehruz.com

یەکەم پرسیاری ئارستەکراو لە لایەن خوێنەرێک بە نێوی "ئارمان" لە سەر حیساباتی ئەمریکا بۆ کورد و حیزبە لە سیاسەتی رۆژانەیاندا. سەرەتا دەبێ ئەوە بوترێ کە بەداخەوە ئێستاشی لە گەڵ بێ ئەمریکا سیاسەتێکی روون و ئاشکرای بە نیسبەت کورد وەک نەتەوە نییە و سیاسەتی ئەمریکا بە نیسبەت کورد لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەم وڵاتە بە نیسبەت ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە سەیر دەکرێ. تا ئەوە جێگایەی بۆ ئێران دەگەڕێتەوە، هەروەک روونە ئەمریکا پێوەندی دیپڵۆماسی لە گەڵ ئێران نییە و سیاسەتی گۆڕینی رژێم لە ماوەی تەمەنی ئەم رژێمەدا نزیک بە هەموو سیاسەتی ئەمریکا بە نیسبەت ئەم رژێمە بووە، بەڵام مخابن ئەمریکا کەمتر و بگرە هیچ کاتیش ئەو سیاسەتەی نەخستۆتە قۆناغی پراکتیکەوە کە بە کردەوە لە هەولی گۆڕینی ئەم رژێمەدا بێ. تەنانەت ئەو کاتی کە ئوپوزسیونی دژی رژێمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو و لە نێوانیاندا حیزبی دێموکرات بۆ هێنانە ئارای ئازادی و دێموکراسی خەباتیان دەکرد ئەمریکا و رۆژئاوا ئاوڕیان وێیان نەدان و رۆژئاوا لە فکری پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ئێران و ناوجەدا بووە و رژێم توانی بە سیاسەتی توندوتیژ و سەرکوت و زەبروزەنگ دەسەڵاتی شومی خۆی بەسەر ئێراندا بەسەپێنێ. دیارە ئەوەش زیاد بکرێ کە سیاسەتی هەناردنە کردنی شۆڕش و وەمەترسی خستنی بەرژوەندییەکان رۆژئاوا لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران وای لە رۆژئاوا، ئەمریکاشی لە گەڵ بێ، کە خۆ لە ئێران نەدەن و پێوەندی لە گەل ئوپوزسیونی ئەم رژێمە بۆ گۆڕینی رژێم لە ئێران دانەمەزرێنن.

ئێستا بە جۆرێک کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کەوتۆتە سەروکەلە لێدان لە گەڵ ئێران - بە تایبەتی لە سەر بەرنامەی ناوەکی - کە پێوەندی دامەزرانی ئاشکرا و یارمەتی دانی ئوپوزسیونی دژی رژێم لە لایەن رژێمە وەک بڤە چاوی لێدەکرێ و رەوتەکانی تری دانوستاندنەکان و بەرژوەندییەکانیان دەخاتە مەترسییەوە.

sharif_behruz_wlamakan_2سیاسەتی ئەمریکا بە نیسبەت ئوپوزسیون لە زیاتر لە سێ دەیە بە نیسبەت ئێران لەو چوارچێوەدا خوولاوەتەوە و وێناچی بەم زووانە ئالوگۆڕی بەسەردا بێت. بەڵام ئەمریکا وەک زلهێزێک و زۆری وڵاتی بەرژوەندیخوازی تر ناچارە لە گەڵ رەوتی رووداوەکان خۆ رێک بخات و هەردەم خۆشی بۆ ئەو ئەگەرانە ئامادە دەکات کە لە ئەگەری هاتنە کایەی دۆخی نوێ سوکانەکەی لە دەست دەرنەچێ و خۆی لەو هێزانە نزیک بێڵێتەوە کە پێگەی خەڵکیان هەیە و دوایین قسە لە پانتای رووداوەکاندا دەکەن.

 

بەڕێزێکی تر بە نێوی "هەورامان" چەند پرسیارێکی ئاراستە کردبوو کە ئەو بەشەی پێوەندی بە ئێمەوە هەیە لە سەر پێوەندی حیزب و ئەمریکایە. پێوەندی ئەمریکا وەک زۆربەی وڵاتانی تر لە گەڵ لایەنەکان لە رێگای وڵاتەکانەوە و دامودەزگاکانی ئەمریکا لەو وڵاتانەیە. وەک ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وڵاتەکان لەسەریانە کە لە رێگا و کاناڵی مەشروع پێوەندی خۆیان لە گەڵ لایەنەکان دامەزرێنن. ئەمریکا هیچ پێوەندییەکی لە گەڵ ئێران و رژێمەکەی نییە کە دامودەزگای وەک بالیوزی و کونسولی هەبێ کە لە گەل لایەنەکان و یەکێک لەوان حیزبی دێموکرات پێوەندی دروست بکات، بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە کە لە وەرگرتن و چاوپێکەوتن و ئالوگۆڕی بیروڕا خۆ ببوێرن، بەڵام حەول دەدەن پێوەندییەکانیان زۆر سنووردار بێ و تا ئەو جێگایەی بکرێش نهێنی بێ و حاڵەتی فەڕمی پەیدا نەکات کە بە زەرەریان بشکێتەوە. هەروەک لە وڵامی پرسیاری هەوەڵدا ئاماژەم پێکرد بەداخەوە ئەمریکا لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی سیاسەتی گۆڕانی رژێم لە ئێران هەوڵی جیدی نەداوە کە یارمەتی ئوپوزسیون بەهێز و دێموکرات و لەمەیدانی دژ بە رژێمی ئێران بدات کە ئەم سیاسەتە بە ئاکام بگات بەڵام هیچ کاتیش پێشی بە حەولی ئوپوزسیونی بۆ نزیک بوونە لە ئەمریکا نەگرتووە و ئەو گەراوەتە سەر توانایی و ئیمکاناتی ئەم لایەنانە کە چەندە حەولی دامەزراندنی پێوەندییان داوە. بەخۆشێوە حیزبی دێموکرات لە سەرەتای نەوەدەکانەوە نوێنەرایەتی لە ئەمریکا هەبووە و ئەو پێوەندییانە نەپچراوانە لە گەڵ دامودەزگا پێوەندیدارەکان بەردەوام بووە. بە حوکمی ئەوەی کە رێبەرایەتی و بنکە و بارەگاکانی حیزب لە کوردستانی عێراقە، ئەمریکا لە رادەی بەڕێوەبەڕایەتی کۆنسول لەم بەشە بۆ یەکەم جار بە فەڕمی سەردانی رێبەرایەتی حیزبی لە چەند مانگی رابردوودا کرد و ئەم پێوەندییانەش هەربەردەوامن و ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا ئۆگری دامەرزاندنی پێوەندی لە گەڵ سەرەکیترین لایەنی کوردی رۆژهەڵاتە بەڵام بە شکلێک کە زەربە لە بەرژوەندییەکانی تری و رێڕەوە سیاسیەکانی تری نەدات.

لە سەر دەنگی ئەمریکا، پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە ئێمە هیچ پێوەندییەکمان بەم دەزگا میدیایەوە نییە و بەڕێوەبەرانی ئەم میدیایە بۆخۆیان سیاسەتی کاری میدیایی خۆیان دیاری دەکەن، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە دەنگی ئەمریکا راستە کە تێچووکەی لە لایەن خەزێنەی گشتی دەوڵەتی ئەمریکاوە جێبەجێ دەبێت بەڵام وەک زۆر میدیا و راگەیاندنی تر کە دەوڵەتی ئەمریکا بەخێویان دەکات نایهەوێ ئەو وابەستە بوونە بە حیسێبی سەربەخۆیی و پرۆفیشینال بوونی ئەم میدیایە تەواو بێ و لە راستیدا ئەوە بە قازانجی دەنگی ئەمریکاش نییە وەک میدیایەک کە بیهەوێ کاریگەری لە سەر بیروڕای گشتی هەبێ. لە کاری راگەیاندندا بێ لایەن بوون یەکێک لە کۆڵەکە هەرە ئەساییەکانی میدیایەکی کاریگەرە و لەوانەیە دەرکەوتنی بیرورای نزیک لە رژێمیش لەم میدیایەدا هەر لە چوارچێوەی ئەم ئەسلەدا بێ.

 

خوێنەرێکی تر بە نێوی "هەورامان" لە سەر نەبوونی تلویزونێکی کوردی لە ئەمریکا پرسیاری کردووە کە تا ئەو جێگایەی من ئاگادارم تلویزیون سەرچاوەی ماڵی بەهێزی دەوێ کە یان دەبێ لە لایەن دەوڵەتێک یان رێکخراوێک یان کەسێک دابین بکرێ یان شیرکەتەکان لە پشتی بن کە بە رێکلام دابینی خرجەکەی بکەن کە بەداخەوە بە ناسینی دۆخی ئێستای کوردەکان لە ئەمریکا ئەم شتە بۆ کورد لە داهاتووی زۆر نزیکدا لە ئەمریکا بە دوو دەزانم.

کاک "عوسمان" پرسیارێکی لەمەر ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کردبوو کە کەموزۆر لێرەولەوێ جاروبار باسی لیدەکرێ. دیارە ئەگەر بێتو ئەمریکا هێڕش بکاتە سەر ئێران ئەو یەکەم و جار و ئاخیر جاریش نابێت ئەمریکا کێشەی خۆی لە گەڵ وڵاتەکانی دژبەری بە ریگای نیزامی حەل کردبێت بەڵکوو دەگەرێتەوە بۆ ئەوە کە بژاردەی نیزامی تەنیا بژاردەی بەردەم ئەمریکا بەلەبەرچاوگرتنی بەرژوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران و ناوچەدا دەبێ. زۆر فاکتەر هەن کە ئەمریکا دەگەیەنێتە ئەم قەناعەتە کە بژاردەی نیزامی تەنیا رێگایە: بو وێنە دەتوانیم بڵێم کە گۆرانە خێرا و چاوەڕواننەکراوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست هەم هومێدبەخشە کە شەپۆڵی رووخانی تەختی دیکتاتۆرەکان و گۆڕانەکان ئێرانیش بگرێتەوە و حکوومەتێکی خەڵکی بێتە سەر کار کە هەم رێز لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی خۆی بگرێ و هەمیش لە گەل دراوسیەکان و کۆمەڵگایی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی مرۆڤانە و ئاشتیخوازنە هەڵسووکەوت بکات. لە لایەکی تریشەوە جێگای نیگەرانییە کە ئێران لە پرۆسەی ئەم ئالوگۆرانە بە تەمای ماسی گرتن لە ئاوی لێڵدا بێ. من سەرەرای ئەوەکە بڕوام بە ئیرادەی خەڵکی ئێران بۆ وەلانانی ئەم رژێمەیە بەڵام هاوکات لە ئەگەری دووهەم زۆر نیگەرانم و وڵاتانی زلهێز و بەرژوەندیخوازی وەک ئەمریکاش لەم ئەگەری کەڵکوەرگرتنی خەراپی ئێران لەم ئالوگۆڕانە نیگەرانن و پێیان وایە کە ئەم ئالوگۆڕانە بە نەمانی رژێمی سەڕەڕۆ و تیرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی ئێران سالمتر و سەرکەوتووتر دەچنە پێش و پرۆسەی دژواری ئازادکردنی سوریا لە چەنگی بەشار ئەسەد و رژێمەکەی وێنەی هەرە بەرچاوەی ئەم تەنگ و چەڵەمانەیە کە رژێمی ئێڕان بۆ ئەم پرۆسەیەی دروست کردووە.

 

پرسیاری تر لە لایەن خوێندکارێکی زانکۆی تارانەوە ئارستە کراوە و کەم و زۆر هاووێنەی پرسیارەکانی پێشوویە بەو جیاوازییە کە لە سەر هاوڕێیانی جیابووەی پێشوو و جێگە و پێگەیان لە ناوەندەکانی دەسەڵاتی ئەمریکا پرسیاری کردووە. لە سەر پێوەندی ئەوان لە گەڵ ئەمریکاییەکان باشترە لە دمراستەکانی ئەم کۆمەڵە لە هاوڕێیانی پێشوومان پرسیار بکرێ بەڵام ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە وڵاتانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و یەک لەوان ئەمریکا خوازیاری یەکگرتووی و یەکریزی ئوپوزسیونن بە دژی رژێم و ئەگەرچی بە کردەوە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاویان هەڵنەهێناوەتەوە.

لەو پێوەندییانەی ئێمە لە گەڵ ئەمریکاییەکان هەمانبووە هەم لە کوردستان و هەم لە دەرەوە - و لە ئاستێکی بەرامبەر و باشیش دابووە – بەردەوام گلەیی لە پەرشوبلاوی ئوپوزسیونی دژ بە رژێم دەکەن و لەراستیدا ئەم پەرشووبڵاوییە تا رادەیەکی زۆریش لە گورجوگوڕییان بە نیسبەت رژێم کەم دەکاتەوە. مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ رژێمیکی دژەخەڵکی نەیتوانیوە هەتا سەر لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و رژێمی کۆماری ئیسلامیش درەنگ یان زوو گیرۆدەی هەمان چارەنووس دەبێ کە دیکتاتۆرەکانی ناوچە تووشی هاتوون، و ئەمریکا و رۆژئاوا باش لەوە ئاگادارن، بۆیە بۆ ئەمریکا پاراستن و پەرەپێدانی پێوەندییەکان لە گەڵ لایەنەکانی کە پێگەی خەڵکیان هەیە زۆر گرینگە، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبێ پێیان بسەلمێنین کە حیزبی دێموکرات هێزێکی دانەبڕاو لە ئوپوزسیونی سەرتاسەری و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە داهاتووی گۆڕانەکان لە ناوچەدا رۆڵی گرینگ دەگێڕێ.

بەڕێز "چلچەمە" لە سەر لۆبی رژێم لە ئەمریکا پرسیاری کردووە کە بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە گەلێک لایەنی ئەم دیاردەیە بکەم لەم وڵامەدا: پێشەکی ئەوە کە رژێمی ئێران مافی دامەزرانی هیچ بنکە و دامودەزگایەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کە راستەوخۆ سەر بە رژێم بێ - بێجگە لە بنکەی نوینەرایەتی رژێم لە مەقەڕی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویورک – لە ئەمریکا نییە. بەڵام رژێم هەردەم لە حەولی کاریگەریدانان لە سیاسەتی رۆژانەی ئەمریکا بە نیسبەت ئێرانەوە بووە لە رێگای ناراستەوخۆ.

سیاسەتی ئەساسی ئەو لایەنانەی کە لۆبی لە ئەمریکا دەکەن کە وێدەچن لە ئێران نزیک بن زیاتر ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانی ئەمریکا لە گەڵ رژێمی ئێرانە کە لە لایەک زیاتر وێدەچێ شیرکەت و کۆمپانیا گەلێکی بازرگانی نەوت و هتد... ئەمریکایی و ئێرانیان لە پشت بێ کە لەم ئاساییبوونەوەی پێوەندییەکاندا قازانج دەبینن. بەشێکی تر ئەم لایەنانە کە ناراستەوخۆ دەچنە خانەی لایەنگرانی رژێم، خوازیاری ئالوگۆر بەسەرداهاتن بە سەر هاوسەنگی دەسەڵات لە بەینی نەتەوەکان لە ئێراندا نینە و وەک هەمیشە دەیانهەوێ کە فارسەکان بالادەست بمێننەوە و بە بێ ئەوەی کە ناوەند لاواز بێ تۆزێک لە گەڵ فۆرمە رەواڵەتییەکانی دیموکراسی خۆیان هاوتەریب بکەن کە هەم زۆرینەی خەڵکی ئێران بێدەنگ بکەن و هەمیش دونیای دەرەوە و لە سەرەوەی هەمووان ئەمریکای پێ رازی بکەن بەڵام ئێران یەک زمان و یەک نەتەوە وەک خۆی ئێستا بمێنێتەوە.

ئەوان رایان وایە کە هەر ئالوگۆڕێکی رادیکال لە چەشنی عێراق و لیبی و وردە وردە سوریاش هاوسەنگی دەسەڵات تێکدەدات و بگرە یەکگرتووی وڵاتیش دەخاتە مەترسییەوە و بۆیە پێیان باشە کە ئەمریکا کێشەی خۆی لە گەل ئەم رژێمە کۆتایی پێبێنێ و لە ئەگەڕی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا و رژێمی ئێران کەم کەنەوە. دەتوانین بڵێن یەکێک لە لایەنە هەرە بەرچاوەکانی سیاسەتی ئەم کۆمەڵە خەڵکە زەق کردنەوەی کاردانەوە زیانبارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئێران و ئەمریکا و گۆڕینی رژێم لە ناوەندە کە بەداخەوە بە هۆی دەسترۆیشتووی بەربلاوی ماڵی و پشتیوانی ناراستەوخۆی رژێمی ئێرانیش دەنگیان بە زۆر شوێنیش دەگات.

بە پێی ئەو بەڵگانەی لە دادگادا دەرکەوتوون ئەو پێوەندییانەی کە ئەم لایەنانەی لۆبی وەک "نایاک" و سەرۆکەکەی "تریتا پارسی" لە گەڵ کاربەدەستانی ئێران بە تایبەتی نوێنەرایەتی رژێم لە نیویورک لە مەقەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیانبووە زیاتر بۆ ئالوگۆڕ بەسەرداهێنان بە سیاسەتی رژێم بە نیسبەتی ئەمریکا بووە کە هەولەکانیان لەهەمبەرە لێک نزیککردنەوەی ئێران و ئەمریکا پووچەڵ نەکاتەوە و هاوکات هەل بۆ دانیشتنی کەسایەتییەکان و بالەکانی جیاجیای دەسەڵاتی دوو لایەن برەخسێنێ کە تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.

پێشتر ئەم لایەنانە بە دەگمەن باسی پێشێلکرانی مافی مرۆڤیان لە ئێران دەکرد بەڵام پاش رەخنە و گازەندی زۆر و هاتنە ئارای شک و گومان لە سەر پێوەستبوونیان بە رژێم و بە تایبەتی پاش ئالۆزییەکانی چەند ساڵ لەمەوە پێش وردە وردە لە ئەدەبیاتیاندا باسیان لە پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا کرد.

تایبەتمەندێکی تری ئەو گروپانەی گوشار و لە نێویاندا "نایاک" ئەوەیە کە بە دەگمەن باس لە کێشەی نەتەوایەتی لە ئێراندا دەکەن و بە گوێرەی بەڵگەکان و شایەتحاڵەکان لە هێنانی نێوی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران بە تەواوەتی خۆ دەبوێرن. زێدە لەوە بە توندی هێرش بۆ سەر ئەو لایەن و کەسایەتییە ئەمریکایانە دەکەن کە باس لە بوونی نەتەوەکان لە ئێراندا دەکەن و داکۆکی لە مافی نەتەوایەتی لە ئێراندا دەکەن. بۆ وینە چەند ساڵ لەمەوە بەر ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرەانی ئەمریکا لە وتارێکدا باسی لەوە کرد کە ئێران تەنیا فارس نییە و دەبێ حیسابی جیا بۆ نەتەوەکانی تریش بکرێتەوە کە لە ئاکامدا کەوتە بە هێرشی بەربڵاوی ئەم گروپانە کە ناوبراو دەیهەوێ ئێران پارچە پارچە بکات.

 

لە شاری ئیسفەهان پێوەندی گیراوە و پرسیارێک لە سەر بەشێ فارسی دەنگی ئەمریکا کراوە کە گۆیا هێندێک کەس دەرکراون کە سەر بە بزوتنەوەی سەوز بووبن.

لە پرسیاری پێشوودا تا رادەیەک باسی دەنگی ئەمریکا کرا بەڵام پێویستە بوترێ کەدەنگی ئەمریکا لە سەرەتایی دامەزرانییەوە تا ئێستا ئالوگؤڕێکی ئەوتۆی بە شێوەی کار و بەڕێوەبەرایەتیاندا نەهاتووە. لە راستیدا ئەوە سیستمەی دەنگی ئەمریکای پێ بەڕێوە دەچی هەمان سیاسەتی سەردەمی شەڕی ساردە کە بەردەوام جێگای مناقشە و کێشەی لایەنەکانی ئەمریکایی کە ئەم میدیایە دەبێ ئالوگۆڕی بەسەردا بێ.

سەرەتا سەردەمی میدیای دەوڵەتی و زمانحاڵی دەسەڵات لە رۆژئاوا کاتی بەسەر چووە و دەنگی ئەمریکاش کە راستەوخۆو ناراستەوخۆ لە لایەن دەولەتەوە ئیدارە دەکرێ وەک پرۆپاگاندەیەکی دەوڵەتی سەیری دەکرێ، بە تایبەتی بەشێ زمانەکان، فارسیشی لە گەڵ بێ، وەک مووچەگری دەوڵەتی ئەمریکا لە لایەن مخاتەبانییەوە سەیریان دەکرێ و کەمتر سقە بە قسەکانیان و بەرنامەکانیان دەکەن. ئەوە لە حاڵێکدا لە نیوخۆی ئەمریکا ئێمە میدیای دەوڵەتیمان نییە بەڵام میدیایەکی گشتی هەمە لایەنە هەیە کە داهاتەکەی لە خزێنەی گشتی وڵاتەوە دابین دەکرێ کە زیاتر لە سەر بواری زانیاری و پەروەردە و فێرکردن کار دەکات.

بەشی فارسی و بگرە بەشەکانی تریش بە هەمان گرفت دەناڵێن و بە کۆمەلێک گرفتی ترەوە کە تایبەت بە کەلتوور و شێوەی کارکردن لە بەشانەن. بە پێی ئامارەکان زۆربەی ئەوانەی لە بەشی فارسی کار دەکەن لە بواری میدیاو راگەیاندنەوە شارەزاییان نییە و گۆترەواری و بێ پێی ناسراوی و گەرایشی سیاسی و هتد... واریدی ئەم دەزگایە بوونە کە ئیتر پاش ماوەیەکی دورودرێژە دامەزران و کارکردن دەرکردنیان یان ئالوگۆڕیان مومکین نییە یان زۆر دژوارە.

بەرپرسانی بەشێ فارسی دەنگی ئەمریکا کەمتر شارەزاییان بەم کەلتوورە لە کارکردن هەبووە و کێشەکانی نێو ئەم دەزگایەیان بۆ چارەسەر نەبووە و ئەو بەرپرسانەی کە بەرەگەز فارس بوونە زیاتر لە حەولی پاکتاوی تاکی بوونە و دژبەرانی خۆیان لە پانتا وەلاناوە و ئەم دەرکردنانەی ئەم دواییانە زیاتر پێوەندی بە رەکەبەرایەتی تاکییەوە هەبووە تا ئەنگیزەی سیاسی.

 

sharif_behruz_wlamakan_3بەڕێز "شڤان" لە سەر رابردووی خۆم هێندێک پرسیاری کردووە کە سەرەتا بەوە دەست پێبکەم کە من لەدایکبوو لە بنەماڵەیەکی حیزبی و خەباتکار بوومە. هەمووی تەمەنی منداڵیم و مێرمنداڵیم لە جەنگەی خەبات و بەرخودان و دووری لە باوک – کە پێشمەرگە بوو- و بنەماڵە بووە. بەڵام ئاشنابوونی من لە گەڵ حیزبی دێموکرات و پیویست بوونی من بە ریزەکانی ئەم حیزبەوە لە نێوراستەکانی نەوەدەوە دەگەرێتەوە کە رەسمەن لە ساڵی ١٩٩٥ بووم بە ئەندامی حیزب و پاش چەند ساڵ ئەندام بوونم بە ئەندامی کومیتەی شار و پاشان وڵات.

پاش نیشتەجێ بوونمان لە کانەدا لە ساڵی ١٩٩٤ دا دەستم بە خوێندی زمان و پێش زانکۆ کرد و لە ساڵی ١٩٩٧ لە زانکۆی شاری لەندەن لە بواری زانستە سیاسییەکان وەرگیرام و لە ساڵی ٢٠٠١ بەکلوریای بەرزی زانستە سیاسییەکانم وەرگرت. لە ساڵی ٢٠٠٣ بە فەڕمی پێوەندییەکانی حیزبم لە کانەدا پێ سپێردرا و لە ساڵی ٢٠٠٧ وەک نوێنەری حیزب لە ئەمریکا دیاری کرام.

وەک نەتەوەیەکی زوڵم لێکراو بەداخەوە ئەو هەلەمان بۆ نەرەخساوە کە لە بەرزترین زانکۆکانی جیهان فێری کاری دیپڵۆماسی بین بەڵام ئۆگری بە وڵات و دڵسۆزی بۆ نەتەوە هانی داوین کە لە کەمترین کەرەسەکان کەڵک وەرگرین کە زیاترین خزمەت بە گەلەکەمان بکەین. بەخۆشیوە لە سێبەری زەحمەت وماندوویی رێبەرانی مەزن وەک قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی و هەزاران خۆبەختکردووی ئەم رێبازە، حیزبی دێموکرات ئەمرۆ قوتابخانەیەکە کە تێدا وانەی نیشتمانپەروەری، راستگۆیی، شۆڕشگێڕی و رێکخراوەیی، دیپڵۆماسی و هتد...دەوترێتەوە و کادرەکانی لێ فێردەبن.

sharif_behruz_wlamakan_1نوێنەرانی حیزب ووتەبێژ و موبەلیغی سیاسەتی حیزب و سەفیری حیزب لە وڵاتەکانن و بە پێی عورفی دیپڵۆماسی سەفیری وڵاتەکانیش هەر لە لایەن دەسەڵات و دەوڵەتەوە دیاری دەکرێن. لە حیزبێکی سیاسی وەک حیزبی دێموکرات دەفتەری سیاسی و سکرتێر بەشی بەڕێوەبەڕی حیزبن کە بەرپرسایەتی راپەراندنی کاری حیزیان لە سەر شانە و دیاریکردنی نوینەرانی حیزب لە وڵاتەکان لە لایەن ئەم بەشەوە بە هەماهەنگی ئۆرگانەکانی پێوەندیدار تا بە ئەمڕۆ مکانیزمێکی گونجاو و دروستە.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەو تەنگ و چەڵەمانەی کە حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی سیاسی دوور لە وڵات و لە تارواگە لەباری مادی و مەعنەوی لە گەڵ بەڕەوڕوویە و لە هەمووی گرینگتر بە دژ رژێمێکی سەڕەڕۆ وەک کۆماری ئیسلامی خەبات دەکات کە بو خوێنی سەری حیزب و نەتەوەکەت تونییە و بە بەراوەرد لە گەڵ باقی هێزەکانی سیاسی کوردستانی و ئێرانی ئاستی کاری دیپڵۆماسی حیزب گەلێک بەرزە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە کاری دیپڵۆماسی حیزب بێ عەیب و عارە و مەجالی بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر نەماوە.

 

لە وڵامی خوێنەرێک بە نێوی "کاوان" تەنیا ئاماژە بەوە دەکەم کە حیزبی دێموکرات شانازی بەوە دەکات کە بەربلاوترین دۆستایەتی لە گەڵ لایەنەکانی کوردی هەبووە و ئەو دۆستایەتیش لە باوەڕی قووڵی حیزب و تەک تەکی ئەندامان و کادرو پێشمەرگەکانی سەرچاوە دەگرێ کە هێزەکانی کورد دەبێ لە گەڵ یەک تەبا بن. سیاسەتی ئێمە لە ئەمریکا بۆ پیوەندیدانان لە گەڵ لایەنە سیاسیەکانی کوردی درێژەی هەمان سیاسەت و رێبازە و بە کردووە سەڵماندوومانە کە زۆر جار بۆ لابردنی هێندێک کەند و کۆسپ لە سەر رێگای هاوکاری لایەنەکان لە گەلێک بەرژوەندی حیزبی چاوپۆشیمان کردووە کە زۆر جار ناچار نەبووینە یان هەر پێویست نەبووە بەڵام بە قازانجی گەلەکەمان زانیوە. بە گشتی ئەوە سیاسەتی حیزب بووە بەڵام ئەگەر لایەنێک کارێکی کردبێ، هەڵوێستێکی گرتبێ، بو وێنە بێ رێزی بە رێبەران و سەرۆکە کوردییەکانی کردبێ، کە لە گەڵ تووڕەیی بەربڵاوی خەڵک، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی لە ئەمریکاشی لە گەڵ بێت، بەڕەوروو بووبێت ئەوە نەک هیچ زەرەر و زیان بە پێوەندی دۆستانەی حیزب لە گەڵ لایەنەکان نەگەیاندووە بگرە پتەوتری کردووە و ناحەزان و نەیارانی گەلەکەمانی شەرمەندە کردووە.

 

------------------------------------------------

تێبینیی "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"

بۆ بینینی‌ لاپه‌ڕه‌ی‌ پرسیاره‌كانی‌ پێوه‌ندیدار "ئێره" كلیك بكه.

به‌ناوی‌ ماڵپه‌ڕی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"ـه‌وه‌ زۆر سپاسی‌ به‌ڕێز "شه‌ریف بێهرووز" ده‌كه‌ین كه‌

ئه‌و شانازییه‌ی‌ پێ‌ به‌خشین‌و بوو به‌ میوانی‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌مان‌و وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ خوێنه‌رانی‌ دایه‌وه‌‌و

سپاسی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌كه‌ین كه‌ پرسیاریان ئاراسته‌ كردبوو‌و سپاسیش بۆ خوێنه‌رانی‌ به‌ڕێز.


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1672
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy