هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

مەترسی دیاردەی فەرامۆشی

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

 hasan_salhzadaبیرو ئەندێشەی ئێمە کۆمەڵەێک بیرەوەری جۆربەجۆرو ئەو ئاکارو کردەوانەی لەخۆ گرتووە کە بە درێژایی تەمەنمان لە گەڵیان رووبەروو بووینەوەو تۆمارمان کردوون. لە سایەی ئەم شوێنەوارگەلە دا هەست بە چۆنیەتی بوون و کەسایەتیمان لەم جیهانەدا دەکەین و هەبوونمان دەسەلمێنین. مێشک و هزری مرۆڤ بە جۆرێک خوڵقاوە کە تێپەربوونی کات، یان دوور کەوتنەوە لە شوێنی ژیان نمای راستیەکان کەمڕەنگ دەکاتەوەو لە ئاکامدا ماهیتمان راستەکیمان تێکدەچێت. بێ گومان ئەگەر کارتێکەری ئەم دیاردە سروشتیە بە هێند نەگرین، دەتوانێ وەک هەرەشەیەکی رووخێنەر ئێستاو داهاتوومان مەترسیدار بکات تا ئەو جێگەی وردە وردە لە زەلکاوی ژیانی بێ نرخی رۆژانەو قازانجی بێ بەهای شەخسی و بچووک رۆدەچین و مخابن ماهیتی رەسەنی خۆمان لا بێگانە دەبێ.

ئێمە وەک ئۆگرانی ئازادی و بەرابەری، سەرەرای جیاوازی دەنگ و بارودۆخی ژیانی هەنووکەیی، بەرە بەرە لە بیرمان دەچێتەوە کە بەشێکین لە دانیشتوانی خاکێک کە لە ژێر چەپۆکی رەشی دوژمن دایە. ئێمە ئەوینداری وڵاتێکین کە پیسی وپۆخڵی ئیستبدادو نابەرابەری بێزاری کردووین. وڵاتی ئێمە جێ چنگی گورگێکە کە لە پێناوی خواردنی مافە ئینسانیەکانمان لە هێچ دەنگێک ناسڵەمێتەوە.

سیستمی فەرمانڕەوای وڵاتی ئێمە بۆ چەسپاندنی جەهل و بە مەبەستی درێژ کردنەوەی تەمەنی نگریسی دەسەڵاتەکەی وەک یەکێک لە دۆزەخیترین سیستمەکانی سەرکوتی مێژووی بەشەر ناسراوە. ئەم دەزگایە کە لە سەر بنەمای ئیدئۆلوژیکی تاریکی کۆنەپەرەستانە بنیات نراوە، هەتا ئێستاش تۆسقاڵە زەڕەیەک لە ئارمانجی شەیتانی خۆی پاشگەز نەبۆتەوە. حکومەتی سەرەرۆو داسەپاوی کۆماری ئیسلامی لە ژێر چەتری فەرمانی ئاخوندە هەلپەرەستەکان و لە پێناوی هەڵ لووشینی سامانی نەتەوەیی دا هەوڵی لەناوبردنی نارازیان دەداو بۆ کپکردنی دەنگە هەڵبراوەکان پەل دەکوتێ. کفتوکوڵی ماڵی ئاخوندەکان بە رادەیەک تێژو بەتینە کە لە جیهاندا مافی هەبوونی ژیان بۆ نارازیان بە رەوا نازانن. هەر بۆیە بەبێ سڵکردن لە موراڵی ئینسانی و رووقاییم لە بەرامبەر پرنسیپە نێونەتەوەییەکان دەستی ژەهراوییان بۆ دەرەوەی سنوورەکان درێژکردو بە رشتنی خوێنی ئۆگرانی ئاشتی و ئازادی و تێکەڵ کردنی سات و سەودای بازرگانی ریاو مەکری خویان بە دنیا نیشان دا.

هەوەسی خوێنخۆری شاگردانی مەکتەبی جەهل هەروا بەردەوام بوو تا سەرەنجام لەمبۆزی ڤیرووساویان لە بەردی رەقی دادگا مێژووییەکەی میکونووس کەوت و تەست درانەوە. کاربەدەستانی سەرەکی رەژیم بۆ مانەوەیان لەسەر کورسی دەسەڵات و داپۆشینی راستی رووداوەکە بە گۆڕینی هەزاران بەرگی شەیتانی ئەوپەری توانای خۆیان خستە گەڕ بەڵام بێجگە لە درێژ کردنەوەی رەوتی دادگا هیچ دەستکەوتێکیان نەبوو. لە درێژەی رەوتی دادگاش دا دیواری ماڵی ریسوایەکانیان هێندەی دیکە بەرز بۆوە.

ساختاری حکومەتی ئاخوندەکان لەسەر بنەمایەک سازکراوە کە گشت هەوڵ و تەقەلاکانی مرۆڤ بۆ رزگاری لە جەهل رەتدەکاتەوەو پێشکەوتنەکانی ئەو لەمەڕ دەستڕاگەیشتن بە چارەنووسی خۆی پشت گوێ دەخا هەتا لەم رێگەوە بتوانێ ئاستی وشیاری کۆمەڵگای ژێر فەرمانی خۆی بباتەوە ئاستی تاریکییەکانی سەردەمی بەرلە مێژوو واتە نیزامی کۆیلەیی. یاسای حکومەتی جەهلی دەسەڵاتدار لە ئێران هەڵگری ئەو ناوەرۆکەیە کە مرۆڤی ئازادو دەروەستی تێدا ناگونجێ و تەنها وەک "بەندە" بۆیان دەروانێ، بە واتایەک مرۆڤێکی بێ ئیرادەی دەوێ کە بێ ئیرادەو رامان لەسەر ئەو کاناڵە بڕوا کە قورمیش کراوە. حکومەتی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیه زور راشکاوانە بێ رێزی بە جەماوەر دەکا، ئەوان بێ ترس و بێ پەردە کۆمەڵگا بە رانێک دەشوبهێنن کە پێوستی بە شوان هەیە.

لە بەرامبەردا، کەم نین ئەو کەسانەی کە بە سەروماڵیان بەگژ دێوەزمەیەک دا چوونەتەوە کە بە مەبەستی زەوتکردنی مافە رەواکانیان خۆی لە هیچ دڕندایەتییەک نەپاراستووە. لاپەڕە زێڕینەکانی مێژوو، گەورەیی و خۆراگری مرۆڤگەلێک دەخاتە بەرچاومان کە لێبڕاوانە دەردو ژانەکانیان بە نرخی گیان کڕیوە تا بەشکم رۆژێک مرۆڤی وشیارو دەروەست بتوانێ کۆتایی بە سەردەمی جەهل، بەندەیی و نابەرابەرییە کۆمەڵایەتییەکان بێنێ و لەسەر نیشتمانی بەرهەقی خۆی جەژن بگرێ کە ئەم رەوتە هەنووکەش لەگەڕ دایە. چەند مەزنن ئەو مرۆڤانەی کە بە وشیارکردنەوەی هاوچەشنە خاویلکەکان سیمای راستەقینەی گەورە جینایەتکارانی مێژوو نمایش دەکەن و رق و بێزاری خۆیان بەرامبەر بە چینێک دەردەبڕن کە تەواوی بیرو هزری دواکەوتوانەی خۆیان بۆ تێکشاندنی مرۆڤە بێ تاوانەکان دەردەبڕن.

ئەمرۆ مخابن ئەوەی وەک دیاردەیەکی نوێ سەری هەڵداوەو بەرۆکی بەشیکی بەرچاوی رێرەوانی ئازادی و یەکسانخوازانی گەلی کوردی گرتووە، کزبوونی بیری ئەندێشەو مێژووی پڕکارەساتی ئەم نەتەوە ستەملێکراوەیە. رەوتی بەرەو پێشچوونی رووداوو گۆڕانکارییە کرژەکان باس لەوە دەکەن کە بەستەری تێکۆشان لەمەڕ مململانێی جەماوەری بۆ دەستەبەربوونی ئازادی لە هەمووکات گونجاوترە. هەربۆیە لە گۆڕەپانی کردەوەدا هەوڵی گشتی بە مەبەستی هاودەنگبوون لە هەمووکات پێویست ترە.

زۆر بەداخەوە دەبینین ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەفرادی دیارو نادیار قەڵەمیان گرتۆتە دەست و بە چاونووقاندن لە ویست و داخوازی گەل وزەو تواناییەکانیان بەدژی هاوبیرانیان بە کار دێنن و لە هەوڵی ئەوە دان کۆمەڵگا بەرەو ئاقارێک ببەن کە تەنها ئامانجی راستەقینەی نەیارانی گەلەکەمانە. ئەم توێژە رۆشنبیرە بەناوی دیموکراسی دەروون سازمانی، ئازادی دەڕبڕینی بیڕوڕاو ودەستەواژەی دیکە نابەرپرسانەو ناوشیارانە بوونەتە خۆرەی بەرو بێستانی کاڵی خەباتی چەندین ساڵەی ئەم نەتەوەو بەهێنانەبەرباسی قسەوباسی کووچەو کۆڵان، خۆهاڵاندن لە قولوقاچی تێکۆشەرانی بواری ئازادی و سەروەری و زڕاندنی رازوڕەمزی رێخراوەیی، کۆسپ و تەگەرە دەخەنە سەر رێگەی بەرەوپێش چوونی ئامانجەکانی گەل.

ئەو قەڵەمە لەرزۆکانەی کە هەندێک باسوخواسی ئاساییان بەدوور لە موراڵی ئینسانیان کردۆتە پیشەی رۆژانە تا خۆیان وەک رۆژنامەوانی سەربەخۆو رەخنەگر بشوبهێنن، بە شێوەیەکی ناشیانە خزمەتکاری ئەو دەزگا جینایەتکارەن کە مۆرکی رەشیان لەناو مێژووی مرۆڤایەتی دا بە پەستی دیارە. خۆبەستنەوە لەناو چوارچێوەی بەرتەسکی بەرژەوەندخوازی شەخسی و بچووک کردنەوەی بازنەی ئەندێشە لەمپەری سەرەکین بۆ لێک نزیکبوونەوەی ئامانجدار. ئەم کەسانە قوربانی دیاردەیەکن کە مرۆڤ تووشی فەرامۆشی و بەلارێداچوون دەکا.

دەبا بە خۆدەرباز کردن لە دیاردەی خەسارهێنەری لەبیرەوەچوون خۆشەویستی و هاوخەمی خۆمان لەگەڵ کەسانێک بەش بکەین و زیندوو رابگرین کە بۆ چەسپاندنی ئازادی و دادپەروەری سنوورەکانی مەرگیان بەزاندووەو لە هیچ گیانبازییەک درێخییان نەکردووە.

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1810
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy