هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

فدراسیۆنی خوێندكارانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان دامه‌زرانی‌ خۆی‌ راگه‌یاند

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

fedrasioni_xwendkaran_2هاونیشتمانانی ئازیز

خه‌ڵكی مافخوازی كوردستان

خوێندكاران‌و رووناكبیرانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان

هه‌روه‌ك ئاگادارن بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد له‌ خۆرهه‌ڵاتی كوردستان ده‌یان ساڵه‌ له‌هه‌وڵ‌و تێكۆشانێكی بێ وچان بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی مافه‌كانی گه‌لی كوردو دابینكردنی ئازادی و عه‌داڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیدایه‌. بێگومان زۆربه‌ی چین‌و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستان له‌پرۆسه‌ی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا به‌شدار بوونه‌ و له‌م پێناوه‌دا به‌هه‌زاران كه‌س گیانیان فیدا كردووه‌ یان له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كانه‌وه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر ئه‌شكه‌نجه‌و ئازارێكی هه‌موولایه‌نه‌.

یه‌كێك له‌م توێژانه‌ خوێندكارانی كوردن كه‌ هه‌رگیز مه‌ته‌رێزی خه‌بات‌و تێكۆشانیان به‌رنه‌داوه‌ و جێ په‌نجه‌یان له‌ سه‌ر گوتار و ره‌وته‌ سیاسیه‌كانی كوردستان دیاره‌و ئه‌و شوێندانه‌رییه‌ تا هه‌نووكه‌ش به‌رده‌وامه‌. خوێندكارانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان به‌درێژایی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان رۆڵی به‌رچاویان گێڕاوه‌و هه‌ندێك جاریش رۆڵی سه‌ركردایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی كوردیان راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ گێڕاوه‌.

هه‌ر له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تییه‌وه‌ تاوه‌كوو هاتنه‌ سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی، خوێندكارانی كورد چقڵێك بۆ چاوی ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها و پاوانخوازی زاڵ به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ماندا بوون و به‌ چالاكیی فه‌رهه‌نگی ‌و سیاسی‌و رێكخراوه‌یی، ئه‌و په‌ڕی هه‌وڵی خۆیان داوه‌ تاكوو به‌م شێوه‌یه‌ داوا ره‌واكانی خۆیان بێننه‌گۆڕێ. خوێندكاران به‌ پێوه‌ندیی ئۆرگانیك یان نائۆرگانیك له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وته‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد واته‌ حیزبه‌ سیاسییه‌كان له‌م چه‌ند ساڵه‌دا یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ پێشخستنی بزووتنه‌وه‌ی كوردو رۆشنگه‌ری له‌ حیزبه‌ سیاسیه‌كان‌و كۆمه‌ڵگای كوردستاندا.

سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌، خه‌سارێكی به‌رچاو كه‌ هه‌میشه‌ وه‌كوو كه‌موكوڕییه‌ك له‌ نێو ریزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی كورد له‌ خۆرهه‌ڵاتی كوردستاندا خۆی نواندووه‌، نه‌بوونی چه‌ترێكی به‌رفراوان یان فدراسیۆنێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو رێكخراوه‌ خوێندكارییه‌ حیزبی ‌و سه‌ربه‌خۆكانی كوردستان بووه‌. بێگومان، بوونی وه‌ها چه‌ترێك ده‌توانێ یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ باشتر به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌رك‌و به‌رپرسایه‌تیی خوێندكارانی كوردو گه‌یاندنی ده‌نگی یه‌كگرتووی خوێندكاران له‌ئاستێكی به‌رفراواندا. راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ كه‌ بوونی وه‌ها فدراسیونێك هه‌م ده‌بێته‌ی جێگه‌ی دڵخۆشیی خه‌ڵكی كوردستان‌و هه‌م ده‌بێته‌ پردێكی پێوه‌ندی بۆ زیاتر لێكتێگه‌یشتن‌و نزیككردنه‌وه‌ی هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ ئه‌رك‌و چالاكییانه‌دا كه‌ به‌هۆی نه‌بوونی میكانیزمێكی گونجاو له‌نێوان هێزه‌ سیاسیه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستاندا بوونه‌ته‌ له‌مپه‌رێكی لاوه‌كی به‌ڵام كێشه‌خولقێن.

بوونی وه‌ها فدراسیونێكی به‌رفراوان له‌ ئێستاداو به‌له‌به‌رچاو گرتنی كه‌شوهه‌وای داخراوی سیاسی له‌ زانكۆكانی ئێراندا كه‌ بۆته‌ هۆی كۆچی خوێندكارانی چالاك بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان، ده‌توانێ ببێته‌ هه‌وێنێك بۆ رێكخستنی گونجاوی خوێندكارانی كورد له‌ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی كوردستان.

هه‌روه‌ها بوونی وه‌ها فدراسیۆنێك ده‌توانێ ببێته‌ هۆی راگه‌یاندن‌و گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی كه‌ چه‌ندین نه‌سڵ له‌ خوێندكارانی كورد به‌ده‌ستیان هێناوه‌ تا وه‌كوو به‌ شێوازێكی تۆكمه‌ بیگوازنه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی خوێندكارانی چالاك له‌ زانكۆكانی كوردستان‌و ئێراندا.

هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌كوو كۆمه‌ڵه‌ی خوێنده‌وارانی رۆژهه‌ڵات‌و یه‌كیه‌تیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران، وێڕای رێز لێنان له‌سه‌رجه‌م خه‌بات‌و چالاكیی خوێندكارانی كورد كه‌ به‌درێژایی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌و له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی داخراودا به‌رده‌وام بوون له‌خه‌بات‌و تێكۆشان، به‌ ئه‌ركی خۆمانی ده‌زانین له‌م پێناوه‌دا هه‌نگاو هه‌ڵبگرین‌و وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ی دووباره‌ له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین كه‌ بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری ده‌بێ ئه‌ركی چاوه‌دێر بوونی خۆی بپارێزێت‌و به‌ داڕشتنی به‌رنامه‌ی مرۆڤته‌وه‌رانه‌ و ره‌چاو كردنی پره‌نسیپه‌ دێموكراتیكه‌كان، پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی كورد به‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی و رێنوێنی كار و تێكۆشانی خۆی دابنێت.

ئێمه‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م راستییانه‌ و به‌ هه‌ستكردن به‌ پێویستییه‌كانی سه‌رده‌م، پێكهێنانی "فێدراسیۆنی خوێندكارانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان" راده‌گه‌یه‌نین‌و داوا له‌ هه‌موو خوێندكاران‌و رێكخراوه‌ خوێندكارییه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ به‌ په‌یوه‌ستبوونیان به‌م فێدراسیۆنه‌ و به‌هێزكردنی هه‌رچی زیاتری، یارمه‌تیده‌ر بن بۆ وه‌گه‌ڕخستن و یه‌كخستنی ئه‌زموون‌و تواناییه‌كان له‌ پێناوی گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ هاوبه‌شه‌كانماندا.

به‌هیوای رێكخستنی هه‌موو هه‌وڵ‌و چالاكییه‌كانی خوێندكارانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان له‌پێناو ده‌ستبه‌ر كردنی مافه‌كانی گه‌لی كورددا.

فدراسیۆنی خوێندكارانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان

ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر

18ی پووشپه‌ڕی 2712ی كوردی

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1090
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy