هاونیشتمانانی به‌ڕێز!
به بۆنه‌ی جێژنی نه‌ورۆز و نوێبوونه‌وه‌ی ساڵه‌وه، گه‌رمترین پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م و هیواخوازم ساڵی 1391ی هه‌تاوی ساڵێكی پڕ له ده‌سكه‌وتی سیاسی بۆ گه‌لی كورد و هه‌موو ئازادیخوازانی ئێران بێ.
نه‌رۆز پیرۆز بێ له بنه‌ماڵه‌ی سه‌به‌رزی شه‌هیدان، هه‌موو ئه‌و بنه‌ماڵه خۆشه‌ویستانه‌ی وه‌فادارن به رێبازی شه‌هیده‌كانیان، پیرۆز بێ له هه‌موو زیندانییه سیاسییه‌كان كه به تاوانی مافخوازی و بیروبۆچوونی جیاواز ئه‌م رۆژانه له گۆشه‌ی زیندانه‌كانی رێژیمی دژی ئازادی‌دا تێپه‌ڕ ده‌كه‌ن، وره‌یان هه‌روا به‌رز و له‌شیان ساغ بێ. هه‌روه‌ها پیرۆزبایی ده‌كه‌م له هه‌موو كادر و پێشمه‌رگه و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبه تێكۆشه‌ره‌كه‌مان.
به داخه‌وه ئێمه ئه‌مجاره‌ش له كاتێكدا پێ ده‌نێینه ساڵی تازه‌وه كه كۆماری ئیسلامی و ئه‌قڵییه‌ته پاوانخوازهكهی هه‌روا باڵی به‌سه‌ر ژیانی هه‌موو تاكێكی ئه‌م وڵاته‌دا كێشاوه، به هه‌زاران لاوی كورد و باقی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران به هۆی بیروباوه‌ڕی سیاسی له بهندیخانهكاندان و رۆژانه سێداره و ئێعدام چاوه‌ڕوانیان ده‌كا و ته‌نیا تاوانیان ئه‌وه‌یه وه‌ك گرووپی ده‌سه‌ڵاتدار بیر ناكه‌نه‌وه و داوای ئازادی ده‌كه‌ن.
خوشك و برایانی خۆشه‌ویست!
نه‌ورۆز لای ئێمه ماناكه‌ی له نوێبوونه‌وه‌ی سروشت و ئازادی و رزگاری وه‌رگرتووه، ئازادی و رزگاری له چنگ زستانی سارد و تاریك به‌ره و سه‌وزایی و سروشتی رازاوه و گه‌رما و رووناكایی خۆری به‌هار. به‌ڵام مخابن وڵاتی ئێمه زێتر له سێ ده‌یه‌یه له ژێر حوكمی تاقمێكی خوێنڕێژی دواكهوتوودایه كه نه له مانای ئازادی تێگه‌یشتوون و نه خۆری ئاڵوگۆڕ و پێشكه‌وتنه‌كان توانیویه‌تی سه‌هۆڵبه‌ندانی مێشكی چه‌قبه‌ستوویان خاو بكاته‌وه.
مافی مرۆڤ، مافی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی و یه‌ك له‌وان كورده‌كان، خۆشی و به‌خته‌وه‌ری، شادی و جوانی، ئازادی و دێموكراسی لای ئه‌وان پڕمه‌ترسین و به هه‌موو توانایانه‌وه له دژی ده‌وه‌ستنه‌وه.
ئه‌حمه‌د شه‌هید، رێپۆرتێری تایبه‌تیی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له دوایین راپۆرتی خۆیدا باس له له‌ژێرپێنانی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌كان هه‌م له یاسا و هه‌م له كرده‌وه‌دا له لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه ده‌كات، سه‌باره‌ت به كورده‌كان ده‌ڵێ: «به پێی راپۆرته‌كان تا 31ی ئۆكتۆبری 2011، پازده تێكۆشه‌ری كورد به تاوانگه‌لی وه‌ك، كرده‌وه‌ی دژی ئه‌منییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، یان فساد له‌سه‌ر زه‌وی یان جاسوسی رووبه‌ڕووی حوكمی ئیعدام بوونه‌ته‌وه. ئه‌وان هه‌روه‌ها رووبه‌ڕووی جیاوازیدانانی توندی كۆمه‌ڵایه‌تی ـ ئابووری و زه‌خت و زۆر به مه‌به‌ستی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی مڵك و ماڵیان، بێكاركردن و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتوری و مافی زمانی بوونه‌ته‌وه.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا، ئه‌حمه‌د شه‌هید باس له كوشتاری به‌كۆمه‌ڵی كۆڵبه‌ران و كاسبكارانی كورد ده‌كا كه له شوێنه سنوورییه‌كان ده‌ژین ... .له قانوونی ئێران‌دا كاری قاچاخی ئه‌و كۆڵبه‌رانه سزای چه‌ند مانگ زیندان یان جه‌ریمه‌یه‌ك به‌رانبه‌ر به ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی شت ومهكهكانیانه، به‌ڵام نیگابانه‌كانی سنوور ته‌قه له‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن و به‌م شێوه‌یه ده‌یان كۆڵبه‌ر و ئه‌سپه‌كانیان له ساڵدا ده‌كوژرێن یان بریندار ده‌بن.»
ئه‌وانه نموونه‌گه‌لێكی بچووكن له جینایه‌ته‌كانی رێژیمێك كه ته‌نانه‌ت باوه‌ڕی به یاساكه‌ی خۆیشی نیه و به‌زه‌یی به حهیوانهكانیشدا نایه‌ته‌وه.
خوشك و برایانی به‌ڕێز!
به‌ڵام به هه‌مووی ئه‌و زوڵم و زۆردارییه‌وه كه كۆماری ئیسلامی دژی خه‌ڵكی ئێران به‌ڕێوه‌ی ده‌با، نیشانه‌كان پێمان ده‌ڵێن كه خۆری ته‌مه‌نی ئه‌م رێژیمه سه‌ده نێوه‌ڕاستییه به‌ره‌و ئاوابوونه.
ساڵی 1390 ساڵی پێكهاتنی ئاڵوگۆڕ له به‌شێك له وڵاتانی ناوچه‌دا بوو، له‌و ساڵه‌دا به‌شێك له گه‌لانی وه‌زاڵه‌هاتوو له چنگ زوڵم و زۆری ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆرییه‌كان له ناوچه‌دا توانییان به ئیراده‌و فیداكاری رۆڵه‌كانیان، خۆیان رزگار بكه‌ن. خه‌ڵكی وڵاتانی میسر، توونس و لیبی له ریزی ئه‌م وڵاتانه‌دا بوون، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه هیندێك له راپه‌ڕینه‌كانی خه‌ڵك وه‌ك سووریه كه له‌و ساڵه‌دا ده‌ستیان پێ كردووه له ساڵی نوێ‌دا به ئامانجی كۆتایی بگه‌ن.
هه‌ر له‌ساڵی 2011دا قوربانی و مێحنهتییهكانی خه‌ڵكی باشووری سوودان به ئاكام گه‌یشت و له رێفراندۆمێكدا سه‌ربه‌خۆیی خۆیان له سوودان راگه‌یاند و بوون به خاوه‌نی چاره‌نووسی خۆیان، ئه‌وانه و ده‌سكه‌وتی دیكه بۆ گه‌لانی ژێرده‌ستی زۆرداری ـ كه جێگای باسی هه‌موویان له‌م وتاره‌دا نیه ـ پێمان ده‌ڵێن ساڵێك كه تێپه‌ڕ بوو، ساڵێكی پڕ ده‌سكه‌وت له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌شێك له ئه‌فریقا بوو. شه‌پۆله‌كانی ئه‌م ئاڵوگۆڕانه شوێنه‌واری ناڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر كۆماری ئیسلامی به شێوه‌ی نه‌رێنی و له‌سه‌ر وره‌ی خه‌ڵكی ئێران به شێوه‌ی ئه‌رێنی داناوه، هه‌ر بۆیه رێژیم به هه‌موو توانایه‌ك یارمه‌تی رێژیمی به‌عسی سوریه ده‌دا بۆ سه‌ركوتی خه‌ڵكی راپه‌ڕیوی ئه‌و وڵاته و پاراستنی حكوومه‌ته سهرهڕۆكهی
بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵكوو بتوانێ لانیكه‌م یه‌كێك له رێژیمه‌كانی وه‌ك خۆی له ناوچه‌دا رابگرێ.
له‌ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ساڵی 1390 تاڵترین ساڵه‌كانی ته‌مه‌نی ئه‌م رێژیمه بوو:
پیلانه‌كانی ئه‌م رێژیمه بۆ پێكهێنانی تیرۆر و نائارامی لهملاوئهولای جیهان له‌م ساڵه‌دا زیاتر له هه‌موو كاتێك ئاشكرا بوو، به‌تایبه‌ت پیلانی تیرۆری باڵوێزی عه‌ره‌بستانی سعوودی له ئه‌مریكا، رسوایی زیاتر له هه‌میشه‌ی بۆ كۆماری ئیسلامی پێك هێنا.
ئاسه‌واری گه‌مارۆكانی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر رێژیم له‌م ساڵدا به ته‌واوی ده‌ركه‌وت، بایی پووڵی ئێرانی له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردوو له به‌رانبه‌ر دۆلاری ئه‌مریكیدا زیاتر له 40% دابه‌زی. به‌رهه‌می نه‌وت به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زیوه، رێكخراوی ئۆپێك رایگه‌یاندووه كه به‌رهه‌می نه‌وتی ئێران له مانگی فێوریه‌ی ئه‌م ساڵی زایینی‌دا به به‌راورد له‌گه‌ڵا مانگی پێشتر رۆژانه 37 هه‌زار به‌رمیل كه‌م بۆته‌وه. ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ش له‌م دواییانه‌دا رایگه‌یاند كه له شه‌ش مانگی داهاتوودا چاوه‌ڕوان ده‌كرێ هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران تا یه‌ك میلیۆن بۆشكه كه‌م بێته‌وه، بێجگه له‌وانه كۆماری ئیسلامی هه‌ر ئێستا له بابه‌ت وه‌رگرتنی بایی ئه‌و نه‌وته‌ی كه هه‌نارده‌ی ده‌كا، به هۆی گه‌مارۆی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر بانكه‌كانی ئه‌م وڵاته تووشی گیروگرفتی گه‌روه بۆته‌وه.
له‌م ساڵدا له نێوخۆی ئێران خه‌ڵك زۆر زیاتر له پێشوو كۆماری ئیسلامی‌یان ناسی، به چه‌شنێك كه له به‌ناو هه‌ڵبژاردنه‌كانی ده‌وری نۆهه‌می مه‌جلیسی شورای ئیسلامی كه له 12ی ره‌شه‌مه به‌ڕێوه‌چوو، ته‌نانه‌ت رێفۆرمیستهكانیش كه هه‌میشه هێزێكی به‌رچاو بوون له هاندانی خه‌ڵك بۆ به‌شداربوون له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، به‌شدارییان نه‌كرد، ئه‌وه‌ش به مانای نه‌مانی مه‌شرووعییه‌تی رێژیم له ناو كه‌سانێكه كه پێشتر هێزی وه‌فادار به رێژیم بوون.
هه‌ر بۆیه ژماره‌ی خه‌ڵكی به‌شدار له هه‌ڵبژاردن زۆر كه‌متر له هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو بوو و، راگه‌یاندنه‌كانی رێژیمیش به به‌شداری شه‌ست و چه‌ند له سه‌دیی خه‌ڵك هیچ شتێك له‌و راستییه ناگۆڕێ.
ئاشكرابوونی یه‌ك له دوای یه‌كی گه‌نده‌ڵییه بێوێنهكانی حكوومه‌ت، پێداگرتنیان له‌سه‌ر درێژه‌دانی سیاسه‌ته چه‌وت و شكستخواردوهكانیان یارمه‌تیده‌ری به‌هێزی دیكه بوون بۆ له‌ده‌ستدانی مه‌شرووعییه‌تی ئه‌و رێژیمه.
ئه‌م گرفتانه‌ی كه وه‌ك نموونه ئیشاره‌مان پێ كرد رهوتێكن كه له مێژه ده‌ستی پێكردووه، به‌ڵام له ساڵی رابردوودا ئاشكراتر بوون و بێگومان له ساڵی 1391دا زیاتر كه‌ڵه‌كه ده‌بنه‌وه و رێژیم به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌به‌ن، چوونكه رێژیم نه‌ك هه‌ر عه‌قڵییه‌تی چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كانی نیه به‌ڵكوو بۆ خۆی قه‌یرانخوڵقێنه و له نێو قه‌یرانه‌كانی ده‌ستكردی خۆیدا نوقم ده‌بێ. بۆیه به‌م لێكدانه‌وه ده‌توانین بڵێین ساڵی نوێ و نه‌ورۆزمان پیرۆز ده‌بێ، له‌و ساڵه‌دا چاوه‌ڕوانی ده‌سكه‌وتی سیاسیی زیاتر بۆ گه‌له‌كه‌مان و خێراتربوونی ره‌وتی رووخانی رێژیم ده‌بین.
خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری كوردستان!
به لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م وه‌زعه و چاوه‌ڕوانییه‌كانمان، ئه‌ركێكی قورس‌تر له پێشوو ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی هه‌موومان. ئه‌ویش هه‌وڵدانی زیاتره بۆ یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی، بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌مبه‌ر كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی و نه‌یارانی نێوخۆیی سه‌نگ و شوێندانه‌ریی زیاترمان بێ و، به هه‌وڵ و تێكۆشانی هه‌موو لایه‌ك و به بوونی به‌رنامه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو و واقیعی، بتوانین له ئاڵوگۆڕه‌كانی چاوه‌ڕوانكراوی داهاتوودا هه‌رچی زیاتر مافه سیاسییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین.
له‌و پێوه‌ندییه‌دا رێكخراوه سیاسییه‌كانی كورد به‌رپرسایه‌تیی زیاتریان ده‌كه‌وێته سه‌ر شان و هیوادارین كه هه‌موو لایه‌ك به دوور له دروشمی ره‌نگاوڕه‌نگ و له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سك، له راستای به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كاندا ئه‌ركی خۆیان به دروستی به‌جێ بگه‌یه‌نن. گۆمانی تێدا نیه هه‌وڵی جیددی بۆ لابردنی ئه‌و كۆسپانه‌ی بوونه‌ته گرفتی سه‌ر رێگای لێك نزیكبوونه‌وه و لێك حاڵی‌بوون، له ئامرازی هه‌ره سه‌ره‌كیی گه‌یشتن به‌و مه‌به‌سته‌ن.
به بوونی به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌وتۆ له لایه‌ن حیزبه سیاسییه‌كان و پشتیوانیی بێ‌درێغی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌توانین چاوه‌ڕوانی داهاتوویه‌كی گه‌ش بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌مان بین.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له‌و راستایه‌دا هه‌نگاو ده‌نێ و ئاماده‌یه ئه‌ركی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی به مه‌سئوولییه‌ته‌وه به‌ڕێوه ببا.
له‌م ده‌رفه‌ته كه‌ڵك وه‌رده‌گرم و وێڕٍای پیرۆزبایی جێژنی نه‌ورۆز له باقی هاونیشتمانانمان له ئێران، له‌م رۆژانه و له ده‌سپێكی ساڵی نوێ‌دا په‌یامی ئاشتی، تۆلۆرانس و یه‌كسانییان بۆ ده‌نێرم. له رۆژی 2ی رێبه‌نداندا ئه‌م په‌یامه‌م ئاراسته‌ی ئه‌وان كرد و ئێستا دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه كه گه‌لی كورد له كوردستانی ئێران وه‌ك هه‌میشه خوازیاری پێكه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی ئێران به مافی یهكسانهوهیه، ئه‌وه‌ش بێگومان له حاڵیبوونی ته‌واوی كورد له ئاڵوگۆڕه‌كان و سیاسه‌تی سه‌رده‌مییانه‌ی ئه‌وانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ. ئێمه هه‌موومان پێكه‌وه ده‌توانین خه‌بات بكه‌ین بۆ رووخاندنی رێژیم و بینادنانی حكوومه‌تێكی دێموكراتیك به پاراستنی مافی به‌رانبه‌ری هه‌موو لایه‌ك، به شێوه‌یه‌ك كه ئێران هی هه‌موومان بێ، هه‌موومان ئاوه‌دانی بكه‌ینه‌وه و هه‌موومان بیپارێزین. مانای ئه‌م په‌یامه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و سه‌رده‌مه به‌سه‌ر چوو كه نه‌ته‌وه‌یه‌ك، گرووپێك یان ئایینێك حوكمی دیكتاتۆریی خۆی به‌سه‌ر خه‌ڵكی دیكه‌دا بسه‌پێنێ و ئه‌وان به هاووڵاتیی ده‌ره‌جه 2 حیساب بكا. نه كورد چی دیكه ئه‌م ژێرده‌سته‌ییه قبووڵا ده‌كا و نه سه‌رده‌می ئه‌م شێوه ده‌سه‌ڵاتانه ماوه، به‌تایبه‌ت چوارچێوه‌ی ئێرانیش به‌م شێوه‌یه ناپارێزرێ.
ئه‌مه په‌یامێكی گرنگه بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه ده‌یانه‌وێ به بیانووی پاراستنی ته‌واویه‌تیی ئه‌رزیی ئێران هه‌ر چه‌شنه مافخوازییهكی سیاسی به تاوانی جیاییخوازی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران و یه‌ك له‌وان نه‌ته‌وه‌ی كورد، سه‌ركوت بكه‌ن.
هاونیشتمانانی به‌ڕێز، خوشك و برایانی به‌شدار له رێوڕه‌سمی نه‌ورۆزی دێرینی كوردان، جارێكی دیكه نه‌ورۆزتان پیرۆز بێ و خه‌باتتان به‌رده‌وام بێ.
له ساڵی تازه‌دا بۆ هه‌مووتان له‌شساغی، رزگاری و داهاتوویه‌كی گه‌ش به ئاوات ده‌خوازم.

