هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

شۆڕشی ۲۲ی ڕێبەندان‌و وانەکانی

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

شۆڕشی ۲۲ی ڕێبەندان لە ئاکامی کەڵەکەبوونی کۆمەڵێک لە ویست‌و داخوازییە بەدی نەهاتووەکانی گەلانی ئێران دژی دیکتاتۆری پاشایەتی ڕویدا. ئامانج لە ھەڵگیرساندنی ئەم شۆڕشە ئەوەبوو کە خەڵک بەمافە نەتەوەیی، دیموکراتی‌و کۆمەڵایەتەکانیان بگەن.

 

kak_teymoor_-_2019_-_1_1-1_1


ئەم شۆڕشە بزاوتێکی لەناکاو‌و کتوپڕ نەبوو، بەستێنی پێکهاتنی ئەم شۆڕشە دەگەڕایەوە بۆ دەیان ساڵ پێش لە پێکهاتنی، کە دەتوانم بڵێم درێژەی چەند ڕووداوی پێش خۆیەتی کە هەرکامەیان تا ڕادەیەک شوێندانەریان لە سەر ھۆشیار کردنەوەی خەڵک ھەبووە. ئەگەر تەنھا تیتروار ئاماژە بەو ڕووداوانە بکەم، بریتین لە:

شەڕی دووهەمی جیهانی، ڕوخانی ڕێژیمی ڕەزا شا،پێکهاتن‌و ڕوخانی دوو حکومەتی نەتەوەیی کوردستان‌و ئازەربایجان، میللی کردنی سەنعەتی نەوت، کودەتای ۲۸ی گەلاوێژی۱۳۳۲ی هەتاوی، جوڵانەوەی٤٦-٤۷ی کوردستان، جوڵانەوەی سیاکەل وگەلێک ڕووداوی گرینگی دیکە.

لە سەر هۆکاری دەستپێکردنی شۆڕشی ٥۷بۆ چوونی جیاواز هەیە، بەڵام هەموو لایەک لە سەر ساڵی۱۳٥٦ وەک ساڵی دەستپێکی شۆڕش کۆکن. لەو ساڵەوە گەلانی ئێران سەرەتا بە دروشمی ناوچەیی‌و داوای گۆڕینی چەند کاربەدەستێکی شارەکان ڕێپێوانەکانیان دەستپێکرد. ژمارەی خۆ پیشاندەران ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبوو‌و خۆپیشاندانەکان بەرفراوانتر، بەو پێیە دروشمەکانیش ڕادیکاڵتر‌و سیاسیتر دەبوون تا گەیشتە دروشمی ڕوخانی ڕێژیم.

حەمە ڕەزاشا کە توانای کونترۆڵی خۆ پیشاندانەکانی نەما چەند جارێک ئاڵوگۆڕی لە کابینەکان پێکهێنا کە تازە هیچکام لەوانە دادیان نەدا. لە ئاکامدا لە ڕۆژی ۲۲ ی ڕێبەندانی ۱۳٥۷ی هەتاوی ڕێژیمی پاشایەتی ڕوخا‌و دەسەڵات ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کورتیش بێ کەوتە دەست خەڵک. لە جەریانی خەباتی گەلانی ئێراندا، هێزە خەباتگێڕەکانی ئێران بە هۆی نەبوونی بەرنامەیەکی ڕوون‌و بەرەیەکی هاوبەش بەرنامەیەکیان بۆ داهاتووی ئێران لە بەردەستدا نەبوو. لە ڕێپێوانەکاندا تەنیا بە مەبەستی ڕوخاندنی ڕێژیمی پاشایەتی‌و تۆڵە کردنەوە لەم ڕێژیمە لەگەڵ شەپۆلەکەدا هاوڕێ بوون واتە دەیانزانی چییان ناوێت، بەڵام هیچ بەرنامەیەکیان نەبوو بۆ ئەوەی کە چییان دەوێت. تەنھا هێز‌و ڕێکخراو کە بە رواڵەت حیزب‌و ڕێکخراویشیان نەبوو، ئاخوندەکان بوون. ئەوان توانیان خومەینی وەک ڕێبەرێکی کاریزماتیک بکەنە ڕێبەری شۆڕشی ئێران‌و بەم چەشنە ڕێبەری شۆڕشەکە لە دەست حیزب‌و ڕێکخراوە پێشکەوتووەکان دەربێنن‌و زۆر زیرەکانە بە دروشمی"وحدت کلمە"‌و ڕاگەیاندنی هەموو کەس لە ئێرانی داهاتوودا خاوەن ماف دەبێت، هێزە دیموکرات‌و پێشکەووتووەکانیان بە شوێن خۆیاندا پەلکێش کرد‌و دەستیان بە سەر شۆڕشدا گرت.

 

22_-_2019


ئاخوندەکان پاش ماوەیەکی کورت ڕایانگەیاند کە ئایینیەکان شۆڕشی ئێرانیان ھەڵگیرساندووە‌و بەئاکامیان گەیاندووە، ھەر بۆیە ناوی شۆڕشی ئێرانیان گۆڕی بە شۆڕشی ئیسلامی ئێران‌و بەرە بەرە بەرەو پاوانکردنی شۆڕش هەنگاویان هەڵگرت. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە لە ساڵانی دەسەڵاتداری شادا کەمتر لە۱۰٪ی ئاخوند‌و مەزهەبییەکان لە زیندانی ڕێژمدا بوون و۹۰٪زیاتریش لەهێزە دیموکرات‌و چەپ‌و شۆڕەشگێڕەکان لە ژێر ئەشکەنجەی جەلادانی ساواکدا دەرسی خۆ ڕاگرییان بە تێکۆشەرانی دەرەوەی زیندانەکان دەدا.

لەبەر پاوانخوازی ڕێژیمی ئیسلامی بە داخەوە شۆڕشی ئێران لە مەبەستەکانی خۆی دوورکەوتەوە‌و دیکتاتۆری ڕێژیمی ئیسلامی بە سەد قات خراپتر جێگای دیکتاتۆری ڕێژیمی پاشایەتی گرتەوە. ئێستا لە سێبەری ڕێژیمی کۆنە پەرەست‌و دژی گەلی کۆماری ئیسلامیدا، ئێران لە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ڕێژیمێکی یاخی، پشتیوانی تیرۆریزم‌و پێشێلکاری مافی مرۆڤ دەناسرێت. لە نێوخۆی وڵاتیشدا ڕێژیم زۆر دڕندانە‌و بێڕەحمانە "شەلم کوێرم کەس نابوێرم"، کەوتوەتە گیانی ڕووناکبیران، کرێکاران، مامۆستایان، ژنان، خوێندکاران‌و لاوانی گەلانی ستەملێکراوی ئێران‌و بە کورتی هەموو چین توێژەکان‌و ڕۆژ نییە دەیان کەس ڕاپێچی زیندانەکان نەکرێن‌و لە ژێر ئەشکەنجە‌و ئازاری جەلادەکانی کۆنەپەرەستیداگیانیان لە دەست نەدەن یا بە زیندانی درێژ ماوە مەحکوم نەکرێن.

بە پێی هەموو لێکدانەوەکان‌و بە هەموو پێوەرەکان وڵاتی ئێران بە هەلومەرجێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت‌و رەوشی لە باربەم هۆکارانەی خوارەوە بۆ ڕۆخانی ڕێژیم ئامادەیە:

١ . رێژیم لە گەڵ قەیرانگەلێکی قوڵ بەرەو ڕوو بووەتەوە کە توانای چارەسەر کردنی ئەو قەیرانانەی نییە.

٢ . رووبەروو بوونەوەی خەڵک لە دژی ڕێژیم سەبارەت بە باری خراپی ئابووری‌و هەروەها نەبوونی ئازادی‌و ئەمنییەت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پەرەسەندندایە.

٣ . رێژیم بە هۆی درێژەدان بەسازکردنی موشەکی بالیستیک‌و پاڵپشتیکردن لە ڕێکخراوە تێروریستییەکان‌و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێنزواێکی نێونەتەوەییدایە.

٤ . ئەوەی کە وەک شانسێک بۆ ڕێژیم ماوەتەوە نەبوونی هاوبەندیێکی بەهێزە لە نێۆ ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمدا، کە پێویستە بۆ خێراتر کردنی ڕوخانی ڕێژیم پێکبێت. لەو هاوبەندییەدا دەبێ مافی چین‌و توێژ‌و گەلانی بن دەست دابین‌و گرەنتیکراو بێت .

٥ . بەرفراوانتر کردنەوەی یەکگرتوویی‌و هاوکاری حیزب‌و ڕێکخراوە کوردستانییەکان بۆ شوێندانەری زیاتر لەم هەلومەرجەدا ئەرکێکی نیشتمانی‌و پێویستە.

لە کۆتاییدا، دەرسێک کە دەبێ لە شۆڕشی گەلانی ئێران‌و ئاکامەکەی وەرمان گرتبێت ئەوەیە کە تەنھا ڕوخاندنی ڕێژیم گەل بە ئامانج نا گەیەنێت، بەڵکو بەهێزی‌و شوێندانەری حیزب‌و ڕێکخراوەکانی گەلانی ئێرانە کە دەتوانی گەرەنتی دوو پات نەبوونەوەی بەلاڕێدانە بردنی۲۲ ی ڕێبەندانێکی دیکە دەستەبەر بکات.

 

 _______________________________________

ــ بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌ 


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1346
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy