ئیلام سه‌ربه‌رز ، ئه‌ی شارێ دێرین هاوزاراوهگهی به‌دره‌و خانه‌قین
گه‌ر نه‌ڵێین كۆنترین ده‌توانین بڵێین شاری ئیلام یه‌كێ له كۆنترین شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی جیهانو رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته، كه ئاوێنه‌ی باڵانوێنی ره‌سه‌نایه‌تی داب‌و نهریتو كولتووری كورده. ئه‌و شاره جگه له‌وه‌ی ده‌توانێ شانازی لایه‌نی مێژوویی‌و هه‌ڵكه‌وتی جیۆگرافیایی پارێزگای ئیلام وه‌ك سارستانییه‌تی له‌مێژینه‌ی كورد نیشان بدات، ده‌توانێ بیسه‌لمێنێ كه گه‌لی كورد له كۆنترین گه‌له نیشته‌جێیه‌كانی گه‌لانی هیندو ئه‌ورووپیو هیندو ئاریی له رۆژهه‌ڵاتی ناوهڕاستو ناوچه‌یه‌ك بووه‌و هه‌یه كه ئێستا به ئێران ناسراوه.
به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه مێژووییه‌كان له مه‌ڕ دیرۆكی كولتووریی ـ شارستانیی ئه‌م پارێزگایه به پێی به‌ڵگه‌نامه‌ی لێكۆڵینه‌وه شوێنهوارناسیهكان، به تایبه‌ت له تهپۆڵكهگهلێك وه‌كوو "عه‌لی كش"، "چۆغا سپی ـ سه‌وز"، "خه‌زێنه"و ... له "دێهلۆڕان"و "كزئاوا" و "كانی ماسی" له "هلیلان" له هه‌زاره‌كانی به‌ر له مێژوودا‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی چڕ له گۆڕستانه‌كانی سه‌رده‌مانی مێژوویی، "وركبود"، "جۆگه‌ی گه‌وهه‌ر كول نسار"، "بردبال"و ...و لێكۆڵینه‌وه‌ی دیرۆكناسی "ده‌راو شار"(دڕه شهر) له سه‌ده‌كانی سه‌ره‌تای ئیسلام، دیرۆكی كۆن له هه‌زاره‌ی هه‌شته‌می پ/ز روون بووه‌ته‌وه.
پارێزگای ئیلام پڕشه‌نگداره له شارستانییه‌تی كۆنی نیشتیمانی دێرینی كوردان. ئه‌م پارێزگایه‌و به‌تایبه‌ت شاری ئیلام به‌شێكه له شارستانییه‌تی ئیلامی دێرین كه نزیكه‌ی 3000 ساڵ پ/ز پێكهاتووه‌و له‌م سه‌رده‌مانه‌دا تا ساڵی 640ی پ/ز درێژه‌ی به ته‌مه‌نی خۆی داوه‌و خاوه‌نی سه‌رده‌مانێكی زێڕینی ده‌سه‌ڵاتدارێتی بووه. ئیلام له نووسراوه‌كانی بابۆلی دا به(ئالام یان ئالامتۆ) نێوی هاتووه كه به واتای كوێستان یان (وڵاتی خۆرهه‌ڵاتن ـ هه‌ڵاتنی خۆر) هو زۆر جاریش له به‌ر جوانی و رازاوهییو سه‌رسه‌وزی به نازناوی "بوووكی زاگرۆس" (عروس زاگرس) ناو ده‌برێ .
له سه‌رده‌مانی ماد، "هه‌خامه‌نش"(ئهخمهنێش) "سلووكی"و "ئه‌شكانی" دا ئه‌م نیشتیمانه به هۆی دراوسێیه‌تی له گه‌ڵ "هه‌مه‌دان ـ سنه ـ كرماشان ـ لۆڕستان"و له هه‌موان گرینگتر "شووش" (خوزستان)دا پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌بووه.
ئیلام له سه‌رده‌می ساسانییه‌كاندا به‌هۆی نێزیكی له "تیسفوون"ی پێته‌ختی ساسانییهكانو وه‌كوو شوێنێك له چه‌شنی ده‌روازه بۆ چوونه ناو وڵاتی ئێرانه‌وه بایه‌خێكی سیاسی ـ جیوگرافی ـ ئابووری هه‌بووه. له سه‌رده‌می ساسانییه‌كاندا نشتیمانی ئیلام له ویلایهتگهلی "مێهرجانقزق" به ناوه‌ندێتی "سیمره"و "ماسبزان" و هه‌روه‌ها ناوه‌ندێتی "سیروان" پێكهاتبوو كه به‌هۆی چایی و شاخاوی بوونی ناوچه‌كانیه‌وه پاش داگیركرانی له لایه‌ن عه‌ره‌به‌كانه‌وه له ژێر ناوی ئیسلام دا، نازناوی وڵاتی جبال یان كوێستانی لێ‌نرا.
به‌گشتی پارێزگای ئیلام ناوچه‌یه‌كی كوردنشینه كه له رۆژئاوای وڵاتی ئێران هه‌ڵكه‌وتووه‌و له باكووره‌وه له‌گه‌ڵ شاری گه‌وره‌و كوردنشینی كرماشان ، له رۆژئاواوه له گه‌ڵ "لۆڕستان"و له باشووره‌وه له‌گه‌ڵ "خوزستان" دراوسێیه. له به‌شی رۆژئاواوه 425 كم سنووری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ عێراقدا هه‌یه.
رووبه‌ری ته‌واوی ئه‌و پارێزگایه( 19044) كم چوارگۆشه‌یه كه به‌شێكی ئێجگار زۆری ناوچه‌كانی ئیلام كوێستانیو شاخاوییه خاوه‌ن كانگا‌و كانزای چڕه‌و راوگهو له‌وه‌ڕگه‌ی سه‌رسه‌وزو چڕ‌و پارێزراوه. شاخ‌و كێوی به‌رزو پۆشراو له دارستان‌و تاڤگه‌ی بڵیندو رووبار‌و چۆمی گه‌وره‌و پڕئاو و دهشتو دیمه‌نی جوان‌و ره‌نگینی هه‌یه‌و هه‌روه‌ها هه‌ڵكه‌وته‌كه‌ی له بواری وه‌رزه‌كانی ساڵدا به چه‌شنێكه كه ناوچه گه‌رمه‌سێرو سهردهسێرهكانی یه‌كتری له ئامێز دهگرنو به‌گشتی ئاو‌و هه‌وایه‌كی له‌بارو دڵفڕێن پێكدێنن.
جێگای ئاماژه پێدانه شاری ئیلام‌یش وه‌كوو زۆرێك له شاره‌كانی دیكه‌ی رۆژئاوای ئێران و ناوچه كوردنشینه‌كانی دیكه مه‌حكووم به شه‌ڕلێدراوی بووه، ئه‌م شاره جگه له‌وه‌ی كه هه‌ر له كۆنه‌وه له لایه‌ن داگیركه‌رانی مێژووه‌وه به‌رده‌وام له‌به‌ر هه‌ڕه‌شه‌و هێرشدا بووه‌و چه‌ندین جار له لایه‌ن سه‌ركه‌وتووانی شه‌ڕه‌وه وێرانی و كاولكاری به سه‌ردا هاتووه، بۆ ئاخرین جاریش له شه‌ڕی نێوان ئێران ـ عێراق دا یه‌كێ له گۆڕه‌پانه به‌رده‌وامه‌كانی شه‌ڕی ماڵوێرانكه‌ری ئه‌و دوو حكومه‌ته بوو كه هه‌م سیمای شاره‌كه‌و هه‌م جه‌سته‌ی ئابووری، كولتووری، شارستانی‌و مێژوویی ئیلام تووشی خه‌ساری قه‌ره‌بوو نه‌كراوه بوو. خهسارگهلێك كه هه‌نووكه‌ش بیره‌وه‌رییه تاڵه‌كانی بیر‌و زهێنو رۆحی خه‌ڵكی بێ تاوانی ئه‌و شاره ده‌ڕه‌نجێنێ. ساڵانێكه به‌سه‌ر كۆتایی ئه‌و شه‌ڕه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت كه‌چی ئه‌و شاره هه‌روا برینه‌كانی شه‌ڕ به‌سیمایه‌وه دیاره‌و خه‌ڵكی ئه‌و شاره ، به تایبه‌ت گهنجو لاوه‌كان بۆ دابینكردنی بژیوییهكی (مه‌مره‌و بژی) ژیانیان، ناچارن روو له شاره گه‌وره فارس نشینه‌كان وه‌كوو تاران، ئیسفه‌هان، شیراز‌و به‌نده‌ره‌كان... بكه‌ن.
ئه‌م پارێزگایه خاوه‌نی شه‌ش شار به ناوه‌كانی ئابدانان ـ ئه‌یوان ـ ئیلام ـ شیروان چڕداوڵ ـ مێهرانو دێهلۆڕانه كه ناوه‌ندی پارێزگاكه‌ش خودی شاری ئیلامه.

