هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

بارودۆخی ژنانی کرێکار لە ئێراندا

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

shahin_sotani_-_krekar_2لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنە سەرکاری ڕێژمی ئیدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی ئیران دا، هەنگاویی دژە ژنی هاویشت و زۆرێک لە ژنانی بە بیانووگەلێکی جیاواز، خانەنشین کردو فەرهەنگی" ژن دەبێ لە خزمەت پیاو و ماڵ و منداڵدا بێت" ی پەرە پێدا. بە گۆڕینی یاسای بنەڕەتی وڵات کە بە هەموو شێوەیەک دژی ژن و مافەکانی ژن وەک مرۆڤە، کاریگەری زۆری لەسەر بڵاوکردنەوە و جێ خستنی ئەو فەرهەنگە هەبووە و بوونە تەواوکەری یەک بە هەموو شێوەیەک بۆ چەوسانەوەی ژنان.

 کارپێکردنی ئەم یاسا و فەرهەنگە ، کیشەگەلێکی زۆری بۆ چینی ژنان بە گشتی و ژنی کرێکار بە تایبەتی پێکهێناوە و زۆرێک لە ژنان لە بەر لە دەست نەدانی کارەکەیان، بێ دەنگی یان هەڵبژاردووە لە جیاتی ناڕەزایەتی دەربڕین.

ڕێژیم بۆ مانەوە و پەرەپێدان بەمەبەستە ئیدۆلۆژیک و سیاسەتە چەوتەکانی خۆی، هێزە ئەمنیەتی و سەرکوتکەرەکانی لە هەموو شوێنک دەسەڵاتدارکردووە، تەنانەت لە شوێنی کار و سەندیکا کرێکاریەکانیش دا! زیندانەکان پڕن لە و کەسانەی کە داوای مافی کار و ژیان دەکەن، پڕن لەو کرێکارانەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە بەرانبەر بێ مەعیشیەتی و وەرگرتنی حەقی کاری خۆیان.

ڕێژیمی گەندەڵی ئێران بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لەخاوەن کارەکان دەکات و بە دزینی سەرمایەی چینی هەژار لە لایەن کاربەدەسانی دەوڵەتەوە، کرێکارانی ئێران لە گەڵ بارودۆخێکی خراپی ئابووری بەرەو ڕوون و بە پێی ئامارەکان سەدان هەزارکرێکار لە کار بێ کار کراون.

ڕێژیم کە لەگەڵ بارودۆخێکی زۆر ناهەمواری ئابووری ڕووبەڕوویە و بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە ماوەی ساڵێکە تەرحی (هدفمند کردن یارانەها)ی هێنایە کایەوە، بە معنای لا بردنی سوبسید یان نرخی ئازاد بۆ شت و مەک، ئەمیش نە تەنیا یارمەتی دەرنەبوو، بەڵکوو باروودۆخەکەی لەوە زیاتر نالەبارترکرد و ژمارەیەکیتری زۆر بێکار و هەژاریەکی فراوانتری بۆ چینی کرێکار کردە دیاری.

ئابڵۆقە ئابووریەکان کە بە هۆی سیاسەتە چەوت و دژ بە نێونەتەوەیەکانی کۆماری ئیسلامی، بەسەر ئێراندا سەپاوە، کە بە هەزاران کارگەی بچووک و گەور مایەپووچ بوون و بێکاریەکی لە ڕادە بەدەری بە دواوە هاتووە و ژیانی خەڵک رۆژ بە رۆژ دژوارتر دەبێت و چینی هەژار و برسیش ڕووی لە زیادبوون کردووە.

 ئینجا دەسەڵاتداران و بە قەول داکۆکی کەرانی مافی خوشکانی ئیسلامی، بیریان لە بەرنامەی کاری نیوە وەخت بۆ ژنان کردەوە کە بیدەن بە مەجلیس بۆ کار پێ کردنی! ئەمە جگە لە سیاسەتی ژن ستیزی و خانەنشین کردنی ژنان و لاواز کردنیان بە هەموو شێوەیەک لە کۆمەڵگادا، چ خزمەتیک بە ژنان دەکات؟ کام کارگەیە ئامادەیە لە باتی یەک مووچە، دوو مووچە بە کرێکار بدات؟ ئەویش کرێکاری ژن! ژنانی کرێکار کە ڕووبەڕووی ئەو هەموو هەڵاواردنی جنسی و فەرهەنگی لە کاری تەواو وەختدا دەبنەوە، ئاخۆ بۆ کاری نیوە وەخت و نیوە مووچە، چ شت گەلێک چاوەڕوانیان بکات؟!

