راگەیاندراوى ژمارە 4
خەڵکى خۆراگرى کوردستان
ئەندامانو لایەنگرانى بنەماڵەى دیموکرات
هەر وەک لە راگەیەنراوەکانى پێشووشدا ئاماژەمان پێکرد ئەزموونى نزیک بە شەش سالڕ دابران لە حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێرانو پێکهاتنى حیزبى دیموکراتى کوردستان ئەزموونێکى سەرکەوتوو نەبوو ،چوونکە لە راستیدا ئەوەى کە وەک مەبەستو هۆکارى سەرەکیى جیابوونەوەکە لە لایەن ئەندازیارانییەوە دەستنیشانکرابوو و لە توێیى" هێڵە گشتییەکانى رێبازى ئێمەدا" خۆى دەردەخست سنوورى درووشمى تێنەپەراندو نەکەوتە قۆناغى پراکتیکەوە. لە راستیدا سەرەکیترین هۆکارى ئەوەش بۆ ناشێلگییرىو ناراستیى رێبەرانى فەرمىو نافەرمى حیزب بەرامبەر بەو دروشمانە دەگەرێتەوە، دروشمەکانى نەتەوە خوازى ، دیموکراتیزەکردنى زیاترى حیزب ، چالاکبوونەوە لە هەموو بوارەکان، نەهێشتنى ناوچەگەرى و باندبازى و... کە هەموو وەک بیانوویەک بۆ رەوایى دان بەو جیابوونەوەیە بە کارهێنران لە ماوەى ئەم نزیک بە شەش ساڵەدا تەواو پشت گوێ خران . بە لەبەرچاوگرتنى ئەوەى کە بیانووەکانى جیابوونەوە کە تەنیا فاکتەرە رەواییى بەخشەکانیشى بوون لە کردەوەدا وەدینەهاتوونو هیچ هەولڕو هەنگاوێکیش بەو ئاراستەیە بەدى ناکرێ. کەوابوو پرۆژەى حیزبى دیموکراتى کوردستان فەلسەفەى وجوودیى خۆى لە دەست داوەو چیتر بوونى دوو دیموکراتى وەک یەک نەک هەر پێویست نییە بەڵکو لە زیانى کوردو بەرژەوەندییەکانیدایە. بۆیە یەکگرتنەوەى هەردوو لایەنى دیموکرات نەک هەر پێویستى بگرە ئەرکێکى مێژووییە کە دەبێ بەهەر شێوازو لە ژێر هەر ناوێک دابێ جێ بە جێ بکرێ.
ئێمە وەک گرووپى هەڵوێست هەر لە سەرەتاوە خۆمان لە سەر بنەماى ئەو پێویستییە نەتەوەییە واتە یەکگرتنەوە، بنیاد ناو هەوڵکانمان لەو پێناوەدا چر کردەوە بەڵام بە داخەوە رێبەریى پاوانخوازو ناوچەگەراى حدک وڵامى ئەو نیازپاکىو هەست بە بەرپرسیارەتى کردنەى ئێمەى بە پێرەوکردنى سیاسەتى هەرەشەوگورەشەو حەزف دایەوە و دەستییان کرد بە دەرکردنو هەڵپەساردنو سزادانى ئەندامانى ئەو گرووپەو بە چەشنێک دەرگاکانى دیالۆگو چاکسازییان داخست کە ئێمەیان هێنایە سەر ئەو قەناعەتە کە یەکخستنەوەى ماڵى دیموکرات لە گشتییەتى خۆیدا لانى کەم لەم قۆناغەدا مسۆگەر نابێتو پێویستە هەنگاوێکى رێخۆشکەرى بۆ هەڵگرین بۆیە بڕیارماندا یەک لایەنەو وەک گروپى هەڵوێست پەیوەست بوونەوەمان بە ریزەکانى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران راگەیەنین .
پڕ دیارە ئەم بڕیارەى ئێمە لەو تێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێتو پشت بە هەمان ستراتیژییەک دەبەستێ کە یەکخستنەوەى ریزەکانى حیزبو ماڵى کورد بە گشتى بە پێویستییەکى بێ ئەملاو ئەولاى خەباتى کورد بە تایبەتى لەم سەردەمەدادەزانێ. مەبەست لە جیابوونەوە لە حدکو پەیوەست بوونەوە بە حدکا نابێ بۆ هیچ کەسو لایەنێک وەک هەنگاوێک بۆ زەبر وەشاندن لە حدک لێک بدرێتەوە ،بەڵکو ئەمە تەنیا دەسپێشخەرییەکە بۆ شکاندنى شەقلى گومان و رەچەى لێک بڵاوى و دروست کردنى بەستێنى یەکگرتنى گشتى.
لە کۆتاییدا راى گشتى کوردستانو هۆگرانى حیزبى دیموکرات ئاگاداردەکەینەوە کە گروپى هەڵوێست ریزەکانى خۆى لە حیزبى دیموکراتى کوردستان جیا دەکاتەوەو لەمە بەولاوە خۆى لە ریزى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێراندا دەبینێتەوە بەو هیوایەى کە ئەمە ببێتە دەستپێکى یەکخستنەوەى هەردوولایەنى دیموکراتو یەکگرتنى ریزەکانى خەباتى کورد بە گشتى.
گرووپى هەڵوێستى حیزبى دیموکراتى کوردستان
1391/4/1


نووسراوه له لایهن syamand, June 21, 2012