هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

هەڵوێستی " گرووپی هەڵوێست" دەرگای یەكگرتنەوەی كردەوە یان داخست؟

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

halwest_-_pdki_2هەردوو باڵەكەی حیزبی دیموكرات بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر خۆ یەكلاییكردنەوەی گرووپی هەڵوێست بەلای حیزبی دیموكراتی كوردستان ئێراندا. یەكێكیان پێیوایە ئەو گرووپە پڕۆژەی یەكگرتنەوەی هەردوو باڵەكەی لەباربردو ئەوی دیكەش دەڵێ ئەوە دەرفەتێكە بۆ یەكگرتنەوە.

گرووپی هەڵوێست لە 22/4/2012 لە راگەیێندراوێكدا بوونی خۆی راگەیاند و وێڕای رەخنەگرتن لە سیاسەتەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان، داوایكرد كۆنگرەیەكی نائاسایی بۆ یەكگرتنەوەی هەردوو باڵی حیزبی دیموكراتی كوردستان ئەنجامبدرێت، بەڵام دوای دوو مانگ ئەو گرووپە خۆی یەكلایی كردەوەو چوونە نێو ریزەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا).

كەمال كەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) پێیوایە چوونی ئەو گرووپە كاریگەری نەرێنی دەبێ لەسەر یەكگرتنەوەی هەردوو حیزبی دیموكراتی كوردستان و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران "بە تایبەت لەسەر ئەو بەشەی حدكا، هەوڵی لێك نزیككردنەوەی دیموكراتەكانیان دەدا، كاریگەری درێژخایەنیشی دەبێ".

بەڵام تەیمور مستەفایی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەڵێ "هاتنەوەی ئەندامانی گرووپی هەڵوێست، یارمەتی یەكخستنەوەی ریزەكانی حیزبی دیموكرات دەدات و گرنگی تایبەتی خۆی هەیە".

رامبۆد لوتفپور، گوتەبێژی گرووپی هەڵوێست سەبارەت بە درێژەدان بە دروشمی یەكگرتنەوە لە ناو حدكادا بە (رووداو)ی راگەیاند "ئامانجمان یەكگرتنەوەی هەردوو دیموكراتەكەیە، دوای پەیوەستبوونمان بە حدكاوە، لەوێش هەمان گوتارمان هێنایە ئاراوەو بەخۆشییەوە حدكا زۆر بە گەرمی پێشوازی لەو هەنگاوە كرد".

بەڵام كەمال كەریمی دەڵێ "ئەو پێشوازییەی دەفتەری سیاسی حدكا لە گرووپی هەڵوێست بۆ خۆدزینەوە یان كەمكردنەوەی ئەو گوشارە زۆرەبوو كە بۆ یەكگرتنەوە لەسەریان هەبوو، ئەمەیان كرد بۆ ئەوەی هەوڵەكانی لێكنزیك كردنەوە لەبار ببەن. ئەو كارە هیوای یەكگرتنەوەی لەناوبرد". بەڵام تەیمور مستەفایی هیوا خوازە "هاوڕێیانی دیكەشمان (حدك) ئەو رێگایە بگرنە بەر و تێكەڵ بە ریزەكانی حیزبی دیموكرات ببنەوە".

لەدوای جیابوونەوەی بەشێك لە ئەندامانی سەركردایەتی و كەمینەی كۆمیتەی ناوەندی حدكا لە 06/12/2006 و راگەیاندنی حیزبی دیموكراتی كوردستان، كێشەی دیموكراتەكان بووەتە یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و بەپێی گوتەی هەندێك لایەن دوو دیموكراتی و دوو كۆمەڵەیی بەربەستی سەرەكی پێكنەهاتنی بەرەی كوردستانین لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا.

ماوەیەكە پرسی یەكگرتنەوەی هەردوو باڵەكەی دیموكرات بووەتە رۆژەڤ، بەڵام هەردوولا یەكتر بە سیاسەتكردن لە بەرامبەر پرسی یەكگرتنەوە و فریودانی رای گشتی خەڵكی كوردستان تۆمەتبار دەكەن.

taymoor_mistefaey_12تەیمور مستەفایی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حدكا سەبارەت بە هەوڵەكانی یەكگرتنەوە دەڵێ "ئێمە هیچ پێش مەرجێكمان نییە بۆ یەكگرتنەوە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئەو پرسە لەلایەن ئەو هاوڕێیانە (حدك) وەك پرسێكی سیاسی چاو لێدەكرێت. ئەوان لە لێدوانەكانیان باسی یەكگرتنەوە ناكەن، بەڵكو جەخت لەسەر هاوكاری دوو حیزبی دیموكرات دەكەن، دوو حیزب بە یەك ناو شتێكی گونجاو نییە".

 كەمال كەریمی، سەبارەت بە یەكگرتنەوە دەڵێ "تەنیا حدك ئامادەیی خۆی بۆ دیالۆگ و دانیشتن دەربڕیوە و حدكا تائێستاشی لەگەڵ بێ هیچ وەڵامێكی بۆ دیالۆگ و پێكەوە دانیشتن نەداوەتەوە. ئێمە لەهەر كاتێك و لەهەر ئاستێكدا و بە ئامادەبوونی لایەنی سێیەم، ئامادەی پێكەوە دانیشتنین، بەڵام كێشە ئەوەیە حدكا وەڵامی ئەو داوایە ناداتەوە".

kamal-karimiكەمال كەریمی بێ هیوایە لە یەكگرتنەوە و دەڵێ "بەداخەوە ئێستا هیچ كەشێكی گونجاو بۆ لێكنزیكبوونەوە لە ئارادا نییە و من هەست بە گەشبینی ناكەم. هیوادارم ئەو كەسانەی لەناو حدكاوە خۆیان بۆ لێكنزیككردنەوەی دیموكراتەكان ماندووكردووە هەوڵەكانیان بەردەوامبێ بۆ ئەوەی پاڵنەرێك بێت تاوەكو دیسان ئەم رەوتە بگەڕێتەوە جێی خۆی و لە كەشێكی گونجاودا بتوانین كار بۆ لێكنزیككردنەوەی دوو دیموكراتەكە بكەین".

حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ساڵی 1946 لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان دامەزراوە. ئەو حیزبە تائێستا 3 جار ( لە كۆنگرەی 4، 8 و 13) رووبەڕووی پارچەبوون بووەتەوە و دواتر وەك یەكگرتنەوە یان گەڕانەوەی كەسەكان، ریزەكانی یەكخستووەتەوە.

rambod-lotfporiرامبۆد لوتفپوری دەڵێ چ ئەوكاتەی گرووپی هەڵوێستیان دامەزراند و چ ئێستا كە وەك پێشمەرگەیەكی حدكا قسەی بۆ (رووداو) كرد لەگەڵ بوونی دوو دیموكراتی وەك یەك نەبوون و خوازیاری یەكگرتنەوەیان بوون "دوو دیموكراتی هاوپەیمانیش لە قازانجی كورد دانییە و تەنیا شتێك كە لە بەرژەوەندی حیزبی دیموكرات و خەڵكی كوردستاندایە یەكگرتنەوەی دیموكراتە".

ئەندامی پێشووی كۆمیتەی ناوەندی حدك و ئەندامی ئێستای حدكا گوتیشی "تائێستا ئیرادەیەكی جیدی بۆ یەكگرتنەوە بەدی نەكراوە و كەشوهەوای بێ متمانەیی بەرامبەر یەكتر باوبووە. لایەنی حدك بەردەوام ئەو پرسەی بۆ سیاسەتكردن بەكار هێناوە، بەڵام لەم دواییانەدا حدكا هەندێك هەنگاوی باشی هەڵگرت بۆ كردنەوەی دەرگای دیالۆگ بە مەبەستی یەكڕیزی كەچی تائیستا هیچ وەڵامێكی ئەرێنی لەلایەن هاوڕێیانی حدك نەدراوەتەوە". گوتیشی "حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران خەریكە دەرگای یەكگرتنەوە ئاوەڵا دەكاتەوەو زۆر لە بەربەستەكانی لابردووە، بۆ نموونە سیاسەتی بایكۆتكردنی حدك كۆتایی پێهاتووە. سیاسەتی یەكگرتنەوە لەلایەن حدكاوە دەستی پێكردووە، كەچی حدك تازە دەستی بە بایكۆتكردن كردووە".

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1320
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy