هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

لاوانی‌ PKK به‌ دژی‌ ئاڵای‌ كوردستان هه‌ڵوێستیان گرت

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

pkk_-_kurdistan3له‌ دووهه‌مین كۆنفرانسی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ لاوانی‌ هه‌ر چوارپارچه‌ی‌ كوردستان كه‌ له‌ژێر ناوی‌ " لەپێناوی یەکگرتوویی گوتاری نەتەوەیی لاوانی کورد" پێك هاتبوو، له‌ درێژه‌ی‌ كاره‌كانی‌‌و ئه‌مڕۆ له‌ ئاخرین رۆژی‌ كۆنفڕانس دا لاوانی‌ سه‌ر به‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (PKK) به‌ دژی‌ ئاڵای‌ كوردستان هه‌ڵوێستیان گرت‌و كۆنفڕانسه‌كه‌یان بایكوت كرد.

ئه‌مڕۆ وه‌كوو ئاخرین رۆژی‌ كۆنفڕانس كه‌ بڕیار‌و راسپارده‌كانی‌ كۆنفڕانس ده‌خوێندرانه‌وه‌‌و ده‌نگیان بۆ ده‌درا، 21 خاڵ په‌سند كران كه‌ له‌و خاڵانه‌دا هاتووه‌، رۆژی 10ی خاكه‌لێوه‌، رۆژی له‌ سێداره‌ دانی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و هاوڕێیانی، وه‌ك رۆژی شه‌هیدانی هه‌موو كوردستان بناسرێ. له‌ خاڵێكی دیكه‌دا 2ی رێبه‌ندان ساڵـڕۆژی دامه‌زرانی یه‌كه‌م كۆماری كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، وه‌كوو رۆژی نه‌ته‌وایه‌تیی گه‌لی كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان په‌سند كرا و راسپێردرا له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستاندا یادی ئه‌و رۆژه‌ بكرێته‌وه‌.

pkk_-_kurdistan2له‌ خاڵێكی‌ دیكه‌دا پێشنیار كرا كه‌ ئاڵای هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌ ئاڵای هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان، نوێنه‌رانی 15 رێكخراوی سه‌ربه‌ "PKK" له‌ دژی ئه‌و پێشنیاره‌ هه‌ڵوێستیان گرت و بۆ ماوه‌یه‌ك هۆڵه‌كه‌یان به‌جێ هێشت، كه‌ له‌ دوای‌ گه‌نگه‌شه‌یه‌كی‌ زۆر هاتنه‌وه‌ نیو هۆلی كۆنفڕانس و له‌ ئه‌نجامدا ئاڵای ئێستاى هه‌رێمی كوردستان وه‌كوو ئاڵای چوار پارچه‌ی كوردستان په‌سند كرا.

لاوانی‌ سه‌ر به‌ PKK به‌پێی‌ بیرۆكه‌یه‌ك كه‌ بۆیان دارێژڕاوه‌، باوه‌ڕیان به‌ یه‌ك ئاڵای‌ كوردستان بۆ هه‌موو كوردستان نیه‌‌‌و هه‌ر به‌پێی‌ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ بوو كه كۆنفڕانسه‌كه‌یان بایكۆت كرد.

شایانی‌ باسه‌ ئه‌م ئاڵایه‌ی‌ كه‌ ئێستا زۆربه‌ی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان باوه‌ڕیان پیه‌تی‌، له‌لایه‌ن پێشه‌وا قازی‌ محه‌ممه‌د، سه‌ركۆماری‌ كوردستان‌و سه‌رۆكی‌ ئه‌وكاتی‌ حیزبی‌ دێموكرتی‌ كوردستانی‌ ئێران، وه‌كوو ئاڵای‌ كوردستان دیاری‌ كراو بۆ ئه‌وه‌ڵین جار 26ی‌ سه‌رماوه‌زی‌ 1324 (17 ـ 12 ـ 1945) له‌كاتی‌ گیرانی‌ شاره‌وانی‌ مه‌هاباد وه‌كوو ئاخرین مۆڵگه‌ی‌ رێژیمی‌ پاشایه‌تی‌ له‌ لایه‌ن پێشمه‌رگه‌كانی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران‌و هه‌روه‌ها به‌ شێوه‌ی‌ فه‌رمی‌ له‌ رۆژی‌ دامه‌زرانی‌ كۆماری‌ كوردستان هه‌ڵكرا‌و دوای‌ تێكچوونی‌ كۆماری‌ كوردستان، شه‌هید پێشه‌وا قازی‌ ئه‌و ئاڵایه‌ی‌ دایه‌ ده‌ست مه‌لا مسته‌فای‌ بارزانی‌ نه‌مر‌و ئێستا به‌ شێوه‌ی‌ فه‌رمی‌ ئه‌و ئاڵایه‌ له‌ پارلمانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌كوو ئاڵای‌ كوردستان دیاری‌ كراوه‌.

پێویسته‌ بگوترێ‌ یه‌كه‌م كۆنفڕاسنی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ لاوان‌ له‌ ساڵی‌ 1389ی‌ هه‌تاوی‌ له‌ شاری‌ ئامه‌دی‌ كوردستانی‌ توركیه‌ به‌ڕێوه‌ چوو‌و ئه‌م دووهه‌مین كۆنفڕانسه‌ش رۆژی‌ 25ی‌ ره‌شه‌مه‌ له‌ شاری‌ هه‌ولێر به‌ ئاماده‌ بوونی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و سكرتێری‌ گشتیی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران‌و زۆربه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ حیزب‌و رێكخراوه‌كان ده‌ستی‌ به‌ كاره‌كانی‌ كرد‌و هه‌روه‌ها له‌ درێژه‌ی‌ كاره‌كانی‌دا فواد خاکی‌به‌یگی سکرتێری یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وه‌کوو نوێنه‌ری سه‌رجه‌م رێکخراوه‌کانی لاوانی رۆژهه‌ڵات بۆ لیژنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کۆنفڕانس هه‌ڵبژێردرا.

ئه‌‌و رێكخراوانه‌ی‌ به‌ دژی‌ ئاڵای‌ كوردستان هه‌ڵوێستیان گرت‌و كۆنفڕانسه‌كه‌یان بایكوت كرد بریتی‌ بوون له‌:

1 ـ رێكخراوی‌ گه‌نجانی‌ وڵاتپارێزی‌ دێموكراتی

2 ـ گه‌نجانی‌ پارتی‌ ئاشتی‌ دێموكراتی‌

3 ـ كۆمه‌ڵێن جوان PKK

4 ـ كۆمه‌ڵێ جوانانی‌ رۆژهه‌ڵات

5 ـ ده‌ستپێشخه‌ری‌ پشتگیری‌ رۆژئاوای‌ كوردستان

6 ـ گه‌نجانی‌ پارتی‌ چاره‌سه‌ری‌ دێموكراتی‌

7 ـ رێكخراوی‌ گه‌نجانی‌ كورد ـ نێوده‌وڵه‌تی‌

8 ـ رێكخراوی‌ خوێندكارانی‌ كوردستان ـ ئه‌وروپا

9 ـ كۆمه‌ڵێن جوانێ ئه‌وروپا

10 ـ رێكخراوی‌ ئه‌ناشیستی‌ كورد ـ ئه‌وروپا

11 ـ كۆمه‌ڵێن جوان مه‌خمو

12 ـ ئه‌نجوومه‌نی‌ گه‌لی‌ رۆژئاوا

13 ـ گه‌نجانی‌ پارتی‌ یه‌كیه‌تی‌ دێموكراتی‌

14 ـ كۆنفیدراسیۆنی‌ خوێندكارانی‌ كوردی‌ وڵاتپارێز

15 ـ كۆمه‌ڵی‌ گه‌نجانی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان

ــ بۆ ئاماده‌كردنی‌ ئه‌م راپۆرته‌ له‌ ماڵپه‌ڕی‌ رووداو‌و كوردستان میدیا كه‌ڵك وه‌رگیراوه‌.

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1599
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy