هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی 8ی مارس ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی 8ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە لە 100 ساڵی ڕابردوودا بەهۆی گەشەی دێموکراسی و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگای مرۆیی، پێگەی ژنان هەڵکشانی بە خۆیەوە بینیوە و تا دێت ژنان پتر جێ پێی خۆیان قایمتر دەکەن.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

 

nawand_-_ragayndraw_-__rejim__1


خەڵکی خەباتکاری کورد!

هاونیشتمانییانی خۆشەویست!

ژنان و پیاوانی مافخواز!

بە درێژایی زیاتر لە 100 ساڵە کە ڕۆژی 8ی مارس وەک ڕۆژی جیهانیی ژن ناسراوە و لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان ئەو ڕۆژە بەرز دەنرخێندرێت و ڕێزی لێ دەگیردرێت. لەو ڕۆژەدا جارێکی تر پێداگری لەسەر مافی بەرانبەری ژن و پیاو دەکرێتەوە و ئەو ڕاستییە چەندپاتە دەکرێتەوە کە هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت ئازادی و دێموکراسیی ڕاستەقینە بە خۆیەوە ببینێت ئەگەر مافی نیوەی دانیشتووانی خۆی لەبەرچاو نەگرێت.

لە 100 ساڵی ڕابردوودا بەهۆی گەشەی دێموکراسی و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگای بەشەری پێگەی ژنان هەڵکشانی بە خۆیەوە بینیوە و تا دێت ژنان پتر جێ پێی خۆیان قایمتر دەکەن. دیارە ئەمە تەنیا هەنگاوێکی کورتە کە هەڵگیڕاوەتەوە و ئەو مافە ڕەوایانە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت لە زۆربەی وڵاتانی دنیا هەر بە ئاشکرا پێشێل دەکرێت، ڕوانینی نەریتخوازانەی پیاوان و تەنانەت بەشێکیش لە ژنانیش بەربەستێکی گەورە بووە لە بەرپێی بەرەوپێشچوونی دۆخی ژنان لەسەر ئاستی جیهانیدا.

کەم نین ئەو ژن و پیاوە ئازادیخوازانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە باوەڕمەندبوون بە مافی ژنان و هەوڵ و تێکۆشانی زۆر، خزمەتی گەورەیان بە وەدیهاتنی ئەم دەسکەوتانەی هەتا ئێستاش کردووە و تا دێت لە سەردەمی نوێدا بەرەنگاری و دژایەتی لەگەڵ ماف و ئازادییەکانی ژنان بۆ بەرهەڵستکارانی قورستر و دژوارتر دەبێتەوە. لە کەس شاراوە نییە کە مافی ژنان لە وڵاتانی پێشکەوتوو و یاسامەنددا زۆربەی هەرە زۆری لەمپەرەکانی وەپاش ناوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژنانی خاوەن دەسەڵات و جێگە و پێگەی بەرزی کۆمەڵایەتی ڕوو لە هەڵکشانە بەڵام، لەو وڵاتانەی کە دێموکراسی نەیتوانی جێ بگرێت ئەم مافانەش پێشێل دەکرێت و گەشەی نەکردووە و لەبەرچاو نەگیراون.

بەداخەوە لە ئێران و کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیش هەتا ئێستا ئەو مافانە بایەخی زۆر کەمیان پێدراوە و ئەو ئاستەش لە پێشکەوتن کە هەیە دەسکەوتی ژنان و پیاوانی مافخواز و باوەڕمەند بە ئازادی و بەرابەریی ژن و پیاوە. لەژێر سێبەری ئەو دەسەڵاتە ئایینییە تا سەر ئێسقان دواکەوتوو و کۆنەپەرستەی کۆماری ئیسلامیدا و بەپێی یاسای دژە مرۆییانەی کە دایانمەزراندووە، ژن هەتا ئێستاش بە نیوەی پیاو دێتە ئەژمار و وەک ئامرازێک بۆ ژیانی ئاسوودەتری پیاوان چاوی لێ دەکرێت و ژنانی لە هەموو مافەکانی بێبەش کردووە.

ئەگەر چاوێک بە مێژووی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بخشێنینەوە دەبینین کە هەزاران و بگرە ملیۆنان مرۆڤی ئازادیخواز لەم ماوەیەدا لێبڕاوانە خەباتیان بە وەدیهاتنی ئازادی و دێموکراسی لە ئێران کردووە کە مافی ژنان بەشی جیانەکراوەیەتی.

بۆ وەدیهاتنی ئەو ئامانجانە قوربانیی زۆری بۆ دراوە، کۆت و بەند و زنجیری بۆ تەحەمول کراوە و سەختیی زۆری لە پێناودا کێشراوە بەڵام هەتا ئێستاش ئەم خەباتە بەردەوامە. ژنان و کچانی کوردیش وەک سیمبولی بەرەنگاری بەرانبەر بە زوڵم و زۆر و نەریتخوازی هەردەم پێشڕەو بوون و شان بە شانی پیاوان سەنگەری پێشمەرگانەیان بۆ بەرگری و خەبات ئاوەدان ڕاگرتووە و بوونەتە جێگەی شانازی و سەربڵیندیی نەتەوەی کورد و لە هیچ تێکۆشانێک درێخییان نەکردووە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە بە باوەڕمەندبوون بە مافی یەکسانی و دادپەروەری بۆ ژنانی کۆمەڵگای ئێران، داوا دەکات کە ژنان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ یاسا و ڕێساکانی دژەژنی کۆماری ئیسلامی وەک چۆن تا ئێستا پێشەنگ بوون، لە داهاتووشدا لە مەیدانی خەباتدا پێشڕەوی شەڕەکان بن.

بەرز و بەڕێز بێت 8ی مارس، رۆژی جیهانیی ژن

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

17ی ڕەشەمەی 1399ی هەتاوی

8ی مارسی 2021 زایینی


 _______________________________________

 بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ یان ناردنی‌ بابه‌ت كليك بكه:

  Facebook Telegram


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 96
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy