رۆژی 12ی جۆزه‌ردانی ساڵی 1362 ی هه‌تاوی ئه‌و رۆژه‌یه كه له لایه‌ن "حه‌مید ره‌زا جه‌لایی پوور"فه‌رمانداری شاری مه‌هاباده‌وه ئاگادارییه‌ك له نێو خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌دا كه نێوی 59 لاوی كوردی تێدا بوو كه به تۆمه‌تی بوونی پێوه‌ندی له گه‌ڵ هێزه كوردستانییه‌كانی دژبه‌ری كۆماری ئیسلامی به له‌سێداره و تیرباران مه‌حكووم كرابوون بڵاو كرایه‌وه. زۆربه‌ی ئه‌و لاوانه له سه‌ره‌تاكانی مانگی خاكه‌لێوه و بانه‌مه‌ڕی 1362 دا ده‌ستگیر كران و به بڕیارێكی نامرۆڤانه هه‌ر 59 لاویان به مه‌به‌ستی له نێو بردن ره‌وانه‌ی شاری ته‌ورێز و دادگای به نێو شۆرش كه له لایه‌ن ته‌وره ریشدارهكانی كۆماری ئیسلامییه‌وه و به بێ بوونی هه‌ر چه‌شنه یاسا و رێسایه‌كی دادپه‌روه‌رانه ئیجازه‌ی سه‌پاندنی هه‌ر چه‌شنه حووكمێكیان به سه‌ر خه‌ڵك، پێ‌درابوو، به له سێداره‌دان مه‌حكووم و به پێی هێندێك سه‌رچاوه باس له‌وه ده‌كرێت كه له شاری ورمێ تیرباران كراون، به‌ڵام هێندێكیش ته‌ئكید له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه له شاری ته‌ورێز حوكمه‌كه‌یان به‌رێوه چووه كه تاكوو ئێستا ئه‌و شته به ناروونی ماوه‌ته‌وه.
"حه‌مید ره‌زا جه‌لایی پوور"یه‌كێك له‌و كه‌سانه بوو كه له ئه‌نجوومه‌نی ئیسلامی"تكنیكوم نفیسی" تاران خه‌ریكی خوێندن و پاشان له گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی تر له هاوبیرانی له لایه‌ن مه‌هدی كه‌رووبی و میر حووسێن مووسه‌وی به مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدان به كاری فه‌رهه‌نگی ره‌وانه‌ی كوردستان ده‌كرێت و له شاری نه‌غه‌ده نیشته‌جێ ده‌بێت، یه‌كێك له كاره فه‌رهه‌نگییه‌كانی كه به ناوبراو ده‌سپێردرێت سازادنی ته‌فره‌قه و دووبه‌ره‌كی له نێو دوو نه‌ته‌وه‌ی كورد و توورك كه هه‌ردووكیان له‌و شاره‌دا نیشته‌جێن و له‌و كاره‌شدا به‌داخه‌وه سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دێنێت و بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ له نه‌غه‌ده و پاشان به مه‌به‌ستی سه‌ركه‌وتوو بوون له ئه‌ركه‌كه‌یدا پیشنیاری چوون بۆ مه‌هاباد و بوون به فه‌رمانداری ئه‌و شاره و نوێنه‌رایه‌تی كارووباری سیاسی پارێزگای سنه‌ی بۆ دیار ده‌كرێت و به‌و شێوه‌یه تا ساڵی 1368 له كوردستان ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وه‌ش ده‌ر خه‌ری ئه‌و راستییه‌یه كه كارووباری فه‌رهه‌نگی "جه‌لایی پوور" جگه له دارشتنی پلان بۆ سه‌ركووت، قه‌تڵ و عام، ئه‌شكه‌نجه و له‌سێداره‌دانی خه‌ڵكی كورد شتێكی تر نه‌بووه و له‌و تاوان و جینایه‌تانه‌ش كه به‌سه‌ر كورد له‌و وڵاته هاتوون بێگوومان كه‌سانێكی وه‌ك مووسه‌وی و كه‌رووبی كه ئه‌و كات به‌رپرسایه‌تی به‌رزیان له حكوومه‌تدا هه‌بوو رۆڵێكی به‌رچاویان بینیوه، بۆیه پێویستهئاوڕێك له ده‌سه‌ڵاتداره‌تی و بڕیارده‌رانی ئه‌وكات و ڵاپه‌ره پڕ له تاوانه‌كانیان بخه‌ینه به‌ر دیدی رای گشتی و پێیان بڵێین كه ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ خۆیان به خه‌م خۆری خه‌ڵك و خوازیاری رێفۆرم له ئێراندان هه‌مان جه‌لادان و حاكمانی ئێعدام و جینایه‌ته‌كانی ساڵانی 58تا 68 تن، به‌تایبه‌تی مووسه‌وی كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا وه‌ك" نخۆست وه‌زیر" و زۆربه‌ی نامه‌ی قه‌تڵ وعامهكان له ژێر ده‌ستی ئه‌و دا تێپه‌ڕ ده‌بوون، كه‌چی وه‌ك كورد واته‌نی" نه بای دیوه و نه‌باران". ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له مێژووی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی كۆماری ئیسلامی بده‌ینه‌وه بۆمان ده‌ر ده‌كه‌وێت كه له دوای به‌تاڵان بردنی ده‌سكه‌وته‌كانی شۆرشی گه‌لانی ئێران له لایه‌ن تاقمێك ئاخووندی بیرته‌سك كه بۆ خۆسه‌پاندن به سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئێران ده‌ستیان له هیچ چه‌شنه جینایه‌ت و كرده‌وه‌یه‌كی نامرۆڤانه نه‌پاراستووه، به تووندترین شێوه له هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی تاك و كۆی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران به‌گشتی و نه‌ته‌وه‌ی كورد له كوردستانی ئێران به‌تایبه‌تی كه مل كه‌چی ویست و داخوازه‌كانی ئه‌وان نه‌بوونه دراوه!. فتوای جیهاد بۆ سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان له مانگی گه‌لاوێژی 1358 و كاره‌ساتی قارنی و قه‌ڵاتان و شه‌ڕی سێ مانگه ونهورۆزی خوێناوی شاری سنه و ....هتد نموونه‌یه‌كی به‌رچاون له‌و جینایه‌تانه، به‌تایبه‌تی ده‌هه‌ی 60ته‌كان كه به سه‌رده‌می ئێعدامی به كۆمه‌ڵی چالاك وانانی سیاسی و ئازادی خوازانی ئیرانی و به‌تایبه‌ت لاوانی كوردستان، له لایه‌ن ته‌وره ریشدارهكانی كۆماری په‌ت و سێداره دێته ئه‌ژمار، له‌و سالاَندا گه‌لێك جه‌نایه‌ت و قه‌تڵ و عامی به‌كۆمه‌ڵ له كوردستان هاتوونه‌ته ئاراوه .كه به‌رچاوترینیان له گولله باران كردنی 59 لاوی كوردی شاری مههابادبوون، ئه‌وه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه لاوان به‌گشتی و لاوانی كورد به‌تایبه‌تی وه‌ك هێزێكی ئه‌كتیو و چالاك له به‌رابه‌ر سه‌ره‌رۆیی و جینایه‌ته‌كانی ئه‌و رێژیمه له تێكۆشان سڵیان نه‌كردووه و هه‌مووكات وه‌ك زه‌نگێكی مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر دیكتاتۆرییه‌ت هاتوونه‌ته ئه‌ژمار.
ئێستا و دوای تێپه‌ڕ بوونی نزیك به سێ ده‌یه به سه‌ر گولله باران كردنی ئه‌و پۆله لاوه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت و رێژیم به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو په‌ره به جینایه‌ت و كرده‌وه نامرۆڤانه‌كانی ده‌دات به‌ڵام زۆر جار تاكتیكی تر بۆ به‌لاڕێدا بردنی بۆچوونی خه‌ڵك به‌كار دێنێت بۆیه به‌شێك له خه‌ڵك ئێستاش له‌و باوه‌ڕه دان كه خه‌ڵكی ئێران به‌گشتی و گه‌لی كورد له كوردستانی ئێران به‌تایبه‌تی شارهزائییان به نسبه‌ت كرده‌وه دزێو و نامرۆڤانه‌كانی ئه‌و رێژیمه نییه و ئه‌وه‌ش بۆته رێگا خۆشكه‌ر بۆ به‌رده‌وام بوونیان له جینایه‌ت خولقاندن، به‌ڵام به‌بروای من خه‌ڵكی ئێران و كورده‌كانی ئه‌و وڵاته به‌تایبه‌تی زیاتر له خه‌ڵكانی تر له كرده‌وه و جینایه‌ته‌كانی ئه‌و رێژیمه شاره‌زاترن هه‌ر بۆیه‌ش و بۆ به‌رپه‌رچ دانه‌وه و به‌ربه‌ره‌كانی و تێكۆشان له به‌رده‌وامن و ته‌نانه‌ت بۆ رزگار بوون له دیكتاتۆرییه‌تی كۆماری ئیسلامی له دانی به‌نرخ ترین سه‌رمایه‌ی ژیانیان واتا گیانیان سڵیان نه‌كردووه و ناكه‌ن هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته هۆی وه‌زاڵه هێنانی رێژیم. بۆ سه‌لمینه‌ری ئه‌و راستییه‌ش ده‌توانین ئاوڕێك له خه‌باتی رزگاری خوازی گه‌لی كورد له كوردستانی ئێران بده‌ینه‌وه كه هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی و له یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌كانی ئه‌و رێژیمه بۆ زه‌وت كردنی مافی نه‌ته‌وه‌كان و یه‌ك له‌وان نه‌ته‌وه‌ی كوردبوو، هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته چه‌وته‌ش وای كرد كه كورده‌كان كه‌وتنه به‌ربه‌ره‌كانی له گه‌ڵ ریژیم و كوردستانیان لێ‌كردن به سه‌نگه‌رێكی له گیران نه‌هاتوو له راستای ده‌سته‌به‌ر كردنی مافه ره‌واكانیان. كۆماری ئیسلامی و كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌هه‌ستی مه‌زهه‌بی و هێندێك تاكتیكی چه‌واشه‌كارانه سه‌رنجی خه‌ڵكی ئێرانیان به لاڕێدا برد بۆ ماوه‌یه‌كی به‌رچاو، به‌ڵام ئه‌وه راستییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره كه خه‌ڵكی ئێران به‌گشتی شۆرشیان له پێناو بینا كردنی ده‌سه‌ڵاتێكی دێموكراتیك كه به هیمه‌ت و تێكۆشانی هه‌موو پێكهاته‌كانی وڵات و له هه‌مانكاتدا مافی هه‌موو لایه‌كی تێدا پارێزرابێت، نه‌ك قوربانی له سه‌رجه‌م پێكهاته و نه‌ته‌وه‌كانی ئێران و ده‌سكه‌وته‌كانی له لایه‌ن تاقمێك ئاخووندی بیر ته‌سكه‌وه به تاڵان بچێ ، به‌لام له گه‌ڵ هاتنه سه‌ركاری ئه‌و رێژیمه، ئاخووند و ته‌وره ریشدارهكان چه‌قوو شهمشیرهكانیان له ژێر حهباكانیان حه‌شاردا و پاشان به نێوی ئایین و ئیسلامه‌وه دایانن به تاقمێك جه‌لادی خوێن رێژ بۆ هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕێكی ئایینی به نێوی جیهاد و....
ساڵانی 1360 تا 68 به یه‌كێك له‌و ساڵانه‌ی كه زۆرترین رێژه‌ی ئێعدامه‌كانی چالاك وانانی سیاسی و خه‌ڵكی ئێران، له مێژووی ته‌مه‌نی پڕ له جینایه‌تی كۆماری ئیسلامی دێته ئه‌ژمار، ئه‌و سه‌رده‌مه كه‌سانێك به‌رێوه‌به‌ر و بڕیار ده‌ری ئه‌و تاوانانه بوون كه ئه‌مڕۆ به‌رابه‌ر به خه‌ڵك ژێستی خوازیار بوونی رێفۆرم و كۆمه‌ڵگایه‌كی خه‌ڵك سالارن و به‌رابه‌ر خه‌ڵك واده‌نوێنن كه كه‌سێك نییه له وان زیاتر خه‌مخۆر و ئازار هه‌ڵگری خه‌ڵك بێت، به‌ڵام له راستیدا كۆماری ئیسلامی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هاتنه سه‌ر كارییه‌وه هیچ كات و به هیچ شێوه‌یه‌ك خۆی له كوشت و كوشتاری خه‌ڵك نه‌پاراستووه و ناپارێزێت، ره‌نگه شێوه‌ی تر به‌كار بێنێت به‌لام هیچ كات بیری خزمه‌ت كردن به خڵك له جێگای جینایه‌ت كردن دانانێت .

