هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

به‌رز و به‌ڕێز بێ ساڵوه‌گه‌ڕی له سێداره‌دانی ١١ سه‌رداری سه‌قز

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

11astera1له رۆژی ٢۵ی ره‌شه‌مه‌ی ساڵی ١٣٢٦ی هه‌تاوی، ١١ سه‌ردار و شۆڕشگێڕی سه‌قزی، ١١ یار و پشتیوانی سه‌رۆك كۆماری كوردستان نه‌مر قازی موحه‌ممه‌د، ١١ ئه‌ستێره‌ی پرشنگداری ئاسمانی كوردایه‌تی، له شاری قاره‌مان په‌روه‌ری سه‌قز به ده‌ستی رژیمی كوردكوژ و گه‌نده‌ڵی پاشایه‌تی له سێداره دران.

پاش دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان له مهاباد له ساڵی ١٣٢٤ی هه‌تاوی، هه‌رچه‌ند هەموو ناوچەی سه‌قز به ته‌واوی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماردا نه‌بوو، به‌ڵام سه‌دان لاوی ئه‌م ده‌ڤه‌ره بۆ پارێزگاری له كۆمار و ده‌سكه‌وته‌كانی، خۆیان گه‌یانده مهاباد و به سه‌دان كه‌سی دیكه‌ش له سه‌قز وه‌ك قه‌ڵا و پشتیوانی كۆمار و سه‌رۆك كۆماره خۆشه‌ویسته‌كه‌ی نه‌مر قازی موحه‌ممه‌د له هیچ چه‌شنه گیان فیدایێك درێغییان نه‌كرد.

به داخه‌وه پاش رووخانی كۆماره جوانه‌مه‌رگه‌كه‌ی كوردستان به ده‌ستی رژیمی كوردكوژی په‌هله‌وی، رۆڵه‌كانی شاری سه‌قزی قاره‌مان په‌روه‌ریش كه‌وتنه به‌ر شاڵاوی هێرشی سه‌گه هاره‌كانی رژیمی پاشایه‌تی و سه‌دان رۆڵه‌ی ئازا و نیشتمان په‌روه‌ری شاری سه‌قز گیران و ره‌وانه‌ی به‌ندیخانه و چاڵه ره‌شه‌كانی ئه‌و رژیمه ئه‌هریمه‌نییه كران.

له ئاكام دا له رۆژی ٢۵ی ره‌شه‌مه‌ی ساڵی ١٣٢٦ی هه‌تاوی به فه‌رمانی حه‌مه ره‌زا شای گۆڕبه‌گۆڕ، له شوێنی باشگای ئه‌فسه‌رانی شاری سه‌قز، ١١ سه‌رداری قاره‌مان و رۆڵه‌ی به‌ جه‌رگ و نیشتمانپه‌روه‌ری ئه‌م شاره‌ به تاوانی كورد بوون و هاوكاری كردنی كۆماری كوردستان له سێداره دران.

ئه‌و ١١ هه‌ڵۆ به‌رزه فڕه‌ی ناوچه‌ی سه‌قز بریتی بوون له: ١ـ عه‌بدوڵا خان مه‌تینی، ٢ـ حه‌مه خان دانشوه‌ر، ٣ـ عه‌لی ئاغا جه‌وانمه‌ردی، ٤ـ ره‌سووڵ ئاغا جه‌وانمه‌ردی، ٥ـ شێخ سدیق ئه‌سعه‌دی، ٦ـ شێخ ئه‌مین ئه‌سعه‌دی، ٧ـ ئه‌حمه‌د خان فاڕووقی، ٨ـ عه‌لی خان فاتێح، ٩ـ حه‌سه‌ن خان فه‌یزۆڵابه‌گی، ١٠ـ ئه‌حمه‌د خان شه‌جێعی، ١١ـ عه‌لی به‌گی شێرزاد.

شایانی باسه كه ٣ كه‌س له‌م شۆڕه‌سوارانه به نێوه‌كانی ئه‌حمه‌د خان فارووقی و عه‌بدوڵا خانی مه‌تین و حه‌مه خانی دانشوه‌ر پێكه‌وه برا بوون و كاتێك دایكی رووسووری ئه‌م قاره‌مانانه ده‌گاته شوێنی له سێداره‌دانیان و ته‌رمی بێ گیانیان به سه‌ر سێداره‌وه ده‌بینێ وه‌ك شێر به سه‌ر به‌كرێگیراوانی رژیمی پاشایه‌تی دا ده‌نركێنێ و ده‌ڵێ: ئه‌و سێ كوڕه سه‌رداره‌م بۆ بهێننه خواره‌وه، كاتێك ته‌رمی بێ گیانی كوڕه‌كانی بۆ داده‌گرن دایكیان روومه‌تی خۆی به چنگ ده‌ڕنێ و خوێنی روومه‌تی خۆی ده‌هێنێ به روومه‌تی منداڵه‌كانیدا و ئه‌ڵێ: ڕووڵه‌كانم نابێ دوژمن ئێوه به‌م شێوه به بێ ره‌نگی ببینێ و ئێوه رووتان ئه‌بێ سوور بێ و له لای خه‌ڵكی كوردستان و شاری سه‌قزیش ئێوه هه‌تا هه‌تایه به روو سووری و به سه‌ر به‌رزی ده‌مێننه‌وه.

هه‌نووكه قسه‌كانی ئه‌و شێره دایكه هاتوه‌ته دی و ئه‌مڕۆ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان به چاوی رێز و حورمه‌‌ته‌وه ده‌ڕواننه خه‌باتی ئه‌و پڵنگه تیژ چنگانه‌ی ناوچه‌ی سه‌قز و شاری سه‌قزیش به حورمه‌تی ئه‌وانه‌وه نازناو و نێوبانگی شاری ١١ ئه‌ستێره‌ی پێ به‌خشراوه.

شایانی باسه كه مێژوونووسان له سه‌ر رێكه‌وتی ئه‌م كاره‌ساته یه‌ك‌ده‌نگ نین و كۆمه‌ڵێك له‌وان پێیان وایه كه له رۆژی ٢۵ی رێبه‌ندان ئه‌م رووداوه روویداوه و كۆمه‌ڵێكیش ٢۵ی مانگی ره‌شه‌مه به درووست ئه‌زانن.

سه‌رچاوه‌: ناوه‌ندی هه‌واڵنێریی سه‌قز



11astera2

 

11astera4



 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1080
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy