لە مانگی مارسی 2011 – وە كوردانی رزگاریخوازی رۆژئاوای كوردستان و عەرەبە ئازادیخوازەكانی سوریا، بە دەستی بەتاڵ و بە بێ پشتیوانی دەرەكی، دەستیان دایە دەستی یەك و خوێنیان حەڵاڵی رزگاری و ئازادی نیشتمانەكەیان كرد.
هەر لە سەرەتاوە لە لایەن رژیمی بەشار ئەسەد – ەوە زۆر بێ بەزەییانە كەوتنە بەر پەلامار.
چەندین سیاسەتوانی وەك مەشعەل تەمۆ و هەزاران كورد و عەرەبی ئەو وڵاتە بە بەرچاوی هەواڵنێرە ناوچەیی و جیهانییەكانەوە لە خوێن دەگەوزان.
بابەتی بەتاك و بەكۆمەڵكوشتنی خەڵكی سیڤیلی رۆژئاوای كوردستان و عەرەبەكانی سوریا بە دەستی هێزەكانی بەشار ئەسەد بووەتە وێردی زمانی میدیاكانی جیهان.
ئەمە لە حاڵێكدایە كە تەپڵەكانی پارێزگاری لە مافەكانی مرۆڤ لە ئورووپا و ئامریكا، بەردەوام لە كوتاندایە.
شاندەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ پێشگرتن لە بەشار ئەسەد و رژیمەكەی هەر حەفتە و لە وڵاتێك كۆدەبنەوە، كەچی زۆر بە ئاسانی ویتۆكانی دەوڵەتانی "رووس و چین" لە چركەساتێكدا دەنگی پارێزەرانی مافەكانی مرۆڤ كپ دەكات و دەرفەتی سەر لە نوێ بە بەشار ئەسەد و رژیمەكەی بۆ درێژەدان بە كۆمەڵكوژییەكانی دەدات. كەچی بۆ لادانی حوسنی موبارەك لە میسر و قەزافی لە لیبیا، ئەم هەموو بێنەو بەردەیەی نەویست.
ئایا بەڕاستی هۆكارەكانی موداخلە نەكردنی مرۆڤدۆستانی جیهانی و هێزەكانی ناتۆ لە سووریا و چاوپۆشییان لە رژانی خوێنی دەیان هەزار مرۆڤی بێتاوان كە تاكو ئەوڕۆش بەردەوامە، تەنیا لەسەر بنەمای ویتۆی چین و رووسە؟
بەڵام وێرای ئەم هەموو بێ هەڵوێستییە كوردانی رزگاریخوازی رۆژئاوا و گەلی ئازادیخوازی سووریا، وێڕای هەستكردن بەو راستییانە و دڵنیابوون لەوەی كە دەوڵەتانی ئوروپا و ئامریكا دەكرێ لە پشتی پەردە، لەسەر حسابی خوێنی ئەوان، سازش لەگەڵ چین و رووس و تەنانەت ئێرانیش بكەن، بەڵام بوێرانە درێژەیان بە راپەڕین دا و بە بێ پاڵپشتی دەرەكی توانییان چەندین شاری كوردستان و سووری لە ژێر حوكمی رژیمەكەی بەشار ئەسەد رزگار بكەن.
بەمەش سەلماندیان كە ئیرادەی گەلی رزگاریخواز، ویتۆكانی رووس و چین – ی بێبایەخ كرد.
بە سەرنجدان بەو راستییانەی كە باسم كرد، پێویستە ئێمەی گەلی رۆژهەڵاتی كوردستانیش و ئازادیخوازانی ئێرانیش بە كەڵك وەرگرتن لە ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان و سووریا، خۆمان بۆ وەها هەلومەرجێك ئامادە بكەین و ئیرادەی گەل بكەین بە هەوێنی راپەڕین و رزگاری.
لەو پێناوەشدا سەرەكیترین بەرپرسیارێتییەك كە دەكەوێتە ئەستۆی هەموو لایەكمان هەنگاو هەڵێنانەوەیە بۆ یەكریزكردنی هێزە كوردییەكان و دروستكردنی یەكێتی بەكردەوەی هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردە.
هەر لەو پێوەندییەدا
لەبیرمان نەچێت یەكەم شاری رۆژئاوای كوردستان واتەشاری عفرین كە لە 18/7/2012 رزگار كرا، دوابەدوای یەكریزكردنی هێزە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان بوو، كە لە هەولێر و لەسەر دەستی بەڕێز: كاك مەسعود بارزانی هاتە ئاراوە كە دیارە ئەوەش ویستی كۆمەڵانی بەرفراونی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بوو.

