هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

بانگه‌وازی ٩ حیزب و رێکخراو

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

UN_-_ragayandraw_2بانگه‌وازی ٩ حیزب و رێکخراو له‌ سه‌روبه‌بدی دانیشتنی ده‌وره‌یی ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان

هاوکات لەگەڵ‌ به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ ژنێڤ، له‌مه‌ڕ پێشێلکاریی به‌ربڵاو و به‌رده‌وامی مافی مرۆڤ له‌ ئێران، ناڕه‌زایه‌تیی خۆمان ده‌رده‌بڕین.

پێشێلکاریی به‌ربڵاو و به‌رده‌وامی مافی مرۆڤ له‌ ئێران هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران هه‌تا ئێستا ئیزنی سه‌ردانی ئه‌حمه‌د شه‌هید، نوێنه‌ری تایبه‌تیی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانی له‌ زیندانه‌کانی ئێران نه‌داوه‌. به‌ڵام هاوکات توندوتیژی له‌ دژی چالاکانی بزووتنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و به‌رگریکارانی مافی مرۆڤ رووی له‌ زیاد بوون کردووه. ده‌سبه‌سه‌ر کردن، ئه‌شکه‌نجه‌، سازدانی په‌روه‌نده، داسه‌پاندنی سزای توند و قورسی زیندان و له‌ سێداره‌ دان هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه.

دانیشتنی ده‌وره‌یی ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان که‌له‌ رێکه‌وتی ٢٩ی جۆزه‌ردان، هه‌تا ١٦ی پووشپه‌ڕی ١٣٩١ی هه‌تاوی، به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ سێیه‌مین ساڵـڕۆژی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی میلیۆنان هاووڵاتی، که‌ پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رکۆماریی جۆزردانی ساڵی ٨٨ هاته‌ ئاراوه‌ و له‌گه‌ڵ سه‌رکوت، ده‌سبه‌سه‌ر کردن و ئه‌شکه‌نجه‌ی هه‌زاران که‌س به‌ره‌وڕوو بووه‌وه. تاوانه‌کانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران له‌ دژی ناڕازییان و ئازادیخوازان، کوشت و بڕ و تیرۆریان له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان، ئه‌شکه‌نجه‌ و کۆمکوژی و بێ‌حورمه‌تی پێکردن له‌ زیندانه‌کان و بردنی ماشین به‌سه‌ر جه‌سته‌ی ناڕزاییان، هیچکات له‌بیر ناکرێت. سوهراب ئه‌عرابی، نه‌دا ئاقا سوڵتان و ده‌یان که‌سی دیکه‌ له‌ رۆڵه‌کانی ئه‌م نیشتمانه‌ به‌ زه‌بری گوللـه‌ی هێزه‌کانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژران، یان له‌ کوشتارگەکانی رێژیم گیانیان له‌ده‌ست داوه، هیچکات له‌ زه‌ینی خه‌ڵکی ئێران پاک نابێته‌وه.

هه‌نووکه‌ش پاش سێ ساڵ، زۆربه‌ی ده‌سبه‌سه‌ر کراوان، چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی، هاوڕێ له‌گه‌ڵ چالاکانی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، نه‌ته‌وه‌کان، به‌رگریکارانی مافی مرۆڤ، پارێزه‌رانی زیندانیانی سیاسی، رۆژنامه‌ڤانان و وێبلاگ‌نووسان له‌ زیندانه‌کان دان. "مووسه‌وی و که‌ڕووبی"یش دوو پاڵێوراوی سه‌رکۆماری له‌ ماڵه‌وه‌ زیندانی کراون.

سه‌رکوتی دژبه‌ران به‌ توندی درێژه‌ی هه‌یه‌ و رێژیم هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات له‌هه‌مبه‌ر زیندوو راگرتنی بزووتنه‌وه‌کان، خه‌ڵک بێ‌هێوا بکات. ئه‌و بزووتنه‌وه‌ میلیۆنان ئێرانیی هێنایه‌ سه‌ر گۆڕه‌پانی خه‌باتی دێمۆکراتیک و به‌ روونی نیشانی دا که‌ له‌پێناو خه‌بات و ویستی خه‌ڵکی ئێران، له‌ کاتی به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، هاتنه‌دیی بنه‌مای جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ له‌پێناو دابین کردنی "حکوومه‌تی خه‌ڵکی" تێ ده‌کۆشێت.

زیندانیانی سیاسی له‌ بارودۆخێکی دژواردا ده‌ژین و تێکڕای مافە ئینسانییه‌کانی خۆیان بێ‌به‌شن. ئه‌وان به‌رده‌وام له‌ژێر لێپرسینه‌وه‌ دان، ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ له‌ زیندانه‌کان بێ‌ کۆتاییه. هه‌ڵسوکه‌وتی خراپ له‌گه‌ڵ زیندانییان بۆته‌ کارێکی ئاسایی و پێداویستیی ده‌رمانیی زیندانییان بۆته‌ پاساوێک بۆ کوشتنیان. مه‌ترسیی مه‌رگ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ زۆربه‌ی زیندانیانی سیاسی ده‌کات. هه‌نووکه‌ش ژماره‌یه‌ک له‌ زیندانیانی سیاسی به‌ توندی نه‌خۆشن و پێویستییان به‌ پێڕاگه‌یشتنی پزیشکی و ده‌رمانییه. به‌ڵام رێژیمی ئیسلامی ته‌نانه‌ت له‌ دانی سه‌ره‌تایی‌ترین مافه‌ ئینسانییه‌کانیان خۆ ده‌بوێریت. نه‌رگس محه‌ممه‌دی، محه‌ممه‌د سدیق که‌بوودوه‌ند، حوسێن ره‌ونه‌قی کۆمه‌ڵێک له‌و چالاکانه‌ن. هه‌روه‌ها "ره‌زا شه‌هابی"یش پاش ماوه‌یه‌ک بۆ نه‌خۆشخانه‌ راگوێزراوه.

هاوکات له‌گه‌ڵ دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی خۆمان له‌هه‌مبه‌ر پێشێل کردنی مافی مرۆڤ، ئه‌شکه‌نجه‌ و ئازاری زیندانیانی سیاسی، داسه‌پاندنی سزای قورسی زیندانی کردن و سێداره‌ی دژبه‌رانی رێژیمی ده‌رده‌بڕین، خوازیاری ئازادیی زیندانیانی سیاسی، کۆتایی هێنان به‌ ده‌سبه‌سه‌ر کردنه‌کان و ئه‌شکه‌نجه‌ی زیندانیان دژبه‌ری رێژیم ده‌که‌ین.

ئێمه‌ حیزب و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی کۆماریخوازی به‌رگریکاری ئازادی و یه‌کسانی، جیایی ئایین له‌ سیاسه‌ت، دێمۆکراسی، مافی مرۆڤ، لابردنی هه‌ر چه‌شنه‌ هاڵاواردن، تێکڕای هێزه‌ دێمۆکرات و ئازادیخوازه‌کانی ئێران له‌مه‌ڕ هاوخه‌باتی له‌ ئازادیی زیندانیانی سیاسی و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له‌هه‌مبه‌ر پێشیل کرانی مافی مرۆڤ، بانگهێشت ده‌که‌ین و داوا له‌ تێکرای هێزه‌کانی خۆمان ده‌که‌ین ‌له‌ کۆبوونه‌وه‌کان که‌له‌ جیهاندا به‌ڕێوه‌ ده‌چن به‌شداریی چالاکانه‌ بکه‌ن و چالاکی و کرده‌وه‌ی رێکخراو و ناوه‌نده‌کانی به‌رگرێکاری مافی مرۆڤ له‌مەڕ له‌قاو دانی پێشێل کاریی مافی مرۆڤ له‌ ئێران پشتیوانی بکه‌ن.

 

یه‌کیه‌تیی کۆماریخوازانی ئێران

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێمۆکراتیکی خه‌ڵکی ئێران

کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران

به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئێران ــ ئورووپا

رێکخراوی یه‌کیه‌تیی فیداییانی خه‌ڵکی ئێران

رێکخراوی فیداییانی خه‌ڵکی ئێران (زۆرینه‌)

کۆمیته‌ی هاوئاهه‌نگیی ئه‌نجومه‌نی کاتیی سوسیالیسته‌ چه‌په‌کانی ئێران

ئه‌نجومه‌نی هاوئاهه‌نگیی بزووتنه‌وه‌ی کۆماریخوازای دێمۆکراتی و لائیکی ئێران


٢٤ی جۆزه‌ردانی ١٣٩١ی هه‌تاوی

١٣ی ژووئه‌نی ٢٠١٢ی زایینی

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1279
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy