هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

مستەفا هیجری: حیزبی دێموکرات، لە خەڵکە‌و بۆ خەڵکە

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

پەیامی "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٤ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات.

 

kak_mistefa_payam_25_-_2


گەلاوێژ، خاڵی گەشانەوەی هیواکان پیرۆز‌و هیواتان بەرزتر بێت.

٧٤ ساڵ بەر لە ئێستا، حیزبی دێموکراتی کوردستان، نە بە ڕێکەوت، بەڵکوو لە ڕووی زەروورەتێکی سیاسی‌و بە پاشخانێکی مێژووییەوە لەسەر دەستی نەمر پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا. ئەو حیزبە لە دەقێکی مێژوویی ئەوتۆدا دامەزرا کە بە قۆناغی ململانێ‌و ڕکابەرایەتیی ئیدئۆلۆژییەکانی نازیسم، فاشیزم‌و سەرمایەداری دەناسرێتەوە‌و ئەم ململانێیەش سەروبەری ناوچەی تەنیبووەوە.

لە لایەک کایەی بەرژەوەندییەکان لە ئاستی جیهانی‌و ناوچەیی‌و باڵادەستیی ڕێژیمێکی سەرەڕۆی وەک پەهلەوی‌و لە لایەکی دیکە، بێبەشی‌و مافخوراویی نەتەوەکان‌و یەک لەوان نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات، زیاتر زەروورەتی سیاسی‌و مێژوویی دامەزرانی حیزبی دێموکراتمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. حیزبێک کە لەسەر گەراکانی جووڵانەوەکانی پێش خۆی‌و لەسەر بنەما تەشکیلاتییەکانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد لەدایک بوو. هەڵبەت ناكرێت گرفت‌و دەرفەت‌و هەلومەرجی تایبەتی جووڵانەوەکانی پێشتر، بە یەک شێواز لێک بدرێتەوە‌و خوێندنەوەی بۆ بکرێت، چونكە هەر یەک لەو جووڵانەوانە پاشخانی مێژوویی‌و هەلومەرجی تایبەت‌و ئاسۆی ڕوانین‌و شێوازی تێكۆشانی خۆیان هەبووە، بەڵام لەسەر یەک، هاتنەکایەی حیزبی دێموکرات، بە وەرچەرخانێک ئەژمار دەکرێت لە مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستاندا.

لێرەوە بوو کە وەک زەروورەتە مێژوویییەکەی، بە گوێرەی ئەرک‌و بەرپرسیاریەتییەک کە کەوتە سەرشانی، نوێنەرایەتیی خەباتێکی سەخت‌و بەربەرەکانێیەکی بەردەوامی گرتە ئەستۆ. نوێنەرایەتیی نەتەوەیەکی بندەست، خاوەندارێتیکردنی گوتاری کوردایەتی، هەوڵدان بۆ یەکسانیی کۆمەڵایەتی، ئازادی‌و ڕزگاریی نەتەوەیی‌و گەڕاندنەوەی کەرامەت بۆ نەتەوەیەکی بەشخوراو‌و پارچەپارچەکراو لەم بەشەی نیشتمان، هێڵە سەرەکییەکانی ئەم خەباتە بوون کە ئێستاش هەر بەردەوامە.

نەبوونی ئازادییەکان، بێ دەرەتانی، بێ مافی، هەوڵی پەراوێزخستن‌و دواجار تواندنەوەی مێژوو‌و شوناسی کوردی لە لایەن دەسەڵاتە بێبەزەیی‌و دژەمرۆییەکانی ناوەندەوە، بوونەتە هەوێنی خەباتێکی دوورودرێژ کە بە هەزاران هەزار شۆڕشگێڕی لە خۆیدا جێ کردووەتەوە‌و قۆناغ بە قۆناغ، وێڕای کەندوکۆسپ‌و هەوراز‌و نشێوی زۆر، ڕێی کردووە‌و تا دێت لە ئاسۆی سەرکەوتن نزیکتر دەبێتەوە.

حیزبی دێموکرات، لە خەڵکە‌و بۆ خەڵکە. نەتەوەخوازی‌و دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکەی، ڕێڕەوی سەرەکیی خەباتەکەیەتی. دێموکراسی‌و بەهاکانی، پڕەنسیپی نەگۆڕی بووە. پێکەوەژیانی دڵخوازانە، هاوخەباتی ‌و دۆستایەتیی لەگەڵ نەتەوە بندەستەکان‌و لایەنە ئازادیخوازەکان، بنەما سەرەکییەکانی خەباتەکەی بووە.

بە دامەزرانی کۆماری پڕشکۆی کوردستان، کە مۆرکێکی نەتەوەیی‌و سامانێکی گەورەی سیاسی‌و مێژووییە، حیزبی دێموکرات بە گوتار‌و بە کردەوە سەلماندی کە پابەند‌و وەفاداری ویست‌و بەها نەتەوەییەکانە. خودی دەسکەوتەکانی کۆمار، گەڕانەوە بۆ زمانی دایک‌و پەروەردەی نیشتمانی‌و کولتووری نەتەوەیی، دەستنیشانکردنی ئاڵا‌و سروودی نەتەوەیی‌و پێکهێنانی هێزی پیشمەرگە، ئەو ناونیشانەن کە وەک شادەمارەکانی کیانێکی نەتەوەیی دێنە ئەژمار، هەر بۆیە حیزبی دێموکرات‌و مێژووەکەی شانازیی پێوە دەکەن.

لەگەڵ ئەوەی کە کۆتایی سەدەی نۆزدە‌و سەرەتای سەدەی بیست، دەسپێکی قۆناغی هۆشیاریی نەتەوەیی‌و گەشەسەندنی بیری ڕزگاریخوازی‌و پەرەسەندنی ڕاپەڕین‌و جووڵانەوە نیشتمانییەکان بوو، بەڵام هاتنەکایەی حیزبی دێموکرات قۆناغێکی نوێی بەدوادا هات.

بە دامەزراوەیی‌کردنی کۆماری کوردستان، دانانی بەرنامەی سەردەمیانە، سیاسەتی ئاشتەوایی، ڕەچاوکردنی بەها مرۆییەکان‌و پاراستنی مافی کەمە نەتەوەیی‌و زمانی‌و ئایینییەکان، دابینکردن‌و پاراستنی ئاسایشی هەرێمەکە، گرنگیدان بە توێژی لاوان‌و ژنان، بەهادان بە بواری پەروەردە‌و ڕاگەیاندن‌و چاپەمەنی‌و کۆمەڵیک بابەتی دیکە، کە لە یادەوەریی مێژووی زێڕینی کۆماردا بە زیندوویی ماونەتەوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە حیزبی دێموکرات‌و ڕێبەرایەتییەکەی هەوڵی دروستکردنی ڕووداویان داوە. کۆی ئەم ڕووداوانەش جیاوازبوون لە شێوازەکانی ڕابردووی خەبات. جیاوازییەکی پشتبەستوو بە ڕەگەزی نوێخوازی‌و بەڕۆژکردنی پرۆسەی خەبات، لە هەمان کاتدا، هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی گەش بوو بە ڕووی ئایندەدا.

پەروەردەکردنی جەماوەری کوردستان بە هەست‌و بیری نەتەوەیی‌و ئاراستەکردنی بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووس، جەوهەری خەباتی حیزبی دێموکراتە. ئەم جەوهەرەش لە گوتاری کوردبوون‌و شوناسخوازیدا خۆی وێنا کردووە. پێمانوایە ئەم گوتارەش، بەرنامە‌و هێڵە سیاسییەکانی حیزبی دێموکراتی لەسەر بنیات نراوە. سەنگ‌و پێوانەکانی نرخاندنی ئەم ڕاستییەش لە دوتوێی مێژوو‌و قۆناغەکانی خەباتی ئەم حیزبەدا دیار دەکەوێت. پرسی نەتەوە لە چەمک‌و ناوەرۆکدا، پرسی هەمیشەیی حیزبی دێموکرات‌و نەتەوەی کوردە لە خۆرهەڵات. لە ئاستێکی گشتیتریشدا، پرسی چارەسەرنەکراوی هەموو نەتەوە بندەست‌و مافخوازەکانی جوغرافیای ئێرانە. جەخت کردنە سەر مافی نەتەوەیی، مانای هەرە نزیکی ئەم گوتارە وێنا دەکات کە پێمان دەڵێت، کوردستان بە شێوەی سیستماتیک بە کۆلۆنی کراوە‌و هەوڵدان بۆ ڕزگاری‌و تێپەڕبوون بەرەو قۆناغی ئازادی، ئاسۆی ڕوانینمان بەرفراوانتر دەکات.

دەستەبەرکردن‌و دواجار مسۆگەربوونی مافی نەتەوەیی، بە هەموو پێوەرە سیاسی، ئیداری، ئابووری، کولتووری‌و کۆمەڵایەتییەکان، ڕوانگەی گشتیی حیزبی دێموکراتە‌و ئەمەش تەنیا لەسەر ئیرادە‌و ویست‌و داخوازیی نەتەوەی کورد لە خۆرهەڵات ڕایی دەکرێت.

ئەوەی جەختی لەسەر دەکەینەوە، ناوەرۆکی ئەم مافەیە‌و قەوارە‌و فۆرمەکەی گرێ دراوە بە هەلومەرج‌و فاکتی نێوخۆیی‌و دەرەکییەوە‌و پێمان وایە کە لە هەلومەرجی هەنووکەییدا، سیستمێکی دێموکراتیک‌و فیدڕاڵ بۆ نهادینەکردنی ئازادی‌و بەختەوەری‌و دێموکراسی‌و مافی نەتەوەیی پێکهاتەکانی پێکهێنەری ئەم جوغرافیایە پێویستە، ئەمەش بەندە بە یاسایەکی دێموکراتیک‌و ئەمڕۆیی کە هاوكێشەی ناوەندە – پەراوێز هەڵبگرێت‌و کەرامەت بۆ نەتەوەکان بگەڕێنێتەوە‌و مافی دیاریکردنی چارەنووسیان دەستەبەر بکات.

حیزبی دێموکرات‌و کردەوەی شۆڕشگێڕی

لە سەرەتای دامەزراندنی حیزبی دێموکراتەوە تا ئێستا، لەو ساتانەی تێکۆشەرانی ئەو حیزبە لەنێو زیندان‌و تاریکخانەکان، لەژێر پەتی سێدارە‌و ڕەشەکوژی، لە دەربەدەری‌و ئاوارەییدا بوون تا ڕاپەڕین، لە ساتەکانی ڕاپەڕینی پڕشنگداری ٤٦-٤٧؛ لە قۆناغەکانی خەباتی شاخ‌و بەرگریی شار؛ لە ساتەکانی سەر شەقامەکان‌و مانگرتن‌و بەرەنگارییەکان، ئەوەی بە میرات بۆ حیزبی ئێمە‌و نەتەوەکەمان بەجێماوە، کردەوەی شۆڕشگێڕی، بەرگری، لەخۆبردوویی‌و گیانفیدایی کادر‌و پێشمەرگە، ئەندام‌و لایەنگر لە شار‌و شاخ‌و هەندەران بووە. ئەمەش ئەو تایبەتمەندییە بەرزانەیە کە حیزبی ئێمەی کردووە بە هێمای حیزبی نەتەوەیی‌و جەماوەریی چین‌و توێژەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان، حیزبێک کە بەرامبەر بە دوو ڕێژیمی خوێنمژ‌و دژە مرۆڤ وەستاوەتەوە.

بە درێژایی ژیانی سیاسی‌و قۆناغە سەختەکانی، حیزبەکەمان بۆ ساتێکیش بووە لە چالاکی‌و خەبات سڵی نەکردووە، دێڕ بە دێڕی مێژووەکەی لە وەرزە زێڕینەکانی خەباتدا تۆمار کراوە‌و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەنگاوەکانی پتەوتر کردووە. لە نەورۆزی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە ڕاگەیاندنی ڕاسانی ڕۆژهەڵات، وەک قۆناغێکی نوێی خەبات، بەرەو ئەزموونێکی نوێ‌و ڕوانگەیەکی نوێ هەنگاوەکانمان پتەو کرد.

ڕاسانەوەی ئەم جارە، لە دەقی گٶڕانکارییەکانی ناوچە‌و ئێران‌و خۆرهەڵاتی کوردستاندا بیچمی گرت. ڕۆژهەڵاتی نوێ، ئاماژە‌و خوێندنەوەیەکی دیکە بوو بۆ دۆخی هەنووکەیی ڕۆژهەڵات؛ هەر بۆیە ئەم قۆناغە نوێیەی خەبات بە دروشمی گرێدانی خەباتی شار‌و شاخ هاتە کایەوە. ڕوانگەیەکی هەمە لایەنە‌و فرەڕەهەند کە تیایدا جەخت دەکرێتە سەر دابەشکردنی ئەرک‌و بەرپرسیاریەتیی خەبات بە سەر هەموو چین‌و توێژەکانی کۆمەڵگادا. لەگەڵ ئەمەشدا پێمانوایە کە گوتارێکی نوێ‌و ئەمڕۆیی دەتوانێت میکانیزمی ئەم لێکگرێدانە بێت. ئەویش گوتارێکی نەتەوەیی هەمەگیرە کە جیاوازییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکان لێک گرێ بدات؛ مانا بە ڕەفتار‌و کردارمان بدات، هاوچارەنووسی وەربگێڕێتە سەر هاوخەباتی‌و ڕۆژهەڵات ببێت بە هیزێکی تۆکمە، یەکگرتوو‌و شوێندانەر.

لە ڕاسانی ڕۆژهەڵاتدا، هەوڵمان ئەوەیە کە خەباتێکی فرەڕەهەند‌و هەمەلایەنە بەڕێوە ببەین. بۆشایی جێ نەهێڵین‌و هەموو دەرفەت‌و تواناکان بخەینە گەڕ‌و هەوڵی بەهێزترکردنی ڕۆژهەڵات بدەین کە دواجار ئەوە هێزە کە یەکلاکەرەوەیە.

باوەڕی قووڵمان بە تەبایی، بوونی گوتاری هاوبەش‌و زمانی هاوبەش هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا پێمان وایە کە ئەو دیوی ڕوانگەی ڕەخنەگرانە، ڕوانگەیەکی کراوە‌و دێموکراتیکە، هەر بەم دیدەشەوە دەڕوانینە داهاتووی ڕۆژهەڵات‌و دۆخی ئێستای خەبات. پێمان وایە کە دەبێ فەزایەک لەسەر بنچینەی متمانە‌و باوەڕبوون بە هێزی خۆ پێکبهێنین کە لەودا، ئەو هێز‌و لایەنانەی کە باوەڕیان بە مافی نەتەوەیی‌و ئازادی‌و پڕەنسیپەکانی دێموکراسی هەیە، پرۆسەیەک لە خەباتی هاوبەش بنیات بنێن؛ چ لە پێوەندی لەگەڵ ناوماڵی کورد‌و چ لە ئاستی ئێراندا.

لێرەوە‌و لەم بۆنە پیرۆزەدا، سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی‌و ڕزگاریی کوردستان، بەتایبەت شەهیدانی ڕێبەرمان. سڵاو دەنێرم بۆ بنەماڵەی ڕووسووری شەهیدان، زیندانییانی سیاسی‌و قارەمانانی خۆڕاگریی نێو چاڵە ڕەشەکان. سڵاو لە ئیرادەی پۆڵایینی پێشمەرگەی کوردستان لە شار‌و لە شاخ. سڵاو لە خەڵکی تێکۆشەر‌و ئازادیخوازی کوردستان.

 

_______________________________________

 بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌ 


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 387
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy