بەشێک لە دیداری" گروپى گوڵنار" لەگەڵ بەڕێز مستهفا هیجرى، لێپرسراوی گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
دیبلۆماتیك: کەیو لەکوێ لەدایک بوویت؟
موستەفا ھیجری: ساڵی ١٩٤٥ی زاینی لە شاری نەغەدە لەدایکبووم، نەغەدە شارێکە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ناوچەیەکە لەوێدا کوردو تورک پێکەوە دەژین، ھەر لەوێش خوێندنی سەرەتاییم تەواو کردووە، دواتر چوومەتە ورمێ بۆ درێژەدان بە خوێندن، ئەو دەمە ناوەندێک ھەبوو پێمان دەگوت دانیشسەرای کەشاوەرزی، ئەوێم تەواو کرد. دوای ئەوە بووم بە مامۆستا ناردیانم بۆ سەقز، لە گوندێکی سەقز بۆ ماوەی سێ ساڵ مامۆستا بووم، پاشتر گەڕامەوە شارەکەی خۆم، لەوێ درێژەم بە کاری مامۆستایەتیەکەمدا، ھەر لەوێش لە تاقیکردنەوەکانی دانیشگای تەورێزو تاران بەشداریم کرد، لە ھەردووکیشیان وەرگیرام، بەڵام چووم لە تاران خوێندنەکەی خۆم درێژە پێدا، لە بواری ئەدەبیاتو زمانی فارسی بەکالۆریۆسم وەرگرت. پاشتر گەڕامەوە بۆ نەغەدە شاری خۆم، لەوێ لە قوتابخانەکانی ناوەندیو دواناوەندی وەک مامۆستا وانەم دەگوتەوە، کە شۆڕشی گەلانی ئێران دەستی پێکردو منیش یەکێک لە چالاکەکانی خۆپیشاندانەکانی دژی شا بووم، ھەم کاتێک کە مامۆستا بووم، ھەم لەو کاتەی خۆپیشاندانو ناڕەزایی خەڵکەکە دەستی پێکرد، دواتر لە نەغەدە نەمتوانی بمێنمەوەو ھاتمە مەھاباد، ساڵێکیش لە مەھاباد مامۆستا بووم، دوای ئەوەی کە حیزبی دیموکرات ئاشکرا بوو، لە کۆنگرەی چوارەمی حیزبدا کە لە مەھاباد گیرا، واتە یەکەمین کۆنگرەی کە بە ئاشکرا گیرا، لەو کۆنگرەیەدا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکرات ھەڵبژێرام، ئیدی خەباتەکەمان بە دژی رێژیمی خومەینی دەستی پێکرد، ناچار بووم دەست لەکاری مامۆستایەتی ھەڵگرم، وەک پێشمەرگەیەکی حیزبی دیموکرات ئیشو کارم دەکرد، دوای ساڵێک کە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران مەھابادی گرتەوە، لەگەڵ ئەو ھاوڕێیانەی تردا کە بووبووینە حیزبی، شارمان بەجێ ھێشت، لەو دەمەوە تا ئێستا لەگەڵ حیزبی دیموکرات کارو تێکۆشانمان ھەبووە.
ھەر لە کاتی بوونم بە حیزبی بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژێردرام، لەو کاتەوە تا ئێستا ھەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بووم، زۆربەی کاتەکان ھەر ئەندامی دەفتەری سیاسیی بووم، ماوەیەک دوای شەھیدبوونی دکتۆر سادق شەرەفکەندی بووم بە سکرتێری حیزب بۆ ماوەی دوو ساڵ، لە کاتێکدا کە دکتۆر شەرەفکەندی سکرتێری حیزب بوو، جێگری بووم، لەو کاتەوە کە نزیکەی ١٢ ساڵە سکرتێری حیزبم، بەڵام لە کۆنگرەی دواھەمیندا(کۆنگرەی١٦دا فوورییەی٢٠١٨دا) وشەی سکرتێر گۆڕدرا بۆ لێپرسراوی گشتی حیزب، تا ئێستاش بەو ناوە لە خزمەتی حیزبدام.
دیبلۆماتیك: بەر لە ئاشنابوونت بە کاری سیاسیی، لە سەرەتای مناڵیتەوە ھەستی نەتەوەییت چۆن بوو.؟ کێ بوون ئەوانەی ھەستی نەتەوەییتیان دەجووڵاندو کاریان لەسەرت کردبوو؟
موستەفا ھیجری: لە شارێکدا دەژیام، تێکەڵەیەک بوو لە نەتەوەی تورکو کورد لە زەمانی شادا، خەڵکی کورد یەکجار زۆر لە ژێر ستەمدا بوو، جیاوازییەکی زۆر ھەبوو لە نێوان ئێمەی کوردو تورکەکاندا، ڕژێمی پەھلەوی ھەموو دەسەڵاتەکەی دابوو بە تورکەکان، بۆیە ئێمە وەک کورد بەدەستی تورکەکان سەرکوت دەکراین، ئێمە دووجار چەوسێنراوینەتەوە، من کە منداڵ بووم ئەو چەوساندنەوەیەم دەدی، جیاوازییەکی زۆر ھەبوو لە نێوان منداڵەکانی کوردو تورک لە خوێندنگا، باری ژیانی ئەو مامۆستایانەی کە کورد بوون لەگەڵ ئەو مامۆستایانەی کە تورک بوون زۆریان جیاوازی ھەبوو، جیاوازییەکە زۆر ئاشکرا بوو، ئەوە لە واقیعدا نەک ھەر لە مێشکی مندا، بگرە لە مێشکی ھەموو منداڵە کوردێکدا کاریگەرییەکی گەورەی دانابوو، بۆیە کاتێک کە وردە وردە گەورە دەبووین، زیاتر ھەستمان پێدەکرد، ھۆشیاری نەتەوەییمان زیاتر دەبوو، وە ھەستی نەتەوایەتی من بێجگە لە بنەماڵەکەم، لەو ژینگەیەدا گەشەی کردو ھەستم بە ستەمو جیاوازی کردووە بەرامبەر گەلەکەم، وە پێی ناڕەحەت بووم، ھەمیشە نیگەران بووم، ھەمیشە ئارەزووم بووە ڕۆژێک ئەو جیاوازییە نەمێنێو ھەموومان بتوانین وەکو یەک لە شوێنی ژیانی خۆماندا بژین.
کاتێک لە زانکۆش بووم لە تاران، لەگەڵ ھاوبیرەکانی خۆم لەسەر مەسەلەی چۆنییەتی لابردنی ئەو ستەمە لەسەر خەڵکی خۆمان بیرمان دەکردەوە، قسەمان دەکرد، ئەو کاتە تێکۆشانی سیاسییو نەتەوەیی، تێکۆشانێک کە دژی ستەمی ڕژێم بێت قەدەغەکراو بوو، بۆیە بە نھێنی کارمان دەکرد، دوای ئەوە کە ڕژێمی شا ڕووخا، حیزبی دیموکراتو ئەندامانی بە ئاشکرا گەڕانەوە ناوچەکەو دەستیان کرد بە کارو چالاکییەکانیان، منیش بەپێی ھەڵسەنگاندنی خۆم، پێم وابوو کە بیروباوەڕی حیزبی دیموکرات وەکو حیزبێکی نەتەوەیی تێدەکۆشێ بۆ لابردنی ستەمی نەتەوایەتی، لەگەڵ ڕوحییەتی من کە لەو ژینگەیەدا گەورە بووبووم یەکی دەگرتەوە، ئەگینا ئەو کاتە لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتیدا زۆر حیزب سەریان ھەڵدا لە ئێراندا، بەتایبەتی لە ناوچەی کوردستاندا، لە حیزبە چەپەکانەوە بیگرە (کەحیزبی تودە زیاتر ئاڵا ھەڵگریان بوو) تا حیزبە ئیسلامییەکان. بەڵام من چونکە زۆرتر نەتەوەییتر بیرم دەکردەوە، ئامانجی خۆم زیاتر لە حیزبی دیموکراتدا دەدییەوە، لە کۆنگرەی چواردا ھەڵبژێردرام بۆ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی.
دیبلۆماتیك: دەگوترێت حیزبی دیموکرات بە ئاراستەو پشتیوانی سۆڤییەت دامەزراوە، لە کاتێکدا دیموکرات حیزبێکی ڕاستڕەو بووەو، سۆڤییەتیش ئایدیۆلۆژیای چەپی ھەبووە، چۆن یەکێتی سۆڤییەت دیموکراتی دامەزراند؟
موستەفا ھیجری: لە ڕاستیدا بەپێی تێگەیشتنی من نە ئەوەیە حیزبی دیموکرات سۆڤییەت داینمەزراندوە، نە ئەوەشە کە لە پێکھاتنەکەیدا بوونی سۆڤییەتەکان لە ناوچەکەدا بێ کاریگەر بووبێت. بێگومان سۆڤییەت کاریگەری ھەبووە بەسەر حیزبی دیموکراتەوە، بەتایبەت دوای دوو سەفەر کە گرووپگەلی کورد چوون بۆ سۆڤییەت، لە یەکێک لە سەفەرەکاندا پێشەوا بۆ خۆی ئامادەیی ھەبوو، دوای ئەوەش گرووپێک لە خوێندەوارانی ئەو دەمی مھاباد نێردران بۆ سۆڤییەت، بۆ ئەوەی فێری کاری عەسکەری ببن، ئەوانە ھەموویان کاریگەریان ھەبوو، بەتایبەتی سۆڤییەتەکان لە ناوچەکەو لە مھاباددا پاڵپشتی پێکھاتنی حیزبی دیموکراتیان دەکرد، بەس نەک بڵێین سۆڤییەت ڕاستەوخۆ پێکیھێناوە، بەڵام بێ کاریگەریش نەبوون لە پێکھاتنیدا.
دیبلۆماتیك: دکتۆر قاسملوو بەڕەحمەت بێ تاچەند باوەڕی بە فرەیی ھەبوو، ھەم لەناو کورددا، ھەم لەناو حیزبەکەی خۆیدا؟.
موستەفا ھیجری: ئەوەندەی کە دکتۆر قاسملوو دەناسمو بەخۆشییەوە ئەو شانازییەم بۆ ماوەتەوە کە ماوەیەکی زۆر لەخزمەتیدا بوومو کارمان کردووە پێکەوە، یەکێک بوو لە ڕووناکبیرە دەگمەنەکانی کورد لە سەردەمی خۆیدا، کە باوەڕی بە فرەیی ھەبوو، باوەڕی بە پێکەوەژیانی نەتەوەکان ھەبوو، ناڕەحەت بوو بەوەی کە کوردو تورک لە ناوچەیەکدا دەژین، لەبری ئەوەی کە پێکەوە بسازێنو وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە، لەفیکری تۆڵەکردنەوەدابن لە یەکتری، لەو بارەوە پێموایە لەناو ڕووناکبیرانی کورددا سەرتۆپو سەرچڵ بوو، بەتەواوی پێیوابوو کە مرۆڤەکان ھەموو مافی خۆیانە کە ئازاد بنو ئازاد بژین، بە ئازادی بیروباوەڕی خۆیان دەرببڕن، لە تەواوی ئەو ماوەیەی کە لە ژیاندا مابوو، دیموکراسی بۆ ئێرانو خودموختاری بۆ کوردستان دروشمی سەرەکی حیزبی دیموکرات بوو، دیموکراسی بۆ ئێران، مانا سیاسییەکەی ئەوە بوو کە ئێمە ئازادیو یەکسانیمان تەنھا بۆ کورد ناوێ، بەڵکو بۆ تەواوی ئێرانمان دەوێ، دکتۆر قاسملوو باوەڕی بەوە بوو کە ئەگەر ھەموو نەتەوەکانی پێکھێنەری حەشیمەتی ئێران بە ئازادی نەگەن، کورد زۆر زەحمەتە بە تەنیا بتوانێ مافەکانی خۆی بەدەست بھێنێت، بۆیە ئەوەندەی کە ھەوڵی دەدا بۆ ڕزگاری کورد، ئەوەندەش ھەوڵی دەدا بۆ ئەوەی تەواوی نەتەوەکانی تری ئێرانیش پێکەوەژیانو ھاوخەباتی لەنێوانیاندا ھەبێ.
دیبلۆماتیك: پێت وانییە ئەوەی کە مافی کورد بەڕەسمی دەناسێنێت ئەورووپاو ئەمریکان، نەک ئێران، واتە ئێران تەنھا نوێنەرو کار ڕاپەڕێنەری ئەوانەو، ئەوە ئێران نییە کە نایەوێ کورد بە مافەکانی بگا، بەڵکو ئەوە ئەمریکاو ئەورووپان نایانەوێ کورد ئەو مافەی ھەبێت؟
موستەفا ھیجری: خۆزگە ئێمەی کوردیش دەگەیشتینە ئەو ئاستە لە بیرکردنەوە کە تاوانی ھەموو کەمو کووڕییەکانی خۆمان نەدەخستە ئەستۆی ئەمریکاو ئەوروپا، بەڵکوو بەشی خۆشمان دادەنا. لە بەرەسمی ناسینی مافی کورد دا ئێمە بۆ خۆمان وەکوو کورد ھەڵەی زۆرمان بووە لە نایەکریزی، پشتبەستن بە دوژمن، ھەڵەی سیاسیو ... ھۆی دووھەمی دەگەڕێتەوە سەر دەوری کاریگەری ئەو حکوومەتە دیکتاتۆریانەی کوردستانیان بە سەردا دابەش بووە.
لەنێو ئەو حکوومەتانەش رژێمی کۆماری ئیسلامی لە ھەمووان زیاتر رەگەزپەرەستو دژی کوردە، ئەو رژێمە تەنیا دژی مافی کورد لە ئێران نییە، بەڵکوو دژی مافی کورد لە ھەموو بەشەکانە، لێرەدا ئهمریکاو ئهوروپا ھیچ تاوانێکیان نیە. لانیکەم لە ماوەی ٤ -٥ دەیەی رابردوودا کە کورد لە ھەموو بەشەکانیدا خەباتی کردوە بۆ ئازادیو بەدەستھێنانی مافە زەوتکراوەکانی، نەمان بیستووە کە یەکێک لەو دەوڵەتانە مافێکی کوردی بە رەسمی ناسیبێو ئهمریکاو ئهوروپا دژایەتیان کرد بێ.
دیبلۆماتیك: لەنێو کوردی باشووردا دیاردەی جاشایەتیو نۆکەرایەتی بۆ بێگانە زۆر بەرچاوترە، تەنانەت بگرە بە گرووپ ناوی (جاشەکانی ٦٦)یان لێناون، وەک ئەوەی مەلا موستەفا ئەو ناوەی بڕی بەسەر باڵی مەکتەبی سیاسییو خودی جەلال تاڵەبانیدا، ھەروەھا دەگوترێ لە حەوتسەد ھەزار نێرینەی کورد، پێنجسەد ھەزاریان بوونە جاشو نۆکەری سەدام، بوونی ئەو ھەموو موستەشارو ئاغایانەی کە نۆکەریان بۆ سەدام دەکرد بەرچاوە، تەنانەت باس لەوە دەکرێ کورد ھەمیشە لەناخەوە ئەم سیفەتەی تێدایە، وەک چۆن لە ڕابوردوودا میرنشینەکان ھەر یەکەیان بوونەتە داردەستی (عوسمانلیو سەفەوی)یەکان، مەبەستمە بپرسم ئایا لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا ئەم دیاردەیە لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا لە ڕۆژھەڵاتیشدا ئەم دیاردەیە بەو زەقیو بەرچاویو ڕێژە زۆرەوە بوونی ھەبووە لە ڕابوردووو ئێستادا؟
موستەفا ھیجری: لە رۆژھەڵاتیشدا جاشایەتیو خزمەت کردن بە دوژمن لە رێگای زەربە وەشاندن لە خەبات بۆ ئازادی کورد ھەیە، بەڵام بە ھەڵسەنگاندن لەگەڵ باشوور، ئەو دیاردەیە زۆر لاوازترە.
دیبلۆماتیك: لە ھەشتاکانداو بەر لە تیرۆرکردنی، دکتۆر قاسملوو یەکێک بوو لەو کەسانەی پەیوەندییەکی گەرمو گوڕو خۆشی لەگەڵ سەدام حسێندا ھەبوو، تەنانەت یەکەم ھەوڵدان بۆ دانووستانی نێوان کوردی باشوورو سەددام لەڕێگەی قاسملووەوە بووە، ئەم پەیوندیە لەسەر چ بنەمایەک بووە؟.
موستەفا ھیجری: دکتۆر قاسملو لەگەڵ سەدام حسێن پەیوەندی شەخسی نەبوو، پەیوەندی حیزبی بوو، کاتێک حکومەتی سەدام حسێن دژی ڕژێمی خومەینی شەڕی دەکرد، حیزبی دیموکراتیش شەڕی دژی خومەینی ھەبوو، شتێکی زۆر ئاساییە کە بەھۆی ئەو خاڵە ھاوبەشەوە پەیوەندییەکیش ھەبێت، بەڵام ئامانجی حیزبی دیموکرات لەگەڵ ئامانجی ڕژێمی سەدام حسێن بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران جیاواز بوو، حیزبی دیموکرات دەیویست کە ڕژێمی خومەینی بڕووخێت بۆ ئەوەی سیستەمێکی دیموکراتییەت بێتە سەر کار، ئەو کاتە درووشمەکەمان خودموختاری بوو.
بەڵام سەدام حسێن بۆ ئامانجێکی خۆی دژی ئێران دەجەنگا، بەبۆچوونی من ئەوە لە سیاسەتدا شتێکی زۆر ئاساییە، ئەو نزیکایەتییەی حیزبی دیموکرات لەگەڵ ڕژێمی عێراق لەلایەک، وە پەیوەندی نزیکی حیزبی دیموکرات لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو بەھۆی ئەوەی کە د. قاسملو ھەوڵ بدا کێشەی کوردی باشوور لەگەڵ حکومەتی بەغدا بە وتووێژ چارەسەر بکرێ، بەغدا مافی کورد بسەلمێنێ، ئەو ئامانجە وایکرد کە دکتۆر قاسملوو ھەوڵ بداو زەمینەی گفتووگۆ لای سەدام حسێن بسازێنێ.
دیبلۆماتیك: قسەیەک ھەیە دەڵێ حیزبی دیموکرات ھێندەی لەسەر کەلەپووری ڕابوردوو، وه مێژووی ڕابوردووو باسکردن لە سکرتێرە تیرۆرکراوەکانی دەژی، ھێندە لە خەمی ئایندەدا نییە، دەتانەوێ بە وێنەی (پێشەواو قاسملووو شەرەفکەندی)یەوە سەروەرییەکان بە خەڵک بفرۆشنەوە؟
موستەفا ھیجری: من لەگەڵ ئەو بۆچوونەتاندا ھاوڕا نیم، پێموایە وەکو کورد ھەموومان قەرزداری خەباتی سەرکردەکانی ڕابوردووی خۆمانین، لە سەرەتاوە تاکو ئێستا، من پێموایە ئەگەر کورد ڕێز لە خەباتو تێکۆشانی ئەو سەرکردانەی نەگرێت، لەڕاستیدا ڕێزی لە خەباتەکەی نەگرتووە، بۆیە حیزبی دیموکراتیش ڕێز لەو سەرکردانەی خۆی دەگرێ، وە گرنگییەکی زۆریان پێدەدا، بەڵام لە ھەمانکاتدا ئەو شێوە خەباتەی کە لە سەردەمی پێشەوا، تەنانەت لە سەردەمی دکتۆر قاسملوودا ھەبوو، ئێستا لە حیزبی دیموکراتدا بە تەواوی گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە، لە سەردەمی ژیانی دکتۆر قاسملووداو تەواوی خەباتی ئەو بریتی بوو لە دیموکراسی بۆ ئێرانو خود موختاری بۆ کوردستان، ئێستا لە کۆنگرەی ١٣ەوە(ژوویەی٢٠٠٤) درووشمی حیزبی دیموکرات گۆڕاوە بۆ پێکھێنانی ئێرانێکی دیموکراسی فیدراڵ.! بەتایبەتتر لە کۆنگرەی ١٦دا(فووریەی ٢٠١٨) ئێمە بە تەواوی سیستەمی حیزبیمان گۆڕی، پێکھاتەی حیزبی کە پێشتر لەسەری بووین، بە تەواوی گۆڕیومانە، ئەو پێکھاتەیەی کە ئێمە ئێستا کاری لەسەر دەکەین، ئەو پێکھاتەیە نییە کە لەسەردەمی دکتۆر قاسملوو یا سەرکردەکانی ترماندا لەسەری بووین، بۆیە ئێمە وەک حیزبی دیموکرات باوەڕمان بەوە ھەیە وەک ئەوەی کە ڕێز لە ڕابوردوومان دەگرین، بەڵام لە ڕابوردوو ناژین، بەپێی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەو جیھان کاری خۆمان درێژە پێدەدەین، بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ بەرەو پێشچوونەکانی ناوچەدا گوزەر بکەین.
دیبلۆماتیك: پەیوەندیتان لەگەڵ حیزبەکانی باشوور چۆنە؟.
موستەفا ھیجری: جگە لە گرووپێکی ئیسلامییەکان، لەگەڵ ئەوانی تر پەیوەندییەکی دۆستانەمان ھەیە، بزووتنەوەی ئیسلامیی لە ڕابوردوودا حەوت کەس لە تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتیان تەسلیم بە ڕژێمی ئێران کردەوە، کۆماری ئیسلامیی شەش کەس لەوانی لەسێدارەدا، یەکێکیان توانی ھەڵبێت، تاکو ئێستاش ئەوان دانیان بەوتاوانەدا نەناوەو بەرپرسیارێتیان قبووڵ نەکردووە. بێگومانین کە ئەوە لە ئەستۆی بزووتنەوەی ئیسلامییو ڕێبەرانیدایە، لە باشووریش یاسا سەروەرێکی وا نییە تا لەڕێی یاساوە کێشەکەمان یەکلا بکەینەوە، لە ئێرانیشدا ئەوە حاڵی ئێمەیە، لەم ڕووداوەدا ئێمە بزووتنەوەی ئیسلامیی بە تاوانبار دەزانین، چونکە مەسەلەکە ئەوە نییە بڵێ پێشمەرگەیەک یا بەرپرسێک نەزانانە کردبێتی، بەڵکو لە لایەن رێبەرایەتی ئەو حیزبەوە، بەرنامەی بۆ داڕێژراوهو لەسەر ویستی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ کراوە، ئەوانیش ھەستاون بەو کارە قێزەونە، وە لەبەرامبەری ئەوەدا خەڵاتیش کراون.
دیبلۆماتیك: پێتوانییە ئێران زۆر لێزانانە دەتوانێو توانیویەتی یاریو دوژمنایەتی بە حیزبە کوردییەکان بکا، بۆ نموونە کارە خراپەکەشیان پێدەکاو پاشتریش بەجۆرێک لە جۆرەکان ئابڕووی ئەو جاشایەتییەیان دەبا، پێت وانییە ھەڵھاتنی کەسی حەوتەمی ئەو گرووپە پلانو یارییەکی ئێران بووبێ، بۆ ئەوەی ھەواڵی ئەوە بداتەوە بە کورد کە حیزبێکی کوردی ئیسلامیی ئەو کارەی کردووە، واتە ئێران ھەم شەش کەس لەسێدارە دەدا، ھەمیش پەیوەندیو ئاڵۆزیو کێشە دەخاتە نێوان دیموکراتو بزووتنەوەی ئیسلامییەوە، واتە بە تیرێک دوو نیشانە دەپێکێت؟
موستەفا ھیجری: بێگومان کۆماری ئیسلامی وەک دوژمنی گەلی کورد چی لەدەست بێ دژی ئەو نەتەوەیە کردوویەتیو دەیکا، ھەر ئەو چاوەڕوانیەشی لێ دەکرێ، بەڵام ئەوەی ئازارمان دەدا ئەوەیە کە حیزبێکی کوردی کە خۆی بە ئیسلامیش دەزانێ بۆ دەبێ ببێتە بەکرێگیراوی دوژمنی نەتەوەکەی خۆی؟
دیبلۆماتیك: تیرۆرکردنی کەسانێک وەک ئیسماعیل شەریفزادەو مەلا ئاوارەو سولێمانی موعینی بەدەستی مەلا موستەفا، چۆن لێکدەدەنەوە.؟! وە بۆچی ئێوە زیاتر لە پارتییەوە نزیکن؟ کە دەگوترێ پارتی ڕۆڵی لە تەفرەقەکانی ناو حیزبی دیموکرات ھەبووە، ھەروەھا مەلا موستەفا لە کۆماری مھاباددا قازی موحەممەدی جێھێشت؟
موستەفا ھیجری: ئەوەی کە مەلا موستەفا لە کۆماری کوردستان کردی، بە نیشتمانپەروەری دەزانم، پێموایە ھەموو ھەوڵو تەقەلایەکی خۆیدا بۆ خزمەتی کۆمار، بارزانییەکان سەرەکیترین ھێزبوون کە بەرگریان کرد، بەڵام ئیدی کاتێک بەرەو کۆتایی دەچووو ھێزەکانی شا ھاتبوونەوەو ناوچەکەیان دەگرت، ئەویش لەوێ دەرباز بوو، لە واقیعیشدا بە ترسو دزییەوە جێی نەھێشتووە، ئەوە شتێکی زۆر ئاشکرایە کە لەو کاتەدا چۆتە خزمەت پێشەواو بەویشی گوتووە ئەگەر دەتەوێ لەگەڵ ئێمەدا بێی، ئەوا ڕزگارت دەکەین، بەڵام پێشەوا بۆ خۆی ڕازی نەبووە بەوە، من ھیچ کەمو کوڕییەک لەوبەشە لە کاری مەلا موستەفادا نابینم.. ئێستاش ئێمە دەبێ مێژوو وەکو مێژوو بیبینین، وە ئەمری واقعیش وەکوو ھەیە بیبینین.
پەیوەندی نێوان حیزبەکانو دەوڵەتانیش پرۆسەیەکی درێژخایەنەو پێویستە ھەول بدرێ بۆ نەھێشتنی ناکۆکییەکانو لێکنزیکبوونەوەو ھاوکار کردن لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەییدا، بە تایبەت لە نێوان حیزبەکانی کوردی لە ھەموو بەشەکاندا. خۆ ئەگەر ئەوە نەکرێ کەم لە دەوڵەتانو حیزبەکان دەتوانن بە یەکەوە ھاوکاریو پێوەندی باشیان ھەبێ چوونکە بە درێژایی مێژوو زۆرێک لەوانە لەگەڵ یەکتر ناڵێکی، نێوان ناخۆشیو تەنانەت شەڕیشیان بووە.
پارتیش وەکوو حیزبێکی لە مێژینەی کورد، سەرەڕای خەباتو قوربانیدانی زۆری لە پێناو دۆزی کورد، ھەڵەیشی بووە دەرحەق بە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانو تەنانەت حیزبەکانی دیکەش لە باشوورو، ئەو ھەڵە گەورانەش کە دەرحەق بە حیزبی دێموکرات کردوویەتی لە مێژوودا تۆمار کراوە. خۆ ئەگەر ئەو راستییانە لەبەرچاونەگرین دەبوایە لە باشوور لە ئێستادا ھیچ حیزبێک لەگەڵ ئەوەی دیکە پێوەندێکی دۆستانەو ھاوکارییان نەبوایە.
دیبلۆماتیك: سەرھەڵدانی پژاک چ کاریگەرییەک لەسەر ڕەوتی سیاسیی ڕۆژھەڵات جێدەھێڵێت؟
موستەفا ھیجری: پژاک یەکێک لەو حیزبانەیە کە لەوێ کارو تێکۆشانی ھەیە، بەڵام بۆ خۆتان دەزانن پەکەکە وەک چۆن لە پارچەکانیتر بۆ ئەجێندای خۆی حیزبی پێکھێناوە، لە رۆژھەڵاتیش پژاکی پێکھێناوە، بەڵام ئەوانیش بەھۆی کارو تێکۆشانێکەوە کە ھەیانە، سەرنجی ھەندێ لە گەنجەکانیان ڕاکێشاوە بۆلای خۆیان، بەڵام ئەو نفووزەیان نیە کە بۆ خۆیان باسی دەکەن.
_______________________________________
ــ بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