کۆمەڵگای کوردستان بە تایبەتی کۆمەڵگای ئێران بەگشتی، کۆمەڵگایەکی پیاو سالارانەیە و بازاڕی کاریشی پیاوانەیە و سوننەتی. چەوسانەوەی گەلی کورد بە هەموو شێوەیەک و لە ڕووی پیشەسازیشەوە کە زۆر کز و لاوازە و هیچ خزمەتێکی لەم بوارەدا پێ نەکراوە لە کوردستندا، بارودۆخی کرێکارانی کورد چ ژن و چ پیاو زۆر خراپە و نەبوونی کارخانە و شوێنی کار، بووەتە هۆی کۆچ کردنی کرێکاران بۆ شارەگەورەکانی ئێران، کە لەگەڵ زۆر کێشەی جیاواز ڕووبەڕوو دەبنەوە لە پێوەندی لەگەڵ دەستەبەرنەبوونی مافەکانیان وەکوو کەمترین مووچە لە بارودۆخی دژوار ئەمڕۆدا، نەبوونی ئاسایشی کاری و هەروەهاش کەمتر ڕۆژێک هەیە کە هەواڵی گیان لە دەستدانی کرێکارێک نەبیستین. ئەم کۆچ بەریە زیاتر پیاوان دەگرێتەوە و ژنان لە کورەخانەکان و لە کارگە چکۆلەکاندا، وەکوو کارگەی ڕستن و چنینی فەرش دەست بەکارن، کە نە خاوەنی مووچەیەکی باشن، نە تەندروستی کارین ، نە بیمەی کارین، نە کار و مووچەی یەکسانن لە گەڵ پیاوانداو نە سندیکای کرێکاری و نە دایەنگەیەک بۆ ڕاگرتنی کۆرپەکانیانن وەچەندەهای دیکەش.

بەگشتی ژنی کرێکار لە ئێراندا لە بارودۆخێکی زۆر نالەباردا کار دەکات، لە بچووکترین قەیرانی ئابووریدا لە سەر کار لادەبرێن، و زیاتر لە پیاوێکی کرێکار دەچەوسێنەوە، زۆر جاریش بەرەوڕووی توند و تیژی و دەستدرێژی جنسی دەبنەوە و لەگەڵ دەربڕینی هەر چەشنە ناڕەزایەتیەک و دژکردەوەیەک ، هەم مافی کارکردن لە دەست دەدەن و هەم بەرەوڕووی سووکایەتی دەبنەوە و زۆرجارانیش هەڵدەکەوێ ئاکام لە زیندانیشدا خۆ ببیننەوە!

بارودۆخی ژنانی کرێکار زۆر نائاساییە، زۆریک لە کچان کە بە تەمەنی کارکردن نەگەیشتوون و کاردەکەن،کە کارەکە نە لەگەڵ تەمەنیان دەگونجێ و نە لەگەڵ وبارودۆخ و پێکهاتەی لەشیی ئەوان. هەموو ئەم هۆکارە نالەبەرانەی کارکردن لە کۆمەڵگای ئێراندا بەگشتی بۆ هەردوو ڕەگەزی کۆمەڵگا و ژنان بەتایبەتی دەبنە هۆی ئەوەی پاش ماوەی کارکردن، تووشی نەخۆشی و باری نالەباری تەندروستی ببنەوە و بەبێ هیچ پشتیوانی و بیمەیەکی گیانی و تەندروستی و بیمەی بێکاری داهاتوو کە ئەمەش هێندەی دیکە ژیانی ئەوان بەرەوئاڵۆزی وداڕووخان و گەلێک جاریش هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی خێزانی دەبات، کارکردن بۆ ئەوان دژوارتر بکات لە هەلومەرجی هەنوکەیی ئێراندا.


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1546
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy