هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

وتووێژی‌ ماڵپه‌ڕی‌ پێشمه‌رگه‌كان له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵۆ جانانی‌

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

helo_janani_-_heloykurdistanوتووێژی‌ ماڵپه‌ڕی‌ پێشمه‌رگه‌كان له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵۆ جانانی، به‌رپرسی‌ ماڵپه‌ڕی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"،‌ به‌بۆنه‌ی 26ی‌ سه‌رماوه‌ز رۆژی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان

 

ــ تکایه‌ خۆت بناسێنه به‌ خوێنه‌رانی ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان

ــ ناوم "هه‌ڵۆ جانانی‌"یه‌، له‌دایكبووی‌ 13 ـ 2 ـ 1361، خه‌ڵكی‌ شاری‌ سه‌قزم.

 

ــ له‌ کام شوێن پێشمه‌رگایه‌تیت له‌ ریزی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێراندا کردووه‌ و چه‌ند ساڵ و چ به‌رپرسایه‌تییه‌كت هه‌بووه‌ و ئێستا چی ده‌که‌یت ؟

ــ له‌ 29 ـ 11 ـ 1381 خۆم به‌ ناوه‌ندی‌ وه‌رگرتنی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێراندا ناساندووه‌‌و دوای‌ تێپه‌ڕ كردنی‌ ده‌وره‌ی‌ فێرگه‌ له‌ كۆمیسیۆنی‌ چاپه‌مه‌نيی حیزب سازمان درام‌و چه‌ندین ساڵ‌ له‌ كۆمیسیۆنی‌ چاپه‌مه‌نی‌‌و دواتر له‌ كۆمیسیۆنی‌ ته‌شكیلاتی‌ حیزب خزمه‌تم كردووه‌‌و وه‌كوو كادرێكی‌ حیزب هه‌ر كارێكم پێ‌ سپێردرابێت به‌ڕێوه‌م بردووه‌. رێكه‌وتی‌ 9 ـ 8 ـ 1389 له‌ مه‌قه‌ڕه‌كانی‌ حیزب به‌ مه‌به‌ستی‌ هاتنم بۆ ئورووپا هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌‌و رووم كرده‌ وڵاتی‌ نوروێژ، به‌ڵام ئێستاش هه‌ر وه‌كوو كادرێكی‌ حیزب به‌رده‌وام خه‌ریكی‌ كاری‌ حیزبم‌و راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ‌ حیزبدا له‌ پێوه‌ندیدام‌. هه‌روه‌ها 3 ساڵیشه‌ ماڵپه‌ڕێكم به‌ناوی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان" www.heloykurdistan.com هه‌یه‌‌و له‌ رێگای‌ ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ش خزمه‌تی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازانه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد ده‌كه‌م.

 

ــ بیره‌وه‌یه‌کی ژیانی حیزبی یان پێشمه‌رگایه‌تی خۆتمان بۆ باس بکه‌.

ــ كاتێ‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان بووم گه‌وره‌ترین ئاواتم ئه‌وه‌ بوو كه‌ ببمه‌ پێشمه‌رگه‌‌و ئه‌و رۆژه‌ی‌ كه‌ بوومه‌ پێشمه‌رگه‌ خۆشترین رۆژی‌ من بوو. ناخۆشترین رۆژی‌ من تا ئه‌مڕۆ شه‌هید بوونی‌ هاوڕێیانی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و 4 پێشمه‌رگه‌ی‌ كه‌ له‌ 30ی‌ گه‌لاوێژی‌ 1388 دوای‌ 2 رۆژ شه‌ڕی‌ قاره‌مانانه‌ له‌ سه‌قز شه‌هید بوون.

به‌ڵام یه‌ك شت له‌سه‌ر دڵم بووه‌ به‌ گرێ‌. به‌داخه‌وه‌ له‌ رۆژی‌ 15ی‌ سه‌رماوه‌زی‌ 1385 كه‌ چه‌ندین كه‌س له‌ حیزب‌ له‌ رێبازی‌ شه‌هید دوكتور قاسملوو لایان داو رێگای‌ خۆیان له‌ رێگای‌ حیزب جیا كرده‌وه‌، من یه‌ك ـ دوو رۆژ پێشتر له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستانه‌وه‌ دایك‌و باوكم هاتبوون بۆ سه‌ردانم، به‌ڵام كه‌ ئه‌و رووداوه‌ ناخۆشه‌ رووی‌ دا‌ وتم نه‌كا كێشه‌یه‌ك له‌ نێوان ئه‌ندامانی‌ حیزب‌و ئه‌و كه‌سانه‌ روو بدات‌و دایكم‌و باوكم به‌م جۆره‌ كێشانه‌ نیگه‌ران بن، كاتژمێر 10ی‌ به‌یانی‌ ئه‌و رۆژه‌ به‌ دایك‌و باوكمم وت بڕۆنه‌وه‌ بۆ سه‌قز. هه‌رچێ‌ وتیان چی‌ بووه‌ وتم كارم هه‌یه‌ ده‌بێ‌ بڕۆن، وتیان تۆ بڕۆ به‌لای‌ كارته‌وه‌ ئێمه‌ لێره‌ ده‌مێنین تا دێیته‌وه‌ وتم نا، ده‌بێ‌ بڕۆنه‌وه‌. ئه‌و رۆژه‌ دایك‌و باوكم دڵیان لێم ئێشا‌و گه‌ڕانه‌وه‌. ئه‌وان ئه‌و هه‌موو رێگایان بڕیبوو هاتن بۆ لای‌ من‌و منیش پێم وتن بڕۆنه‌وه‌. ئه‌گه‌رچی‌ هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ به‌ ته‌له‌فۆنی‌ هه‌موو شتم پێ‌ وتن به‌ڵام ئێستاش ئه‌و رۆژه‌ له‌سه‌ر دڵم بووه‌ به‌ گرێ‌‌و زۆر ناڕه‌حه‌تم كه‌ هیوادارم دایكم‌و باوكم بمبه‌خشن.

 

ــ ڕۆژی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان (26 ی سه‌رماوه‌ز) بۆ تۆ چ رۆژێكه‌؟

ــ رۆژی‌ رێزگرتن له‌ خه‌باتگێڕترین‌و فیداكارترین مرۆڤی‌ ئه‌م نیشتمانه‌یه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ی‌ كه‌ ته‌نانه‌ت حازره‌ گیانی‌ خۆی‌ پێشكه‌ش به‌ باره‌گای‌ ئازادی‌ بكا. بێگۆمان ئه‌و رۆژه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ژیانیان پێوه‌ندی‌ به‌ وشه‌ی‌ "پێشمه‌رگه‌"وه‌ هه‌یه‌ جه‌ژنێكی‌ گه‌وره‌‌و رۆژێكی‌ خۆشه‌‌و یه‌كێك له‌ خۆشترین رۆژه‌كانی‌ ساڵه‌. ئه‌و رۆژه‌ به‌ خۆشی‌‌و شادی‌‌و هه‌ڵپه‌ڕكێ‌ به‌سه‌ر ده‌به‌م.

 

ــ که‌سانێک په‌یدا ده‌بن که‌ پێیان وایه‌ ئه‌رکی پێشمه‌رگایه‌تی ته‌واو بووه‌، تۆ نه‌زه‌رت له‌و باره‌وه‌ چیه‌؟

ــ هیچ كات‌و له‌ هیچ زه‌مه‌نێكدا پێشمه‌رگایه‌تی‌ كۆتایی‌ پێ‌ نایه‌ت. زۆر كه‌س ده‌توانی‌ به‌شێك له‌ ئه‌ركه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ڕێوه‌ به‌رێت. بۆ وێنه‌ مامۆستایه‌ك له‌ قوتابخانه‌ كه‌ قوتابیه‌كانی‌ فێری‌ وانه‌ی‌ ئازادی‌و ئازادیخوازی‌ ئه‌كا، دایك‌و باوكێك كه‌ رۆڵه‌كه‌یان نیشتمانپه‌روه‌ر په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن، ئه‌ندامانی‌ نهێنیی‌ حیزب كه‌ ئه‌ركی‌ قورسی‌ خه‌باتیان له‌سه‌ر شانه‌، ئه‌مانه‌‌و زۆر كه‌سی‌ دیكه‌ به‌ شێوه‌ی‌ جۆراوجۆر ئه‌توانن ئه‌ركێكی‌ پێشمه‌رگانه‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن به‌ڵام ئه‌وی‌ كه‌ زۆرتر وه‌كوو پێشمه‌رگه‌ له‌به‌رچاوه‌‌ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ حیزبێكدا به‌ به‌رده‌وامی‌‌و شه‌و‌و رۆژ ئه‌ركه‌ پێ‌سپێردراوه‌كانی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات. پێشمه‌رگه‌ ئه‌ركی‌ قورسه‌‌و گه‌لێك تاڵی‌‌و سوێری‌ رۆژگار ده‌بینێ‌ كه‌ هه‌موو كه‌س ناتوانێ‌ ئه‌و تاڵی‌‌و سوێرییه‌ی‌ رۆژگار‌و ئه‌و ئه‌ركانه‌ به‌ڕێوه‌ به‌رێ‌. له‌ دوارۆژی‌ كوردستانی‌ ئازادیشدا ئه‌ركی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌ر قورسه‌ چونكی‌ له‌ دواڕۆژدا ئه‌ركی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و پاراستنی‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ خه‌باتی‌ ئازادیخوازانه‌ی‌ نیشتمانه‌كه‌مانه‌. كه‌وابێت هیچ كات‌و له‌ هیچ زه‌مه‌نێكدا پێشمه‌رگایه‌تی‌ كۆتایی‌ پێ‌ نایه‌ت.

 

ــ باشترین وته‌ که‌ پێشکه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌‌ی بکه‌ی چیه‌ ؟

ــ باشترین وته‌ له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ هه‌ر ئه‌و وته‌ به‌نرخه‌ی‌ شه‌هید دوكتور قاسملووه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی‌: پێشمه‌رگایه‌تی‌ بۆ لاوی‌ كورد شانازییه‌. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ رۆژێك دێت كه‌ به‌رهه‌می‌ خزمه‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌موو كه‌س‌و هه‌موو جیهان ده‌یبینێ‌ كه‌ چۆن میلله‌تێك له‌سایه‌ی‌ خزمه‌ته‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌، به‌ ئازادی‌‌و به‌ ژیانێكی‌ خۆش گه‌یشتووه‌.

 

ــ له‌ کۆتایی دا ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان 9 ساڵی ته‌واو کرد، چیت هه‌یه‌ بۆ ساڵڕۆژی ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان ؟

ــ پڕ به‌ دڵ‌ پیرۆزبایی‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ ماڵپه‌ڕی‌ پێشمه‌رگه‌كان ده‌كه‌م‌و ده‌ستخۆشییان پێ‌ ده‌ڵێم‌و هیوادارم هه‌روا به‌رده‌وام بن. بێگومان ماڵپه‌ڕی‌ پێشمه‌رگه‌كان هه‌میشه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌و ماڵپه‌ڕانه‌ی‌ كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ بڕێك له‌ ماڵپه‌ڕه‌كان، هه‌میشه‌ خزمه‌تی‌ به‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ كورد كردووه‌‌و مه‌كۆیه‌ك بووه‌ بۆ ئەویندارانی‌ ئازادی‌و لایەنگرانی‌ زانیاریی‌ راست‌و نووسەرانی‌ دەروەست‌و هیوادارم هه‌میشه‌‌و بێ‌ پسانه‌وه‌ درێژه‌ به‌م خزمه‌ته‌ مه‌زنه‌ی‌ بدا.

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1686
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy