هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

ئه‌لوه‌لیدنشینه‌كان له‌ نێوان ژان و ژیان دا

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

hoshyar_-_alwalid2كاتێك ویژدانی‌ لایه‌نه‌ پێوه‌ندی‌ داره‌كان ناهه‌ژێ‌، كاتێ‌ گوێی‌ كه‌ڕی‌ مافی‌ مرۆڤ به‌ به‌ خه‌رواران په‌مو ئاخنراوه‌، كاتی‌ كه‌مپی‌ الوه‌لید كاسی‌ بلورین و مه‌دالیای‌ زێڕی‌ تێدا نیه‌، كاتێ‌ سه‌ماكه‌ره‌ ئه‌ندام جوان و ناسكه‌كان و گورانیبێژانی‌ راك و پۆپ ناگه‌نه‌ به‌رزه‌خی‌ ناسراو به‌ ئه‌لوه‌لید، ئیدی‌ گوێبیست بوونی‌ چیرۆكه‌ دڵته‌زینه‌كانی‌ "الولید"نشینه‌كانیش لای‌ ئه‌وان و هاوچه‌شنه‌كانیان زۆر ئاساییه‌، رواڵه‌تیانه‌ هه‌موو شتێك ده‌بیستن، سه‌ری‌ داخ و كه‌سه‌ر ده‌سووڕێنن و زمانی‌ مخابن مخابن ده‌خه‌نه‌ خول، به‌ڵام منیش ئێژم مخابن گوێی‌ ویژدانتان كه‌ڕه‌. رۆژنامه‌وانان و میدیاكارانی‌ ریاكاریش، ئاوڕ له‌و شوێنانه‌ ناده‌نه‌وه‌ كه‌ بۆنی‌ مه‌دالیای‌ زێڕ و به‌رقی‌ جامی‌ بلورینی لێ‌ نایه‌ت، ئاخر ئێسته‌ زۆرێك به‌ناو رۆژنامه‌وان و میدیاكاریش ته‌نیاو تاق له‌ هه‌وڵی‌ خۆناساندن و خۆڕانان دان. له‌ وه‌ها حاڵ‌ و هه‌وایه‌ك دا و به‌ وه‌ها جه‌و و ده‌روونێكه‌وه‌ سوژه‌ به‌ زه‌حمه‌ته‌كانی‌ ئه‌لوه‌لید بۆ ئه‌وان لوتفی‌ نیه‌ جگه‌ له‌ زه‌حمه‌ت و ره‌نج نه‌بێت. واته‌ ئه‌وان به‌ دیتنی‌ منداڵانی‌ له‌ به‌رتاو هه‌ڵقرچاوی‌ ئه‌لوه‌لید خۆشی‌ كۆنسێرت و كه‌رنه‌ڤاڵه‌ پڕ عیو و قریو و جام و باده‌ ئه‌رغه‌وانییه‌كانیان له‌ سه‌ر ئه‌په‌ڕێت!

ویژدانی‌ من نه‌هه‌ژێت، هه‌ستی‌ تۆ نه‌جووڵێت، ئه‌و ده‌ركی‌ پێنه‌كات، ئه‌دی‌ مانای‌ مرۆڤبوون له‌ كوێ‌ خه‌وتووه‌ و مرۆڤایه‌تی‌ كوێ‌ چووه‌!؟ زۆر له‌ میژ نیه‌ كه‌ سه‌یاره‌كانی‌ كومیساریای‌ په‌نابه‌رانی‌ "یۆ. ئێن" وه‌ك راوچییه‌كانی‌ نێچیر له‌ جه‌نگه‌ڵستانه‌كانی‌ ئامازۆن، كه‌وتبوونه‌ شوێن ژن و منداڵه‌په‌نابه‌ره‌ بێ‌ په‌ناكانی‌ كه‌مپی‌ الولید و ده‌یانكردن به‌ ژێره‌وه‌، پۆلیسه‌ راسپێردراوه‌كانی‌ كومیساریا وه‌ك هیزی‌ دژه‌ شۆڕشی‌ "ژاكۆبین"(تۆقێنه‌ر) به‌ راوه‌دوونان و خۆ راوه‌شاندن و باتۆی‌ سووڕاندن و چنگ و كه‌ڵبه‌ نیشاندان سه‌ركوتی‌ دانیشتووه‌ بێ‌ په‌ناكانی‌ ئه‌و كه‌مپه‌یان ده‌كرد. ئاخر ئه‌وان مانیانگرتبوو له‌ مرۆڤبوون، له‌ یاسا به‌ ناو مرۆییانه‌ی‌ كه‌ به‌ ئاشكرا نامرۆییانه‌ پێشێل ده‌كرێن. كومیساریای‌ په‌نابه‌رانیش وه‌ك هه‌مووان ده‌زانن زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ نزیك به‌ 30 ساڵه‌ له‌ ژیانێكی‌ كاتیدان، خانوه‌كانیان خه‌یمه‌كانی (یۆ.ئێن)ـه‌ و چواردیوارییه‌ قور و به‌ردِینه‌كان، شارو شه‌قامه‌كانیان ده‌شت و بیابانه‌ ته‌پوتۆزاوی‌ و پڕ مار و دووپشكه‌كانی‌ "الولید"ی‌ نێوان عێراق و ئۆردۆنه‌ كه‌ جێی‌ خۆیه‌تی‌ ته‌نیا به‌ ناشوێن (ناكجااباد) دۆزه‌خ و به‌رزه‌خ نێوی‌ به‌رین.

كه‌مپی‌ ناسراو به‌ "الولید" كه‌مپێكه‌ بۆ په‌ناخوازان كه‌ له‌ نزیك شاری‌ " الرگبه" له‌ باشووری‌ عێراق و سنووری‌ نێوان عێراق و ئۆردۆنه‌ كه‌ به‌ ناشوێن ئاوا (ناكجاباد) نێوی‌ دێنن. دروستكراوه‌ و زۆربه‌ی‌ په‌ناخوازانی‌ نێو ئه‌و كه‌مپه‌ عه‌ره‌به‌كانی‌ ئێران(اهواز) ، كورده‌كانی‌ ئێران (كوردستان) و فه‌للـه‌ستینییه‌كانی‌ له‌خۆ گرتووه‌. زیاتر له‌ 250 كه‌س عه‌ره‌به‌كانی‌ ئه‌هواز و كورده‌كانی‌ ئێرانن و ئه‌وانی‌ دیكه‌ فه‌للـه‌ستینییه‌كانن. ئه‌و كه‌مپه‌ش هاوتا له‌ گه‌ڵ كه‌مپی‌ ئه‌شره‌فی‌ مۆجاهێدینی‌ خه‌لقی‌ ئێران دا كه‌وتووه‌نه‌ته‌ ژێر مه‌ترسی‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران و ده‌ستوپێوه‌ندییه‌كانی‌ له‌ ناو عێراق دا. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ ئه‌و كه‌مپه‌ هیچ چه‌شنه‌ چه‌ترێكی‌ ئه‌منی و ئاسایشی‌ به‌سه‌روه‌ نیه‌ و هیچ لایه‌نێك خۆی‌ لێ‌ به‌ به‌رپرسیار نازانێ‌. یه‌ك له‌و گه‌نجانه‌ی‌ كه‌ له‌و كه‌مپانه‌دا له‌ دایك بووه‌ و ئێستا 25 ساڵیه‌تی‌،ساڵانێكی‌ دوورو درێژه‌ به‌ شێوه‌ی‌ كاتی‌ ده‌ژێ‌ و له‌ چاوه‌ڕوانی‌ ژیانێكی‌ مرۆیی‌ دایه‌، كوڕه‌ لاوێكه‌ به‌ ناوی‌ "ئازاد". ئه‌و زۆر به‌ بێزاریه‌وه‌ ناڕاحه‌تی‌ و داخ و كه‌سه‌ری‌ خۆی‌ له‌ ژیانی‌ كه‌مپ نشینییان ده‌رده‌بڕێ‌ و سكاڵا ده‌اكات و پێوایه‌ هیچ لایه‌نێك له‌ ئاست بارودۆخی‌ ناله‌باری‌ ئه‌واندا خۆی‌ به‌ به‌رپرسیار نازانێت . ئازاد له‌و پێوه‌ندییه‌دا ده‌ڵێ‌: "له‌ كه‌مپ چاوم به‌ دونیا هه‌ڵێنا، نامه‌وێ‌ له‌ كه‌مپ بمرم."

ئه‌وه‌ ته‌نیا چاره‌نووسی‌ ئازاد نیه‌ به‌ڵكوو چاره‌نووسی‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كوڕو كچه‌ گه‌نجانه‌ و ژن و پیاو و بنه‌ماڵانه‌یه‌ كه‌ خۆ له‌ 200 كه‌س ده‌ده‌ن و له‌ كه‌مپی‌ ئه‌لوه‌لید دا كه‌ وێنایه‌كه‌ له‌ به‌رزه‌خی‌ دانیشتووانه‌كه‌ی‌، خه‌ریكن وه‌ك مۆم ده‌توێنه‌وه‌. ئه‌و ته‌مه‌نه‌ 25 ساڵیه‌ی‌ ئازاد به‌ به‌دبه‌ختی‌ و چه‌رمه‌سه‌ریی‌ له‌ سێ‌ كه‌مپی‌ جۆراوجۆردا تێپه‌ڕ بووه‌. واته‌ زۆربه‌ی‌ دانیشتووانی‌ ئه‌و كه‌مپه‌ وه‌ك ئازاد له‌ چاوه‌ڕوانی‌ به‌ڵێنه‌ نابه‌رپرسانه‌كانی‌ به‌ناو به‌رپرسانی‌ UN دا جه‌ورو مه‌ینه‌تی‌ 3 سێ‌ كه‌مپیان ته‌حه‌مول كردووه‌. ئه‌وه‌ی‌ جێگای‌ سه‌رنجه‌ ترسی‌ دانیشتوانی‌ ئه‌و كه‌مپه‌یه‌ كه‌ تووشی‌ چاره‌نووسی‌ موجاهدینی‌ گه‌لی‌ ئێران ببن و له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌ ده‌سته‌مۆ و گوێڕایه‌ڵه‌كه‌ی‌ ماله‌كییه‌وه‌ هێرشیان بكرێته‌ سه‌ر، ئه‌وه‌ی‌ جێگای‌ دڵخۆشیه‌ بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌ یه‌ كه‌ دانیشتوانی‌ ئه‌و كه‌مپه‌ په‌نابه‌ری‌ بێ‌ چه‌كن و له‌ كاروباری‌ عێراقیش دا هیچ چه‌شنه‌ ده‌ستێوه‌ردانێكیان نه‌بووه‌ و خراپه‌یان به‌رامبه‌ر هیچ گه‌لێك ئه‌نجام نه‌داوه‌ له‌ عێراق.

ئه‌وان خۆیان به‌ په‌نابه‌ر سیاسی‌ ده‌زانن و حیزبه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستانیش به‌ به‌رپرسیاری‌ خۆیان ده‌زانن، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ته‌مه‌نێك له‌ عێراق ژیاون مافی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراق به‌ هانایانه‌وه‌ بچێت. لێ‌ مخابن به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌نوكه‌یی‌ عێراقیش هه‌ر به‌ عه‌قڵ و مێشكی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران بیریان لێ‌ ده‌كه‌نه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌یان له‌ سه‌ر ده‌كه‌ن و به‌ عه‌ینه‌كی‌ ئه‌وان لێیان ده‌ڕوانن. ئه‌وان له‌ راستی‌ دا ئێستا به‌ مانای‌ واقێعی‌ خۆی‌ له‌ حاڵه‌ت و بارودۆحێكی‌ به‌رزه‌خی‌ دا ده‌ژین و نه‌ عێراق، نه‌ ئۆردۆن و نه‌ رێكخراوی‌ UN یش ئاوڕیان لێ‌ ناداته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ وه‌ك زۆرێك لێ‌ قۆماوی‌ تری‌ په‌نابه‌ر له‌ سووچاوسووچی‌ جیهان دا له‌ دۆخێكی‌ پڕله‌ چاوه‌ڕوانی‌ و جارناجاریش هیوابڕاوی‌ دا ده‌ژین و ته‌نیا هیوایان گه‌یشتنی‌ ده‌نگی‌ بێ‌ هاواریانه‌ به‌ گوێی‌ كه‌ڕی‌ به‌رپرسانی‌ مافی‌ مرۆڤ....


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1622
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy