هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

خاتوو ناهید حسێنی‌، وه‌ڵامى ‌ پرسیاره‌كانی‌ دایه‌وه‌

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

nahid_hoseni_2سڵاو و سپاسی بێ‌ پایانم بۆ خوێنەرانی سایتە بە پێزەكەی "هەڵۆی كوردستان" و هەروەها رێزم بۆ كاك هەڵۆ جانانی و هیوادارم لە كار و چالاكییەكانی بەردەوام بێت. وێڕای داوای لێبووردنم لەو بەڕێزانەی پرسیارەكانی خۆیان ئاراستە كردووم، بە هۆی هەندێ‌ گرفت و كێشەی تایبەت بە خۆمەوە لە دانەوەی وەڵامەكانیان دوا كەوتم و هیوادارم زویرم نەكردبن.



لە وەڵامی كوردێكی نیشتمان پەروەردا:

1ـ كەی رۆشتی بۆ باشووری كوردستان و بۆچی رۆشتی؟

ـ من مانگی رەشەمەی ساڵی 1383 هاتمە باشووری كوردستان و هۆكارەكەشی بۆ ئەو فشارە زۆرە دەگەڕێنمەوە كە لە لایەن ئیتلاعاتەوە بۆیان هێنابووم، جگە لەوەی هەندێ‌ لە شیعرەكانم وەك "پێكێك لەگەڵ ئەهریمەندا" و "كارنەڤال" و چەند شیعرێكی دیكەم كێشەیان بۆ ساز كردبووم و بیانوویان دابوو بەدەست ئیتلاعاتەوە بۆ ئەوەی پەیتا پەیتا بانگم بكەن، من ئەندامی تەشكیلاتیی حزب بووم و لە ڕووی ئەو پرسیارانەوە لێیان دەكردم دڵنیا بوم پێیان زانیوم و دەمزانی كە ئەگەر نەیەمە دەرەوە دەگیرێم و نەمویست خۆم و بنەماڵەكەم و ئەو كەسانەی پەیوەندییان بە من و چالاكییەكانمەوە هەبوو بخەمە مەترسییەوە.

2ـ لەوێ‌ لە بواری راگەیاندندا لە كوێ‌ كارت كردووە و بۆ چەن ماوە؟

ـ پاش ئەوەیكە هاتمە باشووری كوردستان، سەرەتا لە هەفتەنامەی چاودێر وەكوو ستافی كارا و بەرپرسی دوو لاپەڕەی "لە رۆژهەڵاتەوە" دەستم بە كار كرد و پاش ماوەیەكی كورت لە تەلەڤزیۆنی گەلی كوردستان وەكوو لێپرسراوی یەكەی دۆبلاژ دەستم بە كار كرد و تا ئەو كاتەی لە سلێمانییەوە هاتم بۆ كۆیە لە كاركردنم لە دووهەفتەنامەی چاودێر بەردەوام بووم، بەڵام دەوری شەش مانگێك پێش گۆنگرەی 14 وازم لە گەلی كوردستان هێنا و هۆكارەكەشی ماندوویەتی خۆم بوو.

nahid_hoseni_33ـ بۆ تا پێش لەوەی نەبوویتە كۆمیتەی ناوەندی حیزب بۆ هەمیشە نەڕۆشتیتە ناو حیزب؟

ـ من ئەو كاتەش لە ئێران بووم هەر لە ناو حیزبدا بووم، حیزبی بوون و لە چوارچێوەی حیزبێكدا كار كردن نەبەستراوەتەوە بەوەوە كە حەتمەن لە كۆیە بیت و یان پێگەی ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی یان هەر پێگەیەكی دیكەت هەبێت. لەو كاتەوە كە پەیوەندی بە حیزبێكەوە دەگریت و چالاكییەكانی خۆت لەگەڵ ئەو حیزبەدا گرێ‌ دەدەیت و ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایە كە تۆ بەرنامەی كاری و هێڵە سەرەكییەكانی ئەو حیزبە وەكوو رێگایەك بۆ خەبات هەڵدەبژێریت و متمانەی پێدەكەیت و متمانەت پێدەبەخشن. ئێمە لە ناوخۆی ئێران، لە دەرەوەی وڵات و لە باشووری كوردستان بە هەزاران ئەندامی حیزبیمان هەیە و هەموو ئەو ئەندامانەش بە پێی رێوشوێنە دیاریكراوەكان مافی ئەوەیان هەیە خۆیان بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرە و دواتریش بۆ ئەندامەتی لە سەركردایەتی حیزبدا بپاڵێون و منیش یەكێك بووم لەو هەزاران ئەندامە كە لە پرۆسەیەكی دێموكراتیك و بە دەنگی ئەندامانی حیزبی هەڵبژێردراوم و شانازی بەو متمانەوە دەكەم كە پێم بەخشراوە.

nahid_hoseni_84ـ ئایا ئاغای مێردت پێشتر كۆمەڵەیی بووە؟ لە كەیەوە بۆتە ئەندامی حیزب؟

ـ نەخێر هاوسەری من هەرگیز جگە لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ئەندامی هیچ حیزب یان رێكخراوێكی دیكە نەبووە و پاش ئەوەیكە ئەویش ئێرانی بەجێ‌هێشت و هاتە باشووری كوردستان بووە ئەندامی حیزب.

5ـ ئەگەر ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی نەمێنی دیسان دەگەڕیتەوە سلێمانی یان هەر لە حیزب دەمێنی؟

ـ وابزانم وەڵامی ئەم پرسیارەم بە روونی لە پرسیاری پێشوودا داوەتەوە، من لە هەر شوێنێك بم هەر ئەندامی حیزبم و خۆم بە حیزبی دەزانم و ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی بوون یان نەبوون هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت. رەنگە رۆژێك بەرژەوندی حیزب لەوەدا بێت بگەڕێمەوە سلێمانی، هەولێر یان هەر شوێنێكی دیكە.

6ـ ئایا شێعرەكانی شاعیری پایەبەرز ژیلا لەسەر جەنابت كاریگەری زۆر بووە؟

ـ سەبارەت بە ژیلای خوشكم دەتوانم بڵێم سەرەتاكانی دەسپێكم بە چالاكیی هونەری و كۆمەڵایەتی، شیعر و كەسایەتی ژیلا كاریگەریی زۆری لەسەر من هەبوو، بەڵام دواتر لە ژێر ئەو كاریگەرییە هاتمە دەرەوە و بەدوای شوناسێكەوە بۆ خۆم وەكوو ناهیدی حسەینیدا گەڕام و هەوڵمدا خۆم بم و بە بڕوای خۆم توانیومە سەركەوتوو بم و باش یان خراپ، سەركەوتوو یان ناسەركەوتوو من ناهیدی حسەینیم و ئەو ژیلا حسەینی.

7ـ خۆت بە قوتابی كام شاعیر دەزانی؟ كام شاعیری زیندوو بە باشترین شاعیر دەزانی؟ نەزەرت لەسەر شیعرەكانی رەنج سەنگاوی چیە؟

ـ من شیعری فارسی و كوردی زۆر دەخوێنمەوە و لەگەڵ ئەوەشدا كە خۆم شیعری نوێ‌ دەنووسم، زیاتر شیعری كلاسیك دەخوێنمەوە و نالی و مەحوی و حافز هەمیشە بەشێكی دانەبڕاوەی ژیانی من بوون. بەڵام ناتوانم حاشا لەوەش بكەم كە شیعری شێركۆ بێكەس سەرسامم دەكات و هەركاتێك دەیخوێنمەوە زیاتر و زیاتر هۆگری دەبم و هەرگیز لە خوێندەوەی شیعرەكانی ماندوو نابم. من خۆم بە قوتابی هیچ شاعیرێك نازانم و پێم وایە هەر كەسێك كە دەنووسێت جا لە هەر بوارێكدا بێت، سەرەڕای ئەوەی پێویستە خوێنەرێكی باشی بوارەكەی خۆی بێت، دەبێت خاوەنی دەنگی خۆی بێت و داهێنانی خۆی ئەزموون بكات. كاك رەنج سەنگاوی و زۆر كەسی دیكەش هەن كە خاوەنی شێوازی خۆیانن و مادام خوێنەریان هەیە، هەن و ناسڕدرێنەوە. من لەگەڵ بەراورد كردندا نیم و بڕوام بە فرەدەنگی هەیە و بڕواشم بەوە هەیە كە دوا قەرار خوێنەر دەیدات و مانەوە بۆ ئەو كەسانەیە كە بتوانن خوێنەرەكانیان راگرن و زیاتریان بكەن.

nahid_hoseni_78ـ حەسەن زیرەكی نەمر لای جەنابت تەنیا هونەرمەندێكی گۆرانی بێژە یان شاعیریش؟

ـ دەنگی حەسەن زیرەك لەو دەنگە نەمرانەیە كە هەتا كورد مابێت دەمێنێت، بەڵام پێناسە كردنی وەكوو شاعیر جێی باسە. لە ئەدەبی فارسیدا بواری شیعری گۆرانی و شیعری ئاسایی لە یەكتر جیا دەكرێتەوە و "ترانە سرایی" و شیعر نووسین دوو بواری جیاوازن، لە ئەدەبی كوردیدا ئەو دوو بوارە تێكەڵ كراوە و من ئەوە بە باش نازانم. ئەوەیكە مامۆستا حەسەن زیرەك خۆی هۆنراوەی گۆرانییەكانی خۆی داناوە، سەرچاوەكەی بۆ بەهرەمەندیی ئەو دەگەڕێتەوە، بەڵام بەو مانایە نییە كە ئەگەر شیعرەكان لە گۆرانییەكان داماڵین بتوانین وەكوو بەهرەیەكی داهێنەرانە لە بواری شێعردا بیانبینین. ئەو هۆنراوەگەلە بەو مۆسیقا و دەنگەوە تەواوكەری یەكترن.

9ـ خەباتگێڕترین ژنی دنیا لای جەنابت كێیە و بۆچی؟

ـ ئاستەمە لە نێوان ئەو هەموو ژنە خەباتكارەدا كە لاپەڕەكانی مێژوویان بە چالاكی و لە خۆبوردوویی و خەباتی خۆیان نەخشاندووە، یەكێكیان دەستنیشان بكەیت و بڵێیت ئەوەیان خەباتگێرترە. نووسراوەگەلێك هەن كە ئاماژە بەوە دەكەن لە سەدەی چواردەهەمی زایینییەوە ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان خەبات دەكەن و هەتا ئێستاش ئەو خەباتە بەردەوامە. ناتوانین خەباتی مێری ئاستیل نەبینین و بڵێین مێری وۆڵستۆن كرافت، ئان سان سووكی و.....هتد، خەباتگێڕترن. سەدان ژن ناوی خۆیان لە مێژوودا تۆمار كردووە و چوونەتە ریزی نەمرانەوە. هەر سەردەمێك و هەر سەدەیەك تایبەتمەندی خۆی بووە و هەیەتی و من سەری رێز و نەوازشی خۆم بۆ هەموو ئەو ژنانە دادەنەوێنم كە لە ئاسایی بوون دووركەوتوونەتەوە و ویستوویانە بەشێك بن لە خەباتی رەوای گەلەكەیان، رەگەزەكەیان و بەگشتی هەر خەباتێك كە لە پێناو هێنانەدی ئارمانجێكی مرۆییدا بووبێت. گەیشتن بە ئازادی و مافە مرۆیی و دێمۆكراتیكەكان كاتێك مانای راستەقینەی خۆیان دەدۆزنەوە كە ژنان خۆیان بەشێك بن لەو خەباتە. بەڵام دەتوانم بڵێم بە بەرهەمی " رواڵەتی رووتی ژنی عەرەب"ی نەوال سەعداوی لەگەڵ بزووتنەوەیەك بە ناوی بزووتنەوەی ژنان ئاشنا بووم و ئەو كتێبە كاریگەرییەكی قووڵی لەسەر كەسایەتی من دانا. هەربۆیەش ئەو ژنە خەباتكارەم زۆر خۆش دەوێت و هەمیشە ستایشی دەكەم.



لnahid_hoseni_4ە وەڵامی كاك هۆشیار حەق دا:

من پێم خۆشە لە بەڕێزتان پرسیار كەم چەند ساڵە ئەندامی حدكای؟ چۆن بوو حدكات هەڵبژارد؟ یەكەم پەیوەندیت بە تەشكیلاتی حدكا چۆن بوو؟ ئەو كات لە كوردستانی ئێران بوویت یان لە دەرەوە؟ یەكەم پەیوەندیت بە تەشكیلاتی نهێنی بوو یان تەشكیلاتی ئاشكرا؟ ئێستا چ هەستێك دەكەی كە حدكات هەڵبژاردووە؟

ـ وێڕای سپاس و پێزانینم بۆ بەڕێزت و ئەو هەستە جوانەی دەرت بڕیوە. بە دڵنییاییەوە خزمەت بە گەل و نەتەوە لەهەر ئاستێكدا و بەهەر رادەیەك جێگەی شانازییە و منیش بەش بەحاڵی خۆم شانازی دەكەم بە خۆمەوە ئەگەر توانیبێتم خزمەتێكی هەرچەند بچووكیش بە نەتەوەكەم بكەم.

لە وەڵامی پرسیارەكانی بەڕێزتدا دەتوانم بڵێم لە كۆتایی حەفتاكانەوە پەیوەندیم بە حیزبەوە گرتووە و یەكەم پەیوەندیم لە ناوخۆوە و لە رێی تەشكیلاتی نهێنییەوە بووە. حیزبی دێموكرات حیزبێكی نەناسراو و ون نییە هەتا پێویست بكات بەدوایدا بگەڕێیت. حیزبی دێموكرات و بەرنامەكانی و كۆماری كوردستان و پێشەوا قازی محەممەد و نەمر د.قاسملوو و ناوی بەرزی پێشمەرگە و رێبازی شەهیدان، ئاشنای لەمێژینەی رۆح و هزری من و زۆربەی تاكەكانی كوردن. نەتەوە و نەتەوەخوازی و هەست كردن بە نادادپەروەری و پێویستیی خەبات لە پێناو نەهێشتنی نادادپەروەرییەكان و هێنانەدی ژیانێكی شایستەی پێگەی مرۆڤ، هەر مرۆڤێكی دەروەست هاندەدات بۆ ئەوەی تێكەڵ بە كاروانی خەباتی خەباتگێڕان بێت و هەركەس بە پێی بۆچوونی خۆی و گونجانی لەگەڵ شێوازەكانی خەبات، شێوازێك بۆ خەبات هەڵدەبژێرێت و منیش خەباتم لە ریزەكانی حیزبی دێموكراتدا هەڵبژارد و بەرنامەكانی ئەو حیزبەم لەگەڵ بۆچوون و هەڵسەنگاندنی خۆم لە شێوەی خەبات بە گونجاو زانی. ئێستاش كە زیاتر لە دە ساڵە لە ریزەكانی خەبات لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندام، لەو هەڵبژاردنەی خۆم شادمانم و بۆ من جێگەی شانازییە كە شەرەفی پێشمەرگایەتیم لە ریزەكانی حدكادا پێ‌ بەخشراوە.



لnahid_hoseni_12ە وەڵامی بەڕێز "جاقل"دا:

هەروەك ئاگادارن بنەماڵەی ئێوە لە ناوچەی سەقز و فەیزوڵڵابەیگی بە بنەماڵەیەكی شێخ سالار ناسراون، بە رای ئێوە بەڕێوەبردنی رەوتی بنەماڵە لەسەر بنەمای شێخ سالاری چۆنە و روانگەی شێخەكانی رەچەڵەكی ئێوە چۆن دەڕواننە مەسەلەی نەتەوایەتی؟

ـ وێڕای سپاس و رێزم، براكەم راستە بنەماڵەی من بنەماڵەیەكی شێخن، بەڵام ئەوەی بنەماڵەی من لە نزیكەوە بناسێت دەزانێت كە هەرگیز شێخایەتی و ئایینی بوون نەبۆتە هۆكاری دواكەوتوویی ئەوان و بە پێچەوانەوە زیاترین رێژەی خوێندەواری و كراوەیی لە باری بیر و بۆچوونەوە لە بنەماڵەی مندا بوونی هەبووە و بۆ نموونە مەرحوومی حاجی شێخ عەبدۆلقادری باپیری من شاعیر و خەتات بووە و تەنانەت نەنكی من واتە ئامینە خانمی پاكزاد كە وەك ئاماژەتان پێدا لە تایفەی فەیزوڵڵابەگییە، خوێندەواری هەیە و لە خۆشترین بیرەوەرییەكانی سەردەمی منداڵیم، ئەو چیرۆكانەیە كە ئەو شەوانە لە رووی كتێبەوە بۆی دەخوێندینەوە وەك ئەمیرئەرسەلانی روومی و...هتد. گوندەكەی ئێمە سندووقی پۆستی هەبوو و زۆربەی ئامۆزاكانم و تەنانەت ژنەكانی دۆزەغدەرە ئابوونمانی رۆژنامە و گۆڤارەكان بوون و بە بەردەوامی خەریكی خوێندنەوە بوون. بەدەگمەن ماڵێك لە شێخەكانی دۆزەغدەرە هەبێت كە كتێبخانەی نەبێت و كتێب و خوێندنەوە بەشێكی دانەبڕاو لە ژیانی رۆژانەی شێخەكانی دۆزەغدەرەیە. كتێبی كوردیش هەر لە كۆنەوە بەشێكی گەورە لە كتێبخانەكانی بۆ خۆی تەرخان كردووە. ژنان ئازادی و دەرفەتی خۆپێگەیاندنیان هەبووە و ئەوەی ناوی دەنێین هەڵاواردنی رەگەزی لە ناوماندا زۆر دەگمەن بووە. من لە ماڵی باوكی خۆمدا چاوم كردۆتەوە، كتێبم بینیوە. حەز ئەكەم وەكوو قسەی خۆشیش بێت لێرەدا بیرەوەرییەكتان بۆ باس بكەم. خوێندنەوە ئەوەندە لە ماڵی باوكم گرینگیی پێدەدرا كە بووە هۆی دەرچوونی یاسایەك لە بنەماڵەكەماندا، "ئەوەی سەرقاڵی خوێندنەوە بوایەت لە كاری ناوماڵ بەری دەبوو"، ئەو یاسایە وایكردبوو زۆرجار بۆ خۆدەربازكردن لە كاری ناوماڵیش بووایە كتێبمان دەخوێندەوە. ئەوەش وایلێكردین لە خۆدزینەوە لە كارەوە وردە وردە هۆگری خوێندنەوە بووین.



nahid_hoseni_11لە وەڵامی برای بەڕێزم كاك شوان دا:

1ـ بۆچی بە دوای ئینشیعاب تا ئێستاش بەردەوام كادر و پێشمەرگەكانی حیزب واز لە پێشمەرگایەتی دێنن و حیزب هیچ هەنگاوێك بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە هەڵناگرێت؟

ـ لە مێژووی خەباتی سیاسی هەر نەتەوەیەكدا و هەروەها هەر حیزبێكی سیاسیدا هەوراز و نشێوی زۆر بینراوە و دەبینرێت. كاروانی خەبات دوور و درێژە و بەردەوام دەبێت. زۆركەس دێن بۆ پێشمەرگایەتی و ساڵانێكی كەم تا زۆر دەمێننەوە و دواتر بە هۆكارگەلی جوراوجۆر واز دێنن و شێوە ژیانێكی دیكە هەڵدەبژێرن. ئەوەش بەو مانا نییە كە ئەو كەسانە ئیتر نەتەوەیی بیر ناكەنەوە و یان بە گشتی واز لەو حیزبە دێنن. زۆربەی ئەو پێشمەرگە و كادرانەی كە ئێستا لە هەندەرانن و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرك و كاری حیزبی لە دەرەوەی وڵات رادەپەڕێنن، هەمان پێشەرگە و كادرانەن كە لێرە دانیشتوون و رێگەی هەندەرانیان گرتۆتە بەر. زۆر كەسیش هەن كە لە شارەكانی باشووری كوردستان گیرساونەتەوە و ژیانێكی دیكەیان هەڵبژاردووە و رەنگە هۆكارێكی قورسایی ژیان لە ناو كەمپەكانی حیزبیدا بێت و رەنگیشە هۆكاری دیكەی هەبێت. ئەوەش پرۆسەیەكی زۆر لۆژییكییە. كەس بە زۆر نایەت بۆ پێشمەرگایەتی هەتا بە زۆر رابگیرێت. رۆژانە كچان و كوڕان روو لە حیزب دەكەن و دەبنە پێشمەرگە و زۆر ئاساییە كە كەسانێكیش هەبن كە دۆخی ژیانیان رێگایان پێ‌ نەدات تا سەر لەو چوارچێوەدا كار و ژیان بكەن.

2ـ هۆیەكانی ئینشیعاب چی بوون و چەندە خەتای ئێمە بوو، ئایا حازرین بەشێك لەم خەتایە كە بۆتە هۆی ئینشعاب بە مل بگرین؟

ـ لە مێژووی خەباتی سیاسی زۆربەی حیزبەكاندا و لە هەموو جیهاندا هەبوونی باڵ یان بە واتایەكی دیكە لایەنگەلێكی دەروون حیزبی كە بە پێی جیاوازییگەلێك بەدەر لە سیاسەتی گشتی و فەرمیی ئەو حیزبە، لە چوارچێوەی كاریدا پێك ناكۆكن شتێكی ئاساییە و هەر هەبووە و دەشبێت. ئەو لایەنانە كەمینە بن یان زۆرینە متمانەیەكی ئەوتۆیان بە كار و كردەوەی بەرامبەرەكەیان نییە و رەنگە سیاسەتی كاریی ئەو بەرامبەرە لە بەرژەوەندیی گشتیی حیزبدا نەبینن و هەربۆیە دەكەونە ملمڵانێیەكی دەروون حیزبییەوە، ئەو پرۆسەیە وەك ئاماژەم پێدا پرۆسەیەكی ئاسایی و تەواو لۆژیكییە. بەڵام كاتێك ملمڵانێكان دەگەنە ئاستێك كە دەبنە كۆسپ لەبەردەم خەباتە رەواكەدا و بەرژەوەندییە گشتییەكان دەخەنە مەترسییەوە، ئەو كاتەیە كە ئاراستەیەكی نادرووست وەردەگرێت و بە بۆچوونی من ئینشیعاب مەترسیدارترین و نادرووستترین كاردانەوەی ململانێ‌ دەروون حیزبییەكانە. حیزبی دێموكراتیش یەكێك لەو حیزبانەیە كە هەندێ‌ جار لەگەڵ پرسێك بە ناوی ناكۆكیی دەروون حیزبی بەرەوڕوو بووە. بە بڕوای من دابڕان چارەسەری قەیرانەكان نییە و نابێت و بە پێچەوانەوە قەیرانەكان گشتگیرتر و قووڵتر دەكاتەوە و ئازاری ئەو برینانەی دەرئەنجامی ئینشیعابن زۆر سەختتر و قووڵترە لە ئازاری ناكۆكیی دەروون حیزبی. بەڕێز كاك مستەفا هیجری پاش شەهید كرانی كاك دوكتور سەعید بووە سكرتێری گشتی حیزب و دواتر ئامادە بوو وەكوو جێگری سكرتێر درێژە بە كار بدات، ئایا دەبوو كاك مستەفا بیر لە دابڕان بكاتەوە یان ئەو سەبرەی ئەو درووست بوو؟ ئەو برادەرانە لە پاش كۆنگرەی 13 لە حیزبێك دابڕان كە رەوایی خۆی لە كۆنگرە وەرگرتبوو، دەبوو هەوڵیان بدایە بۆ كۆنگرەی 14 بڕیارات و بۆچوونەكانی خۆیان جێگیر كردبا و راست بوونی بۆچوونەكانی خۆیان لە بەرزترین ئۆرگانی ئەو حیزبە بسەلماندایە. حیزب پێشتریش ئینشعاب و مەترسییەكانی ئەزموون كردبوو، فارس گوتەنی" آ‌زمودە را آ‌زمودن خطاست". تەنانەت ئەگەر ئێمەش بەشێك لەو خەتا بووبێتین رێگە چارەكەی دابڕان نەبوو.

3ـ هۆی چییە كە بەشێك لە ئەندامانی رێبەریی حیزب و بەتایبەتی ئەندامانی دەفتەر سیاسی زۆر لە یەكگرتنەوەی حیزب نیگەرانن؟

ـ بە بڕوای من ئەگەر نیگەرانیش بن جێی خۆیەتی. سەرنجتان بۆ وتەیەكی بەڕێز كاك مستەفا رادەكێشمەوە كە فەرمووی:" خەڵك ئەسباب بازی دەستی ئێمە نین". ناتوانین یاری بە شعوری خەڵك بكەین. زۆرێك لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب كەم تا زۆر بە ناكۆكییە دەروون حیزبییەكان ئاشنان و كەسانێكیش هەن كە شارەزاییەكی ئەوتۆیان نییە. بە گشتی چاوی هیوای ئەو خەڵكە لە حیزبە و بڕیاراتی حیزبیش گشتی و هەستیارن و نیگەران بوون ئاماژە بە هەستیاریی بابەتەكە و بڕیارەكان دەكات. ئێمە باسی چارەنووسی حیزبێك دەكەین كە خاوەنی هەزاران شەهیدە، سێ‌ رێبەری ئەو حیزبە گیانی خۆیان لەو رێگایەدا بەخت كردووە، بە هەزاران ئەندام و لایەنگری هەیە و ئەوەش رادەی بەرسیاریەتی و بڕیاردان قورستر دەكاتەوە و نیگەران بوونی ئەندامانی رێبەرایەتی بە رای من زۆر لە جێی خۆیدایە.

4ـ هۆی چییە لە ناو حیزبدا رێگا نادرێت ئەندام و پێشمەرگە و كادر بە راشكاوی لەسەر هەر بابەتێك كە پێیان خۆشە بۆچوون دەرببڕن؟

ـ لەگەڵ ئەو قسەیەی جەنابتدا نیم. هەتا بووە یەكێك لە شانازیەكانی حیزبی دێموكرات ئەوە بووە كە هەموو ئەندامان و كادر و پێشمەرگەكانی توانیویانە بۆچوون و رەخنەكانی خۆیان دەرببڕن. من لە نزیكەوە هەردەم شاهێدی ئەوە بووم كە هەر لە كۆبوونەوەی شانەكانەوە هەتا كۆبوونەوەی ئۆرگانی و هەروەها كۆبوونەوە گشتییەكان، ئازادی رادەربڕین هەبووە و كەnahid_hoseni_1س لەسەر دەربڕینی بۆچوونەكانی لێپرسینەوەی لێ نەكراوە. من ئەوە بە پڕوپاگەندەی دژبەرانی حیزب دەبینم.

5ـ لە بەهاری رابردوودا سەردانی كوردستانم كردەوە، پێشمەرگە زۆر لەدەستی چەند ئەندام رێبەرییەك ناڕازین، هۆی چییە حیزب چارەسەری بۆ نادۆزێتەوە؟

ـ بە بڕوای من رازی بوونی گشتی خەونێكی خۆشە. هەرگیز نەبووە كەسێك هەبێت كە هەموو كەسێك لێی رازی بێت. زۆر ئاساییە كە پێشمەرگە یا كادرەكان لە كاركردی ئەندام یان تەنانەت ئەندامگەلێكی رێبەرایەتی بۆچونی خۆیان هەبێت. ئەگەر ئەو بۆچوونانەش درووست بن و لە ئاستێكی زۆردا بن، كۆنگرە مەجاڵی هەر ئاڵوگۆڕ كردنێك دەدا. ئەندامانی رێبەرایەتی رەوایی خۆیان لە كۆنگرە وەرگرتووە و هەر لە كۆنگرەش دەكرێت ئەو رەواییەیان لێ وەرگیرێتەوە.



لە وەڵامی برای بەڕێزم كۆماردا:

سلام خانم ناهید حسینی نظر کمیته مرکزی حدکا درباره جنگ قندیل چیست؟ و شما فعالیت اعضایان حدکا در داخل کشور را چگونه ارزیابی می کنید؟

ـ درود بر شما دوست عزیز، هر حزب یا سازمان سیاسی برای احقاق اهداف خود راهکار و شیوه ای از مبارزه را برمی گزیند و به خط مبارزاتی خود اعتقاد دارد. اگر منظورتان از جنگ قندیل نبرد مسلحانه حزب pkk با دولت ترکیه است، به نظر من حکومتها هستند که شیوه عکس العمل مخالفین خود را تعیین می کنند. اگر حکومت ترکیه معتقد به حل مسأله کرد و برقرارد آشتی و صلح با pkkباشد می تواند بدون درگیری و جنگ، زمینه گفتگو با نیروهای کردستان در ترکیه از جمله pkk را فراهم کند و بدینسان جنگی در پیش نخواهد بود و راه حل مسالمت جویانه در پیش گرفته خواهد شد. هر چند به سیاستها و خط مشی pkk نیز انتقاداتی وارد است و باید آن سازمان از مجالها و خصوصیات سیاسی ترکیه و تغییرات بوجود آمده به نحو بهتری برای حل مسأله کرد در ترکیه اقدام و استفاده نماید.

در خصوص پرسش دوم شما نیز به همین بسنده می کنم که فعالیتهای اعضای حزبی در داخل قابل انکار نیستند و فعالیتها و عکس العملهای آنها در دربرابر فراخواهای حزب اوج نمود این مدعاست.



لە وەڵامی هاوشارییەكی خۆمدا كە خۆی بە سەقزییەك ناساندووە:

ئایا دەكرێ‌ بزانم بنەماڵەكەتان، یانی ئاغای مێردت و منداڵەكانیشت دێموكراتن یان نە؟

ـ بەڵی بەڕێزم هاوسەرەكەم و هەردوو منداڵەكەشم ئەندامی حیزبن.



لە وەڵامی لەیلا خانمی ئازیزدا:

تا چ رادەیەك كچان و ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ریزەكانی حدكاوە پەیوەست دەبن، هەڵبەت مەبەستی من وەكوو پێشمەرگەیە نەك وەكوو هەوادار و ئەندام؟ ئایا ئەو رادەیە جێگای دڵخۆشییە یا جێگای داخە؟ تا چ رادەیەك بە بوونی ژنان لە رێبەرایەتی ئەحزابی كوردیدا خۆشبینی؟ ئایا ئێستا ئەو مەجالە لە حەدكادا هەیە كە یەك لە سێی ئەندامانی رێبەری ژن بن؟ هیچ بەربەستێك دەگۆڕێ‌دا نییە؟

سپاسی بێ‌ پایانم بۆ تۆ خوشكی هێژام. بە خۆشحاڵییەوە لە زۆربەی دەورەكانی پێشمەرگایەتیدا كچانیش لە ریزی پێشمەرگایەتیدا دەبینین. رەنگە رادەكەیان بەقەدەر پێویست و لە ئاستی چاوەڕوانیدا نەبێت بەڵام هەیە و جێگەی دڵخۆشییە. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەریتی بوونی كۆمەڵگای كوردەواری و ئەوەیش كە بە گشتی كچان و ژنانی ئێمە كەمتر خۆیان لە بواری سیاسەت و چالاكیی سیاسی دەدەن. من بە بوونی ئەو رێژە كەمەش لە ئامادەبوونی ژنان لە رێبەرایەتی حیزبە كوردییەكاندا دڵخۆشم و ئەوەش بە مانای رازی بوونم نییە، ئاواتم ئەوەیە لە داهاتوودا رێژەیەكی زیاتر لە ژنان لە پێگە حیزبییەكاندا ببینم. بە بڕوای من ئێستا بوار بۆ ئامادە بوونی ژنان زۆر رەخساوە و پێویستە ژنانیش خۆیان ماندوو بكەن و بوونی خۆیان بسەلمێنن. من بڕوام بەوە هەبووە و هەیە كە نەبوو نابینرێت و بوو ئینكار ناكرێت. پێویستە ژنانیش زیاتر خۆیان لە قەرەی سیاسەت بدەن. بە بڕوای من ژنان دەبێت خۆیان بەربەستەكانی سەر رێیان لابەرن و چاوەڕێ‌ نەبن مافە رەواكانیان بە خێر و لەسەدەقەسەری ژن بوونیانەوە مسۆگەر بكەن.



nahid_hoseni_5لە وەڵامی كارۆ جەهانیدا:

تا چ رادەیەك كەسایەتی ژیلای جوانەمەرگ لەسەر جەنابتان بۆ كاری ئەدەبی كاریگەر بووە؟ پرسیاری تریشم ئەوە بوو ئەو رۆژەی هەڵبژێرردرای بۆ كۆمیتەی ناوەندی حیزب بۆ خۆت چاوەڕوانیت دەكرد و كاتێك هەڵبژێردرای چ حاڵێكت هەبوو؟

ـ هەرچەند وەڵامی یەكەم پرسیاری جەنابتم لە پرسیاری بەرێزێكی دیكەشدا داوەتەوە، دەتوانم بڵێم لە سەرەتادا منیش و زۆرێك لەو ژنانەش كە تازە دەستمان دابووە نووسین لە ژێر كاریگەریی ژیلادا بووین و ئەوەش زۆر سرووشتییە، بەڵام دواتر هەركاممان رێچكەی خۆمان گرتە بەر و بووینە خاوەنی دەنگی خۆمان.

ـ لە وەڵامی پرسیاری دووهەمیشدا دەبێت بڵێم خۆ پاڵاوتن و دەنگ وەرگرتن پرۆسەیەكی دێموكراتیكە. منیش وەكوو هەر ئەندامێكی دیكەی حیزبی كە ماف و پێوەرەكانی خۆپاڵاوتنی هەبوو، خۆم بۆ ئەندامەتی كۆمیتەی ناوەندی پاڵاوت و خۆیشم بۆ هەردووحاڵەتی دەرئەنجامەكەشی ئامادە كردبوو. من بە دەنگێكی بەرچاو لە لایەن ئەندامانی كۆنگرەوە هەڵبژێردرام و دەتوانم راشكاوانە بڵێم گەورەترین شانازیی ژیانم لەو كاتەدا پێبەخشرا و یەكەمین كاردانەوەی رۆحیم ترس بوو لەو بەرپرسایەتییە گەورەی كەوتە سەرشانم. من هەموو هەوڵی خۆمم داوە كە لە ئاست متمانەی خەڵكدا بم و ئەوەی لەدەستم هاتووە درێغم نەكردووە.



لە وەڵامی هاوڕێ‌ كوردەكەمدا:

خاتوو ناهید دەكرێ‌ بزانم لە چ رۆژێكەوە بوویتە ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران؟

ـ بەڕێز گیان وەڵامی پرسیارەكەی جەنابتم بە وردی لە وەڵامی پرسیارەكانی پێشووتردا داوەتەوە. بۆ بەڕێزت دووپاتی دەكەمەوە كە كۆتایی حەفتاكانی هەتاوی بە ریزەكانی خەبات لە حیزبی دێموكراتدا پەیوەست بووم و ئەو كاتە لە ناوخۆ بووم.



 ------------------------------------------------

تێبینيی "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"

به‌ناوی‌ ماڵپه‌ڕی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"ـه‌وه‌ زۆر سپاسی‌ خاتوو "ناهید حسێنی‌" ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌و شانازییه‌ی‌ پێ‌ به‌خشین‌و بوو به‌ میوانی‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌مان‌و وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ خوێنه‌رانی‌ دایه‌وه‌‌و سپاسی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌كه‌ین كه‌ پرسیاریان ئاراسته‌ كردبوو‌و سپاسیش بۆ خوێنه‌رانی‌ به‌ڕێز.

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 2205
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy