هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

بە پێشگری کەمپەین پاشگری حێزب مەڕووخێنن

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یادگاری ڕێبەرێکی هەڵکەوتوو‌و بلیمەتە کە لە ئێستا‌و داهاتووشدا کەس ناتوانێ شان بدات لە شانی زانیاریی‌و تواناکانی لە ڕێکخستن‌و خەباتدا. کەواتە ئەگەر ئێستا دێموکڕات واتای هەیە بێ گومان بە پاشگری کوردستانی ئێرانەوە چەمکی فەرمی خۆی پێناسە ئەکات. بەدەر لەم پێناسەیە حێزبی دێموکرات بە تەنیا لە زانستی سیاسی‌و پێوەندییە نێونەتەوەییەکان، هەڵگری هیچ ناونیشانێکی فەرەمی نییە. چونکوو لە بواری کرداریدا ڕوون نییە " حێزبی دێموکرات" بێ هیچ پاشگرێک سەر بە چ جوگرافیا‌و نەتەوەیەکە. ڕەنگە حێزبێ دێموکراتی ئامریکا بێت یان هێندووستان. کەواتە لەسەرەتای بابەتەکەدا نالۆژیک بوونی دیاردەیەک زەق دەکەمەوە کە بە کەڵک وەرگرتن لە کەشێکی ئێحساسی ئەیهەوێ شکست‌و کەمتەرخەمیی‌و نابەرپرسیاریەتی خویان، لەژێر ناوی تا یەکگرتنەوە یەک حێزبی دێموکرات ئەناسم بێ هیچ پاشگرێک، بشارێتەوە.

 

ali_surani_-_2018_-_rasan_1


لە ڕاستیدا هەر کاتێ کورد تووشی ڕووداوێکی تاڵ یان شیرین بووە، هەنێکەس بە ئەرێنی‌و نەرێنی هەڵویستیان نوواندووە. لە دووای بوردمانی مووشەکیی کۆیە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە، هەندێ کەس کە یەک دوو ڕوخسارییان ئەوەندە ئەم لاو‌و ئەو لایان کردووە‌و بەریان داوە‌و گرتوویانەتۆ، بە پەلەپڕووز دیسان دەستیان کرد بە دروست کردنی کەمپەین کە پێشتریش نموونەی زۆر بوو‌و هیچ ئەنجامێکیشی لێ نەکەوتەوە. کەمپەینی یەکگرتنەوە ئەویش بە زەقکردنەوەی دێموکڕاتی بێ پاشگر کە زیاتر لە قسەی خۆش بۆ پێکەنین ئەچێت تا شوعارێکی سیاسی هەڵقوڵاو لە بنەمایەکی لۆژیکی. دیارە کەس ناتوانێ حاشا لە یەکگرتن بکات چون ئەنجامی هەر چەشنە یەکگرتنێک زیادبوونی هێزە، بەس لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیین ئەم قاعیدەیە زۆر لەسەر بناخەی درووست نەوەستاوە. لەم زۆنە جوگرافیاییە نموونەی سەرکەوتووی یەکگرتوویی‌و یەکگرتن بە ئەستەم ئەکەوێتە پێش چاو. بە تایبەت لە کوردستاندا. لە یەکیەتی نیشتمانی بگرە تا یەکگرتووی ئیسلامی‌و یەکیەتی نەتەوەیی‌و بە دەیان یەکییەتی دیکە، هیچیان یەکگرتوو‌و بەهێز نین. چونکوو لۆژیک ئەمانەی لێک گرێ نەداوە بەڵکوو قازانج‌و بەرژەوەندی بە سەقەت لێکیانی ئاڵاندووە. دووا نموونەی ئەم بابەتە، هاوپەیمانییەک بۆ وەدیهاتنی دێموکراسییەک بوو کە سەرۆکەکەی بە فیکەی پۆستێ لەناکاو هاوپەیمانەکانی جێهێشت‌و ڕووی کردەوە یەکیەتییەک کە پێشتر جێی هێشتبوو. بۆیە کاتێ باسی یەگرتنەوە لە کوردستاندا دەکرێ یەکسەر ئەو گۆرانییە دێتە خەیاڵم کە بەهار کەپرێکیان ئەداوۆ، هاوین ئەیانکردۆ، پاییز سوواخیان ئەداوۆ‌و دیسان زستان تێکیان ئەداوۆ.

هەر بۆیە لە ئێستادا‌و دوور لە شەقامی کوردستانی ڕۆژهەڵات وەک جوگرافیای سەرەکی خەباتی نەتەوایەتی حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، تاکوو ئەو کاتەی حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌و بەڕێزانی هاوڕێیانی پێشوو لە جوگرافیای سەرەکی‌و بازنەی پێناسەکراوی سیاسی خۆیاندا خەبات نەکەن، هەر چەشنە یەکگرتنەوەیەک دیسان جیابوونەوەی لێ ئەکەوێتەوە‌و ئەمە ئەزموون کراوە‌و ئەزموون کردنەوەی ئەزموونکراو هەڵەیەکی گەمژانەیە.

لە هەمووی سەرەنجڕاکێشتر، هەنێ لە جەماعەتی کەمپەین بازەکان پێشتر بۆ جیابوونەوە سینگیان سپر ئەکرد‌و پاش ماوەیەک بۆ یەکگرتنەوە قوڕگیان دەدڕی‌و دیسان بۆ لەت بوون سینگیان ئەکوتا‌و هەمدیس بۆ یەکگرتنەوە جەماعەتی فەڕزییان لە دەور خۆیان کۆ ئەکردەوە. بۆیە ئەم کەسانە وا باشترە لە ئاوی لێڵ ماسی نەگرن‌و پێش لە هەموو شتێک، لە قۆناخی یەکەمدا بۆ سەلماندنی نیازپاکیی خۆیان سەردانی دەروونناسێ بکەن بۆ چارەسەریی دەروونییان. چونکوو لە ڕاستیدا‌و بەپێی لۆژیک، ناکرێ تۆ ئەندامی حێزبێک بیت‌و بە پێچەوانەی بڕیاراتی ئەو حێزبە بجووڵیتەوە. حێزبێک کە مێژوو‌و حیماسەتەکانی لە پاشگرەکەیایەتی‌و ڕاسان دووا میراتی ڕێکخراوبوونیەتی.

بۆیە خۆ شاردنەوە لە ژێر دەمامکی یەک دێموکراتی بێ پاشگر تەنیا‌و تەنیا قەرەبوو کردنەوەی شکستە دەروونییەکانی هەنێ کەسە کە ناسنامە‌و هەڵسوکەوتیان لای هەمووان ئاشکرایە‌و هەرگیزیش ناتوانن بە بریندار کردنی هەستی خەڵک، گرێیەکی دیکە لەم قۆناخەی خەباتی حێزبەکەمان بۆ ڕاسان‌و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران درووست بکەن. جا بۆیە باشتر وایە نە خۆیان ماندوو بکەن‌و نە سەری خەڵکی بێشێنن. چون بە قەولی بارام بەگ کە سێ تەڵاقەکەی هەمیشە حازرە، بە پێشگری کەمپەین هەر پاشگرێکیشیان بە دوواوە بێت حەلاو چاوەڕوانیان ئەکات.

کەواتە لە باتی ئەوەیکە گەمە‌و کایە بە شعوور‌و هەستی خەڵکانی شۆڕشگێڕ بکەین وا باشترە لە ئێستادا کە ڕاسان بە جووانی خۆی پێناسە کردووە‌و خەریکە دەوری ئەرێنی ئەگێڕێت، شان بدەینە بەر ئەو ئەرکانەی وا لە ئەستۆمانە‌و بە تایبەتی لەم قۆناغەدا کە ڕاسانی حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بووە بە هێمای خەباتی نوێی نەتەوەکەمان هەموو هەوڵ‌و توانای خۆمان، بۆبۆ پشتگیری کردنی ئەم بزووتنەوە بخەینە گڕ‌و لێی گەڕێین زەمان کێشەکان چارەسەر بکات. چونکوو هەروەک پێشتریش هێمام بۆ کردووە ئەگربەشێوەی پیشوو، هەر جۆرە یەکگرتنەوەیەک لە دەشتی کۆیە‌و تەنانەت شاخەکانی قەندیلی دیوی باشوور، پاش ماوەیەکی دیکە جیابوونەوەی لێ ئەکەوێتەوە‌و مرۆڤی زیرەکی شۆڕشگێڕ لەبەر دوو کەمپەینی ئێحساسی‌و هەنێ کەسی مەعلوومولحاڵ خەسارێکی دیکە بە شۆڕش‌و بزووتنەوەکەی ناگەیەنێ. لەگەل ڕیزم بۆ کەسەدەلسۆزەکانی ئەوکەمپەینانە، کەتاکوئیستابەردەوامن

  ___________________________________

 

 ــ بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌ 


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1706
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy