"مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، به بۆنەی بەشداریی ئەندامان، لایەنگرانو دۆستانی حیزبی دێموکرات، نووسەران، هونەرمەندان، شاعیران، کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، حیزبو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانو ئێران، کەسایەتییە سیاسییەکانی ئێرانیو بیانیو میوانانی بەشدار لە ڕاسانی تاراوگە، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانییانی هێژا، هاوڕێیانی تاراوگە!
یادەوەریی سی ساڵەی تێرۆری ڕێبەری هەمیشە زیندووو هاوڕێیانی، وەک دەسپێکی ڕاسان، کۆساڵان، قەرەسەقەل، نەورۆزی جامانەکان، زەماوەندی ئاڵا، حەماسەی کرماشانو لوڕستان، نەورۆزی خاکیپۆشان، سیماو هێمایەکی تری بە ڕابوونو ڕاسانی ڕۆژهەڵات بەخشی.
هەموان لە بروکسێل کۆ بووینەوە تاکوو یاد، ناوو خەباتی ڕێبەری لێهاتووی گەلو نەتەوەکەمان زیندوو بکەینەوەو لەم ڕێگەوە بە داگیرکەرو دەسەڵاتدارانی تاران بڵێین، هەرچەند ڕێبەری شەهید لەگەڵماندا نییە، بەڵام ڕێبازو ڕێبوارانی قایمتر لە جاران بەردەوامن.
کارنەڤاڵی بروکسێل، حەرەکەتێکی بەهێز بوو کە سەرچاوەی لە ئیرادەی خۆرهەڵاتییەکانو بەتایبەتی ئەندام، لایەنگرو دۆستانی حیزبی دێموکراتەوە دەگرت.
بەم بۆنەوە بە ناوی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، سپاسو پێزانینی خۆمانتان ئاراستە دەکەین. سپاسی یەک بە یەکی ئەندام، لایەنگرو دۆستانی حیزبەکەمان دەکەین کە لە شارە دوورو نزیکەکانی ئورووپاوە ڕێگای برۆکسێلیان گرتەبەر، تاکوو شانازییەکی تر بۆ خۆرهەڵات تۆمار بکەین.
لە هەمان کاتدا، پێویستە سپاسی خەڵکی تێکۆشەری کوردستانو ئەو مرۆڤە نیشتمانپەروەرانە بکەین کە لە پارچەکانی تری کوردستانەوە پەیوەست بەم یادەوەرییە نیشتمانییە بوون. هەروەها ڕێکخراو، کەسایەتییە کوردستانی، ئێرانیو ئورووپاییانە کە شان بە شانی ئێمە، تێرۆری خەباتکارانی کوردیان شەرمەزار کردو یادی دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت. هەروەها سپاسی هەموو ئەندامانو لایەنگرانو دۆستانی حیزب لە باشووری کوردستانو لە نێوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەین کە بە شێوەی جۆراوجۆر، یادی ئەو ڕێبەرە مەزنەیان بەرز ڕاگرت.
لە کۆتاییدا سپاسی کۆمیتەی ئامادەکاریی یادەکەو هەروەها کۆمیتەکانی حیزب لە وڵاتە جیاوازەکانی ئورووپاو هەرێمی کوردستان دەکەین کە سەرکەوتووانە ئەم ئەرکەیان بە ئەنجام گەیاند.
سەرکەوتن بۆ گەلو نیشتمان
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لێپرسراوی گشتی
مستەفا هیجری
پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی
_______________________________________
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

