هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

خه‌ریكه‌ سه‌گ ساحێبی‌ خۆی‌ نه‌ناسێت

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

xawarmiane_-_hoshyar2كاتی‌ خۆی‌ له‌ "لالۆ ئه‌وڕه‌حمانێكیان" پرسی‌ بارودۆخی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناڤین چۆن ده‌بینن؟ له‌ وه‌ڵامدا وتی‌:"شێواوه‌! واشێواوه‌ سه‌گ ساحێبی‌ خۆی‌ ناناسێ‌!." ئه‌و ده‌م و ئێستایش ئه‌و وه‌ڵامه‌ وه‌ك گاڵته‌و فشه‌ی‌ سه‌ر زاران نه‌قڵ‌ ده‌كرێ‌. له‌ راستی‌ دا ئه‌و لالۆیه‌ له‌ رووی‌ نه‌زانیه‌وه‌ ئه‌و فه‌رمایشته‌ی‌ فه‌رموو به‌ڵام له‌ واقێع دا ئێستا ئه‌و قسه‌یه‌ گه‌ر به‌ تێرامانیشه‌وه‌ بكرێ‌ هه‌ر جێگای‌ خۆیه‌تی‌.

هه‌نوكه‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناڤین له‌ نێوبه‌ر به‌ردئاشی‌ مه‌زنترین مه‌ترسی‌ دایه‌، مه‌ترسییه‌ك كه‌ رۆژ له‌ رۆژ زیاتر سه‌رنجی‌ سوپه‌ڕپاوه‌ره‌كانی‌ جیهان بۆ ئه‌وم ناوچه‌یه‌ راده‌كێشێ‌، مه‌ترسییه‌ك كه‌ ناوگانه‌ به‌هێزو ته‌ییاره‌كانی‌ جیهانی‌ ره‌كێشی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ كرددووه‌. واته‌ كه‌نداو هه‌نووكه‌ بووه‌ته‌ شوێنی‌ مۆڵدانی‌ هێز، شوێنی‌ نواندنی‌ هێز، هه‌موو لایه‌ك لێكتری‌ ریچ ده‌كه‌نه‌وه‌ و ددان بۆ یه‌كتری‌ تیژ ده‌كه‌نه‌وه‌ و خه‌ریكی‌ مله‌جه‌ڕێن، له‌و نێوانه‌ش دا كۆماری‌ ئیسلامی‌ وه‌ك گوڕگێكی‌ هاری‌ زنجیر كراو به‌رده‌وام به‌ هه‌موو جۆرێك خه‌ریكی‌ كه‌ڵبه‌ ته‌قاندن و نیشان دانه‌ به‌ ده‌روجیران و كۆمه‌ڵگای‌ نێو نه‌ته‌وه‌یی‌، ئه‌وه‌ له‌َحاڵێكدایه‌ كه‌ رۆژانه‌ زگی‌ خه‌ڵكی‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ی‌ خۆی‌ ده‌دڕێ‌. كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ مخابن ئه‌وانیش وه‌ك زۆریتر رۆژانه‌ و مانگانه‌ و ساڵانه‌ و ده‌هانه‌ چاوه‌ڕوانن، چاوه‌ڕوانی‌ ته‌قدیری‌ ئیلاهی‌! ته‌قدیری ئیلاهیش ئامریكایه‌ و داروده‌سته‌كه‌ی‌، زۆر جار وای‌ لێدێت كه‌ خه‌ڵكی‌ كۆمه‌ڵگای‌ ئێمه‌ زیاتر له‌ خه‌ڵكی‌ هاووڵاتییانی‌ ئه‌مه‌ریكا به‌دواداچوون بۆ سیاسه‌ته‌ ناوخۆیی‌ و ده‌ره‌كییه‌كانی‌ وڵاته‌یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن. ته‌نانه‌ت زیاتر له‌وه‌یش كه‌ بارودۆخی‌ ناوخۆیی‌ وڵاتی‌ خۆشمان بخوێننه‌وه‌. ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ناوی‌ به‌هار عه‌ره‌بییان لێ نا و له‌حاڵێكدا به‌هاری‌ ته‌نیا عه‌ره‌ب نه‌بوو، چوونكی‌ خه‌َڵكی‌ ئێران زۆر پێشتر له‌ ئه‌عراب مشتی‌ مه‌رگیان بۆ به‌رپرسانی‌ سه‌ره‌كی‌ سیستمی‌ كۆماریی‌ ئیسلامی‌ و ئه‌سڵی‌ ویلایه‌تی‌ فه‌قیه به‌رز كرده‌وه‌، به‌ڵام مخابن سیستمی‌ ئاڵۆزی‌ حكومه‌تی‌ و سیاسی و ئه‌منیه‌تی‌ و نیزامی‌ له‌ ئێراندا زۆر گورچكبڕانه‌ خه‌فه‌قان و بێ‌ ده‌نگی‌ زاڵ‌ كرده‌وه‌. دۆلار خه‌ریكه‌ خه‌یاڵی‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌، خواردن و پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ژیان له‌ ئێران خه‌ریكن خه‌ڵك وه‌بیر قاتی‌ و قڕی‌ ده‌خه‌ن، ئۆرووپاییه‌كانیش سوێندیان خواردووه‌ بوتڵێك نه‌وت له‌ ئێران نه‌كڕن ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رماشدا ره‌ق هه‌ڵێن.

هاوستراتژی‌ و دۆستانی‌ ناوچه‌یی‌ ئێران دڵیان به‌وه‌ خۆش كردبووه‌ كه‌ ئه‌وا ئه‌مریكا عێراق به‌ جێ‌ ده‌هێڵێت و سه‌ربازه‌كانی‌ له‌و وڵاته‌ ده‌ر ده‌خات، ئیدی‌ وه‌بیر خۆیان نه‌ده‌هێنایه‌وه‌ كه‌ پاش نزیك به‌ 70 ساڵ تێپه‌ڕبون به‌ سه‌ر شه‌ڕی‌ جیهانی‌ دووهه‌م دا هه‌نوكه‌ش به‌ ده‌یان هه‌زار هێزی‌ له‌ وڵاتانێك وه‌كو ئه‌ڵمان و ژاپۆن دا ماوه‌. تازه‌ كه‌ حه‌سیب ده‌كرێت ئه‌مریكا له‌ شه‌ڕی‌ جیهانی‌ دووهه‌م دا جگه‌ له‌ بۆردمانی‌ به‌نده‌ری‌ بیرل هاربێر هیچ خه‌سارێكی‌ دیكه‌ی‌ شه‌ڕی‌ لێ‌ نه‌كه‌وت ، له‌حاڵێكدا له‌ شه‌ری‌ عێراق دا به‌س به‌ ته‌نیا ئه‌مریكا هێنده‌ی‌ هه‌موو تێچوی‌ شه‌ڕی‌ جیهانی‌ دووهه‌م خه‌رجی‌ كردووه‌ و زیاتر له‌ 1500 سه‌ربازیشی‌ له‌ ده‌ست داوه‌. به‌ڵی‌ هێزه‌كانی‌ ورده‌ ورده‌ له‌ عێراق وه‌ده‌رخست به‌ڵام هه‌ر هه‌موویان سه‌رله‌نوێ‌ نوێ‌ و ته‌یار ده‌كاته‌وه‌ و خه‌ریكی‌ ته‌عمیر كردنه‌وه‌ی‌ ماشینی‌ نیزامی‌ خۆیه‌تی‌ بۆ شه‌ڕی‌ دیكه‌. هه‌ر بۆیه‌ به‌رامبه‌ر كه‌ڵبه‌ نیشاندانه‌كانی‌ به‌رپرسانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران، له‌ مه‌ڕ به‌ستنی‌ دوڕگه‌ی‌ هۆرمۆز، وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ بڕیاری‌ هه‌ناردنی‌ ناوی‌"ئینترپرایز"ی‌ بۆ كه‌نداو داو راشیانگه‌یاند كه‌ ئه‌م ناوه‌ له‌ دووڕگه‌ی‌ هۆرمۆزه‌وه‌ تێده‌په‌ڕێت و ئه‌مه‌شیان به‌ نواندنی‌ هێز له‌ قه‌ڵه‌م داو ده‌یانهه‌وێ‌ بڵێن ئێمه‌ لێره‌ بڕیارده‌رین، ئێمه‌ین ده‌ستنیشانكه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌.

بریتانیا و فه‌ره‌نساش هه‌ڵویستی‌ پاڵپشتی‌ له‌ وڵاته‌یه‌كگرتووه‌كان و سه‌ركوت و ده‌مكوتی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ده‌رده‌بڕن، بریتانیا و فه‌ره‌نسا بۆ ئه‌وه‌ی‌ دڵنیایی‌ پاڵپشتی‌ به‌ ئه‌مریكا بده‌ن و ئێران له‌ مه‌ترسی‌ هه‌ڵه‌كانی‌ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ ، دوێنی‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ ناوی‌ مه‌زنی‌ "ئابراهام لینكۆڵن" له‌ دووڕگه‌ی‌ هۆرمۆزه‌وه‌ ، به‌ كه‌شتی‌ ئێسكۆرتییان كرد. به‌رپرسانی‌ سپایی‌ و ئه‌رته‌شی‌ و كۆماری‌ ئیسلامیش له‌ گه‌ف و هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ خۆیان پاشگه‌ز بوونه‌وه‌. كێشه‌كانی‌ سوریا خه‌ریكه‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌ستێنێ‌ و كۆماری‌ ئیسلامیش له‌ رێگای‌ باڵی‌ تیرۆریستی‌ سوپای‌ قودسه‌وه‌ به‌رده‌وام خه‌ریكی‌ راوێژدان به‌ هێزه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كانی‌ به‌عسی‌ سوریا و سه‌ركوتكردنی‌ شۆڕشگێڕانی‌ ئه‌و وڵاته‌یه‌. میسر كه‌ هیوای‌ به‌ ئازادی‌ رزگاری‌ هه‌بوو زۆری‌ نه‌كێشا كه‌وته‌وه‌ ژێر پوتینی‌ هێزه‌سه‌ربازیی‌ و ئیسلامییه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ و رۆژانه‌ خۆزگه‌ به‌ پار ده‌كه‌ن. فه‌لله‌ستین و لوبنان به‌رده‌وام خه‌ریكی‌ ته‌شنه‌پێدانی‌ كێشه‌كانی‌ خۆیانن له‌ گه‌ڵ ئیسرائیل و هاوكاریی‌ كردن له‌ گه‌ڵ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران و سوریا بۆ سه‌ركوتی‌ شوڕشگێڕانی‌ دژ به‌ دیكتاتۆری‌ به‌عسی‌ ئه‌و وڵاته‌.

عێراقیش كه‌ لالۆ ئه‌وڕه‌حمان گوته‌نی‌ : هه‌ر باسی‌ مه‌كه‌! له‌ 2003یه‌وه‌ دیكتاتۆری‌ به‌عس روخاوه‌، چه‌ندین كابینه‌ گۆڕدراوه‌ به‌ڵام باری‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و وڵاته‌ هه‌ر چل مه‌نه‌، راست وه‌ك شاری‌ هێرتی‌ لێ‌ هاتووه‌، شێعه‌ و سوننی‌ لێكتری‌ سه‌نگه‌ریان گرتووه‌، كورد به‌رده‌وام هاواری‌ ماده‌ی‌ 140 و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كه‌ركوك ده‌كات و كه‌سیش گوێ‌ لێ‌ ناگرێ‌، توركمانیش هه‌ر خه‌ریكی‌ هاتو هاوارن و خێرا خێرا په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر ئه‌ربابه‌كانیان له‌ ئانكارا. قه‌ندیل و پارتیزانه‌كانی (پ.ك.ك)ـه‌ش ئیتر با بێسێت، توركیاش خۆی‌ كرده‌وته‌ ده‌مڕاستی‌ ناوچه‌كه‌ و ئه‌ردوغان به‌ فیتی‌ گوله‌نی‌ و نه‌وڕه‌سیه‌كان هه‌ر رۆژه‌ به‌ جۆرێك خۆی‌ ده‌كاته‌ ده‌مڕاستی‌ ئیسلامی‌ نابی‌ محه‌ممه‌دی‌ و ده‌یانه‌وێ‌ به‌مجۆره‌ له‌ لایه‌ك ده‌یانه‌وێ‌ جاێكیتر ده‌رفه‌ت له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كورد بێننه‌وه‌ و ده‌نگ و هاواری‌ كورده‌كان كپ بكه‌نه‌وه‌، له‌ لایه‌كیتر ده‌زانن كۆماری‌ ئیسلامی‌ به‌ ناوی‌ ستراتژی‌ هیلالی‌ شیعییه‌وه‌ خه‌ریكی‌ چوونه‌ پێشه‌، ده‌یانه‌وێ‌ پێشه‌نگایه‌تی‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ سوننی‌ بگرنه‌ ده‌ست و خۆیان بكه‌نه‌ رێبه‌ری‌ ئیسلامی‌ سیاسی میانه‌ڕه‌و له‌ ناوچه‌كه‌دا.

له‌ سه‌روی‌ ئه‌وانه‌وه‌ كورد باشترین ده‌رفه‌تی‌ له‌ به‌رده‌ست دایه‌ بۆ جموجووڵێكی‌ ئیستراتژیك ، ده‌رفه‌تێك كه‌ هه‌م له‌ ژێر باری‌ برایه‌تی‌ زۆره‌ملێی‌ و زاڵمانه‌ و سیاسی عه‌ره‌به‌كان بێته‌ ده‌ر و هه‌م كیانێكی‌ سه‌ربه‌خۆ بونیات بنێت، ئه‌مه‌ش پێویستی‌ به‌ وشیار بوون و هه‌ڵمه‌ت و پشتگیرییه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی‌ هه‌یه‌ كه‌ ره‌نگه‌ هه‌م خه‌رجه‌كه‌شی‌ گران بێت و هه‌م زیان و قوربانی‌ قورسیشی‌ لێ‌ بكه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ر حاڵدا قاسملوو وته‌نی‌:"گه‌لێك ئازادی‌ بوێ‌ ، ده‌بێ‌ نرخی‌ ئه‌و ئازادیه‌ش بدات." 


 

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1593
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy