هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

حیزبی دێموکرات: پشتیوانی لە خۆپیشاندانی خەڵک دەکەین

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەبارەت بە ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک لەپێوەندی لەگەڵ زیادکردنی نرخی بێنزین

 

farmandaei_pdki_pm_2


هاونیشتمانانی بەڕێز

کۆمەڵانی خەڵکی ستەملێکراوی ئێران

کۆمەڵانی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە ژێر باری ئابوری داتەپیوی خۆیدا پەلەقاژە دەکا‌و هیچ ڕێگا چارەیەکی بێجگەلە فشار هێنانی زیاتر بۆ خەڵک بۆ دەرباز بوون لەو وەزعە پێ شک نایە. لەو پێوەندییەدا‌و لە چوارچێوەی فشار هێنانی زیاتر بۆ خەڵک لە نەکاو‌و بێ هیچ پاساو هێنانەوەیەکی پێش وەخت ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاویدا نرخی بێنزین هەم سەهمییە بەندی دەکرێ‌و هەم٥٠ لە سەدی نرخی بێنزینی سەهمییەیی یانی لە ١٠٠٠ تمەن بۆ ١٥٠٠ تمەن زیاد دەکا‌و نرخی بێنزینی ئازادیش تا ٣ هێندە یانی لە ١٠٠٠ تمەنەوە بۆ ٣٠٠٠ تمەن زیاد دەکا. ئەو بڕیارە لەنەکاوە لە کاتێکدا راگەیاندرا کە چەند ڕۆژ پێشتر دام‌و دەزگا پێوەندی دارەکانی ڕێژیم سەهمییە بەندی‌و زیاد کردنی نرخی بێنزینیان بە دەنگۆ‌و دور لە ڕاستی ڕاگەیاندبوو‌و بە تەواوی ڕەدیان دەکردەوە.

ئەو بڕیارەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕادەیەک نادروست‌و نا تەبا لەگەڵ ژیان‌و گوزەرانی خەڵک بوو کە دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم هەستیان بە دەربڕینی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک کردبوو‌و هەر بۆیەش لە ئێوارەی ڕۆژی جومعەدا ڕایانگەیاند کە بڕیارەکە بێ هیچ کێشەیەک جێ بەجێ کراوە. ڕاگەیاندنی ئەو بڕیارە لەنەکاوە زیاتر بۆ غافڵگیرکردنی خەڵک‌و دانانیان لە بەرامبەر کردەوەیەکی جێبەجێکراودا بوو. بەڵام بەو حاڵەش دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک بەرز بۆوە‌و لە زۆربەی هەرە زۆری شارەکان خۆپێشاندان‌و ناڕەزایەتی دەربڕین هاتە ئاراوە‌و پێش بینی دەکرێ بۆ هەموو شارەکانی دیکەی ئێران تەشەنە بکات. هێزەکانی ڕێژیم کە لە زۆربەی شوێنی شارەکان بڵاویان پێکرابوو کەوتنە تەقەکردن لەخەڵک‌و تا ئێستا ژومارەیەکی زۆر لەخەڵکی شارەکانی ئێران‌و کوردستان گیانیان لێئەستێندراوە‌و بە دەیانی دیکە بریندار کراون کە ئەو ڕەوتە لە سەرکوتکردن هەروا درێژەی هەیە.

ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران وەک هەمیشە بۆ فریودانی خەڵک‌و پێشگرتن بە حەرەکەتە ئێعتڕازییەکان ڕایگەیاند کە داهاتی زیاد کردنی نرخی بێنزین بە سەر ٧٥ لە سەدی خەڵکی کەم داهاتی ئێراندا دابەش دەکرێ‌و ئەو بڕیارە پێوەندی بە قەرەبوو کردنەوەی کورت هێنانی بودجەی دەوڵەتەوە نییە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بەڕێوەبەرانی ڕێژیم پێشتر ڕایانگەیاند بوو کە بۆ قەرەبوو کردنەوەی کورت هێنانی بودجە لە جیاتی پشت بەستن بە داهات فرۆشی نەوت پشت بە داهاتی نێوخۆی دەبەستن‌و ئەوەش لە کردەوەدا بە مانای فشار هێنانی زیاتر بۆ خەڵکە کە زیادکردنی نرخی بێنزین یەکێک لەو سیاسەتانەیە.

زیادکردنی نرخی بێنزین تەنیا فشارێکی تەک لایەن‌و تەک کاڵایی بۆ سەر ژیان‌و گوزەرانی خەڵک نییە بەڵکوو هەڵگری کۆمەڵێک لایەنی دیکەیە کە شوێندانەری خەراپیان لەسەر ژیان‌و گوزەرانی خەڵک دەبێ‌و زیاد کردنی نرخی کۆمەڵێک پێداویستی خەڵک لەوەش زیاتر بە دوایخۆیدادێنێ. وەک نرخی کەرەسەکانی هاتووچۆ،‌و ئەو کاڵایانەی کە بەرهەم هێنانیان لە ڕێگای بەکارهێنانی بنزینەوە دێتە ئاراوە. خەڵکی وەزاڵە هاتوو‌و ئازار چێشتووی دەستی بێکاری‌و کەم داهاتی، زۆر باش لە ئاکامی ئەو بڕیارە ناڕەوایەی ڕێژیم ئاگادارن‌و ناڕەزایەتی دەربڕینیان هەڵوێستێکی بەجێیە چوونکە دەزانن بێدەنگی لە بەرامبەر ئەو فشارە تازەیەی، ڕێژیم لە درێژەدان‌و چەند لایەنە کردنی بردنە سەری نرخی شتوومەک جدی تر‌و پێ دا گرتووتر دەکا. وەڕێخستنی کردەوەی ئیعتڕازی‌و هەڵبڕینی دەنگی ناڕەزایەتی تێکڕایی تەنیا ڕێگای پێش گرتن بە ڕێژیم لە هێنانی فشاری زیاتر بۆ سەر خەڵکە.

بە لەبەر چاوگرتنی ئەو ڕاستییە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی سیاسەتی ڕێژیم لە فشار هێنانی زیاتر بۆ سەر خەڵک، پشتیوانی‌و پشتگری خۆی لەو حەڕەکەتە ناڕەزایەتیانەی خەڵک لە هەر شێوەیەکی مومکین دا دەردەبڕێ‌و هیوادارە ئەم حەرەکەتانە سەرەتایەک بێ بۆ سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵک بە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا. هەر لەو کاتەدا هاودەردی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییەکانی ئەو حەڕەکەتانە دەردەبڕێ‌و چاکبوونەوەی بریندارەکان بەئاوات دەخوازێ.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی

١٧ی نوامبری ٢٠١٩ی زایینی

 

 _______________________________________

ــ بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌ 


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 260
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy